ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

كورد نمونەى گەلێكى بێ سەركردە

Thursday, 11.15.2012, 12:00

344 بینراوە


لەكۆنەوە دەڵێن مەڕى بێ شوان گورگ دەیخوا. كوردیش بەدرێژەى كورد بونى خۆى خاوەنى سەركردەیەك نەبوە كە هەموان كۆبكاتەوە و دوریان بخاتەوە لە دژایەتى یەكتركردن، هەمیشە یەكێك هەستاوە بەناوى خێزانێكەوە یا خێڵێكەوە یاخود شارێكەوە دەستى داوەتە كارى سیاسى و چەكدارى دژ بە سیاسەتى دەوڵەتى داگیركەر یاخود پاڵى داوەتە پاڵ دەستەڵاتى داگیركەرو دژ بە خێڵێكى تر كە بستێك لە خاكى خێڵەكەى تر داگیركردوە یاخود ئاژەڵێكى هاتوەتە ناو لەوەرگاكەى یاخود دارێكى زەویەكەى ئەوى بڕیوە، بەهۆى ئەم شتە سادانەوە دەیان كەس كراون بەقوربانى و هەركەسە خۆى لەوى تر بە باش و گەورەتردەزانى بەردەستەكانیشیان كە خەڵكى هەژارو كەمدەستبون وەك كۆیلە كاریان بۆدەكردن، هەرلەبەر ئەمەشە كە هەتا ئێستا كورد نە بەتەواوەتى خۆى ناسیوە و نە دوژمنەكەشى و لەگەڵ هەموو كەسێك بەشەڕدێت و زۆربەى جارەكان بەدۆڕانى كۆتاى پێهاتوە.
لەم دووسەد بۆ سێ سەد ساڵەى دوایدا بێسەرۆكى تەواو بە گەلى كوردەوە دەبینرێت هەر لەمیرنشینەكانەوە كە هەمیشە لە دژایەتى یەكتریان كردوە و دەستیان لەناو دەستى داگیركەر ناوە بۆ لەناوبردنى ئەوى تریان بە بیانوى جیاوازى ئاینى، زاراوە و دەیان شتى تر. وەك ئەوەى كە هەتا ئێستا كورد بەدەستى خۆى یاخود بڵێین بە هاوكارى كردنى داگیركەرانى كوردستان 72 جار كۆمەڵكوژى ئیزیدیەكانیان كردوە بەمەش زیانێكى گەورە بەهۆى ئاینەوە لەكورد كەوتوە و هەزارانیان شەهیدكراون.
لە ئێستادا كورد خاوەنى دەیان سەركردەیە و هەریەكیان ئەوى تریان بە خیانەتكار و نەزان دادەنێت و خۆى بە ڕابەر و سەرۆكى هەموو كوردستان دەزانێ و هەركەس ڕێگرى لێبكات پەنادەباتە بەر شەڕكردن لەگەڵى و هێنانى سوپاى داگیركەر بۆ لەناوبردنى. نمونەیەكى زۆر رون و حاشا هەڵنەگر 31ى ئابى 1996 كە پارتى هێزى بەعس و توركیاى هێنا بۆ وەدەرنانى یەكێتى و پەكەكە. ئەمە لەگەڵ دەیان نمونەى تر كە لە مێژوى كوردا دەبینرێت.گەلى كوردیش لە دواى نەوەدەكانەوە جۆرێك لە هوشیارى بۆ خۆى دۆزیوەتەوە ئەویش مل نەدانە بۆ سەركردەكانیان و بە جێهێشتنى كوردستان و ڕوكردنە ئەورپا و وڵاتانى تر بەمەش هەزاران كورد جۆرێك لە سەربەخۆى خۆیان وەرگرد بەدوركەوتننەوەیان لەو دەستەڵاتە براكوژانە و دەگەڕێن بە شوێن سەركردەیەك كە خاوەنى ڕابردویەكى پاك بێت و دەستى بە ڕشتنى خوێنى كورد سورنەكردبێت بەڵام هەتا ئێستا نەگەشتون بەو ئاواتەى خۆیان. بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە وە سەردەمى سەرەتاى دروست بونى ئیمپراتریتى ماد دەبینین لەو كاتەدا كەسێك بە ناوى (دیاكۆ)یاخود (دیوقل) توانیویەتى سەرجەم خێڵەكانى بنارى زاگرۆس كۆبكاتەوە ئیمپراتۆرى مادى لێدروست بكات كە هەتا ئێستا كورد شانزى بە شارستانیەتى ئەو ئیمپراتۆریەتەوە دەكات.
لە ئێستادا كورد ك كەوتوەتە ناو بارودۆخێكى زۆر جیاوازەوە لە جاران وا خەریكە بەشێكى ترى كوردستان (ڕۆژئاواى كوردستان) ئازاددەبێت بەڵام هیچ سەركردەیەكى كوردى وامان نیە كە ئەو دووپارچە ئازادە یەكبخاتەوە و دەوڵەتێكى كوردى دروست بكات هەر سەركردەیەو بە ئارەزوى خۆى دەست وەردەداتە ڕۆژئاواى كوردستانەو سوپا تایبەت بەخۆى دەنێرێتە ئەو وڵاتە و ئەمەش واى كرد لەم دوایانەدا شەڕى ناوخۆ لە نێوان كوردانى ڕۆژئاوا دروست بێت.
بۆیە ئێستا كورد دەبێت لەوە وریابێتەوە كە دەبێت گوێڕایەڵى سەركردەیەك بن كە ڕابردویەكى پاكى هەبێت و ڕاستگۆ و بوێر بێت و هاوسەنگى بپارێزێت و نەترسێت و بڕیار لەكاتى خۆیدابدات.بەم شێوەیە كورد دەتوانێت لەژێردەستەڵاتى ئەو سەركردەیەدا كیانى خۆى دروست بكات و دوربكەونەوە لە براكوژى. چونكە هەتا ئێستا كورد نە سەركردەیەكى ڕاستگۆى هەبوە،نە سەركردەیەكى بوێر و نە هاوسەنگى ناوخەڵك پارێزى هەبوە، وە هەمیشە لەكاتى نەگونجاوا بڕیارى داوە و بەشوێن كاتى گونجاوا نەگەڕاوە یاخود كاتى گونجاوى هەبوە و پشتگوێى خستوە بەهۆى ناكۆكى ناوخۆوە یاخود لەبەر بەرژەوەندى تایبەتى خۆى و حیزبەكەى. بۆ نمونە ئێمە دەتوانین ئاماژە بە بە دوو نمونە بكەین كە كورد لە باشورى كوردستان لەدەستى دا. یەكەمیان ڕاگەیاندنى سەربەخۆى باشورى كوردستانبوو لە دواى ڕاپەڕینەكەى 1991 كە هەلێكى زۆر گونجاوبوو بەڵام بەهۆى كێشە حیزیەكانى نێوان پارتى و یەكێتى ئەو هەلە لەدەس چوو بەڵام ئەگەر ئێستا لە تاڵەبانى یاخود بارزانى یخود هەرسەركردەیەكى ترى باشورى كوردستان بپرسى بۆچى ئەكاتە سەربەخۆیتان ڕانەگەیاند لە وەڵامدا دەڵین كاتێكى گونجاو نەبو بۆ ڕاگەیاندنى سەربەخۆى چونكە هەر چوارلامان دوژمن بوو هەموومان لەبرسا دەمردین،بەڵام ئەمانە هەموویان درۆن چونكە كورد لە باشور هەتا سالى 1997 بەدەست برسیەتیەكى زۆرەوە ناڵاندى ئەگەر سەربەخۆیش ڕاگەیەندرایە پێنە دەچوو ئەو برسێتیە ببینین بەو شێوەیە چونكە لەو كاتەدا ئێران بەتەواوەتى دووژمنى عێراق بوو، كوردیش دەبوە دەوڵەتێكى سەربەخۆ دەتوانرا ئێران قایلبكرێت كە پشتیوانى كوردستانبكات بەڵام سەركردەكانى كورد ئەوكارەیان نەكرد. نمونەى دووەم هەمان شێوەى نمونەى یەكەمە كاتێك لەساڵى 2003 عێراق ئازادكرا كورد گەورەترین هێزى سیاسى و سەربزى هەبوو لە عێراقدا و بەشێكى زۆرى خاكى عێراق بەدەستى هێزە كوردیەكان ئازادكرا یاخود بەهاوكارى هێزەكوردیەكانبوو. بەڵام كورد بەو هەموو توانایەوە نەیتوانى سەربەخۆى ڕاگەیەنێت و سەركردەكانى كورد هەمان هەڵەى 91ىیانكردەوە. كورد دەیتوانى لەوكاتەدا سەربەخۆى ڕاگەیەنێت و ئەمریكاش كە دگیركەرى عێراق بوو بەتەواوەتى پشتگیرى لێدەكرد چونكە پێویستى بە هاوپەیمانێك هەبوو لە ناوچەكەدا كە هاوسێى ئێرانبێت تەنیا شوێنیش كوردستان بوو. بەڵام سەركردەكانى كورد شوێن پارەكەوتن و گوێیان بەسەربەخۆى كوردستان نەدا تەنانەت كەركوكیشیان دایەوە دەست عێراقى عەرەبى. دواى چەند ساڵێك عێراق هێزى كۆكردەوە هەموو ئەو ناوچانەى كەكوردى بون و لە 91 ئازاد نەكران بۆ خۆیان بردەوە و لەوكاتەشەوە تا ئێستا چەند جارێك لەشكركێشیشیان كردوەتە سەر شارەكانى ترى كوردستان و دەیان كوردیان كوشتوە یاخود ئاوارەى شارەكانى ترى كوردستان كراون و دەستەڵاتیش هەر بە لێدوانێكى ئاسایى نەبێ هیچى ترى پێناكرێ. ئەمانە هەموو بەهۆى ئەو بڕیارە خراپانەبوە كە سەركردایەتى كورد داونى و هەمیشە بەسەركوردا شكاونەتەوە. بۆیە پێویستە سەركردایەتى كورد لە باشور هەموویان واز لە دەستەڵات بێنن و ڕێگەبدەن بە كەسێك كە تواناكانى خۆى بۆ خزمەتكردن كوردستان دابنێت، وە پێویستە لەسەر هەموو سەركردەكانى ترى كورد بەهیچ شێوەیەك دەس وەرنەدەن لە بارودۆخى ڕۆژئاواى كوردستان لێیانگەڕێن با بەو دەردەوە نەناڵێنن كە ئێمە ئەوە بۆماوەى زیاتر لە بیست ساڵە بەدەستیەوە دەناڵین.





(دەنگدراوە: 0)