ئەمجارە لە قۆڵى بەغاوە لێیان بدەن

Thursday, 28/01/2010, 12:00

1383 بینراوە




خەڵكى ســـتەمدیدەى كوردســتان هەمیشــە لە پێناوى ســەرفرازى و مانەوەى خۆیدا درێغى لە بەخشــینى ســەر و ماڵ نەكردووە ، ئەوەبوو پاش دەیان ســاڵ لە زوڵم و بێدادى فەرمانڕەوایانى عێراق وە ســەرەنجام پاش وەشــاندنى گورزى كەمەر شــكێن لە حكومەتە نەگریسەكەى ســەدام لە لایەن زلهێزانى جیهانەوە پاش داگیر كردنى كوەیت كە ئەو ڕژێمەى تاســاند و وڕو گێژى كردبوو كە هەلێكى گەورەى ڕەخســاند بۆ میللەتى كورد كە چاكى مەردایەتى لێ بكات بەلادا و خەڵك بە شــێوەیەكى ســەرانســەرى پەلامارى هەموو دامو دەزگاكانى ئەو بدەن
ڕژێمەیان داو بە ماوەیەكى كەم لە كوردســتان شــاربەدەریان كرد، لەم كارە پیرۆزەدا هەر میللەت پێشــەنگ بوو وە چەرمەســەرى و نەهامەتیەكانى دووایشــى هەر میللەت چەشــتى كا پاشــان ئەو ڕاپەڕینە مەزنە لە لایەن پاشــماوەكانى ئەو ڕژێمەوە ســەركوت كرایەوە و هێزەكانى ناردەوە ســەر كوردســتان بەڵام میللەت لە ترســى ئەوەى ئەو ڕژێمە پێشــینەى بەكارهێنانى چەكى كیمیایى هەبوو لە كوردســتاندا وە پاش ئەوەى ڕادیۆ چەقاوەســوەكەى (مۆنتى كارلۆ) ڕایگەیاند لە دەمى هەواڵنێرەكەیەوە كە ڕژێمى عێراق خۆى كۆكردۆتەوە بۆ هێرش كردنە ســەر كوردســتان وە موشــەكى ســكۆدى بە كڵاوەى كیمیایی یەوە ئامادەیە بۆ كوتانى شــارەكانى كوردســتان، كە بێگومان ئەمەش بووە هۆى دەرپەڕاندنى خەڵك لە شــار و شــارۆچكەكانیان و ڕێگاى شــاخ و دۆڵەكانى كوردســتانیان بە شــێوەى شــەپۆلى ملیۆنى گرتە بەر و بەرەو چارەنووســێكى نادیار هەنگاوى شــەكەتیان نا ، ئاى لەو ڕۆژگارە هەموو هەســتمان دەكرد ئاخر زەمان هەسـتاوە و ئیدى ڕۆژى ڕووناكمان ئاوا بووەوە، چ تراژیدیایەك چ مەرگەســاتێك بەســەر خەڵك هات ، ئەو تراژیدیایە كەوتە بەر چاوى كامێراكانى جیهان و ســۆزى كۆمەڵگاى نێو دەوڵەتى جووڵاند و هەر ئەمەش زلهێزەكانى جیهانى هاندا بۆ ڕێگرتن لە كارەســاتێكى مرۆیى گەورە كە تا ئەو كاتە مرۆڤایەتى بە خۆیەوە نەدیبوو ناوچەى ئارام و دژە فڕین لە كوردســتاندا دامەزرێنن، كەواتە دامەزراندنى هەرێمى ئارام دەســـكەوتى ڕاســتەوخۆى خەڵكى ســتەمدیدەى كوردســتان بوو نەك هى حیزبە تاڵانچیەكانى كورد كە مێشــێك میوانیان نەبوو لە ڕاكردن و پاراســتنى بەرژەوەندى خۆیان زیاتر، خۆپەرســتى و قۆرخكارى حیزبەكانى كورد لە دواى ئەو دەســتكەوتەوە زیاتر دەركەوت كە پاش ئەوەى خەڵك ئەو دەســتكەوتە مەزنەى بە گیانى پاكى دەیان هەزار هاووڵاتى بەدەســت هێنا كە لە ســەرما و برســێتى و شــەكەتى و پێخاوســى و نەخۆشــى لە ســەر چیا و ناو دۆڵەكانى كوردســتاندا بەخشــیان و پاشــان متمانەیان دایە حیزبە بێ باك و لاموبالاتەكانى كورد كە ئەم دەســتكەوتەى خەڵك بپارێزن و گەشــەى پێ بدەن و خۆیان بخەنە قاڵبی ســیســتەمێكى مۆدێرنەوە و كوردســتان ئاوەدان بكەنەوە و ئەجرى ئەو هەموو قوربانیانەى خەڵكیش بدەنەوە كە لە كۆڕەو و پێشــتریش كارەســاتەكانى ئەنفال و كیمیاباران و كارەســاتەكانى دەیان ســاڵەى ڕابووردوویان بە ســەریان هاتبوو، بەڵام ســەد مەخا بن ئەم دەســتكەوتە مەزنەى میللەتیان خســتە ژێر پێیانەوە و كەوتنە ماچ و مووچى ئەو دوژمنەى ئەو هەموو خەڵكەى بەو كارەســاتە گەیاند بەو هیوایەى دەســتكەوتێكى كاتى بۆ حیزبەكانیان وەدەســت بهێنن و بەڵكو لە ڕێ ى ڕێكەوتنەوە لە گەڵ ئەو ڕژێمەدا ئیمتیازات و مەنســەب و خۆ بادان بە ســەر میللەتەوە بەدەســت بهێنن بەڵام لێرەشــدا هەر میللەت پەیامى پێدان كە بەدەر لە ژێر دەســتەیى ئەو ڕژێمە هەرێمێكى ســەربەخۆ پێك بهێنرێت و كورد خۆى ئیدارەى خۆى بكات كە دواتر میللەت لە ڕاپەڕینێكى دیكەدا هەموو پاشــماوەكانى ڕژێمى بەعسیان لە كوردسـتان وەدەرنا و جاڕى دامەزراندنى حكومەتى هەرێمی كوردســتانیان دا بەڵام لێرەدا خەڵك كەوتە هەڵەوە كە بە دروشــمە هەڵخەڵەتێنەرەكانى حیزبە بێ بەرنامە و سـیاســەتەكانى كورد هەڵخەڵەتا و متمانەیان پێدان بۆ بەدەستـەوەگرتنى ئەو حكومەتە، كە ئیدى لەو ڕۆژەوە میللەت دوبارە كەوتەوە ناو گێژاوى نەهامەتى و كێشــمەكێشــى منافەســە و دەســەڵاتى ســەران و ئەحزابى كوردەوە و لە جیاتى ئەوەى ئەم ئازادبوون و ســەربەخۆییە ببێتە خێر و بەرەكەت و خۆشــگوزەرانى بۆ خەڵك بە پێچەوانەوە بووە مایەى هەژارى و قات و قڕى و كوشــتن و بڕینى یەكترى و هەر لایەن و حیزبێك هەر یەكەو بە ئاراســتەیەكدا نەگبەتى و ماڵ وێرانیان بۆ ئەم میللەتە بەدیارى هێنا كە ئاســەوارەكانى ئێسـتاش پاش ڕووخاندنى ڕژێمى ســەدام لە كۆمەڵگاكەماندا هەر ماوە و وا بە زووییش ناســڕێنەوە، ئیدى لە بری چەوســاندنەوەى میللەتەكەمان لە لایەن دوژمنانى دەرەكى كوردەوە ڕاســتەوخۆ كەوتینە ناو چەوســاندنەوە و تیرۆر و تۆقاندنى دەســەڵاتداران و ئەحزابى كورد خۆیەوە، برســێتى و هەژارى بووە مۆركى ڕۆژانەى ژیانى خەڵك ئەمە ســەرەڕاى بەكوشــتدان و ئاوارەبوونى دەیان هەزارى دیكە بە شــەڕى نەگریســى ناوخۆى ئەحزاب و ســەرانى كورد واتە ئەو دەرفەتەى بۆ كورد ڕەخسـا بە یارمەتى و هاوكارى هێزى دەرەكى و زلهێزانى جیهان هەمووى لە گۆڕ نرا و تاكى كورد لە تاڵا و نەگبەتى زیاترى پێ نەبڕا، كەســێكى دڵســۆز نەهات لە ناو ئەم میللەتەدا دەســتێك بهێنێت بەســەر ئازارەكانى خەڵكدا و ئومێد بەخشــێك بێت بۆ ژیانێكى ئایندەى گەش ، ئیدى ســەردەمى دابڕانى میللەت لە حكومەت و حیزبەكانى هاتە پێشــەوە و هەموو گیان و ماڵى گەل كرایە قوربانى ئەحزابەكانى ناو حكومەت و پاراسـتنى بەرژەوەندى حیزبە بێ ئایدۆلۆجیا و بەرنامەكانى كورد وە تەسك بوونەوەى ئەو بەرژەوەندیانە تەنها لە بنەماڵەى باڵادەســتى حیزبەكاندا ، حكومەتى كردە تەیرێكى ئاوەڕووت كراو و بێ ســـتراتیژى و بێ ڕێڕە و بێ ئامانچ و بێ ئایندە، ئەو پرســە گەورەیەى كورد كە میللەت ئەو نەهامەتیە زۆرانەى لە پێناودا چەشــتبوو لە بیر كرا و بەرژەوەندى تاكە كەس و قۆرخكارى هەموو بوارەكانى ژیان و هەژار كردنى خەڵك چووە جێگاى پێشــكەوتن و گەیشــتن بە ســەرفرازى میللەت، ئەو بودجە و یارمەتیانەى بە ناوى بوژاندنەوەى خەڵك لە ووڵاتانى دنیا و زلهێزى ئەمەریكاوە بۆ ئەم میللەت نێردرا هەمووى چووە گیرفانى ســەران و ئەحزابی كوردەوە. پاش ڕووخانى ســەدامیش بۆ یەكەمجار لە مێژوودا بە فەزڵى ئەمەریكا و ووڵاتانى زلهێز بودجەى زەبەلاح و تایبەت بە كوردسـتان بڕایەوە و ســاڵانە ئەهات و ڕێك هەر لە خالیســەوە دوو لەت ئەكرا و ئەچووە گیرفانى دوو حیزبی ســەپا و بە ســەر كوردســتاندا ، بەهۆى ئەو بودجەیەوە ســەدان ســەرمایەدارى ناشــەرعى ســەریان هەڵدا كە بێ ئەوەى لە ڕێگاى هیچ هونەر و كاســبیەكى شــەرعیەوە پەیدا بووبن خۆیان كوتانۆتە نا و بازاڕ و ژیانى خەڵك و بازرگانیان بۆ خۆیان قۆرخ كردووە هەر لە ســەلكە توورێكەوە تا بازرگانى ئوتومبێل و چیمەنتۆ و شــیش و گڵ و بەردى ئەرزەكەى كوردســتانیش هەمووى بە تەوســیە و وەرەقەى حیزبە بازرگانەكانى كوردســتان بەخشــرایەوە بە ســەر ئەو خاوەن ســەرمایە بێ بنەما و قۆرخكارانەدا، خۆلاســە ئابووریەكیان ســەپاند بە ســەر میللەتدا كە هەموو چەورى و چۆڵى و خێر و بێرى بودجەكە بۆ بنەماڵەى ئەحزابەكان بێت و نانە ڕەقەیەكیش بۆ باقى میللەت هەڵئەدەن و پێیان ئەڵێن لە ســایەى ســەرى ئێمەوە ئەو نانە ڕقەشـتان پێ ئەبڕێت چونكە ئێوەى میللەت هەموو ســەگن و بۆ ئەوەى قروســكە قروســكتان دەرنەچێت بۆتان فڕێ ئەدەین. حكومەت و ئەحزابى تەمبەڵ و تەوەزەلى كورد هەموو كارێكیان بوو بە پارە و سـامان كۆكردنەوە بۆ ســەرانى كورد و چاو برســى و نەهەنگەكانى پاشــكۆیان ، هەموو بوارێكى ژیانیان بە ســەر یەكدا قڵپ كردەوە و شــێوازێك لە ژیانى چێشــتى مجەوریان بۆ میللەت بە دیارى هێنا كە تاك و كەســى میللەت تیایدا تووشــى ســەردەرگومى بووە و تروســكاییەكى ئومێد لە ئەحزاب و ســەرانى كورد بەدى ناكەن، هەر بەوەشــەوە نەوەسـتان كوردیان كردەوە كۆیلەى ووڵاتە چەوسـێنەرەكانى ناوچەكە و بە ئاشــكرا و حەى عەلەلســەلات ووتیان ســەربەخۆیى كورد خەونى شــاعیران و قســەى تووڕوهاتە، بە ڵێ هەرواش دەرچوو و ئەو ئومێدەى هەمانبوو كە بەڵكو بەو حەرەكەیەى ئەمەریكا كردى و ڕژێمى ســدامى ڕووخاند بەڵكوو كوردســتان هیچ نەبێت لەم بەشــەدا ســەربەخۆیی بەدەســت بهێنێت، ئەو ئومێدانەش چوونە ژێر گڵەوە و بوونە قوربانى بوودجە پەرســتى ئەحزاب و ســەرانى كورد كە لە بەغاوە بۆیان ئەهات وە بۆنى دۆلار كاســى كردن و دڵیان نەهات ئەو بۆنە بگۆڕنەوە بە ســەرفرازى میللەتى كورد، چونكە كە بیریان كردەوە ئەگەر كورد ووڵاتى ســەربەخۆى هەبێت بێشــك لە هیچ شــوێنێكەوە بودجەى هەنگوفت و فەردە دۆلارى بۆ نایەت تا ئەحزاب و ســەرانى كورد یەكســەر بیماشــنەوە، بێگومان ووڵاتانى دەر و دراوســێ و حكومەتى ئێسـتاى عێراقیش زۆریان پێخۆشـە ئەو بودجەیەى كوردســتان لەلایەن ئەحزاب و ســەرانى كوردەوە هەروا تاڵان و بڕۆ بكرێت و لە هەوەسبازى و چڵێســیەكانیاندا بە هەدەر بڕوات وە نەبێتە مایەى تۆكمەیى و پایەدارى ئایندەى میللەتەكەمان و هیچ ســتراتیژیەكى بۆ ئەم میللەتە داماوە پێ دانەڕێژرێ چونكە هەمیشــە چاویان بڕیوەتە ئایندە كە بمانكەنەوە بە كۆیلەى خۆیان، بۆیە بگرە ئافەرینیشــیان ئەكەن و دەسـت بە پشــتیاندا ئەدەن كە زیاتر لووش بدەن و تا ئەتوانن بودجەكە فەرهود و تاڵانى بكەن، ئەوان زیرەكانە ئایندە ئەخوێننەوە و ئەحزاب و ســەرانى كوردیش لە بێ خەبەران كەشــكەك ســڵاوات.
میللەتى بێچارەى كوردیش پاش ئەوەى ئەم هەموو ڕاسـتیەى بۆ ڕوون بووەوە و كاتێك ئاوڕى دایەوە دەســتى لە بنى هەمبانەكە دەرچووە ئەوەبوو پارســاڵ پەیامێكى توندیان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردســتاندا بە بنا گوێ ى ســەران و ئەحزابی خۆســەپێنى كوردا خوێند و پێان ووتن چى تر ئێمە كۆیلەى ئێوە نین ، ئەوەبوو بەشــێكى باشــى پەرلەمانى كوردســتان بۆ یەكەمین جار كەوتە دەســت مەردومى زوڵم لێكراوى كورد، بەڵام لە ڕوانگەى لێكۆڵەران و توێژەرانى ســیاسـیدا كە پێشــینەى دیموكراســیەت لەم ووڵاتەدا هەمیشــە لە ژێر هەڕەشــەى ئەحزاب و ســەرانى خۆســەپێنى كوردابووە وە هەمیشــە بە توندى و چەك وەڵامى دەنگى زوڵاڵى میللەتیان داوەتەوە ئەو قەناعەتە هەبوو كە لیســتەكانى بەرەى گەل ئەگەر 99 كورســى پەرلەمانیشــیان بهێنایە ســەران و ئەحزابی كورد هەر بەو هەڵسوكەوتەى ئێســتایان ملى دیكتاتۆریەتى خۆیان ئەنا. بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەوانیش بۆیان دەركەوت چى دى پێگەیان لە ناو میللەتا نەماوە و لە زیادە و ملهووڕى خۆیان لە ســەر تەختى لەرزۆك هەڵنیشــتوون، دەنا لە ووڵاتى دیموكراسـى ڕاسـتەقینەدا بوایە خۆیان ڕوویان نەدەهاتەوە تەختى دەســەڵات بگرنەوە دەسـت و خۆیان هەڵئەگرتەوە بۆ دەورانێكى دیكە پاش ئەوەى چاكسـازى و گۆڕانكاریان لە بیر و پێكهاتەى خۆیاندا ئەكرد وە پاش ئەوەى خۆیان لە مەردومى سـتەمدیدە نزیك ئەكردەوە ئینجا ڕوویان ئەهات بێنەوە ناو ســەحنەى نەبەردێكى دیكەى هەڵبژاردن، بەڵام ســەد مەخابن ڕێزیان لە فەزڵى میللەتى كورد نەگرت كە تەنها نەهامەتى و ئاوارەیى ئەوان بوو ئەوێ ڕۆژێ ئەم ناوچە ئارامەى بەدیهێنا كە دواتر ئەوان تەراتێنى تیا بكەن و هەریەكەیان لە خاوەنى پاتە شــڕێكەوە ببن بە خاوەنى ملیۆنەها و ملیاردها دۆلارى تاڵانكراوى ئەم میللەتە بە فەزڵ و بە ئەمەكە، ئێســتا هەربەوەشــەوە نەوەسـتاون كاســبى و نان پەیدا كردنى تاكەكانی میللەتیشــیان كە خۆشــى هەوڵ و كۆشــش بدات و دەســت پان نەكاتەوە لە حكومەتە تەزویرەكەیان هەر قەدەغە كردووە و بە ئارەزووى خۆیان نانى ئەم و ئەو ئەبڕن و ڕێگاى كاســبى كردنى لێ ئەگرن، كە خوداوەندیش كارێكى وەها لە گەڵ عەبدى تاوانبارى خۆى ناكات ، كەچى ســەران و ئەحزابى كورد هەموو حدودێكى ویژدانیان بەزاندووە و ئەوەى خوا و مرۆڤایەتى پێ ى شــەرمە ئەمان درێغى لێ ناكەن.
جا ئەى میللەتى بێچارەى كورد كە تۆ ئەمڕۆ گیرۆدەى وەها دێو و درنجێك بوویت ، بەڵام خودا و مرۆڤایەتى هەلێكى دیكەى بۆ ڕەخسـاندوویت كە هەروەك چۆن لە 25\7\2009 دا لە قۆڵى كوردسـتانەوە گورزێكى باشــتان ســرەواندە ئەحزابی خۆســەپێنى كورد وە بۆ یەكەمجار جێگاى خۆتان لە پەرلەمانى كوردسـتاندا كردەوە هەر ئاواش ئەمسـاڵ وە بگرە بە گوڕ و تینێكى بەهێزترەوە ئەمجارە لە قۆڵى بەغاوە لێیان بدەن و كارێك بكەن مەهێڵن چى دى ســەران و ئەحزابى قۆرخكەر و ئێكسـپایەرى كورد لە بەغدا ببنەوە بە نوێنەرمان چونكە ئەوەى چەند ســـاڵى ڕابووردوو دیمان ئەوان هەر تەنها بۆ وەرگرتن و دابەش كردنى فەردە دۆلارەكانى بودجەى ئەم میللەتە لەوێ نوێنەربوون و لە ناو ســەرچاوەى هەریســەكەدا دانیشـتوون، بۆیە ئەگەر لە قۆڵى بەغاوە بە تووندى لێیان بدرێت و ژمارەیەكى باش لە كورسـیەكانى پەرلەمانى عێراق بكەوێتە دەســت خەڵكى ســـتەمدیدەى كورد و ئۆپۆزیســیۆنەكەى ئەوا لەمەو دوا هەروا بە ئاسـانى دەسـتیان ناگاتە هەریســە و فەردە دۆلارەكان ، دە ســا ئەى میللەتى چەوسـاوە ئەوە هەلێكى دیكە كە خودا و مرۆڤایەتى بۆی ڕەخسـاندوون قۆڵى مەردایەتى لێ هەڵبكەن و ئەمجارە لە قۆڵى بەغاوە لێیان بدەن، پاش ئەوە ماندوویەتى كۆڕە و ئەنفالمان لە جەسـتە دەرئەچێت، وە گیانى دەیان هەزار قوربانى ڕێگاى بەدیهێنانى هەرێمى ئارام شــاد ئەبێت.

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە