دژی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان

Friday, 23/05/2014, 12:00

2096 بینراوە










خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان زیاتر له‌ناومان ده‌بات
کورد هه‌ر چه‌کی دانه‌نا، ئه‌قڵیشی دانا
ئه‌م ئه‌قڵه‌ی هه‌مانه‌ بۆمان دانراوه‌
ئه‌وه‌ی داگیرکه‌ر ده‌ریکردبێت رۆژنامه‌ی کوردیی نییه‌
ئه‌توانین قوربانی بده‌ین به‌ڵام نه‌مانتوانیووه‌ پێی ئازاد ببین
*******************************
زانست ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ که‌ جیاوازیی میلله‌تان ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ جیاوازیی مێشک له‌ رووی بایۆلۆجییه‌وه‌. مێشکی گه‌لانی جیاواز له‌ رووی بایۆلۆجییه‌وه‌ وه‌ک یه‌کن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا جیاوازییه‌کی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌ نێوانی نه‌ته‌وه‌کاندا له‌ رووی هه‌ڵسوکه‌وت و دنیابینییه‌وه‌. که‌واته‌ ئه‌م جیاوازییانه‌ چی دروستی کردوون؟
جیاوازیی گه‌لان له‌ خودی مێشکه‌که‌دا نییه‌، به‌ڵکو له‌ جۆری به‌کارهێنانیدایه‌‌. ئه‌قڵ به‌کارهێنانی مێشکه‌. که‌سی ئاقڵ ئه‌وه‌یه‌ که‌ مێشکی راست به‌کاردێت. ئه‌قڵێکی ئازاد به‌کارهێنانی مێشکه‌ سروشتییانه‌ بێ له‌مپه‌ر. ئه‌و فاکته‌رانه‌ زۆرن که‌ ده‌بنه‌ هۆی به‌کارنه‌هێنانی مێشک به‌شێوه‌یه‌کی دروست. ژماره‌یه‌ک له‌و له‌مپه‌ره‌ مێژووییانه‌ فاکته‌ره‌کانی ژێرده‌سته‌کردنی کورد دروستی کردوون‌. ئه‌م فاکته‌رانه‌ بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ کورد به‌گشتیی ناسروشتییانه‌ بیر بکاته‌وه‌و له‌ راستیی خۆی تێ نه‌گات. بۆ نموونه‌، نیشتیمانه‌که‌ی واز لێ هێناوه‌ بێگانه‌ بڕیاری به‌سه‌ردا بدات. بوون و چاره‌نوسی خۆی کردووه‌ به‌ جێگای گفتوگۆی سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتان و میلله‌تان. چاوه‌ڕێیه‌ بێگانه‌ له‌وه‌ی که‌ کورد هی خۆیه‌تی مافی بداتێ. تازه‌ترین نموونه‌ وازهێنانی کوردی باشوره‌ له‌ نزیکه‌ی نیووه‌ی خاکه‌که‌ی و ئنجا گفتوگۆی عێراق و وڵاتانه‌ ده‌رباره‌ی له‌ ژێر ناوی مادده‌ی (140)دا. مادده‌ی (140)یش له‌ باشترین حاڵه‌تیدا ریفراندۆم ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی دانیشتووانی بڕیار بده‌ن ئه‌چنه‌ سه‌ر ناوچه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم یان نا؟ هه‌ر گه‌لێک نه‌ته‌وه‌ بێت خاکی خۆی ناخاته‌ ریفراندومه‌وه‌. ئه‌مه‌ مانای فرۆشتنێتی، وه‌کو ئه‌وه‌ وایه‌ دایکێک شێروخه‌ت له‌سه‌ر منداڵه‌که‌ی خۆی بکات. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ پیشان ئه‌دات که‌ ده‌سته‌ڵاتی کورد له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر بناغه‌یه‌کی نه‌ته‌وایه‌تیی دانه‌مه‌زراوه‌. بۆیه‌ کاره‌کته‌رێکی نه‌ته‌وه‌یی نییه. ‌له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناشتوانێت سیاسه‌تی پاراستنی میلله‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگای هه‌بێت. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا له‌ کاتی ئاساییدا ده‌بوو پارتی سیاسیی کورد داوای دیاریکردنی سنوری کوردستان بکات. به‌ڵام هه‌موو ئه‌و پارتانه‌ی که‌ به‌شدارن له‌ حوکمڕانی هه‌رێمدا به‌ ده‌سته‌ڵاتدارو موعاره‌زه‌وه‌‌ ئه‌م وازهێنانه‌یان له‌و به‌شه‌ی خاکی کوردستان قبوڵ کردووه‌. ئه‌م سیستێمی حوکمڕانییه‌ شان به‌ شانی خۆی روناکبیرانێک و میدیایه‌کی دروست کردووه‌ که‌ پشت بکه‌نه‌ ئه‌م جۆره‌ راستییانه‌و له‌ رێگای ره‌خنه‌‌و رێکخراوی دارده‌سته‌وه‌ سه‌رنجی جه‌ماوه‌ر به‌ لارێدا به‌رن.
ژێرکه‌وتنی هه‌وڵه‌کانی کورد بۆ رزگاریی هه‌ر له‌وه‌دا نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ که‌ کورد چه‌کی داناوه‌، له‌ خۆحوکمردن بووه‌و بێگانه‌ بڕیاری به‌سه‌ردا داوه‌. به‌ڵکو ئه‌و کولتوره‌ ئازادییه‌شی زینده‌به‌چاڵ کردووه‌ که‌ پێی تێکۆشاوه‌. کورد دوای سه‌رنه‌که‌وتنی خه‌بات بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌ت له‌ سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌مدا ئیتر ناچار بوو خۆی له‌گه‌ڵ ژێرده‌ستییدا بگونجێنێته‌وه‌. پله‌ دویی خۆی له‌ عێراقدا ناو نا برایه‌تیی کوردو عه‌ره‌ب و ملکه‌چیی خۆی خسته‌ ناو قاڵبی ئایدۆلۆجیی کۆمۆنیزم و ئیسلامه‌وه‌. ئه‌م ژێرده‌ستییه‌ به‌ جۆرێک مێشکی کوردی رێکخست که‌ ئه‌قڵه‌که‌ ئه‌وه‌ بوو خۆشی گاڵته‌ی به‌ ده‌وڵه‌تی کوردیی ده‌کرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی برا عه‌ره‌ب، فارس یان تورکه‌کانی پێیان نه‌ڵین شۆڤینیی، روناکبیران هه‌وڵیان ئه‌دا هه‌ست و راستیی نه‌ته‌وه‌ییان له‌ خۆیان دابماڵن بۆ ئه‌وه‌ی پێیان بوترێت پڕۆلیتارێکی جیهانیی ته‌واو. به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا له‌ ناو پارتی کۆمۆنیستی عێراقییدا ده‌بوو بڕوایان به‌ یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب هه‌بێت و مافی نه‌ته‌وایه‌تیی کوردیش دوا بخرێت به‌ حساب بۆ دوای ئه‌و یه‌کێتییه‌. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا که‌ ده‌بوو پشتگیریی له‌ خه‌بات بۆ ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین بکه‌ن. راستییه‌که‌ وای ده‌گرته‌وه‌: "ده‌وڵه‌ت بۆ فه‌له‌ستین و ره‌حمیش به‌ کوردی پله‌ دوو بکه‌ن!" ئه‌مه‌ش له‌ بێڕێزیی و زه‌لیلیی به‌و لاوه‌ هیچی تری نه‌ده‌گه‌یاند.
سیاسه‌تی ئینگلیز خه‌باتی چه‌کداریی کوردی به‌ هێزی جاش، سوپای عێراقیی و فڕۆکه‌ی به‌ریتانیی کوژانده‌وه.‌ به‌ڵام به‌ رۆژنامه‌و روناکبیری نیشتیمانفرۆشیش ئینگلیز مێشکی کوردی خسته‌ سه‌ر سکه‌یه‌کی تری بیرکردنه‌وه‌. کورد هه‌ر چه‌کی دانه‌نا، ئه‌قڵیشی دانا. بزووتنه‌وه‌ی رزگاریی کورد له‌ ئه‌قڵێک موتوربه‌ کرا که‌ به‌کارهێنانی مێشک نییه‌ سروشتییانه‌ له‌ کورد خۆیه‌وه‌و بۆ کورد خۆی. ئینگلیزه‌کان به‌ زمانی کوردیی رۆژنامه‌ی وه‌کو "تێگه‌شتنی راستیی"، "ژیانه‌وه‌" و "ژیان"یان ده‌رده‌کرد بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی داگیرکاریی و دژایه‌تیی رزگاریی کورد. روناکبیره‌ کورده‌کان له‌م رۆژنامانه‌دا ئینگلیزی داگیرکه‌ریان به‌رز ده‌نرخاندو گاڵته‌یان به‌ ئه‌قڵی کورد ده‌کرد که‌ ئه‌گه‌ر کوردان له‌ عێراق جیا ببنه‌وه‌ ئه‌ی توتن و پێسته‌ رێوی له‌ کوێ ده‌فرۆشن؟ ئێمه‌ تا ئێستا به‌م ئه‌قڵه‌ شێواوه‌وه‌ بیر له‌ ئازادیی ده‌که‌ینه‌وه‌. ئه‌و رۆژنامانه‌ رۆژنامه‌ی ئینگلیزیین به‌ زمانی کوردیی نه‌ک رۆژنامه‌ی کوردیی. رۆژنامه‌ی کوردیی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌یه‌ که‌ له‌ سروشتی کورده‌وه‌ ده‌رده‌چێت. ئێمه‌ تا ئێستا به‌ مێژووی شکانی خۆماندا نه‌چوینه‌ته‌وه‌. تا ئێستا ئه‌و ئه‌قڵه‌ به‌کارده‌هێنین که‌ داگیرکه‌رانمان بۆی دیاری کردووین. تا ئێستا له‌ سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ بنیات ئه‌نێین که‌ داگیرکه‌ران بۆیان داڕشتووین. سه‌ره‌تای مێژووی رۆژنامه‌گه‌رییمان به‌و رۆژنامانه‌ ده‌ست پێ ده‌کات که‌ داگیرکه‌ر بۆ دژایه‌تیمان ده‌ری کردوون. ئه‌و نوسه‌رو کاربه‌ده‌ستانه‌ی کاریان بۆ دۆژمن کردووه‌ به‌ روناکبیرو پیاوی گه‌وره‌ ناو ده‌به‌ین. بۆیه‌ ئه‌مڕۆ راست و چه‌پی خۆمان نازانین. خاوه‌نی پێوه‌ری سروشتیی نین بۆ تێگه‌شتن و هه‌ڵوێستوه‌رگرتن. له‌ کولتورێکه‌وه‌ بیر ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ پێویسته‌ هه‌ڵوێستی لێ بگرین. بۆیه‌ ناتوانین دنیاکه‌مان رێکبخه‌ین، بیپارێزین و بیبه‌ین به‌ڕێووه‌. ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌ نییه‌، نه‌خۆشییه‌. ئه‌توانین قوربانیی بده‌ین به‌ڵام ناتوانین پێی ئازاد ببین. چونکه‌ ئه‌م له‌شه‌ی ئێمه‌ ئه‌قڵێکی خراوه‌ته‌ سه‌ر که‌ کار بۆ یه‌کێکی تر ده‌کات. ئێستاش وه‌کو زیاد له‌ سه‌دو ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر که‌ شێخ سه‌عیدی باوکی مه‌لیک مه‌حمود وتویه‌تی: "ئه‌وان بۆ خۆیان ده‌ژین و ئێمه‌ش بۆ ئه‌وان." هه‌زار ساڵی تریش هه‌ر وا ده‌ڕوات ئه‌گه‌ر شۆڕشێک به‌سه‌ر ئه‌م ئه‌قڵه‌دا نه‌که‌ین.
خۆپاراستن له‌ خه‌ته‌ری رزگاریی که‌ به‌ درێژایی مێژوو بوو بوو به‌ هۆی کوشتار، راگوێزان و ئه‌شکه‌نجه‌ بریتی بوو له‌ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان. به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا خۆپاراستن‌ له‌ رزگاریی و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان مه‌ترسییه‌که‌ی زیاتر کردووه‌و کاره‌ساته‌کانی گه‌وره‌تر کردوون. یاسای مێژوو ده‌مانخاته‌وه‌ به‌رده‌می ئه‌و راستییه‌ی که‌ سه‌ربه‌خۆیی جێ پڕکه‌ره‌وه‌ی نییه‌. سه‌ربه‌خۆیی خه‌سڵه‌تێکی بوونه‌ که‌ ناتوانین خۆمانی لێ بدزینه‌وه‌. خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان زیاتر له‌ناومان ده‌بات. بۆیه‌ یه‌کێک له‌ کاره‌کته‌ره‌کانی ستراتیجی بیرکردنه‌وه‌ی ئێمه‌ پێویسته‌ جه‌نگ بێت دژی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان. بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ هه‌موو ئه‌و پره‌نسیپ و کرده‌وه‌‌ مێژووییانه‌ی که‌ گوزارشتیان له‌ به‌رگریی و سه‌ربه‌خۆیی کردووه‌ له‌ چاڵی ژێرکه‌وتنه‌کان ده‌ربهێنینه‌وه‌و به‌رده‌وامییان پێ بده‌ینه‌وه‌. بیان که‌ین به‌ که‌ره‌سه‌ی وزه‌ بۆ تێکۆشانی ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مڕۆمان.
ئه‌گه‌رچی بلۆکی کۆمۆنیزم روخاو جیهان گۆڕانکاریی به‌سه‌ردا هاتووه‌ به‌ڵام بۆ ئێمه‌ ئه‌قڵکه‌چیی و ملکه‌چییه‌که‌‌ هه‌ر به‌ردهوامه‌‌. مێشکی کورد له‌ له‌مپه‌ره‌ مێژووییه‌کان هێشتا رزگاری نه‌بووه‌. ئه‌م راستییه‌ش له‌ کولتوره‌که‌یدا له‌ بواره‌ جیاوازه‌کانی وه‌کو سیاسه‌ت، کۆمه‌ڵایه‌تیی، زمان، ئه‌ده‌ب و هونه‌رو ره‌فتاردا ده‌رده‌که‌وێت. کورد به‌گشتیی کولتورو موراڵێکی سروشتییانه‌ی له‌ خۆیه‌وه‌و بۆ خۆی به‌رهه‌م نه‌هێناوه‌. به‌ پێوه‌ری گه‌لانی بێگانه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌کات و شوێن و کاره‌کته‌ری خۆی دیاری ده‌کات. شکان و ملکه‌چیی دوری خستۆته‌وه‌ له‌و راستییه‌ی که‌ خاکه‌که‌ی به‌ نیشتیمانی خۆی بزانێت، رێگا نه‌دا به‌ هیچ گه‌ل و ده‌سته‌ڵاتێکی بێگانه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر بوون و ژیانی ئه‌م بکه‌ن و خۆی له‌ ئاستی گه‌لانی تردا یه‌کسان رابگرێت. رۆحی ژێرده‌سته‌ وایه‌ که‌ هه‌میشه‌ به‌ دوای شایه‌تدا ده‌گه‌ڕێت بیسه‌لمێنێت ئه‌میش مرۆڤه‌، نه‌ته‌وه‌یه‌، خاکه‌که‌ی هی گه‌لێکی تر نییه‌و مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ زمانی خۆی به‌کاربهێنێت. رۆحی ژێرده‌سته‌ وایه‌ که‌ خه‌تای خۆی بووه‌ داگیرکه‌ره‌کانی خێری خاکه‌که‌ی خۆیان پێ نه‌کردووه‌. خه‌تای خۆی بووه‌ که‌ سه‌ری داوه‌ته‌ به‌ر گولله‌ی بکوژه‌که‌ی. ژێرده‌سته‌ ده‌سته‌ڵاتی داگیرکه‌ر هه‌میشه‌ به‌رزتر له‌ خۆی ده‌نرخێنێت. شتی خۆی لا بێ بایاخه‌و ئاسان بێگانه‌ ئه‌کات به‌ چاوساغی خۆی. ئه‌و ئه‌قڵه‌ی له‌ ده‌ست داوه‌ که‌ ئه‌و گه‌له‌ی له‌شکره‌که‌ی خاکی ئه‌م داگیر بکات گه‌لێکی شه‌رمه‌زاره‌. ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ی له‌ خاکێکدا کوشتارو داگیرکاریی ده‌که‌ن چه‌رچڵ بن یان سه‌ددام حسه‌ین سه‌ریان له‌ ئاستی پێڵاوه‌کانی دایکێکی به‌رگریکه‌ردایه‌. ئه‌و که‌سانه‌ی قه‌ڵه‌م یان چه‌ک بۆ داگیرکه‌ر هه‌ڵده‌گرن یه‌که‌م شیاکه‌ن که‌ له‌م پێڵاوه‌وه‌ ده‌ئاڵێن. ئیتر گرنگ نییه‌ زانان، شاعیرن یان وه‌زیر.
هه‌ر له‌م کولتوری ملکه‌چییه‌ش ریکخراو و ده‌سته‌ڵاتی کوردیی دروست بوون. ده‌سته‌ڵات و رێکخراوێک که‌ سه‌رچاوه‌یان له‌ راستییه‌ سروشتییه‌کانی گه‌لی کورده‌وه‌ نه‌گرتووه‌. ئه‌ندامان و هه‌وادارانی حیزب هه‌رچه‌نده‌ له‌ قسه‌دا باس له‌ کوردستان یان ئایدۆلۆجییه‌کی دیار ده‌که‌ن به‌ڵام به‌گشتیی به‌ندن به‌ بڕیاری ده‌سته‌ڵاتدارانه‌وه‌. هه‌موو مافێک ده‌خه‌نه‌ ده‌ستی ده‌سته‌ڵاتی باڵاوه‌و ملکه‌چیی خۆیان راده‌گه‌یه‌نن. خاوه‌نی ئه‌و هوشیارییه‌ نین که‌ پابه‌ندبن به‌ موراڵ و پره‌نسیپه‌ سیاسییه‌کانه‌وه‌. تێگه‌شتن و هه‌ڵوێستیان پره‌نسیپ و به‌ها بابه‌تییه‌کان ئاراسته‌یان ناکه‌ن، به‌ڵكو ئه‌قڵکه‌چی حیزب و ده‌سته‌ڵاتی ره‌هان. هه‌مان ئه‌و شته‌ی که‌ پارتێکی تر ده‌یان کات و ئه‌مان دژی ده‌وه‌ستن که‌ حیزبه‌که‌ی خۆیان ده‌یان کات چاو له‌ ئاستیاندا ده‌نوقێنن و بیانوی فکرییان بۆ ده‌هێننه‌وه‌. پارته‌کان چونکه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا پارتی سیاسیی نین به‌رنامه‌شیان نییه‌ بۆ ئازادکردنی مرۆڤی کورد له‌و کۆدو له‌مپه‌ره‌ کولتورییانه‌ی که‌ رێگرن له‌وه‌ی مێشک سروشتییانه‌ به‌کاربهێنرێت. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌وه‌ی داگیرکه‌ران کردوویه‌تی دژوارتر ئه‌مان ده‌ستیان گرتووه‌ به‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ی ژیانی خه‌ڵکییدا. ئه‌وه‌ی که‌ ده‌سته‌ڵاتی کورد نه‌یدات مرۆڤه‌که‌ نایبێت بیخوات. مرۆڤیان کردووه‌ به‌ کۆیله‌ی ماڵی خۆی. مرۆڤ ناچار بووه‌ به‌و جۆره‌ بیر بکاته‌وه‌، دنیا ببینێت و تێ بگات که‌ ده‌سته‌ڵات ده‌یه‌وێت. له‌ په‌ڕله‌مان و له‌سه‌ر ته‌له‌فیزیۆن چه‌نده‌ها روناکبیر قسه‌ی جوان ریز ده‌که‌ن له‌ بابه‌تی ئازادیی، دیموکراتیی و وڵاتپارێزیی. که‌چی چاویان له‌ ئاستی ئه‌و هه‌موو پیسخۆرییه‌دا ده‌نوقێنن. له‌ پێناوی پاراستنی پۆست و به‌رژه‌وه‌ندییدا به‌م هه‌موو به‌رگه‌وه‌ له‌ شیعرو نوسین و قسه‌ی زل هه‌موو بڕیارێکی ناقۆڵای ده‌سته‌ڵات قبوڵ ده‌که‌ن. شانبه‌شانی دروستبوونی چه‌نده‌ها داموده‌زگای وه‌کو په‌ڕله‌مان، ته‌له‌فیزیۆن، رۆژنامه‌و رێکخراوی مه‌ده‌نیی تا دێت ده‌رئه‌نجامی پرۆسه‌کان ده‌رکه‌وتێکن مایه‌ی شه‌رمه‌زاریی. دوای ئه‌م هه‌موو شه‌هید، هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌نفال و قوربانییه‌ حیزب ئه‌بێت به‌ کۆمپانیا، کوڕ به‌شگری باوکه‌، پاره‌ی گه‌ل ژماره‌یه‌ک بازرگانی پیسخۆر دروست ده‌کات، ده‌سته‌ڵات موڵکی گشتیی تاڵان ده‌کات، چاره‌نوسی گه‌ل ئه‌بێت به‌ پاسکیلی منداڵان، هه‌ڵبژاردن لگاو. له‌ وڵاتێکی وه‌کو سوید له‌سه‌ر به‌کارهێنانی کارتێکی بانک به‌ هه‌ڵه‌ سه‌رۆکی پارتێک نوشوست دێنێت. که‌چی له‌ کوردستان ئه‌م هه‌موو شه‌رمه‌زارییه‌ خڕه‌ له‌ حیزبێک نا‌هێنێت. یه‌ک ئه‌ندامی حیزب هه‌ڵوێست ناگرێت. ئه‌ندام په‌ڕله‌مانێک وازناهێنێت. چونکه‌ کورد گه‌لێکی بێ کۆنتراکته‌. ده‌سته‌ڵات خاوه‌نی حوکمی ره‌هایه‌و جه‌ماوه‌ریش به‌نده‌ به‌ بڕیاری ئه‌وه‌وه‌. جار دوای جار له‌ رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ جه‌ماوه‌ر ملکه‌چیی خۆی تازه‌ ده‌کاته‌وه‌و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی پته‌وتر ده‌بێت. مێشکی مرۆڤ له‌ مرۆڤه‌که‌ خۆیه‌وه‌و بۆ خۆی و نیشتیمانه‌که‌ی به‌کار نایه‌ت، به‌ڵکو مرۆڤ سه‌ری بۆ ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ هه‌ڵگرتووه‌ به‌کاری بهێنێت که‌ له‌ په‌نایدا ده‌ژی. به‌م پێیه‌ مرۆڤ له‌ راستیی، له‌ زانیاریی داده‌بڕێت. ئه‌توانین بڵێین:
له‌ کۆمه‌ڵگای داگیرکراودا گرفتی مرۆڤ له‌ مێشکیدا نییه‌ که‌ راستییه‌که‌ نابینێت و که‌ر ئه‌نوێنێت، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵگای به‌ڕێوه‌براوه‌وه‌ گرفتی به‌کارهێنانی مێشکه‌که‌ی هه‌یه‌ که‌ مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ سروشتییانه‌ به‌کاری بهێنێت. ناچاره‌ مشکێک وه‌کو فیل ببینێت. پارته‌کانی کورد له‌ باشوری کوردستاندا توانیان گه‌له‌که‌یان راپێچ بکه‌ن بۆ ده‌نگدان بۆ ده‌ستورێکی عێراقیی که‌ نه‌ دانی ناوه‌ به‌ کوردستاندا نه‌ گه‌ره‌نتییه‌کی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو پیسخۆرییه‌ی له‌ کوردستاندا به‌ربڵاوه‌ که‌ یه‌کێک له‌ قه‌یرانه‌کانی ئێستا له‌ سه‌ره‌تای ساڵی (2014)دا نه‌بوونی موچه‌یه‌ که‌چی تا دێت جه‌ماوه‌ر به‌ ده‌نگدان ملکه‌چییان تازه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ بۆ ده‌سته‌ڵات. له‌ هه‌مان کاتدا هه‌ر دوای ئه‌وه‌ی ره‌وایی ئه‌ده‌نه‌وه‌ به‌ ده‌سته‌ڵات خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی رێکده‌خه‌ن به‌رامبه‌ر به‌ هه‌مان ده‌سته‌ڵات. ده‌سته‌ڵاتێک که‌ له‌ هه‌موو کایه‌کاندا نه‌هامه‌تیی خستۆته‌وه‌و پیسخۆریی بۆته‌ فاکتومێک (راستییه‌کی سه‌لماو). ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ پیشان ئه‌دات که‌ جه‌ماوه‌ر توانای ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ست داوه‌ که‌ دنیا به‌ شێوه‌یه‌کی تر ببینێت به‌ده‌ر له‌وه‌ی که‌ ده‌سته‌ڵات ئاڕاسته‌ی ده‌کات. هوشیاریی له‌ ده‌ست داوه‌ ده‌رباره‌ی دنیاکه‌ی و توانای هه‌ڵوێستوه‌رگرتنی لێ ‌سه‌نراوه‌ته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵه‌، خراپه‌و خیانه‌ت. ئیراده‌و عه‌زمی لاوازه‌، خۆی به‌ به‌رپرسیار نازانێت به‌رامبه‌ر به‌ کێشه‌ی گه‌ل و نیشتیمان. چاوه‌ڕێیه‌ ده‌سته‌ڵات ره‌حمی پێ بکات، سودمه‌ندی بکات و شوانی بێت. وه‌کو بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نوسیبووم: "کاره‌ساتی کورد ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ شوانێکی باشی نییه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه‌ که‌ واده‌زانێت ئه‌بێت شوانی هه‌بێت."
لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێت که‌: بناغه‌ی ئازادیی بیروڕا له‌ رزگاربوونی مێشکه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات. رزگاربوون له‌و هه‌موو له‌مپه‌رانه‌ی که‌ بۆ مێشک دروست بوون سروشتییانه‌ به‌کارنه‌یه‌ت. قسه‌ بۆیه‌ له‌ منداڵ یان له‌ شێت چونکه‌ ئه‌و دوانه‌ ئه‌قڵیان به‌ده‌ره‌ له‌ له‌مپه‌ر.
سه‌رئه‌نجامی ئه‌و فاکته‌ره‌ مێژووییانه‌و ئه‌و حاڵه‌ته‌ کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییه‌ی که‌ ئێستا کورد تیایدایه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ جه‌ماوه‌ر توانای ناشکێت به‌سه‌ر پاراستنی خاک و به‌ڕێوه‌بردنی خۆیدا. ژماره‌یه‌ک قه‌یران که‌ ئه‌مڕۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ گه‌لی کورد ده‌که‌ن ئه‌نجامی قه‌یرانی خودی مرۆڤه‌که‌ خۆیه‌تی. ئنجا که‌ جیاوازیی گه‌لانی پێشکه‌وتوو له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا له‌ رووی ئه‌قڵه‌وه‌ جیاوازیی بایۆلۆجیی مێشک نه‌بێت، به‌ڵکو جیاوازیی به‌کارهێنانی بێت، ئه‌وا مانای وایه‌ مرۆڤ به‌ گۆڕینی جۆری بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌توانێت خۆی و دنیاکه‌ی بگۆڕێت. پرسیاره‌که‌ لێره‌دا ئه‌مه‌یه‌:
ئایا چۆن مێشکمان رزگار بکه‌ین له‌م ئه‌قڵه‌ی ئێستامان؟
چۆن مێشکمان سروشتییانه‌ به‌کاربهێنین به‌ده‌ر له‌و هه‌موو له‌مپه‌رو کۆدانه‌ی که‌ مێژوومان و هه‌لومه‌رجی پڕگرفتی ئێستای ژیانمان دروستیان کردوون؟






[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە