بزووتنەوەى گۆڕان نە پارتى و هیچ هێزێكى سیاسیى دیكەى بە تیرۆرى سەردەشت عوسمان نەك تاوانبار بەڵكو تۆمەتباریش نەكردووە

Tuesday, 06/07/2010, 12:00

1835 بینراوە


*وەهمى لاوازبوونى بزووتنەوەى گۆڕان لاى یەكێتى لە پرۆسەى هەڵبژاردنى (25-7-2009)ەوە تا ئێستا وەكو خۆى درێژەى هەیە
*گۆڕان جگە لەكاركردن بۆ خۆ رێكخستن لە چوارچێوەیەكى رێكخراوەیى- سیاسییدا دەرفەتێكى دیكەى لە بەردەمدا نییە
*ئەگەر بزووتنەوەى گۆڕان بەردەوام بێت لە داهێنانى مۆدێلى سیاسیى نوێ گرەوى بردنەوەى ئایندە مسۆگەر دەكات 
د.جەعفەر عەلی ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە رێی ئەم دیمانە تایبەتەوە باس لە ناكۆكی و جیاوازیی بۆچوونی ئەندامانی فراكسیۆنەكەیان دەكات لە هەمبەر وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەی كە لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە بەمەبەستی كڕینی ئۆتۆمبیل بەبڕی چل و هەشت ملیۆن دینار بۆ هەر یەك لە ئەندامانی پەرلەمان، ئەو پێیوایە ئەگەر جیاوازیی بۆچوونیش لە هەندێك پرسدا هەبێت لەنێو ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕاندا ئەوە سەرئەنجام لە رووی سیاسییەوە هەموویان هاوهەڵوێستن لە زۆرینەی پرسەكاندا. لەبەشێكی تری دیمانەكەدا ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی گۆڕان ئەوە رەتدەكاتەوە كە هەڵوێستی رەخنەگرانەی ئەوان لەو پڕۆژە یاسایانەی لەپەرلەمان تەرح دەكرێن بۆ مەبەستی سیاسیی و موزایەدەی سیاسیی بێت بەڵكو بەپێچەوانەوە ئەو لیستی كوردستانی بەم كارە تاوانبار دەكات و پێیوایە كە لیستی كوردستانی ویستی بودجە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكار بهێنێت. لە بەشێكی تری دیمانەكەدا دێتە سەر باسی ئەو گرژییەی لە نێوان گۆڕان و پارتیدا دروستبوو و پێیوایە كە ئەوە جووڵەی شەقام بووە گۆڕانی كرد بەبەشێك لەخۆی لە كاردانەوەی تیرۆری "سەردەشت عوسمان"دا نەك بەپێچەوانەوە، بۆیە گۆڕان وەك بزووتنەوەیەكی مەدەنی بەشداریی ئەم جووڵەیەی كردووە كە سەرئەنجام بۆتە هۆی ناكۆكیی لەگەڵ پارتیدا.
ستیڤان:وەك دەزانین لەمەڕ بڕیاری وەرگرتنی پارەی ئۆتۆمبیل لەلایەن پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی گۆڕانەوە، كێشە و ناكۆكی لەنێوان ئەندامانی فراكسیۆنەكە دروستبوو. ئێوە وەك خۆتان چۆن دەڕواننە ئەو كێشە و ناكۆكییانە؟. ئایا دەكرێت ئەمە بە سەرەتای ناكۆكییەكی فراوانتر لە ئایندەدا لەقەڵەم بدەین؟.
د.جەعفەر عەلی: سەرەتا دەمەوێ ئەوە بڵێم، كە كێشە و ناكۆكى لە نێوان ئەندامانى فراكسیۆنى گۆڕان سەبارەت بەو بڕە پارەیەى، كە سەرۆكایەتى پەرلەمان بە ناوى كڕینى ئۆتۆمبیلەوە بۆ سەرجەم پەرلەمانتارانى تەرخانكردووە، نەبووە. ئەوەى كە هەبووە روانین و بۆچوونى جیاواز بووە سەبارەت بە دروستى و نا دروستى بڕیارەكە، كە ئایا پەرلەمانتار سەرەڕاى موچەیەكى زۆر، مافى ئەوە بەخۆى دەدات لە بوجەى گشتیى پەرلەمان، كە سامانى گشتى خەڵكە، بڕى (48000000) چل و هەشت ملیۆن دینار لە سەرۆكایەتى پەرلەمان و پارەى گشتیى خەڵك بە ناوى كڕینى ئۆتۆمبیلەوە بۆ بەرژەوەندیى تایبەتى خۆى وەربگرێت. 
وێڕاى بۆچوونە جیاوازەكان، سەرەنجام لە كۆبوونەوەى رەسمى فراكسیۆن تایبەت بەو بابەتە (21) بیست و یەك ئەندامى فراكسیۆنەكەمان، كە ئامادەى كۆبوونەوەكە بوون گەیشتینە ئەو بڕیارەى ئەو بڕە پارەیە بە تەواوى رەتبكەینەوە، هەمانكات ئەو بڕیارەشمان بە هەموو ئەو بەڕێزانەش راگەیاند، كە لە كۆبوونەوەكەدا بە هەر هۆیەك بێت ئامادە نەبوون. لە كۆتاییدا ئەو بڕیارەى لێكەوتەوە، كە ئێستا بە نوسراو بە ئاشكرا بۆ تەواوى راى گشتیی راگەیەندراوە، كە بریتییە لە رەتكردنەوەى ئەو بڕە پارەیە لەلایەن (21) بیست و یەك ئەندام پەرلەمانى فراكسیۆنەكەمانەوە و بە نوسراوى رەسمى و واژۆى هەر (21) بیست و یەك ئەندامەكەش بڕیارەكە دراوەتە سەرۆكایەتى پەرلەمان. سەبارەت بە هەڵوێست و بڕیارى ئەو (4) چوار هاوڕێیەى دیكەى فراكسیۆنیش، كە واژۆیان بەسەر یادداشتە رەسمییەكەى فراكسیۆنەوە نییە، بەش بە حاڵى خۆم تا ئێستا نازانم دوا بڕیار و هەڵوێستى ئەوان چییە لەمبارەیەوە؟، خۆیان ئازادن و دوا بڕیاریش لەلاى خۆیانە، هەر چەندە ئومێدى زۆرم هەیە، كە ئەو بەڕێزانەش هەمان هەڵوێستى زۆرینەى ئەندامانى فراكسیۆنەكەیان دەنوێنن و ئەو بڕە پارەیە رەتدەكەنەوە، كە نازانم بڕیارى چییان داوە، بەڵام پێموایە دواجار بڕیارى رەتكردنەوەى پارەكە بڕیارى مەبدەئى و تەندروستى ئەوانیش دەبێت. 
هەر چۆنێك بێت هەموومان ئەندامى فراكسیۆنى گۆڕان و ئەندامى پەرلەمانى كوردستانین، ئەگەر ئەنجامى كۆتایى وا كەوتەوە، كە لە بابەتێكى لەمجۆرەدا جیاوازیشمان هەبێت، ئەوا لە رووى سیاسییەوە هاوهەڵوێستین و، هەمووشمان لە رووى ئەخلاقییەوە بەرپرسیارێتى مێژووییمان لە ئەستۆدایە لە بارى نیشتیمانى و نەتەوەیى، وێڕاى ئەو بەرپرسیارێتیە ئەخلاقییە گەورەیەى لە بەرامبەر كۆى ئەو متمانە و دەنگانەى ئێمەى كردووە بە پەرلەمانتارو دواجاریش كۆى بەرژەوەندیى خەڵكى كوردستان، راماندەگرێت. لە بڕواى مندا ئەم جیاوازیى بۆچوونە حاڵەتێكى ئاساییە و پێویستە بە ئاساییش مامەڵەى لەگەڵدا بكرێت، چوونكە دواجار هەر ئەندام پەرلەمانێك لە بابەتى لەمجۆرەدا بەرپرسى راستەوخۆى بڕیار و هەڵوێستەكانى خۆیەتى، هەڵوێستى تایبەتى ئەندامێكى فراكسیۆن پەیوەندیى بە شەخسى خۆیەوە هەیە و هیچ كاریگەرییەكى سیاسیی و كۆمەڵایەتى و تەنانەت جەماوەریشى بۆ سەر هەڵوێستى ئەندامێكى دیكە و بگرە فراكسیۆنەكەش نابێت. 
ستیڤان:هەندێك لە پەرلەمانتارانی لیستی كوردستانی لە رێی كەناڵەكانی میدیایەوە بەردەوام باس لەوە دەكەن، هەڵوێستەكانی فراكسیۆنی گۆڕان لەناو پەرلەمان پابەندە بە كۆكردنەوەی زۆرترین دەنگ بۆ بزووتنەوەی گۆڕان. یان بەمانایەكی دیكە دانیشتنەكانی ناو پەرلەمان بۆ كاری سیاسیی و بۆ بەرژەوەندیی بزووتنەوەكەتان بەكاردەهێنن. من پرسیار دەكەم ئایا تاچەند ئەم بۆچوونانە راستییان پێكاوە؟. ئایا چۆن دەڕواننە ئەو دەنگانەی پێیانوایە پەرلەمانتارانی گۆڕان، بەردەوام موزایەدەی سیاسیی دەكەن؟.
د.جەعفەر عەلی: رەنگە ئەو بۆچوونەى پێیوایە هەڵوێستەكانى ئێمە لە نێو هۆڵى پەرلەماندا پەیوەندیى بە كۆكردنەوەى دەنگەوە هەیە، لە چەند روانگەیەكەوە سەرچاوەى گرتبێت: یەكێكیان پەیوەندیى بە گفتوگۆى بوجەى ئەمساڵەوە هەیە، كە لە كاتى هەڵمەتەكانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقدا لە پەرلەمانى كوردستان گفتوگۆى لە بارەوە كرا، دووەمیان پەیوەندیى بەو بڕیار و هەڵوێستانەوە هەیە، كە بەشى هەرە گەورەى لیستى كوردستانى پێشوەخت بۆ ناشیرین پیشاندان و بە شەیتانكردنى فراكسیۆنى گۆڕان ئامادەیان كردووە. 
مەسەلەى بوجە لەبەرئەوەى پەیوەندیى بەژیانى گشتیى خەڵكەوە هەیە و یەكێك لە هەستیارترین ئەو بابەتانەیە، كە ساڵانە پێویستە پەرلەمان زۆر بە وردیى و شەفافى گفتوگۆى لە بارەوە بكات، وەكو فراكسیۆنى گۆڕان وەك یەك تیمى كاركردن چەندى بۆمانكرا و چەندى لە تواناماندا هەبوو كاتەكانى خۆمان بۆ تێگەیشتن و وردبوونەوە لە وردەكارییەكانى بوجە تەرخانكرد، تا لەو رێیەوە بتوانین كەموكورتى و ناتەواویى و نا عەدالەتییەكانى نێو پڕۆژە یاساكە و تەواوى پڕۆژە پێشنیاركراو و بەردەوامەكانى ساڵى (2010) بخەینە بەردەم سەرۆكایەتى پەرلەمان و راى گشتیى خەڵكى كوردستان. تۆ دیقەت لەم پارادۆكسە سەیرە بدە، ئێمە كە زۆر خۆمان لەگەڵ وردەكارییەكانى بوجە ماندوو كردبوو، كەچى كەسانێك لە حكوومەت و بەرپرس لە نێو لیستى كوردستانى پێیانوابوو ئێمە هیچى لێنازانین و نەمانخوێندۆتەوە. 
فراكسیۆنى گۆڕان لە ئەنجامى ورد بەدواداچوونى بۆ بوجە توانى دەیان كەلێن و ناعەدالەتى گەورە لە نێوان شار و ناوچە جیا جیاكان و بە هەدەردانى سامانى گشتى بۆ بەرژەوەندیى حزب لە نێو هۆڵى پەرلەماندا بوروژێنێت و بیخاتە بەردەم راى گشتیى خەڵك. هەر لە سەرەتاى گفتوگۆى بوجەوە وەكو فراكسیۆنى گۆڕان پێشنیارمان كرد، پرۆژە یاساكە بنێردرێتەوە بۆ حكوومەت و لە ماوەیەكى دیاریكراودا پێداچوونەوەى بۆ بكەن و دووبارە بیگەڕێننەوە بۆ پەرلەمان بۆ گفتوگۆ، بەڵام لیستى كوردستانى ئەمەى رەتكردەوە، كەچى چەند رۆژێك بەر لە (7-3) برادەرانى پارتى لە فراكسیۆنى كوردستانى خۆیان پێشنیارى گەڕانەوەى بوجەیان بۆ حكوومەت كرد، سەرەنجام بەهۆى ئەو پێشنیارەوە و بەبڕیارى سەرۆكایەتى پەرلەمان كۆبوونەوەكانى تایبەت بە بوجە دواخرا بۆ دواى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق لە (7-3)، بەڵام دواى هەڵبژاردنیش بەبێ هیچ پاساوێكى مەنتقى زیاتر لە (20) بیست رۆژ هیچ كۆبوونەوەیەكى تایبەت بە بوجە ئەنجام نەدرا. هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن، كە ئەوە لیستى كوردستانى بوو هەوڵیدەدا بوجە بە كەلێنى زۆر و نا شەفافى و ناعەدالەتى گەورەوە وەك دەستكەوتێك بۆ هەڵمەتى هەڵبژاردن و بە مەبەستى سیاسیى تێبپەڕێنن و بە كاربهێنن، نەك فراكسیۆنى گۆڕان. تەنانەت ئەگەرچى سەرەتا لیستى كوردستانى هاوراِبوون لەسەر نەگەڕاندنەوەى بوجە بۆ حكوومەت، بەڵام دواتر بە هۆكارى سیاسیى و حزبى بە چەند رۆژێك بەر لە هەڵبژاردن ئەم یەكهەڵوێستیەیان درزى تێكەوت. 
ئەگەر داكۆكیش لە مافى گشتیى خەڵك و شەفافییەت و دادپەروەریى و كاركردن بۆ جیاكردنەوەى بوجەى حزب و حكوومەت لە یەكترى و سەربەخۆیى هێزى چەكدار و دادگا و سەربەخۆكردنى كۆمەڵگەى مەدەنى و هەوڵدان بۆ كردنى پەرلەمان بە تاكە مەرجەعى سیاسیى و دەستووریى بۆ بڕیاردان لە پرسە چارەنووسسازەكانى خەڵكى كوردستان، ئەگەر هەموو ئەمانە بریتى بن لە موزایەدەى سیاسیى، ئومێد دەكەم ئەوانەى ئەو بۆچوونانە بە موزایەدە دەزانن، لە پێناوى خزمەتى گشتیى خەڵكى كوردستان تا زووە دەست بكەن بە موزایەدەى سیاسیى. 
ستیڤان:با بێینە سەر بزووتنەوەی گۆڕان، بەو پێیەی ئێوە هەڵسوڕاوی دیاری ئەو بزووتنەوەیەن، پرسیار دەكەم، ئایا كردنەوەی بەرەی شەڕی سارد و راگەیاندن لەگەڵ پارتی، لەلایەن بزووتنەوەكەتانەوە، تەنیا پابەندە بە كەیسی "سەردەشت عوسمان"ەوە یان رەهەند و هۆكاری تری هەیە؟. بەكورتییەكەی هۆی چی بوو پاش بێدەنگییەكی سەیر لە ناكاو جەنگێكی میدیایی و گرژییەكی زۆر لە نێوان گۆڕان و پارتیدا هاتە ئاراوە؟.
د.جەعفەر عەلی: سەرەتا دەمەوێ بڵێم، نە بەناوى بزووتنەوەى گۆڕانەوە قسە دەكەم، نە وەك هەڵسوڕاوى دیارى بزووتنەوەكە، بەڵكو وەك هەر كەسێكى دیكەى ئاسایى بزووتنەوەى گۆڕان و بە پێى قەناعەتە شەخسییەكانى خۆم ئەوەى پەیوەندیى بە بزووتنەوەكەوە هەبێت وەڵامى دەدەمەوە. 
بزووتنەوەى گۆڕان بەو سیفەتەى، كە بزووتنەوەیەكى مەدەنى و نا چەكدارە، لە دروستبوونییەوە تا ئێستا، نە بەرەى شەڕى سارد، نە بەرەى شەڕى گەرمى، نە لەگەڵ پارتى و نە لەگەڵ هیچ هێزێكى سیاسیى دیكە نەكردۆتەوە، بەڵكو خەریكى كارى سیاسیى و مەدەنى خۆى بووە بە شێوازێكى جیا لەو سیاسەتە تەقلیدییەى چەندین ساڵە هێزە سیاسییەكانى كوردستان پێیڕاهاتوون. بزووتنەوەى گۆڕان هەڵگرى گووتارى سیاسیى جیاواز و دنیابینى جیاوازە بۆ سیاسەت و ئەركى حزب و حكوومەت و كۆمەڵگەى مەدەنى و ژیانى دیموكراسى لە كوردستان، بزووتنەوەیەكە لە هەر هێزێكى سیاسیى دیكە زیاتر پێویستى بە سەقامگیریى و ئارامى سیاسیى هەیە، چوونكە گەشەكردن و گەورەبوونى بەندە بە زەمینە و كەشى هێمنى كوردستان، نەك گرژیى و ئاڵۆزیى. 
بزووتنەوەى گۆڕان لە مەسەلەى كەیسى خوێندكار و رۆژنامەنووس (سەردەشت عوسمان)دا شتێكى نەكردووە پێچەوانەى جۆرى بیركردنەوە و قەناعەتى سیاسیى خۆى و ئارامى هەرێم بێت. رۆژنامەنووسێك لە ناو جەرگەى پایتەختى ئەم هەرێمەدا بە رۆژى روناك و بە بەرچاوى خوێندكارانەوە دەڕفێندرێت و دواتریش تەرمەكەى لە دەرەوەى هەرێم دەدۆزرێتەوە، ئەم رووداوە رۆژنامەنووسان و خوێندكاران و نووسەران و رۆشنبیران و تەواوى توێژە كۆمەڵایەتییەكانى كۆمەڵگەى كوردى هەژاند. سەرەنجام كەمپەین و خۆپیشاندانى جیا جیا لە شار و شارۆچكەكانى كوردستان بۆ بەرگریى و داكۆكى لە ماف و ئازادیى را دەربڕین و ئاشكراكردنى بكوژانى (سەردەشت) پێكهات و بەڕێوە چوو، واتە ئەوە جووڵەى شەقام و راى گشتیى بوو، بزووتنەوەى گۆڕانى كردە بەشێك لە خۆى، نەك بە پێچەوانەوە بزووتنەوەى گۆڕان شەقام و راى گشتى جوڵاندبێت، یان بزووتنەوەى گۆڕان لەم رووداوەدا كەسێك یان هێزێكى سیاسیى تۆمەتبار كردبێت و بەیاننامەى لە دژى دەركردبێت. 
لە بڕواى مندا ئەگەر بزووتنەوەى گۆڕان لە هەر جووڵەیەكى شەقامى كوردیى لە پێناوى ئازادیى و دیموكراسى و لە پێناوى گێڕانەوەى رێز و حورمەت و ئیرادە بۆ مرۆڤى كوردیى و هاووڵاتیانى كوردستان، نەبێتە بەشێكى چالاكى ئەم جووڵەیە، هەرگیز ناتوانێت بزووتنەوەكە بكاتە بزووتنەوەیەكى بە ناوەرۆك مەدەنى و خاوەن ناسنامەى مەدەنیانە. هەمووشمان ئەو راستییە باش دەزانین، كە دۆخى ئارامى هەرێم بە جووڵەى مەدەنییانەى شەقام و خۆپیشاندان و رێپێوان لەلایەن خەڵكێكەوە، كە جگە لە قەڵەم خاوەنى هیچى دیكە نین، تیك ناچێت، بەڵكو بەو هێزانە تێكدەچێت، كە خاوەنى هێزى چەكداریى گەورە و بەرژەوەندیى ئابوورى زل و پارەى قەبە و نفوز و دەسەڵاتى زۆرن لە كوردستان و بە زمانى پڕ لە تەشهیر دەدوێن و دەزگاكانى راگەیاندنیان ئەو پەڕى زمانى زبر و نا مەدەنییانە بەكاردەهێنن و لاپەڕەكانى مێژوویەك هەڵدەدەنەوە، كە هیچ سەركردەیەكى كورد تیایدا نەك تەنیا فریشتە نییە، بەڵكو ناتوانێت تیایدا بێ گوناهیش بێت. 
وەك ئاماژەم پێدا، بزووتنەوەى گۆڕان لە هەر هێزێكى سیاسیى دیكە زیاتر پێویستى بە زەمینەى ئارام هەیە بۆ كاركردن، بۆیە كاتێك بە زمانى زبرو هێرش و پەلامار مامەڵەى لەگەڵدا دەكرێت، تا ئەو شوێنەى بۆى دەكرێت باشتر وایە ددان بەخۆیدا بگرێت و نەچێتە نێو موهاتەرات و وەڵام و وەڵامكاریى، لە جیاتى وەڵامدانەوە باشترە لە هەوڵى بردنە پێشى ئەجێنداى سیاسیى و مەدەنى خۆیدا بێت، وەك چۆن لە كەیسى تیرۆركردنى خوێندكار و رۆژنامەنووس (سەردەشت عوسمان)دا توانى ئەمە بكات. 
ستیڤان:هەندێك بۆچوون جەخت لەوە دەكەنەوە، بزووتنەوەی گۆڕان كەیسی "سەردەشت عوسمان"ی بەكارهێنا لە دژی سیاسەت و ئەجیندای نوێی پارتی بۆ سلێمانی!. بۆیە ئێمە دەپرسین تا چەندە بزووتنەوەی گۆڕان لە سیاسەتی نوێی پارتی بۆ سلێمانی دەترسێت؟. ئایا گۆڕان شەڕی ئازادیی بیروڕای كرد یان ویستی پارتی لەرێی تاوانباركردنی بەكوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە لاوەوە بخاتە پێگەیەكی لاوازترەوە بەتایبەت لە سلێمانی؟.
د.جەعفەر عەلی: بەشى زۆرى وەڵامى ئەم پرسیارە لە وەڵامى پرسیارى پێشتردا روونكراوەتەوە. بۆیە دەڵێم لە مەسەلەى تیرۆرى (سەردەشت عوسمان)دا، پێموایە جگە لەئازادیى بیروڕاو كەرامەتى مرۆڤ لەم هەرێمەدا شتێكى دیكە جێگە بایەخى بزووتنەوەى گۆڕان نەبووبێت، بزووتنەووەى گۆڕانیش نایەوێت هەڵگرى نەریتى پاوانكاریى سیاسیى بێت لەسەر بنچینەى دابەشبوونى ناوچەى نفوز و جوگرافیا، وەك چۆن سلێمانى بە شارێكى كراوە دەبینێت بۆ كارى سیاسیى، هەوڵدەدات هەولێر و دهۆك و تەواوى ناوچەكانى دیكەى كوردستانیش بە هەمان ئەندازە و زیاتریش لە بەردەم ئازادى كارى سیاسیى و ئازادى رادەربڕیندا كراوە بن. دەمەوێ ئەو هەڵەیەشت بۆ راست بكەمەوە، كە تا ئێستا بزووتنەوەى گۆڕان، نە پارتى و نە هیچ هێزێكى سیاسیى دیكەى بە تیرۆرى (سەردەشت عوسمان) نەك تاوانبار، بەڵكو تۆمەتباریش نەكردووە، چونكە ئەوە كارى دادگایە، نەك كارى بزووتنەوەى گۆڕان.
ستیڤان:یەكێتی پێیوایە دوای ئەم كۆنگرەیەی حزبەكەیان و بەخۆداچوونەوەیان لەسەر زۆر ئاست، پێگەی گۆڕان لە داهاتوودا بەرەو لاوازیی دەڕوات و لە هەنگاوی سەرەتاشدا هەڵبژاردنی پارێزگاكانی كوردستان دەدۆڕێنێت. ئێوە چۆن سەیری پێگەی داهاتووی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەن؟. پێشبینی ئەوە دەكەیت گۆڕان لە هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا هەر سێ شارەكە لەدەستبدات؟.
د.جەعفەر عەلی:وەهمى لاوازبوونى بزووتنەوەى گۆڕان لەلاى یەكێتى لە پرۆسەى هەڵبژاردنەكانى (25-7-2009)ەوە تا ئێستا وەكو خۆى درێژەى هەیە. لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان بەشێك لە سیاسییەكانیان دەیانگوت، لیستى گۆڕان لە باشترین حاڵەتدا (3-5) كورسى دەهێنێت، بەڵام ئەنجامى هەڵبژاردنەكان ناواقعى بوونى بۆچوونەكانى ئەوانى پیشانداین، دواى پلنیۆم و وەك خۆیان دەڵێن بەخۆداچوونەوەیان، دیسان لەسەر ئاستى هەرێمى كوردستان ژمارەى كورسییەكانیان لە ژمارەى كورسییەكانى بزووتنەوەى گۆڕان كەمتر بوو، ئەمجارەیشیان لە لێكدانەوەیان بۆ قورسایى جەماوەریى بزووتنەوەى گۆڕان و سەنگى سیاسیى خۆیان ناواقعى بوون، بۆیە بڕوام وایە ئەمجارەیشیان، واتە بۆ جارى سێیەم، دیسان وەك خۆیان دەڵێن لەسەر بنچینەى بەخۆداچوونەوەى دواى كۆنگرە و وەهمى لاوازبوونى پێگەى جەماوەریى بزووتنەوەى گۆڕان، رووبەڕووى هەمان وەهم و سیاسەتى ناواقعیانەى بەشێك لە سیاسییەكانیان دەبنەوە. گۆڕان بزووتنەوەیەكى جەماوەریى بنكە فراوانە و توانیوویەتى لە ماوەیەكى زۆر كورتى تەمەنى سیاسیدا، قورسایى خۆى لەنێو هاوكێشە سیاسییەكانى كوردستان و عێراقیشدا بسەلمێنێت. هەر سیاسییەك و تەنانەت هەر هێزێكى سیاسیش لە كوردستان و عێراقیش بیەوێت ئەو پێگە جەماوەرییەى بزووتنەوەى گۆڕان نادیدە بگرێت و واقعیانەو وەك بەشێك لە پرۆسەى سیاسیى وڵات مامەڵەى لەگەڵدا نەكات، یان نایەوێت لە سیاسەت تێبگات، یان سیاسەت وا پێناسە دەكات، كە خۆى تێیگەیشتووە، نەك وەك ئەوەى، كە هەیە. 
ستیڤان:گۆڕان ئێستا بەرەو ئەو رێگایە هەنگاو هەڵدەگرێت ببێتە حزبێكی سیاسیی. بەبۆچوونی ئێوە ئایا ئەگەر گۆڕان ببێتە حزبی سیاسیی بەرەو بچووكبوونەوە ناڕوات؟. یان ئەگەر گۆڕان لە داهاتوودا وەك حزبی سیاسیی كاربكات نابێتە فاكتۆری وەستانی گەشەكردنە خێراكەی؟. بەكورتییەكەی چۆن دەڕواننە هەنگاوەكانی گۆڕان لە راستای بوونە حزبی سیاسیی؟.
د.جەعفەر عەلی:لە رۆژهەڵاتدا كارێكى ئێجگار قورسە تۆ بتوانى لە ماوەى هەڵمەتەكانى هەڵبژاردندا وەكوو هێزێكى سیاسیى دەربكەویت و دواتر و دواى هەڵبژاردنەكان بەبێ خۆ رێكخستن بمێنیتەوە و مەبەستیشت بێت گەشە بكەیت. بۆیە پێموایە لە ئێستادا بزووتنەوەى گۆڕان جگە لە كاركردن بۆ خۆ رێكخستن لە چوارچێوەیەكى رێكخراوەیى- سیاسییدا دەرفەتێكى دیكەى لە بەردەمدا نییە، بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاو نراوە. مەسەلەى بچووكبوونەوە یان گەورە بوون، گەشە كردن یان گەشەنەكردنى بزووتنەوەكەش بە قەدەر ئەوەى پەیوەندیى بە شێوازى خۆ رێكخستن و چۆنێتى كاركردن و بەرنامە و ستراتیجى سیاسیى و كۆمەڵایەتى بزووتنەوەكەوە هەیە، هێندە پەیوەندیى بەوەوە نییە، بزووتنەوەكە دەبێتە رێكخراو یان حزبێكى سیاسیى مۆڵەت پێدراو. 
بزووتنەوەى گۆڕان ئەگەر بیەوێت هێزێكى جەماوەریى روو لە گەشەكردن بێت، دەبێت نەریتى كارى سیاسیى هێزە سیاسییە تەقلیدیەكانى كوردستان تێبپەڕێنێت و بە كردەوە ببێتە هێزێكى سیاسیى نوێ، نوێ لە بیركردنەوە و شێوازى رێكخستن، نوێ لە روانین و دونیابینى سیاسیى، نوێ لە پیشاندانى شەفافییەت و سادەبوونەوەى بەرپرسەكانى، نوێ لە مامەڵەكردن لەگەڵ رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن و ژیانى دیموكراسى و بەخشینەوەى ئیرادە و ئازادیى بە ئەندام و كادێر و هەوادارانى، نوێ لە دابەشكردنى دەسەڵات بەسەر ئۆرگانە جیاوازەكانى و دووركەوتنەوە لە بڕیارى شەخسیى و تاكڕەوانە. ئەگەر بزووتنەوەى گۆڕان بیەوێت جیاوازیى گەورە لەگەڵ هێزە سیاسییەكانى دیكەى سەر گۆڕەپانى سیاسیى كوردستان پیشانبدات، دەبێت پەروەردەى سیاسیى و دیموكراسیانەى بەجۆرێك بێت، كە ئەندام و پشتیوانانى سادەى بزووتنەوەكەش بە ئازادیى بتوانن رەخنەى هەڕەمى سەرەوەى بزووتنەوەكە بكەن و لە بەرامبەر هەر هەڵوێستێكى ناڕۆشن و نادیموكراسییانەى بەرپرسانى بزووتنەوەكەدا خاوەن ئیرادە و راو هەڵوێستى تایبەتى خۆیان بن. 
بزووتنەوەى گۆڕان وەك چۆن لەم سەرەتاى كاركردنەیدا مۆدێلێكى نوێى لە كارى سیاسیى و پەرلەمانى پێشكەش بە كۆمەڵگەى كوردیى كردووە، دەبێ بەردەوام بێت لە بەخشینى مۆدێلى نوێى دیكە بە سیماى سیاسیى كۆمەڵگە و دواجاریش بە پرۆسەى سیاسیى لە كوردستان. بڕوام وایە ئەگەر بزووتنەوەى گۆڕان بەردەوام بێت لە داهێنانى مۆدێلى سیاسیى نوێ، بتوانێ فۆرمى سیاسیى تازە و پەروەردەى سیاسیى نوێ بكاتە بنچینەى كارى رێكخراوەیى خۆى، دەتوانێت ببێتە ئەو هێزەى، كە گەشەكردنى بەردەوامى بەردەوامتر دەبێت و گرەوى بردنەوەى ئایندەش مسۆگەرتر دەكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە