رونكردنەوەیەك بۆراى گشتى(له‌ کورده‌ حه‌سه‌ن جه‌لال)ه‌وه‌

Thursday, 28/05/2009, 12:00

9054 بینراوە


ئاگادارى راى گشتى هەرێمى كوردستان و سەرجەم كەناڵەكانى راگەیاندن دەكەمەوە كە من وەكو(كوردە حەسەن جەلال) بەڕێوەبەرى گشتى و خاوەن ئیمتیازی رادیۆى نەوا و بەڕێوەبەرى پێشوى كەناڵى تەلەفزیۆنی KNN ، وازم لە بەڕێوبەریى KNN هێناوەو بە پێویستى دەزانم بە راستكردنەوەى چەواشەكاریى هەندێك لە كەناڵەكانى راگەیاندن هۆكارەكانى دەست لە كاركێشانەوەوم رونبكەمەوە:
1. لەسەرەتا برادەرانی كۆمپانیای ووشە وبەتایبەتیش كاك نەوشیروان داوایان لەمن كرد كە هاوكاریان بكەم وەك شارەزایەك بۆ دامەزراندنی كەناڵێكی تەلەفزیۆنی بۆ كۆمپانیای ووشە و منیش داواكەیانم قبوڵ كرد تا كەناڵەكە دەكەوێتە پەخش وبەشێوەی خۆبەخش و بەهاوكاری هەموو ئەو ستافە بەڕیزەی KNN دەست لەناو دەست و پشت ئەستور بە خۆمان دەستمان دایە كارو ئەو كەناڵە خنجیلانەمان لێ دروست كرد.لێرەدا پێویستە سوپاسی خۆم بگەیەنمە هەموو هاوڕێكانم و هاوكارانم لە KNN كە پشتیوانم بون بۆ تەواو كردنی كارەكە كە بەلای منەوە كارێكی سەركەوتووە و جێگەی شانازیمە.
2. من بەڵینەكەی خۆم بردە سەرو بە هاوكاری هاوڕێكانم لە KNN تەلەفزیۆنەكەمان خستە سەرپێ و لەئێستادا پێویستی یەكی ئەوتۆیان بە كاری من نەماوە.
3. لە ڕاستیدا بەڕێوەبردنى دو كەناڵى راگەیاندنیش لە یەك كاتدا و بەتایبەتیش لەكاتى هەڵمەتى هەڵبژاردن و لە كوردستانیش كارێكى ئاسان نیە.. وەكو ئاگادارن قۆناغى هەڵمەتى هەڵبژاردن لە هەرێمى كوردستاندا نزیك دەبێتەوەو كاركردنم لە كۆمپانیای ووشە كەپشتگیرى لە لیستی گۆڕان دەكات پرسیارى دەخاتەسەر بێلایەنی خۆم و رادیۆى نەوا.كە ئەمە لەگەڵ بانگەشەی بێلایەنی بونی ئێمە یەكناگرێتەوە.
4. پێشتر لەسەرەتای ساڵی 2009 لیژنەی ڕاوێژكاری ڕادیۆ نەوا داوایان لێ كردم لە KNN دەست لەكار بكێشمەوە بەڵام لەبەر ئەوەی تەلەفزیۆنەكە پێویستی پێم بو و كارەكان تەواو نەكرابون دوام خست بۆ 10 ڕۆژ لەمەوپێش كە ئاگاداری كاك عەلی كەریمیم كرد بۆ واز هێنانم لەگەڵ كاك نەوشیروان قسە بكات , بەڵام ئەو كاتە كاك نەوشیروان سەرقاڵ بو و دوا خرا بۆ ئێستا.وە وازهێنانم لە تەلەفزیۆنی KNN بەواتای سەنگەر گواستنەوە نیە بەڵكو كارەكەم وادەخوازێ كە پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەنەكان لەیەك ئاستدا بێت بەتایبەتی لەبواری ڕاگەیاندن.
5. بەر لە ماوەیەك گوشارێكی زۆر دەستی پێكرد بۆ سەر ڕادیۆی نەوا, ناوەندی ڕاگەیاندنی ی. ن. ك. 3 ویستگەی ڕادیۆكەیان داخستین لەگەڵ ئەوەی گرێبەستیشمان هەبوو, و دوای ئەوەش لە كۆتایی مانگی 4 ئاگادار كراینەوە كە هاوكاری ڕادیۆی نەوا ڕاگیرا كە لەلایەنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە دابین كرابوو بۆ ڕادیۆی نەوا . كە بەشێكی زۆری پێم وایە پەیوەندی بە بۆچونێكەوە هەبوو كە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار پێیان وابو ڕادیۆی نەوا لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە بێلایەنی دەر دەچێت و پشتگیری لیستی گۆڕان دەكات .
6. بۆ ڕەواندنەوەی ئەم بۆچونە دروستكراوانە, داوای بینینی سەرۆكی حكومەتمان كردلەڕێگەی نامەوە بەڵام بێ سود بو, و داوای بینینی د. بەرهەمم كرد بەڵام لەدەرەوەی وڵات بو,بەڵام توانیمان كاك كۆسرەت ببینین و بۆچونی ڕادیۆی نەوای بۆ ڕون بكەینەوە, لەوێش داوای بینینی بەڕێز مام جەلالمان لێ كرد , تا لە نزیكەوە بیرو ڕای ی.ن.ك. بزانین دەربارەی نەوا و ئێمەش سوربونی خۆمانیان پێ ڕابگەیەنین لەسەر بێلایەنیمان .
7. بە سوپاسەوە كاك كۆسرەت دیدارەكەی لەگەڵ بەڕێز مام جەلال بۆ ڕێك خستین و لەنزیكەوە بۆچونی خۆمانمان پێڕاگەیاند. و داوامان لێكرد كە هەوڵبدات بۆ گەڕاندنەوەی هاوكاریەكەی سەرۆكی حكومەت.وە هیچ داوایەكی شەخسیمان لێنەكردوە ولێرەوەدەمەوێت بێمنەتانە ڕای بگەیەنم كە تائێستا ئەگەر هیچ داوایەكی شەخسیم لە هەر كەسێك یان لایەنێك كردبی چ لە ی.ن.ك. یان پ.د.ك.وهەتا بەڕێز كاك نەوشیروانیش دەتوانن لە میدیاكان با بە بەڵگەوە بڵاوی بكەنەوە.
8. لێرەدا دەمانەوێ ئەوەبڵێین, ئەركى سەرشانى حكومەت و بەرپرسانى هەرێمى كوردستان و عێراقیشە كە یارمەتیى راگەیاندنى ئازاد بدەن تا لەسەر پێ بمێنێتەوە. و دەبو بە یەك چاو (كورد وتەنی) سەیری میدیاكان بكەن , نەك تەنها چاویان میدیای حیزبەكانی خۆیان ببینێ و میدیاكانی تر بێبەش بن لەو بودجە گشتیەی كە بەشی هەموانی تێدایە بە كارمەندانی ڕادیۆ نەواشەوە و هاوكاری كردنمان ئەركی سەرشانیانە نەك خێرپێكردن بێت, چونكە خەرجی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن وەك خەرجی سایت و ڕۆژنامە نیە, و بۆ نمونە لەڕادیۆ نەوا نزیكەی 200 كارمەند كاری تێدا دەكرد ,وە ئێمە لەرێى رادیۆكەمانەوە خزمەتگوزارییەكى گشتى بەبێ بەرامبەر پێشكەش بەهاوڵاتیان دەكەین و هەقى خۆیەتى كە پەرلەمان وحكومەتیش بەبێ هیچ شەرت ومەرجێك بودجەمان بۆدابین بكات.
9. سەبارەت بەبانگەشە بۆلیستە سیاسییەكانیش دوبارەى دەكەینەوە كە وەكو رادیۆى نەوا بڕیارى پێشوەختمان داوە كە بەبێ جیاوازى، وەكوبانگەشەیەكى بازرگانیى و لەچوارچێوەى رێنماییەكانى كۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكاندا ریكلام بۆهەمو لیست و قەوارە سیاسییەكان بكەین بە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتدارنیشەوە.
10. رۆژنامەى ئاوێنە و چەند كەناڵێكى دیكە كە هەواڵى وازهێنانی منیان بڵاوكردۆتەوە و بۆئامادەكردنى هەواڵەكەیان پشتیان بە سەرچاوەیەكی نادیار بەستوە لەكاتێكدا دەكرا كە ستافە بەڕێزەكەیان بە دواى سەرچاوە سەرەكییەكاندا بگەڕێن. ئەگەر مەبەستیان دەرخستنى راستییەكان بوبێت،چونكە دڵنیام كە دەیانتوانی بەئاسانی لێدوان لە كاك نەوشیروان یان هاوڕێكانی وەربگرن تا لایان ڕوون بێت كە ئایا من موچەی دو ساڵم لە كۆمپانیاى وشە وەرگرتوە یا تەنانەت داواشم كردوە یان نا. هەرچەندە ئەگەر سەرنجی ئەو سەرچاوەنادیارە!!!! بدەن , قسەكانیى دەریدەخات چەندە حەز بە چارەى من و رادیۆى نەوا دەكات.
11. لەكۆتاییدا دەمەوێ ئەوە باسبكەم كە جەماوەرو هاوڵاتیان هەموكات سەرچاوەى هەڵسەنگاندنى رەفتار و كردارەكانیى ئێمەن و بۆخۆیان شاهیدى ئەوەن كە ئێمە چەندە بێلایەنانە دەجوڵێنەوە و بەیەك مەسافە نزیكى هەمو لایەنەكان دەبینەوە بە دەسەڵاتداران و ئۆپۆزیسیۆنیشەوە.كە ئەمەیە ئەركی ڕۆژنامەوانی بێ لایەن.

لەگەڵ رێزمدا/ كوردە حەسەن جەلال
بەڕێوەبەرى گشتى رادیۆى نەوا





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە