رێکخراوی چاک لە سکاڵاوە.. بۆ ستایش و سوپاسکردنی تالەبانی (بەشی یەکەم)

Monday, 24/10/2011, 12:00

1687 بینراوە


ئەم بابەتە رەخنەگرتنە، لە چاک. ئامانج، بەئاگاهێنانەوەی ئەندامانی چاک و دۆستەکانێتی، کە بەرەو چ ئاقارێکی مەترسیدار و پەرواوێز لە ڕووداوە سیاسییەکانی کوردستان و مەسەلەی جینۆساید لە لایەن پۆلێک بەرپرسی ئێستای هەنگاو دەنێت . هەر ئازاردانێكی لە وشەکان، ئامانج لێێ هاوشێوەی، نەشتەرگەریی پزیشکە، بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشێک، هەوڵی ڕزگارکردنێتی . ئەگەرنا ئەو ڕێکخراوە، بۆ چەند ئەندامێکمان وەک مناڵەکانمان خۆشەویستە .
لە ڕاپەرینی 91 بەدواوە، بواری ئازادی ڕێکخراو بوون هاتە ئاراوە، لەو 20 سالەدا، سەدان ڕێکخراوی مەدەنی و جەماوەری هاتۆتە مەیدان . هاوکات، سەدان ڕێکخراوی هاوشێوەش لەدەیان ساڵەی رابردوو، لەو ئەورپایە دروست بووە . بەلام چاودێری کوردۆساید (چاک) تەکان و سیمایەکی نوێ بوو، لەناو سەرجەم ئەم ڕیکخراوانە . بەهۆکاری
1. تووڕی لەو عەقڵە کلاسیکیە کۆنەی کارکردنی ڕێکخراوەکان هەڵدا و بەمیتۆدیكی نوێ هاتە مەیدان (بوێری لەهەلویست، مەیدانی بون لەدروشمەکان، داهێنان لەکارو چالاکی)
2. توانی لەگەڵ ئازاری گەلەکەی لەبواری نەتەوەیی ڕۆڵی پێشەنگانەی لەخەباتی جەماوەری بژیت . هاوکات لەبواری داکۆکیکردن لەمافی مرۆڤی کورد لەبەرامبەر پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ هەرلەدەسەلاتی پارتی و یەکێتیەوە تاوەکو داگیرکەران بەردەوام خاوەن ووتە وکراداری مەیدانی بوو.
3. بۆیەکەم جار توانی کوردی هەموو بەشەکان لەناو یەک ڕێکخراو کۆبکاتەوە و لەگەڵ ئازاری هەموو بەشەکانیش بژیت.
4. خاڵی گرنگی ئەم ڕێکخراوە، ببووە سەنتەراڵی گەورەی هەموو دیدو بۆچونە جیاجیا سیاسیەکانی کوردستان بەواتای گەورەترین بەرەی کوردستانی بوو.
بەلام ئەم هەنگاوانەشی بێ کێشە نەبوو . ئەگەر بەشێکی لەبێ ئەزمونی و نەبونی کاری پێشوتری ڕێکخراوێکی سەربەخۆی درێژ خایەن بووبێت، هاوکات پارسەنگ ڕاگرتنی ئەو هەموو بیروبۆچونە سیاسیە دژ بەیەکە، بەراستی ئەستەمە . بەشێکێش لەکیشەکان، بۆ ململانێی شەخسی، فشار و کاریگەری لایەنە سیاسیەکان، بەتایبەتی پارتی ویەکێتی، وە هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی چاک بەپێی میزاجە سیاسی و شەخسیەکان و خۆدەرخستن و نزیکبونەوەی چەند ئەندامێکی کەم، لەدەسەڵات هۆکارێکی تری کێشەکانێتی، کەبەشی زۆری ئەم هۆکارانە، بۆتە ئەم بارودۆخەی ئێستای کەلەمێژویی خۆی نەیبییووە.
ئەم ڕێکخراوە راستە کوردی هەموو بەشەکانی تیا گیرساوەتەوە، بەلام بەهێزترین لۆبی کوردی باشورە، هاوکات قورسایی کارەکانیشی لەئەورپاوەیە . بۆیە کاریگەریەکانی ئەو شوێنەی لەهەموو ڕوویەکەوە پێوەیەو کێشەکانیش لەناو ئەو بەشەدا هەیە، کەرەنگبێت یەکێک لەهۆکارەکان بۆ بونی تاوانی جینۆسایدی (هەلەبجە و ئەنفال) لەمیدیاکان زیاتر لەتاوانی (عامودە و دەرسیم و قارنی و قەڵاتان) بۆتە بابەت و هەواڵی میدیاکان . خالێکی تری پۆلێک لەدامەزرێنەرانی لەکوردستانەوە یەکترمان دەناسی و لە هەندەران، لە ڕێگای پاڵتاڵک لەسەرەتای 2001 یەکترمان بینیەوە، ئەو ڕێکخراوەمان وەک سەرەتا بەناوی کەمپینی هەلەبجە وئەنفال پێک هێناو دوایی بووە چاک.
بۆیە قورسایی کارەکان کەوتە سەر باشوری کوردستان . وەتوانی دۆسیەی جینۆساید بۆیەکەم جار تەکانی گەورەی پێبدات، لە ناساندنی بەئەورپیەکان لەکەسایەتی و حزب و پەرلەمان و نەتەوەیەکگرتوەکان و ڕێکخراوە نیودەولەتیەکان .... کە هیچ لایەنێک پێشووتر هەنگاوی بۆ نەنابوو . ئەمەش لەڕێگای، سیمنار و کۆنفرانس و بەدەستهێنانی دەیان دۆست و بەئەندامبونی لەچەندین ناوەندی جیهانی .... هاوکات بەمیتۆدێکی نوێ لە بوێر ی بەرامبەر داکۆکیە بەردەوامەکانی دەسەڵاتی کوردی بەرامبەر دۆسیەکانی گەورە جەلاد و تاوانبارەکانی جینۆسایدی کورد هەر لەسەراتاوە وەستا، سەرەتاکەی لەگەل دۆسیەی خەزرەجی، دواتر دەیان کەیسی وەک فرانس ڤان ئەنرانت، وەفیق سامەرائی، داڵدەدانی جاش، کەمپینی ناوی جاش وئەنفالچی لەناودەسەلات و ئاشکراکردنی ناوی دەیان سەرۆک جاش و ئەمن لەناو لیستی شەهیدان، دۆسیەکانی تری وەک سولتان هاشم و تاریق رەمەزان و فرۆکەوانە کانی بەعس و عەباسی بایز ئاغا و قاسم ئاغا و خالیدی خولە سور و مەلا عوزیڕ و ..... ئیدانەکردن و کارو چالاکیکردنی بەردەوامی دژی دالدەدانی سەرۆک جاش لەلایەن بریار بەدەستانی پارتی ویەکێتیەوە کەبەشی زۆری داهێنەرو بەشیکی کەمیشی پاڵپشت و دینەمۆی بووە .
سەیرکەن سەدان ڕێکخراو هەیە، بەڵام هیچیان تا ڕۆژگاری ئەمڕٶش، بەئاستی چاک ترسی جەبەروتی پارتی ویەکێتیان نەشکاندوە، بەرادەیەک چاک وەک ڕێکخراو، لەتەک هەندێ ماڵپەری کوردی، بەتایبەتی (کوردستانپۆست) وەهەندێ ڕۆژنامە و مالپەری ئەهلی، رۆڵی هاوشیوەی ئۆپزسیۆنێکی بوێر لە هەیبەت شکاندنی دەسەڵاتی کوردی لەچەندساڵی رابردوو بینیوە . تەنانەت بۆیەکەم جار لە مێژووی کورددا و لە ڕێگایەکی مەدەنیانەوە سکاڵامان لەسەر تاڵەبانی وەک داکۆکیکەرێک لەگەورە ئەنفالچیەک تۆمارکرد (ئۆکتۆبەری7) . وەدوای ئەوە بەکەمتر لەسالێک 2008، داوای دەستکێشانەوەی بارزانی (مام و برازامان) لەسەر خەم ساردیان بەرامبەر قوربانیانی هەلەبجە (مردنی 50 برینداری کێمیابارانی هەلەبجە) راگەیاند و کارمان لەسەری کرد . شایەنی باسە هەڵگرتنی ئەم دروشمە، تائێستاشی لەگەڵدابێت هیچ لایەنێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی بوێری نیە، خۆی لەقەرەی بدات .
تێبینی بەهۆی درێژی، بابەتەکە، لەبەشی دووەم تیشک دەخەمەسەر هۆکاری ئەو پاشەکشە ستراتیژی ومٶرالیەی ماوەیەکە ئەو ڕێکخراوە تووشی بووە، وەک بەرپرسیارەتیەکی ئەخلاقی و مێژوویی دەبێت ئەوەندەی دەتوانم وەک یەکێک لەوانەی، کە10 ساڵ پیوەی ماندو بومە، پێشی بگرم و بەئاگای هەموو لایەک بهێنمەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە