ئایا رەفیق سابیرو حاكم رزگار لەپەرلەمان دەكشێنەوە؟

Friday, 12/03/2010, 12:00

1425 بینراوە


ئەم چەند دێڕە نامەیەكی پڕ داخ و پرسیارو ئازاراوی میللەتەكەمە بۆ ئەو بەڕێزانە...
هەر ئێوە بوون لەپێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 25/7 لافی سەربەخۆیی و دادوەرى بوێرو راستیتان لێدەدا، بەڵێ ئێوە بوون وتتان ئەسڵەن ئێمەش رازی نابین سیناریۆى پەرلەمانەكەى پێشوو دووبارە ببێتەوە، دەتانوت بەردەوام لەبەرەى میللەت و ئۆپۆزسیۆن دەبین لەبەرژەوەندی گشتی، كاتی ئەوەیە بە هەموومان لێتان بپرسین كوا هەستی شاعرێتی و رۆحی یاسادۆسستیتان؟، ئەرێ بەڕاست یەكێتی و پارتی هەموو جۆرە مرۆڤێك دەخەسێنن؟، تۆ بڵێی دكتۆر سامان فەوزى و جەزا تۆفیق و ئەوانی دیكەش وەكوو ئێوەیان لێ بەسەر بێت؟.
لەپێش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى كوردستان 25/7 لەوتارێكمدا زۆر ئەسەفم خوارد ناوی بەڕێزتانم بینی و بەرگوێ كەوت لەلیستەكانی یەكێتی و پارتیدا، چونكە ئەوكات زانیم ئێستاتان بەم شێوەیە دەبێت كە دەیبینین، چونكە ئەو دوو پارتە ئامێرێكی گەورەو سیستماتیكی كپكردنی هەموو جۆرە عەقڵێكن بە بەڕێزتانیشەوە، لەبەر ئەوەى نا كە سروشتی حزبەكە وایە، بەڵكو لەبەر ئەوەى هەموو شتەكان لەدەستی مەكتەب سیاسی و سەركردەى ئەو حزبانەدایەو هەر ئەوانیش لەبری ئێوەى 59 كورسی بیردەكەنەوە، ئەوان ئیمانیان بە ئازادكردنى پەرلەمانتار نییە بە ماناو بنەما دیموكراسییەكەى، بەڵكو ئیمانیان بە كێشانی ئەو وێنەیەیە كە بە تەماسی عەقڵی ئەوان بكێشرێت.
بەڕێزانم ئەوان ئێستاش بە عەقڵی شاخ و نازی خەباتكردنیان بیردەكەنەوەو لەپەرلەمان و حكومەت و یاسا دەڕوانن، ئیتر روونە كە عەقڵی ئێوەو بیركردنەوەى ئەوان بە هیچ رێسایەك یەكناگرێتەوە.
بمبورن ئەنگە هەڵەم كردبێت، چونكە ئەشێت پارەو مووچەو ئیمتیازاتیش ئینسانەكان بگۆڕێت، بیرم چوو ماددەو ئابوورى وەسیلەیەكی موگناتیسئامێزە بۆ راكێشان و گۆڕینی مرۆڤەكان، ئەوە نییە نموونەى وەكوو ئێوەى لەبەرى میللەت دوورخستووەتەوەو گوێی خۆتان لەوشەى (فرسەت فرسەت فرسەت)ی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و (بڵێ پێشنیارم هەیە)ی سەرۆكی پەرلەمان كەڕ كردووەو بوونەتە بار بەسەر كورسییەكانەوەو دەنگی میللەتتان بە زاح بردووە.
ئێوە بیرتان چوو لەسەردەستی كام حزب بوون بە پەرلەمانتار، ئەو حزبانەى كە 19 ساڵە ئەوەى رێز بێت لەژن و شاعیرو نوسەرو یاساناس و دادەورەو گەنج و منداڵى ئەم هەرێمەیان نەگرتووە، ئەو حزبانەى كە 19 ساڵە لەسەر تەنها بابەت و مەسەلەیەكیش پرسێكیان بە ئێوە نەكردووە، ئەو حزبانەى كە 19 ساڵە سەرقاڵی ژن ئەتككردن و كوشتن و گەنج رفاندنن بەرەو دەرەوەى خاكەكەیان؟، دەبێت باش بزانن كە بوون بە پەرلەمانتاریی لەسەر دەستی یەكێتی و پارتی دەبێت و دەبێت هەر كۆیلەو گوێگرو ئیعازوەرگری سەركردایەتی حزب و مەكتەب سیاسییەكەى بن.

هەر هەمان ئەو چەند پرسیارەم بۆ بەڕێزتان دووبارە دەكەمەوە كە لەوتارەكەى پێش 25/7 ئاڕاستەم كردبوون.
- ئایا بە چ پێوەرو بیركردنەوەیەكی ئەخلاقییەوە رازی بوون ببن بە ئەكتەرى حزبە بەرهەمهێنەكانی بازرگان و میلیشیا.
- ئایا بەِراستی دەتوانن نوێنەرایەتی گەل بكەن و بە دەنگی بەرز هاوار بكەن و گوێ لەحزب و بەرپرس و سەركردەكانیان نەگرن و بەرگری لەراستی بكەن؟، تاچەند دڵنیا بین؟، خۆ چەند مانگێكی تر رەش و سپی ئاشكرا دەبێت؟.
- ئایا بە گشت بڕوایەكەوە بڕواتان هێناوە كە حزب و سەركردەكانی ئیعازتان بۆ رەوانە ناكەن؟، ئەگەر ئەمە رویدا هەڵوێستتان چۆن و چی دەبێت؟.
- ئایا ئێوە 19 ساڵە ئەو دەسەڵاتە ناناسن و لێی نەگەیشتوون ئیتر كەى لێی دەگەن؟.
دەیان و سەدان پرسیاری دیكە دەتوانن خۆتان دروستی بكەن و وەڵامیشی بدەنەوە، بۆ خۆتان و رۆح و ویژدان و هەڵوێست و ئینسانیبوونتان بە جێ دەهێڵم، هیواخوازم تۆزقاڵێك بیربكەنەوەو ئاوڕێك لەمیللەت و گەنج و ژنە كوژراوو ئەتككراوەكانی وڵاتەكەم بدەنەوە، بۆیە دەپرسم ئایا پاش بیركردنەوەتان لەپەرلەمان دەكشێنەوە؟، دەخوازم پاش ئەم نامەیە چاوەڕوانی هەڵوێست و وەڵام بم.
لەكۆتاییدا ویژدان و ئازادیتان باش...
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە