ئیدارەى فاشیلی كفری و یانەى خواردنەوەكە

Friday, 10/06/2011, 12:00


هەرچەند سەر دێنم و سەر دەبەم ئیداریەكی فشیلی وەكوو ئیدارەى شاری كفرییم نەبینیوە، هەر لەپۆلیس و ئاسایش و قایمقامیەت و دادگاوە بیگرە تاوەكوو دەگاتە پەروەردەو نەخۆشخانەو ئەوانی تر.
ئاخر ئیدارەیەك نەتوانێت پاسەوانێك بۆ تەنها یەك یانەى خواردنەوە چەند پاسەوانێك دابنێت كە رۆژانە سەدان گەنج رووی تێدەكەن، ئیدی چۆن پشت بەو ئیدارەیەو لایەنی ئەمنی ببەستین لەكاتێكدا ئەمنییەتی هیچ كاممان پارێزراو نییەو لەمەترسیدایە.
لەوەگەڕێ تەنها یانەیەكی خواردنەوە بەهۆی نەپاراستی ژیانیانەوە دایانخست و كفرییان بەجێهێشت، بەڵام لەولاوە چەندین تاوانبارو پیاوكوژ وەكوو تەحەدا بەناوشاردا دەسوڕێنەوەو یاساو ئیدارەى شارەكەیان خستووەتە گیرفانیانەوە.
حەیف هەزار حەیف كفری لەشەستەكانەوە تا هەشتاكان پاكترین قەزاو پێگەى خەڵكی مەدەنی و رۆشنبیر بووە، وەك باسدەكرێت ئەوكات زۆربەى دكتۆرو مامۆستاو فەرمانبەرانی شار لەدواى دەوام شوێنی گفتوگۆو حەوانەوەیان ئەو تەنها یانەیە بووە، شوێنى یەكتربینین و تەنزیماتیان ئەو شوێنە بووە، مەخابن ئەمڕۆ بەهۆی ئیدراەیەكی شكستخواردوو و برسی پارەو بەرژەوەندییەوە دەتەقێندرێتەوەو دواتر دادەخرێت.
لەو ئیدارە فاشیل و نەزانە دەپرسم كە ئەو یانەیە نەما ئیتر گەنجەكان لەقەزایەكی وێرانەو داڕووخاوی دەستی یەكێتی چی بكەن و پەنا بۆ كوێ ببەن بۆ وەرگرتنی جەوێكی خۆش لەنێو یەكتریدا؟، چەند هاوڕێیك چۆن بتوانن لەدەرەوەی شار لەسەر مێزی خواردنەوە دوو وتەى خۆش بۆ یەكتری بگێڕنەوە؟، پێم بڵێن ئەو سەدان گەنجەى دەخۆنەوە چی بكەن؟، روو لەكوێ بكەن؟، هەى جەنابی قایمقام و پۆلیس و ئاسایشی دواكەوتوو.
تەنها ماوەتەوە بەو ئیدارە فاشیلە بڵێم چاوەڕوانی حەشیشەو حەب خواردن و تلیكاك كێشان بن لەلایەن گەنجەكانەوە، چونكە گەنجانی لاشارەكەم مافی خۆیانە نەك ئەو كار ئەنجامبدەن، بەڵكو دەیان كێشەى تر دروستبكەن و بەندەش بە رەوایان دەزانم و پشتگیریان دەبم لەهەر كێشەو كەموكوڕییەك دێتە رێگەیان، چوكە بچوكترین مافیان هەبوو ئەویش تەفروتونا كرا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە