سەرۆك شەرمەزارت كردین!

Saturday, 02/04/2011, 12:00

1458 بینراوە






نزیكەى پەنجا ڕۆژێك تێپەڕدەبێت لەبەردەوامى خۆپیشاندان, كەچى بینیمان سەرۆك ئەوەندەى بەخەم سوتانى جامانەى سورەوەبوو بەتاكە دێڕێكیش لەخیتابەكانیدا باسى لە دۆزینەوەى میكانیزمێك بۆچارەسەركردنى ئەم ڕەوشەى ئەمڕۆ نەكرد, جگەلە وتنەوەى ڕستەیەك كەسەدانجار لەزارى بارزانیەوە گوێبیستیبوین, ئەویش(لیژنەیەكى تایبەت بۆ بەدواداچونى سین و ساد پێك دەهێنین!), ئەو سین وسادانەى كەدەیان لیژنەیان بۆ پێكهێنراو جگەلەسەرۆك و تەنانەت هەندێك لەو لیژنانە سەرۆكیش نازانێت ئەنجامەكانیان بەكوێ گەیشت!.

سەیركەن ئەم سەرۆكەى ئێمە چەند بێ باكە! شارێك بەردەوام داواى بڕوخێى دەسەڵاتەكەى لێ دەكات, شارێك لەدەرەنجامى ئەو گەندەڵى و ناعەدالەتیەى كەلەهەرێمدا بەدى دەكرێت, سەرۆك دەكرێت بەقوربانى هەموو شتەكان, بەڵىِ هەموو شتەكان بەجوان وناشرینەوە, شارێك پەنجا ڕۆژە بەمناڵ و پیرو گەنجەوە دەمیان لەگەڵ سەرۆكدا سپى بۆَتەوە, كەچى سەرۆك بەوپەڕى بێباكیەوە بەئاهەنگ وستران گوتن پێشوازى لەسەرۆك وەزیرانى وڵاتێكى دراوسێ دەكات!, وەك لەشاشەى تیڤیەكانەوە بینیمان سەرۆك دووقۆڵى لەگەڵ ئەردۆگاندا ستران دەبێژن!, ئەرێ بەڕاست ئەم بارزانیەى ئێمە چى سەرۆكێكەو پەروەردەى چى فۆڕمێكى نالۆژیكى سیاسیە؟!.

باشە دەبێت ئەم سەرۆكەى ئێمە ئەوەندە بێ ڕاوێژكاربێت و خێرخوازێك نەبێت پێى بڵێت ئاخر قوربان لەئێستادا شەقام دەكوڵێت, جارێ وەختى ئەوەنیە داوەتی سەرۆك وەزیرانى وڵاتێكى دراوسێ بەموزیك وسترانەوە بكەین!, ئاخر جەنابى سەرۆك هێشتا كفنى شەهیدەكانى 17ى شوبات زەرد نەبوەو توڕەى شەقام لەئاست ئەو غەدرەداو لەبەرامبەر وەڵام نەدانەوەى داواكاریەكانیاندا ڕۆژلەدواى ڕۆژ لەبەرزبونەوەدایە, ئاخر جەنابى سەرۆك هەرلەبەرهیچنا ئەم داوەتە بۆ سومعەى خۆمان جوان نیە لەبەرچاوى كۆمەڵگاى نێودەوڵەتیدا, یان دەبێت ئەم داوەتە بەتەنها خواستى سەرۆك خۆیبێت وبەفەخروشانازیەوە بانگێشتى ئەردۆگانى كردبێت وەك ئەو پیاهەڵدانەى كەلەوتەیەكیداو لەبەرامبەر ئەردۆگاندا بینیمان؟!.

ئەرێ بەڕاست جەنابى بارزانى ڕاگەیاندنەكانى حیزبەكەت هەتا چەند خولەكێكیش بەگەیشتنى ئەردۆگان بۆهەولێر باسوخواسى گەرمو گوڕى خۆپیشاندانەكانیان پەخش دەكرد, تۆ چۆن پێت بەجەرگى خۆتاناو جورئەتى ئەوەت كرد داوەتى سەرۆك وەزیرى وڵاتێكى دراوسێتان بكەن؟!, باشە بیرت لەوەنەكردەوە ئەگەر هاوتا میوانەكەت بەدێڕێكیشبێت پرسیارى ئەو خۆپیشاندانە جەماوەریەى هەرێمەكەت لێ بكات تۆبەچى ڕویەكەوە وەڵامى دەدەیتەوە؟!.

باشە سەرۆك ئەگەر كەسیشمان درك بەوەنەكەین كەخەڵكى هەرێمیش لەڕیزبەندى جەماوەرى ئەو ووڵاتانەدان كە باهۆزى دیموكراسی تێدا هەڵیكردوە, خۆ دەزانیت هاوتا میوانەكەت چى سیاسیەكى كامڵەو درك بەوەدەكات جەماوەرى ئەم هەرێمە بەهەمان نەفەس داواى گۆڕینى سیستەمى دەسەڵات و ئەو حكومەت وپەڕلەمانە دەكەن كەلەژێر فەرمان ڕەواى سەرۆكایەتى تۆدان؟!.

بەڕاست سەرۆك هەستمان بەشەرمەزاریەكى گەورەكرد كاتێك هەولێرى پایتەختمان بینى بە ئالاى وڵاتێكى دراوسێ ڕازاندرابۆوە بۆ پێشوازیكردنى سەرۆك وەزیرانى هەمان ئەو ولاتەى كەجەنابت ماوەیەك بەر لەئێستا سەردانت كردو سوكایەتیان بەسەفەرە دیبلۆماسى و سیاسیەكەتان كرد, كەچى ئەمڕۆ پایتەختى ئەو هەرێمەى كەجەنابتان سەرۆكایەتى دەكەن ڕەنگى سوور دەپۆشێت!.

سەرۆك بەڕاست شەرمەزارت كردین بەو هەڵوێستە سیاسى ودیبلۆماسیەت كە لەگەڵ نزیكبونەوەى هەڵبژاردنى پەڕلەمانى توركیادا ڕیكلام بۆAK پارتى خاوەن دەسەڵات لەتوركیاداو سەرۆكەكەى دەكەى لەبەرامبەر دەیان هەزار كوردى ڕكابەرى سەرسەختى دەسەلات و هەزاران كوردى شیعەمەزهەبدا لەو وڵاتەدا, ئەرێ سەرۆك ئەى وەڵامت بۆ ئەوكاردانەوانە چى دەبێت كاتێك ڕووبەڕوى ڕەخنەى كوردەكانى باكوور ببیتەوە, كەمن دڵنیام ڕوبەڕوشى دەبیتەوە!.
 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە