کورد دوای بیست ساڵ دەبێت باجی داگیرکردنەکەی کووەیت بداتەوە.!

Thursday, 09/12/2010, 12:00

1657 بینراوە




لە 5% ی داهاتی نەوت و غازی کوردوستان دەدرێت بە کووەیت ،بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ،کاتێک عێڕاقی عەرەبی داگیریکرد. بەڵام کاتێک کوردوستان هەشتا ساڵ بە ئاگروئاسن لێیدەدرێت و سەرکووتدەکرێت لە لایەن ووڵاتێکی داگیرکەری وەک عێڕاق ، کورد فزەی لە دەم دەرنایەت وملکەچی عێڕاقی بوون دەبێتەوە. ئەمەیە هەڵوێستی گەلێکی لێکترازاو و بیمار لە بیرکردنەوە و بڕیاردان. کورد گەر خاوەندار بوایە ئەبوایە لەو سەروەت و سامانەی کە لە کەرکووک لێیدزراوە و تەنانەت لێشی زەوت کراوە هەزارو یەک دادگای نێودەوڵەتی لە عێڕاق بگرتایە نەک لاواز و زەلیل ڕازیبوایە بە لە17%ی سامانی خۆی کە لە کەرکووک دەردێت و 83% دەڕوات بۆ گیرفانی ملهووڕەکانی عێڕاق. ئایا ئەم هەموو زانا ئەکادیمی پڕۆفیسۆر،دکتۆر و ئەندازیارانەی کڵاشەدەکەن لە دەسەڵاتی ئەم دوو حیزبەی دەسەڵات لە کوێ بوون بۆ خەمڵاندن و بەرجەستەکردنی ئەو کاولکاریانەی لە هەشتا ساڵی ئاخریدا تووشی سەرتاسەری کوردوستان بووە، ئەوە زیانە مرۆییەکانی ئەنفال ، هەڵبجە ئەشکەنجەدان و نەخۆشییە دەروونییەکان لەولاوە بووەستێت. یەکێک لە نەهامەتییەکانی بێپلانی و کوێرەوەری لە لێکدانەوەکانی ئەقڵی بڕیاردانی سیاسی و بێسەروبەرەیی ئەوەی ئەمڕۆیە کە دەسەڵاتی کوردی تێی کەوتووە. باشە نە ئەبوو کورد ئەم 17% بەر میلەی لە نەوتی کوردوستان بەرنەکەوتایەو 83% لە سەروەت و سامانی خەڵکی ڕەشوڕووتی کورد (کە خاوەنی نین) نەدایە بە عەرەبی ئەننفالچی . ئەوە جگە لە 5% ی کووەیت کە وەک سەرانە وایە ، کورد ئەبێت باجەکەی بدات. ساڵانە نزیکەی 10ملیاری دۆلار دێتە دەستیانەوە کەس ئاگاداری یەک ژمارەی نییە ، لە خەزێنەی حکوومەتدا ، جگە لە داهاتی نەوتی قاچاخ ، داهاتی گوومرک ،باجی خانووبەرە ، باجی وەزارەتە خزمەتگووزارییەکان، وە باجی کومپانیا دەرەکییەکان .....هتد. باشە گەر خەڵکێکی کەمی وەک دانیشتوانی باشوور بەم پارە زۆرە بەخێو نەکرێت ئەی بەنگلادش و و ئەسیوپیا بڵێت چی ؟ ئەمەیە زۆری لە سەرمایە و نا دادپەروەری لە دابەشکردنیدا! وە بەرتەسکی و کەمهێنانی لە کاتی خەمڵاندنیدا. ووڵاتێکی خاوەن خەمخۆر کە نیشتیمان و خەڵکەکەی بە هی خۆی بزانێت دەبوایە گەر مەردو خاوەن هەڵوێست بوایە ، دەستی چەپەڵی درێژ نەکردایە بۆ یەک پوولی سەروەتوسامانی ژێر زەوی کە کەس خاوەنی نییە ، لە نەوەکانی دواڕۆژ زیاتر ؟.تێر نەخوارنیش بەدخوویە گەر وەک نەووس سنووری بۆدانەنرێت. کۆمەڵانی خەڵکی کوردوستان ئەوە بۆ چارەکە سەدەیەکە لە بێ ئاوی و تاریکیدا دەژین (ژیاون گەر بە کوولەمەرگیش بووبێت) ئەی بۆ ئەو سامانە وون بووەی ژێر خاک بدرێت بە کووەیتی و عێڕاقی عەرەبی . ئێمە دەزانین گەر هەزار هێندەی تریش بێتە گیرفانە کوون بووەکەیان ، باری ژیانی خەڵکی ڕەشووڕووتی کوردوستان لە ئێستا باشتر نا بێت. بەپێچەوانەوە کۆمپانیای حیزب و حیزبی کومپانیا دەوڵەمەندتر و دەوڵەمەندتر دەبن (بارومەتری ئەم تاڵانکردن و پارە لێدانە گەیشتۆتە خاڵی ڕەهایی). کورد دەبێت بە هۆشی خۆیدا بێتەوە و لەوە زیاتر ڕۆ نەچێت لە ناو قووڕوولیتاوی عێڕاقی بووندا ، ئەبێت بڕیاری کورد بوون و کوردوستان بوونی خۆیان بدەن ، تا ببن بە خاوەنی سامانی نیشتیمان نەک 17%ی کە بە سەدەقە وەریدەگرن .
 
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە