ئایا كەس كەركوكى لە بیر ماوە ؟

Tuesday, 26/05/2009, 12:00

6291 بینراوە


هەرچەندە وەك زۆربەى تاكى كورد بروام بە وەرگرتنەوەى كەركوك نەماوەو هیواشم بە گەرانەوەى بۆ سەر هەرێمى كوردستان لاوازەو جێى باس نیە لەگەڵ ئەوەشدا نامەوێت وەك ئەندامە بودەڵەو چڵكاوخۆرو بێئاگاكانى حیزبچێتیەكان ئەم كێشە گرنگە نەتەوایەتیەى گەلەكەم لەبیر بكەم و كێشمە كێشمى هەڵبژاردن و پەرۆ بایان و لیستچێتى بمگەرێنێتەوە پێش دەیان ساڵ و هزرى پیرۆزى نەتەوایەتیم بپوكێتەوە.و كەركوكى كوردان لەیاد بكەم .
ئاشكرایە كێشەى گەورەى كورد لە باشورى كوردستان كەركوكە ,ئەوەى سەرنج بداتە ناوەرۆكى گفتوگۆكانى سەرانى كورد و رژێمەكانى عێراق لە رابردوودا دڵنیا دەبێت كە چەندین ساڵ بەر لەئێستا و لە مێزى دانوستانەكاندا لەم بەشەى ئێستا كە سەرانى كورد پێى رازین و بۆى ئەلاوێنەوە زیاتر بەدەست ئەهات و رێگریش دەكرا لە رژاندى خوێنى هەزاران رۆڵەى كورد .
زۆرێك هەڵەى سەرانى ناسیاسى كورد بۆتە كارەساتى گەورەو باجەكەى لەلایەن نەوەى نوێ و رۆڵەكانى ئەم گەلەوە دراوەو دەدرێت .
كاتێك حیزبەكانى كورد بەدبەختى دەیانگرێت و لەسەر رەنگى دیوارەكانى پردێكى ئەم شارە ستراتیژیەى كوردان دەبێتە شەریان هیچ ناهەقى نیە بۆ تاكێكى سادەى وەكو من بێ هیوایى و رەشبینى دامبگرێت و ئەم چەند دێرەى ناخم نەنووسم .
كاتێك سەرۆكێكى ئەم هەرێمە لە چوارساڵدا نەتوانێت بێتە لاى گەرمیانیەكان و كەركوكیەكان ناهەقى نیە بۆ كەسێكى وەك من قوڵپى گریان بمگرێت و بلێم بەسە بە هۆش خۆتان بێنەوە .
كاتێك سەرۆكێكى كورد بۆ ریكلامى لیستەكەی و هەڵمەتى هەڵبژاردن كەوڵ و پۆسى هەڵگرێت و لە بەغداوە بێتەوە و دژایەتى هاوخەبات و ئەوانە بكات كە بەهۆیانەوە بوە بەم سەرۆكە كە دەبوایە بۆ گەرانەوەى كەركوك زۆربەیان بچونایە كەركوك و لەوێدا هەواریان بخستایە ئیتر منێكى سادەى تاكى كورد چۆن نەلێم قۆربەسەرمان بۆ خۆمان و گەورەمان , ئەوەتا هەر بە هۆى خۆ بە كەم زانین و لاوازى كەسایەتى سەرە ناسیاسیەكانى كوردە لە بەغدا كە سەدان عەرەب كە سالانى رابردوو نەیاندەوێرا ناوى كوردستان و پێشمەرگە بهێنن ئێستا بە سەدان دوكان و ماڵ و زەوى و موڵكیان لە كوردستان كریوە وبونەتە خاوەن ماڵ و بە دوور نازانرێت لە چەند دەیەیەكى داهاتودا هەموو كوردستانیش وەك كەركوكەى دڵ و قودسى كوردستان نەدۆرێنین نەیكەنە وولاتى پێ پەتیەكان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە