بۆ نووسەرە ئینزباتەکان

Saturday, 26/05/2012, 12:00

1378 بینراوە






بۆ من جێگای سەرسوڕمانە کەکاتێ یەکێ ڕەخنەیەکی لێ ئەگیرێ ، وەیان بابەتێکی لەسەر ئەنووسرێ، یەکسەر بێ ئەوەی وەڵامی بداتەوە دێت و وەك ئیزباتەکانی زەمانی سەدام بێ یەك و دوو داوای وێنە و شتی لەو جۆرە ئەکەن. من تێنائەگەم بۆچی ئەوەی گێڕی توڕەیی لەهەڵکشاندایە پێش هەموو شتێ داوای وێنە ئەکا و پێی ئەڵێ، ئەگەر ئەوەندە ئازا و جوامێری وێنەیەکی خۆتمان نیشان بدە.

لەڕاستیدا نووسەر تەواو مافی خۆی هەیە لەوەی بابەتەکەی بە وێنە وەیان بێ وێنە بڵاو بکاتەوە. ئەمە ئەکەوێتە سەر ئازادی و بیرو باوەڕی ئەو نووسەرە.. هیچ کات وێنە وەیا بێ وێنە نابێ بکرێتە بنەمای سەرکەوتووی و ژێر کەوتوویی. وەیان نابێ خۆمان شین و مۆر بکەینەوە لەوەی ڕەخنەیەکمان لێ بگیرێ و ئێدی داوای وێنە بکەین و بیکەینە مەرجی وەڵام دانەوە. ئەمە ئەوپەڕی بێڕێزیە بە خودی ئەو کەسەو لەهەمان کاتیشدا لاوازی ئەو کەسە دەرئەخا کە ڕۆڵی نووسەر نابینێ و بێ ئەوەی بزانێ ڕۆڵێکی نێگەتیڤ و خراپی وەك ئەوانەی زەمانی بەعس ئەبینن کە هیچ کاریان نەبوو تەنها داوای شوناس و هەوێیان لەخەڵکی ئەکرد.

هیچ کاتێ نووسین بێ باوك و بێ دایك نیە. وەك هەر چۆن هیچ نووسینێکیش بێ پەیام نیە، ئاوهاش پێوستە بەقەدەر ئەو پەیامە لێکدانەوە بۆ نووسینەکە بکرێت و بەبێ هیچ مەرجێ پێوستە وەڵام بدرێتەوەو بەهەند وەربگیرێ.. تۆ بڵێی ئەو نووسینەی وێنەی لەگەڵدا نیە، هی ڕۆبۆتە؟ هەرگیز نەخێر، بەڵکە ئەوەش خاوەنی هەیە و مافی خۆیەتی هەرچۆنێك بۆی ئەلوێ بڵاوی بکاتەوە. لەهەمان کاتیشدا کوردستان پۆست لەوەدا هەڵە نیە کە داوا لەنووسەران ناکات کە وێنەی خۆیان بنێرن لەتەك بابەت و نووسینەکانیان.. لەمەدا تەواو ئازادی داوەتە نووسەرانی و ڕێزی لێگرتون.

من پێم وانیە پێوەری جوامێری و ئازایەتی تەنها لەوەدا بێ کە نووسەر لەتەك بابەتەکەیدا وێنەیەکی خۆی هەڵواسێ.. لەڕاستیدا ئەوەی وابیر ئەکاتەوە ، ئەوا هەڵەیە و پێوستە پێوەری ڕاستگۆیی و ئەتەکێتی نووسین بکرێن بە بنچینە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی.. باوەڕ ناکەم ئەوەی دەست بداتە نووسین مەبەستی خۆدەرخستن و سنگ دەرپەڕاندن و ماسولکە بازی بێ، لانی کەم ئەوانەی دژی دەسەڵاتی مافیایی بارزانی و تاڵەبانی ئەنووسن. لێ لەڕاستیدا ئەوانەی لەسەنگەری میلەتدان بەنووسەران و ڕۆژنامەنووسانەوەش تەنها لەخەمی ئەوەدان کە بتوانن چەندین بەڵگەی ڕاست و پەیامی بەرزو مرۆڤایەتی بگەیەننە میلەتەکەیان، ئەمانە ئەمەندەی لەهەوڵی ئەوەدان خۆشی و خێر بۆ گەلەکەیان مەیسەر بکەن ئەوەندە لەخەمی خۆیان و فشەش و خۆدەرخستندا نین.

بۆیە من تەواو بەرگری لەو برا و خوشکە نووسەرانە ئەکەم کە بەهەر مەبەستێ بێ نایانەوێ وێنەی خۆیان نیشان بدەن ، ئەوا مافێکی سەرەتایی ئازادی خۆیانە و هیچ نەنگیەکی تیا بەدی ناکرێ.. ئەوانەی داوای وێنە و ئەدرێس و شتی وا ئەکەن، ئەوا دڵنیاین کار بۆ دەسەڵاتی مافیایی جەلال و مەسعود ئەکەن و بەفیتی ئەوان هەڵئەپەڕن و موچەخۆری ئەوانن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە