ئمپراتۆرییەتی باهدینان، زیندوو دەکرێتەوە!

Thursday, 30/04/2009, 12:00

1687 بینراوە


کەناڵی ڤینیش لەسەر ستایلی کۆرەک و ئیم سی یە، موسیکالییە. کێماسییەک هەیبێت وەک کوردستان تیڤی بۆتە بلنگۆی بادینییەکان و شێوەزارەکەیان، زۆر ناوچەگەری پێوە دیارە!!!
ئەو دەربڕینەی سەرەوە وەک کۆمێنتێک خستمە ڕوو، کەسێک بەناوی گۆڤەندەوە لێم ڕاستبووە، ئیتر ناچار بۆ وەڵامدانەوەی ئەم تێکستەی خوارەوە، هاتەبوون:

تۆزکردنە چاوەوە، دادی کەس نادات، ئەوە بەتەنها دیدی من نییە، زۆر جار لێرە و لەوێ باسکراوە و دەکرێت. لەهەرێمی کوردستان زمانی زووربەی دانیشتوانی شێوەزاری سۆرانییە، زیاتر لە سەد ساڵە خزمەتدەکرێت و زمانی دەوڵەت و فەرمانگەکان بووە و دەبێت، شوبهە ستاندارە.
هاوڕەگەزەکانی باهدینان، هێندەی دژایەتی شێوەزاری سۆرانی دەکەن نیو هێندە دژی زمانی تر نیین. هەموو بیرمانە لەسەردەمی گۆڕبەگۆڕدا، لەبری شیوەزاری سۆرانی زمانی عەرەبییان بۆ خوێندن لەقوتابخانەکاندا هەڵبژارد! هەر بۆیە نەوەی کۆنی ئەو دەڤەرە عەرەبییەکەیان باش و بەهێزە!

ئێستاش بەتۆپزی خۆیان جیا کردۆتەوە، بوونەتە سەرباشقە، بۆ هەڵگەڕانەوە و کودەتا، هەر ئەوە ماوە دەوڵەتی باهدینی لەنێو هەرێمی کوردستان ڕابگەیەنن، کەچی کوردایەتی بەسۆرانییەکان دەفرۆشن!!!

لەهەرێمی کوردستاندا ئەو شێوەزارانە زمانی ماڵەوەن نەک هی فەرمی، هیچ هێزێک و کەسیش ناتوانی ڕێیان لێبگرێت کە بەکام شێوەزار دەپەیڤن، بۆیە هەر کەسێک و گروپێک بیەوێت گوێی لێبگیرێت و کاڵای هونەری و... کانی باش لەبازاڕێکی بەرفراواندا بڵاوبێتەوە و ساغ بکاتەوە، ژیرانەتر دەبێت شێوەزاری سۆرانی هەڵبژێرێت. سەیری گۆرانیبێژە بەناوبانگەکانی کوردی کوردستانی باکوور بکەن، لەبەر ئەوەی زمانی کوردی یاساغە، بزانن کە سێدێکانیان دەردەکەن بەچ زمانێکە؟ لەناچاریدا و بۆ ئەوەی زۆرترین فرۆشی هەبێت، گۆرانی بەتورکی دەڵێن، هەرچەندە نموونەیەکی زۆر گونجاو نییە، بەڵام بۆ بیرهێنانەوە خراپ نییە. شێوەزاری باهدینی وەک زۆری شێوەزاری تر لەهەرێمی کوردستان دواڕۆژی نییە. ئەوە بەدەست کەس نییە، سروشتی هەرێمەکە وایە.

ئەوەی کە چل ملیۆن کورد هەیە، سی ملیۆنی بەکرمانجی دەپەیڤن! جۆرێک قەبارە پێدانی زیاد لەپێویستی پێوە دیارە، بەوتەی بەشێک لەخەڵکی سلەیمانی؛ فشەیە. ئەو ناسیۆنالیستەی ژمارەی کورد بەوەندە دەزانێت، ڕاست ناکات، خۆی دەخەڵەتێنێت، دەزانی بۆ؟ چوونکە کام سەرژمێر و کام داتا؟ بەهەزار حاڵ هەرێمی کوردستان خەمڵێنراوە بە ٤ تا ٥ ملیۆن. ئەوە قەوانێکی سواوە، ئەگەر چەند ناسیۆنالیستیکی کۆنی کورد ژمارەیەکی هەرەمەکی وایان داناوە، مانای ئەوە نییە من و تۆ و ئێمە و ئێوە یان هەر ناسیۆنالیستێکی تر کە لەچەرخی بیستویەکدا دەژین، بڕوای پێبهێنین، هەر بۆیە لەگەڵ لۆجیکدا نایەتەوە.

مرۆڤی ژیر نایەوێت فڵان شێوەزار بکات بەخاتری فڵانی تر، یان بانگەوازی لەناوبردنی بکات! ئەوەی گرنگە ئەوەیە؛ کورد بەگشتی تەنها لەسرودی نەتەوەیی و ئاڵادا هاوبەش و ستاندارن، باقی شتەکانی دی نا! زمانیش یەکێکە لەو کێشانە، لەهەرێم زمانی ستاندار شێوە سۆرانییەکەیە، ئەمە لەجیاتی ئەوەی بەهێز بکرێت بەوشە و دەستەواژەی شێوەزارەکانی تر، لەولاوە هزری ناوچەگەری بادینان و هەوڕامان و خوا دەزانێت چی تر سەرهەڵدەدات، بەهێز دەکرێت! ئەگەر ئەمە بەبیانوی سیستەمی دیموکراتییەوە بێت، بێگومان وەک زۆر شتی تر بەسەقەت وەردەگیرێت و پراتیک دەکرێت! هەنگاونان بەرەو شارستانییەت مانای خۆش بوون لەچەند شتی تایبەتی بەخاتر شتە گشتی و هاوبەشەکان، ئەوەش گرەوی سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونە!

ئەگەر بیانو ئەوە بێت، قسەکەرانی شێوەزاری کرمانجی، کەباهدینی لقێکێتی، لەشێوەزاری سۆرانی زۆرترە، ئەو بێگومان هەڵەیەکی گەورەیە، کوردەکانی تورکیا و سووریا، لەباهدینی ناگەن، ئەوانی سووریا بۆ تێگەیشتن لەهەواڵەکانی هەرێم ناچار سەیری هەواڵەکان بەزمانی عەرەبی دەکەن! چارەنووسی هەردوو شێوەزارە سەرەکییەکەی هەرێم پێکەوەیە، وازهێنان لەشەنو کەوی کوردستانی گەورە، بیانوی چاوەڕوانی یەکگرتنەوەی پارچەکان ئەوسا پێکهێنانی زمانێکی ستاندار بۆ هەموو، پەیڤێکی بێمانا زیاتر هیچی تر ناگەیەنێت. بۆیە با وەک مرۆڤە نوقم بووەکەی ناو دەریا نەکەین، دەست بۆ پوشیک دەبات تا نەخنکێت.
خۆ خەڵەتاندنی نەگەرەکە، لەهەرێم گەر یەکێ بیەوێت زانا و دانا دەرچێت، وێڵی دوای سەرچاوەکانی زانست و ئەدەب و ... بێت، ئەوا لەکتێبخانەی شێوەزاری سۆرانی دەستی دەکەوێت.

نموونەیەکی دی؛ خەڵکی هەرێم بۆ بەردەوام کۆنترۆڵی تەلەفیزیۆنەکانیان لەسەر کەناڵە عەرەبییەکانە؟ وەڵامێکی کورت؛ بەهۆی ئەوەی ئەوانی خۆمان وەڵامدەرەوەی باش نیین، چی لەدایلۆگی سیاسییەکان و ئەوانی تر بکەن، خەڵک بەداوی خۆشگوزەرانی و ڕیفاهەوەیە، بەسەربردنی کاتی خۆشە لەگەڵ کەناڵەکاندا. ئەمە گەر بەسەر ئەو کێشەیەی شێوەزارەکانی کوردی هەرێم بسەپێنین، ئەوا خەڵکی ناوچەی بادینان کە یەک لەسەر چواری دانیشتوان پێک دەهێنن، لەهەموو بوارەکاندا شێوەزاری سۆرانی کۆنترۆڵی کردووە، کەواتە پێداگری لەسەر ئەوەی کە ببێتە شەریکی زۆربە، دەرگا لەسەرخۆداخستن، بەخۆ جیاکردنەوە، زیان لەخۆیان و کێشەی کورد و زمانەکە دەدرێت بەشێوەیەکی گشتی. ئەمە وێرای ئەوەی خەڵکە ژیرەکەی باهدینان لەگەڵ زووربەدا گاڤ دەهاویژێت، چوونکە لەلای شێوەزاری سۆرانی ئەوەی کەسێکی مەدەنی گەرەکییەتی، دەست دەکەوێت. ٢٠٠٩.٤.٢٧


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە