درۆیەكانى هەڵبژاردن

Saturday, 30/05/2009, 12:00

2801 بینراوە


لەگەلأ نزیك بوونەوەى وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان، رۆژ لە دواى رۆژ و هەفتە لە دواى هەفتە درۆیەكان و رێكلام و پڕوپاگەندەى هەڵبژاردن لە زیاد بووندایە، هەر كەسەو لایەنە بانگەشە بۆ خۆى دەكات و خۆى بەدەمڕاستى گەلەكەى دەزانێ، كوردەواریش دەڵێ: (كەس بە دۆى خۆى ناڵێ ترشە)، عەرەبیش دەڵێن: (كل یغنی على لیلى)، راستە هەر كەسە ئازادە لەوەى كە رێكلام بۆ خۆى بكات و جەماوەر بۆ خۆى راكێشێت، بەڵام رێكلام تا رێكلام جیاوازى هەیە، درۆ تا درۆ جیاوازى هەیە، هەر چەندە جیاوازى هەیە لە نێوان درۆ و رێكلام، هەرچى درۆیە هیچ شتێكى راستى نیە و بێ بنەمایە، بەڵام رێكلام زۆر جار شتى راستى تێدایە، لەگەلأ ئەوەش كە هەندێ جار تێكەلأ بە درۆش دەبێت، كەواتە دەتوانین بڵێین شتێكى رەواو ئاساییە بە هەر مەبەستێك بێت رێكلامى راست بۆ خۆت بكەیت، بە مەرجێك زێدەڕۆیی تێدا نەكەیت، بەڵام رەوا نیە درۆ بكەیت و لایەنى بەرامبەرت تۆمەتبار بكەیت، هەر بۆ ئەوەى لەم نێوەندەدا خۆت بە پاكى و دڵسۆزى نیشان بدەیت، وە ئەم دیاردەیە دیاردەیەكى شارستانى نیە، هەروەك دەلالەتیش دەكا لەسەر دواكەوتووی كۆمەڵایەتى، وە ئەمەش تەنها كەسانێكى دەروون نزم پەناى بۆ دەبەن و كەسانێك كە چاك دەزانن شكستیان خواردووە و لە هەڵبژاردنەكاندا دەرناچن و سەركەوتن بە دەست ناهێنن، بۆیە بە هەموو شێوەیەك پەنا دەبەن بۆ تۆمەتبار كردنى لایەنى بەرامبەریان...
ئێمە وەكو گەلى كورد گوێمان پڕ بووە لە رێكلام و درۆ و دەلەسە، واى لێهاتووە هەندێ جار باوەڕ بە راستیەكانیش نەكەین، وەكو مەلەوانە درۆزنەكە ئەگەر راستیش بكات، باوەڕى پێنەكەین، زۆر كەس هاتووە وادەى داوە و جێبەجێی نەكردووە، قسەى گەورەى كردووە و بە كرداریش هیچى نەكردووە، كوردەواریش دەڵى: (قسە هەزارە دووانى بەكارە)، زۆر كەسمان هەیە وەستاى قسانە و كۆلەوارى دەستانە، زۆر كەسمان هەیە بەهار دێنێتە چۆكان، بەڵام كە شتێكى دەكەوێتە بەردەستى هەر لە خەمى خۆی و بنەماڵەكەى دایە...
كەواتە: ئەى ئەو كەسانەى كە خۆتان بە دەمڕاستى گەلەكەتان دەزانن، ئێمە كردارمان لە ئێوە دەوێ نەك قسە، رێكلام و درۆمان ناوێ، دڵسۆزى و لێهاتووى و پاك و خاوێنیمان دەوێ، یەكڕیزى گەلەكەمان دەوێ، خۆشەویستى و برایەتى و ئاشتیمان دەوێ، رێكخستنى ماڵى كورمان دەوێ، دادپەروەری و چاكسازیمان دەوێ، دەمانەوێ كەسى شیاو لە جێگەى شیاو دابندرێت، واستەو واستەكارى نەمێنێ، دزیكردن لە سامانى نەتەوەیی كۆتایی پێ بێت و لە رەگەوە بنەبڕ بكرێت، وە تاوانبارانیش سزا بدرێن، دڵسۆزانیش خەڵات بكرێن، پڕۆژەكانى خزمەت گوزاریش زیاد بكرێن، لێپێچینەوەش هەبێ بۆ ئەو كەسانەى كە بە كەیف و ئارەزووى خۆیان كەوتوونەتە ناو سامانى نەتەوەیی، بە كەیفى خۆیان دزى دەكەن و كەسیش ناوێرێ پێیان بڵێ: پشتى چاوتان برۆیە...
دەمانەوێ هەر خاوەن مافێك لە هەر بستێكى ئەم كوردستانە بە مافى خۆى شاد بێتەوە...
گرنگى بدرێت بە زانست و زانیارى، وەرگرتنى تایبەتى (قبول خاێ) نەمێنێ...
گرنگى بدرێت بە ئاوەدان كردنەوەى گوندو دێهاتەكان...
گرنگى بدرێت بە گەنج و لاوەكان، بۆ ئەوەى ناچار نەبن وڵات بەجێبێلن و روو لە هەندەران بكەن...
گرنگى بدرێت بە فەرمانبەران و مامۆستایان، تا زیاتر خزمەت بە وڵات و نیشتمان بكەن...
گرنگى بدرێت بە كاسبكاران، بۆ ئەوەى لە خەمى كەسابەتیان دابن و لە دەردى بێكارى رزگار بن...
گرنگى بدرێت بە ئافرەتان، بۆ ئەوەى نەوەیەكى باش پەروەردە بكەن و كۆمەڵگاكەمان بەرەو پێش ببەن...
ئینجا لە كۆتاییدا ئەوە ماوە پرسیار بكەین و بڵێین: ئایا لیستێك هەیە بتوانێ گۆڕانكارى و چاكسازى ئەنجام بدات؟...
ئایا لیستێك هەیە بتوانێ كەسى شیاو لە جێگەى شیاو دابنێ؟...
ئایا لیستێك هەیە بتوانێ دادپەروەرى ئەنجام بدات؟...
ئایا لیستێك هەیە بتوانێ لێپێچینەوە بكات لەگەلأ ئەو كەسانەى كە بە كەیف و ئارەزووى خۆیان سامانى گەلەكەیان دەدزن و بازڕگانى پێوە دەكەن؟...
ئەمانە و چەندین پرسیارى تر...
بە هیواى وەڵام...
دڵنیاشبن تا ئێستاش نازانم چ لیستێك هەیە بتوانێ داخوازیە راستەكانى گەل جێبەجێ بكات!
سەرم سوڕماوە و نازانم دەنگ بەكێ بدەم...
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە