کە ڕەفتاری سەیرت بینی بپرسە بۆ ؟

Monday, 23/03/2015, 12:00

2557 بینراوە












مرۆڤ کە تەمەنی هەرزەکاری تێپەڕاند ئیتر دەبێت بایی ئەوەندە لە ژیانی خۆی ودەوروبەرەکەی تێبگات کە گفتار و ڕەفتاری نائاسایی و ناسروشتی و نابەجێ و سەیر و سەرسوڕهێن چ هی خۆی چ هی دەوروبەرەکەی جیابکاتەوە لە ڕەفتاری ئاسایی و دروست و سروشتی. بەڵام لە کۆمەڵی ئیمڕۆی کوردوستان خەڵک مەشغوڵدەکرێت بە پرسە بنەڕەتیەکانی ژیانی ڕۆژانەوە، وەک پرسی نان و دەرمان و ئاو و کارەبا و نەوت و بەنزین وموچە و خوێندنی منداڵەکانی و نیگەرانی و ترس لە سەر باری ئاسایش. بێزاری و غەم و توڕەییش لەوەی کە تا ئێستا بێدادیی کۆمەڵایەتی و گەندەڵی لە جێی خۆیانن و ڕۆژانە دەرزیئاژنی دەرونی مرۆڤەکان دەکات، هەمو ئەمانە وایکردوە ئیتر زۆربەی خەڵک نەیپەرژێتە سەر ئەوەی ڕەفتار و کردارەکانی خۆی و دەوروبەرەکەی بە وردی سەیربکات و لێکیبداتەوە و لێیتێبگات، وە ڕەفتاری ناسروشتی و نەخۆشئامێز دەسنیشانبکات. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کێشە کۆمەڵایەتیەکانی ناو خێزان و کۆمەڵ بە گشتی، وە ئێش و ئازارە دەرونیەکان زۆرتربن، تاکەکان بێزار و نائومێد و ناهاوسەنگ و ڕقاوی و زبر و توڕە و توندوتیژ بن. بۆیە هیچ سەیر نیە وەک ئەوەی لە بازیان ڕویدا کە پیاوێک ژنەکەی و دوکچی خۆی کوشت،یا کە لە قەڵادزێ پیاوێک کچێکی گەنجی کوشت، یا حاڵەتەکانی خۆکوشتن.لە گەڵ بونی هەمو ئەو کێشە گشتیانە دەبێت چاومان تیژ و گوێمان سوک بێت بۆ گفتار و ڕەفتاری ڕۆژانەی تاکەکانی بەرامبەرمان لە ئەندامی خێزان و هاوڕێ و دراوسێ و هاوپیشەکانمان، وە ئەگەر هەستمانکرد ڕەفتارو گفتارە ناسروشتی و سەیر و سەرسوڕهێنەکانی کەسێک چەندبارە دەبێتەوە و بونەتە هۆی کێشە و کۆسپی گەورە و ئێش و ئازار بۆ کەسەکە خۆی یا خێزان و دەوروبەرەکەی یا بۆ هەردوکیان، ئەوا دەبێت هەوڵی دڵسۆزانە بدرێت بۆ بردنی کەسەکە بۆ لای دوکتۆری دەرونی، فەرمون لە خوارەوە چەند نمونەیەکی ڕەفتارە ناسروشتی و نەخۆشئامێزەکان: توڕەیی زۆر و شەڕەنگێزی و توندوتیژی هەر لە جنێو و سوکایەتیەوە هەتا شتومەک شکاندن ولێدان و زیندانیکردن ، خۆئازاردان و بیری خۆکوشتن و هەوڵدان بۆ خۆکوشتن ، دابڕان و گۆشەگیری و تەنیاکەوتن و بەردەوام بیرلەخۆکردنەوە و بەخۆمەشغوڵبون و وێڵکردنی دەوروبەر و داخران بە ڕویدا، بیروبۆچونی سەیر و سەر سوڕهێن وەک ئەوەی کەسەکە لە ڕوی ئاینی یا سیاسی یا پارەداری خۆی زۆر زۆر بە گەورە بزانێ و لە ڕاستیشدا وانەبێت، یا دەنگی غەیبی ببیسێ و شت و کەس و تیشک ببینێ بێ ئەوەی کەسانی تر بتوانن هەست بەو شتانەی ئەو بکەن ، بەردەوام دوبارە و چەندبارەکردنەوەی ناپێویستی هەمان بیروبۆچون و هەمان ڕەفتار، غەمباری و بێوزەیی و بێتوانایی و بێزاریی لە ڕادەبەدەر، کەسێک کە بۆ ئێش و کێشە جەستەییەکانی بەردەوام دەچێت بۆ لای دوکتۆری پسپۆڕیەکانی تر و بەڵام تێڕوانینەکانی وەک هی خوێن و سۆنەر و وێنەی تەنوریی مێشک و ئەندامەکانی تر هەمویان ئاسایین، قسەزۆرکردن و بێئۆقرەیی و فرەجوڵەیی و کەمخەوی و بیری جۆرواجۆر لە یەک کاتدا ، بەدگومانی لەڕادەبەدەر بەڵام بێبناغە بەرامبەر دەوروبەر کە بوەتە هۆی تێکچون و شێوانی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی کەسەکە، بەرەوپێشنەچون و وەستان لە بواری خوێندن یا پیشە و نانپەیداکردن بێ بونی نەخۆشیی جەستەیی. بەکورتی هەر ڕەفتار و گفتارێک کە دەوروبەر توشی سەرسوڕمان و ترس و نیگەرانی و ئێش و ئازاری زۆر بکات یا هەر کەسێ کێشەی وەک ئەوانەی سەرەوەی هەبێت تەنیا دوکتۆری دەرونی دەتوانێ ڕونیبکاتەوە ئایا کەسەکە نەخۆشیی دەرونی هەیە یان نا، وە هەر ئەویش دەتوانێ دەسنیشان و چارەسەری نەخۆشیەکەی بکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە