کێ کەلتوری دڵڕەقی بەرهەم دێنێت؟

Thursday, 25/07/2013, 12:00

1776 بینراوە


مرۆڤ خۆی بونەورێکە لەنێو خۆبەزلزانیندا دەکەوێتە نیو خودی کەلتوری دڵڕەقیەوە، بۆیە لەهەر ساتێکدا دەتوانێت چاوەڕوانی ئەوی دیکە بێت لە بەردەمیدا ڕاوەستە بکات. دەسەڵاتیش، ئەو ئۆرگانەیە، هەمیشە هۆکارێکە بۆ بەرهەمهێنانی کەلتوری دڵڕەقی و بەگژاکردنی کۆمەڵگا لەنێو خۆیدا. ئەویش بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندیانەی دەسەڵاتی لەسەر بنیات نراوە. کاتێک باسی دەسەڵات دەکەم، تەواوی ئەو دەسەڵاتانە لام مەبەستە کە کۆمەڵگایان دابەش کردوە بەسەر چین و توێژی جیاوازدا، جیاوازیەک هەم لەڕوی ئابوریەوە هەم لە ڕوی پێگەی سیاسیەوە، مرۆڤەکانی خستۆتە نێو هەلومەرجێکەوە کە خۆبەخۆ جیاوازی دەڕەخسێنێت لە نێوانیاندا.
لە بارودۆخێکی واشدا، ئەوەی چاوڕوان دەکرێت چونە سەری پێگەی کەلتوری دڵڕەقی و تۆڵەکردنەوەیە لەنێو پەروەردەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگادا. زۆرجار باسی فەرهەنگی پێکەوە ژیان و قبوڵ کردنی ئەوی بەرانبەر دەکرێت چ لەنێو کایە سیاسی و دینیەکاندا، چ لەنێو ئەو فرە ئەتنی و کەلتورە جیاوازانەی لەنێو کۆمەڵگایەکی فرە نەتەوەی بوندا، بونی هەیە. خۆ گەر فەرهەنگ و پەروەردەیەکی وا لە بواری کرداریەوە جێکەوتە بکرێت لەنێو کۆمەڵگادا، بۆخۆی دەتوانرێت دەرئەنجامی بەرەوپێشچونی باشی لێچاوڕوان بکرێت، چونکە خودی کۆمەڵگا، ئەو پێگەیە کە دەتوانرێت بە زۆر شێواز کاری لەسەر بکرێت، ئەمە نەک وەک تاقیگایەک بەکار بهێنرێت، بەپێچەوانەوە، هەر لەنێو کۆمەڵگادایە جۆری دەسەڵاتەکانیش بەرهەم دەهێنرێت، یانی ئەوە پێگە واقعیەکەی کۆمەڵگایە کە دیاری دەکات کام بەرژەوەندی گشتی پێویستیەکەیەتی، بەڵام کاتێک دەسەڵاتێک سەردەردێنێت و لە ڕوی سیاسی و ئابوریەوە، کۆمەڵگا دەخاتە ژێر ڕکێفی مەیل و بەرژەوەندیە تایبەتەکانی خۆیەوە، ئەو کات، ئەوەی لێی بەرهەم دەهێنرێت، بەرەوپێشچونی کۆمەڵگا نیە، هێندەی هێزی سەرکوت گەر و ناڕەوا خۆی تێدا زیندوو دەکاتەوە.
لە کوردستان و عێراقدا، هێزە سیاسیەکانی، هەمیشە ئەو کارکردە ناڕەوایە بوون کە کۆمەڵگایان بەرەو هەڵدێر و شکست خواردەیی بردوە. لەدوای ڕوخانی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆرەوە، ئەوەی بەرهەمهێنرا، درێژە دان بوو بەو کەلتورە دڵڕەقییە کە پێشتر بونی هەبوە. گەر ئەو پەروەردە دڵڕەقیە، زۆرتر نەکرابێت، ئەوا هەنگاوێکیئش نەنراوە بەرەو کۆتایی پێهێنانی. ئاخۆ لێرەدا گەر دەسەڵاتی حیزبە حاکمەکان خۆیان بەرهەمهێنەری ئەو جیاوازیە چینایەتی و قەومی و دینیانە نەبن کە لەمەیدانەکەدا هەیە، کێ بەرهەمهێنەر و ڕاگریەتی؟ ئاخۆ کامە خاڵێکی واقعی هەیە کە بۆنی پێگەی دیموکراسیەت و پێکەوە ژیانی لێبێت لە سایەی سەری ئەم خاوەن دەسەڵاتدارانەوە؟ زۆرجار دەڵێن کۆمەڵگا بۆخۆی تاوانبارە لەبەرانبەر قبوڵ کردنی ئەو بارودۆخە نالەبارەی کە خراوەتە سەری؟ باشە گەر کۆمەڵگا بۆخۆی خاوەن ئەو ئاستە لە وشیاری سیاسی بوایە، ئەوا کامە حیزبی سیاسی بەرژەوەند خوازی خۆ پەرست دەیتوانی سەرهەڵبدات؟ کەواتە کۆمەڵگا بەشێوە گشتیەکەی تاوانبار نیە لەبەرهەمهێنانی کەلتوری دڵڕەقیدا، هێندەی تاوانباری سەرەکی خودی دەسەڵاتی بەرژەوەند خوازی چینایەتیە. گەر پارتە سیاسیەکان لە خزمەتی کۆمەڵگا و تاکەکانیدا بوایە، ئەوا مرۆڤ لەسەر ئازادی بەیان و دەربڕیندا بەرشەق نادرێت و سوکایەتی ناکرێت بەکەرامەتیەوە. گەر نەوەی نوێ لە کوردستاندا خاوەن بونی خۆیان بوایەن و لەژێر هیچ فشارێکدا ناچار نەکرابایەن بۆئەوەی پاروە نانێک بەدەست بهێنن، بێن دەستی ئەم لایەن و ئەو لایەن ماچ کەن، ئەوا ئێستا کەلتوری دڵڕەقی و خۆ بەبچوک کردنیش بونی نەدەماو، جیهان بینی تۆڵەکردنەوەش کۆتایی دەهات. دەتوانم زۆر بەڕاشکاوانە بڵێم، گەر دەسەڵات لەو کۆمەڵگایەدا بیەوێت ئاراستەی کۆمەڵگا بەرەو مەدێکی ئازادانە و جێخستنی فەرهەنگ و کەلتوری دیموکراسیانە ببات، هیچکات لەو بڕوایەدا نیم، کۆمەڵگا ببێت بەلەمپەر لەبەردەم پرۆژەیەکی وادا، بەپێچەوانەوە، لەنێو کۆمەڵگادا هەنگاونان هەیە بەرەو ڕێکخستنی کۆمەڵگا و نەهێشتنی جیهانبینی جیاوازی چینایەتی و بنەماڵەیی، بەڵام ئەوە دەسەڵاتی سیاسی کوردی بووە هەمیشە ڕێگر بوە لەو ئاستەدا، تا ئەوەی بەردەوام تاکەکان بخاتە نێو هەلومەرجێکی وا سەختەوە، کە ئەم بۆ پاراستنی ژیانی خۆی ئامادە بێت ئەوی بەرانبەری خۆی لەنێو ببات .
سەرهەڵدانی ئەو نەوە توڕەیەی کە ئامادەیە پەرتوکی نوسەران بسوتێنن، تەنها لەبەر ئەوەی تا ئەندازەیەک نووسەرەکەیان پێشتر خۆش ویستوە و ئیستا مەیلی نووسەر گۆڕاوە بەرەو بیرکردنەوەیەکی دیکە کەلەگەڵ خواستەکانی ئەمی توڕەدا نایەتەوە، دەکرێت لەلایەک ماف بدەین بەم نەوەیەو لەهەمان کاتیشدا دەکرێت ڕەخنە بگرین لەبەرەو پێشچونی ئاوا فەرهەنگ و کەلتورێک، دیارە ئەو نەوەیەیی کە ئاشنایەتی هەیە لەگەڵ جیهانبینی خوێندنەوەدا، دەکرێت بەو ئەندازەیەش شارەزا بێت لەوەی نووسەر دەتوانێت بەرهەمی باش و واقعی پێشکەش بە کۆمەڵگا بکات، بەڵام هیچ کات نووسەر نەیتوانیوە ڕابەرایەتی کۆمەڵگا بکات، من کاتێک نووسەر لە هەرکام بوارەکاندا بێت ئەدەبی یان کۆمەڵایەتی و سیاسی یان بوارە بەرفراوانەکانی دیکەی ژیاندا، نووسینەکانی تەنها لەپێناو پەیداکردنی پاروە ناندا بێت و ئامادە بێت سەری نەوازش بۆ دەسەڵاتی ناعەدالەتخواز کەچ بکات، ئەوکات ئەو نووسەرانە دەبنە جێگای بەزەیی . دەسەڵاتی ئەحزابی سیاسی لە کوردستاندا هەر لە دو حیزبی قائیدەوە تا دەگات بەبەرەی ئۆپۆزیسیۆن ، وەک یەکن و هەڵگری ئەو چەمک و کەلتورانەن کە سیستەمە دیکتاتۆر و دژە دیموکراسیەتە واقعیەکان هەیانە، چونکە ئەم پارتانە لەسەر ئەو نەهجە کار دەکەن کە تاکی کۆمەڵگا بکڕن و تەسلیم بە ویست و ئیرادەی خۆیانی بکەن، کاتێکیش هەلومەرجێکی وا دروست دەکرێت، ئاسان نیە ، مرۆڤی مەزن بێتە مەیدانەوە، ئەوە پەروەردەو ئایدۆلۆژیایی ئەم حیزبانەیە، کە لەژێر ناوی ئازادی و دیموکراسیەتدا، مرۆڤ دەکوژن و ژنان ناچار بە خۆسوتاندن دەکەن و لەو لاشەوە بنی زمان و سەری زمانیان تەنها باس لە مەسەلەی ئازادی و مافی مرۆڤ و دەیان شتی توڕەهاتی دیکە هەیە دەکەن.
بەداخە، بریا، نەوەی نوێی خوێنەر نەبن بەو نەوەیەی نەزانن ئاستی ئیرادەو توانای خۆیان لە کوێدایە و پەروەردەی پەرتوک سوتاندن وەک نەریتێک بهێننە نێو کۆمەڵگاوە، سوتاندن بۆ هەرچ کارێک بێت، نیشانەی لەناوبردن دەگەیەنێت. ئەوە دەسەڵاتە کوشتن و ترساندن و تۆقاندن دەکاتە سونەت و کەلتوری باو لەنێو کۆمەڵگادا، بەڵام ئێوەی نەوەی نوێ دەکرێت بە هەمان شێوازی دەسەڵاتی ناعەدالەت خواز، وەڵام دەرەوەی توڕەیەکانی خۆتان نەبن، چونکە ئەوکات دەسەڵات خاوەن هێزەو دیسان ئێوە بەگێرە شێوێن و کارنەکەر ناوتان دەهێنێت. ئێوەی نەوەی نوێ دەکرێت ئەو داینەمۆیە بن، کە هەم لە خۆتان تێبگەن کە ئەوە ئیرادەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێوەیە دەتوانێت کەلتور و فەرهەنگی دیموکراسیخوازانە بێنێتە نێو کایە کۆمەڵایەتیەکان و، لەهەمان کاتیشدا دەتوانن وەڵامی کۆی ئەو درۆ گەورانەی دەسەڵاتدارانی سیاسی بدەنەوە کە باس لە ئازادی و دیموکراسی و یەکسانی خوازی نێو کۆمەڵگا دەکەن.
جێخستنی فەرهەنگی دیموکراسیەت کە دەبێت تەنها بەرهەمی دەستی واقعیانەی کۆمەڵگا خۆی بێت، دەتوانێت، وەڵام دەرەوەی دەسەڵات بێت کە ئەوە خودی دەسەڵاتە ڕێگرە لەبەردەم جێخستنی کەلتوری کرانەوە و پێکەوە ژیانی یەکسانیخوازانەدا، بەپێچەوانەوە کارکردن لەسەر سوتاندنی پەرتوک، هەرکام پەرتوکێک بێت، هیچ کات نابێتە ئەو هەنگاوەی کە کۆمەڵگا بەئاگا بهێنێتەوە، چونکە لەبیرتان نەچێت، بەرەیەکی تەواو دژە ئازادی و کرانەوە لەنێو کۆمەڵگا هەمیشە لەهاتوچۆدایە و لە هەر فرسەتیکدا بۆی ڕێک بکەوێت، کۆی ئەو پەرتوکانە دەسوتنێنێت کە قسەوباسێکی زانستی و سیاسیان هەیە لەسەر کرانەوەی مێشکی کۆمەڵگا، تا ئەوەی لە دیل بونی خۆی ڕزگاری ببێت. نەوەی توڕە و شۆڕشگێڕ، ئەو کات جێدەستی خۆی دیاری دەکات، کە بەگژ هەم دەسەڵاتی دیکتاتۆردا وە هەم کەلتوری سوتاندنا بچێتەوە و هەنگاوی شۆڕشگێڕانە بنێت بۆ پەروەردە کردنی کۆمەڵگایەکی زیندوو خاوەن ئیرادە، نەوەی نوێ دەکرێت هەڵگری ئەو چەمکە سیاسی و کۆمەڵایەتیانە بێت کە خاوەن پرسیار بێت هەم بەرانبەر بەبونی خۆی و ئیرادەکەی، هەم بەرانبەر بە کۆی ئەو ناعەدالەتیەیەی کە سیستەمی سیاسی سەرمایەداری چاوچنۆک بەرهەمهێنەریەتی. ئاخۆ گەر ئەم نەوە نوێیە خوێندەوارە خۆی بناسێت و ئیرادە سیاسیەکەی خۆی دەرک پێبکات، دەسەڵاتی ئەحزابی سیاسی لە کوردستاندا دەتوانێت خۆی لەسەر پێیانی ڕابگرێت؟ نەوەی نوێ بە بیرۆکەی زانستی و دوور لە خواستی بەرژەوەند خوازی کەسی، دەتوانێت ئەو ناوکە بێت کە بۆ ئایندەیەکی نزیک بەرهەمی بەپیت بەبەرهەم بهێنیت، کە زۆر جیاوازتر بێت لەکۆی ئەو جیهان بینیە دڵڕەقەی کە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان و عێراقدا بەرهەمهێنەریەتی.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە