ئەو نامانەی کە ناخوێنرێنەوە، ڕووبەڕوی ئەو دامەزراوەیەی پێی دەڵێن میدیای ئازاد

Tuesday, 26/02/2013, 12:00

1526 بینراوە






هەر وەک ئەو نامانەی کە ناخوێنرێنەوە ئاوا دەست پێدەکەم
بۆ / بەڕێزان ماڵپەڕی " ئێن ئاڕ تی ، لڤین پرێس، ئاوێنە، هاوڵاتی" لەبەر ئەوەی ئێوە خۆتان بەقارەمانی ڕاپەڕینەکەی ١٧ی شوبات و خاوەن و ساحێب حەقی سۆران و سەردەشت دەزانن .
بابەت / ئەمە بخوێننەوە
هێمن ڕەئووف
کەنەدا
دیاردەیەکی ناشرین و بێتام و بێمانا کە هەندێک لەو ڕۆژنامە و سایتانەی خۆیان وەک ئازاد و ئەهلی ناساندوە، بڵاوکردنەوە و کۆپیکردنی ئەو وتار و بۆچون و دەربڕینانەیە کە لەلایەن کەسە دیارەکانی ناو دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و کادرە حیزبی و حکومییەکانەوە دەنوسرێت.
ئاخر هەر یەکە لەو پیاوە سیاسی و گەندەڵ و پەرلەمانتارە فاشل و باگخواز و قارەمان و ناودار و سەرۆک و سکرتێر و کادر و شتانە، خاوەنی دەسەڵاتێکی ڕەهان لەناو پێگە و دەروازە ئیعلامیەکەی خۆیاندا، دەتوانن ئەمر بکەن هەرچییەکیان بوێت دەیان جار شەیر بکرێت و تازەبکرێتەوە. لە دە قۆڵەوە ئەو قسە بێتامانە بەخەڵک دەگەیەنن و خەڵکی پێ بێزار دەکەن. لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەیە هیچ کام لەو بابەت و نوسینانە بەقەد لافیتەی دەستی گەنجێکی توڕەی سەردەمی ١٧ی شوبات کەڵکی نیە و کاریگەر نیە لە واقیعی ئەمڕۆی هەرێمدا. بەڕاستی ئەم دیاردەیە زۆر بێمانایە و قۆرخکارییەکی مۆدیل بەرزی پیاوە گەورە و پیرەکانە بۆ دەستگرتن بەسەر هەموو شتەکاندا. لە ژێر کاریگەری هەندێ بەخششی مادی، یان بێمەعریفەیی بەڕێوەبەرانی ئەو جۆرە لە میدیا، یاخود بازاڕگەرمییەکی قێزەون کە لەسەر حسابی هۆشیاری خەڵک و لەژێر چەتری ئازادی و سەربخۆییدا پەیڕەوی دەکەن.
ماڵپەڕی " ئێن ئاڕ تی " و " لڤین پرێس" بەشی شێریان بەردەکەوێت لە قوتکردنەوەی ئەم دیاردەیەدا. ئەگەر سەیرێکی گۆشەی بیروڕای ماڵپەڕەکانیان بکەیت کۆمەلێک کەللە دەبینیت کە وێنەی ڕۆژانەی ناو تیڤی و ڕۆژنامە و سایت و پێگەکانی فەیسبوک ن.
ئاخر عەیبە بڵاوکردنەوەی دوسێ دێڕی سەلام عەبدوڵای سەرنوسەری رۆژنامەی خەبات. لەکاتێکدا ڕۆژی پێشتر لە خەباتدا بڵاویکردۆتەوە و زۆرترین خەڵک بینیویەتی. پاشان ئەو جۆرە کەسانە دەستیان بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە و لەهەر شوێنێک بیانەوێت بیروراکانی خۆیان دەگەیەنن. جگە لەو چاوشۆڕییەی خۆی و دەسگاکەی کە چۆن لە ئاست تاوانەکانی پارتەکەیدا کوێرایی داهاتوە. یان بۆڵە بۆڵی نێوان عەلی باپیر و ئاری هەرسین.. تو ویژدانتان ئەوە قابیلی بڵاوکردنەوەیە؟ ئەو هەمووموجامەلە و یەکتر ماکیاجکردن و بێتامییە هی ئەوەیە پیشانی منێکی توڕەی بێتاقەت و بێ هیوا لەو سیاسیە ........ ی بدرێت؟ سۆران عومەر دەردی حەمە سەحید حەسەن ووتی " بە دوو ئەبرۆی پەیوەستەوە" دە ماڵپەڕ و سەتەلایتێک ودوسێ ڕۆژنامەی بەدەستەوەیە و بایان ئەدات، کەچی هاوڵاتی و ئێن ئار تی و لڤین و کوێ و کوێ بون بە شوێنی تەخشان و پەخشانی نوسینە ڕۆتینی و بێتامەکانی.
ئەی قسە بێماناکانی کاک ئومێد خۆشناو، یان وتاری ئەمیندارە کۆنەکەی یەکگرتوو، یان مەکتەب سیاسییە تۆراوەکە، قسە سەر ئێشێنەکانی کاک دانای سەعید سۆفی و هاوپیشە و هاوپارتەکەی سۆزانی خاڵە شەهاب کە دەبینین لەولاوە حیزبەکەیان بوە بە ساباتی پیاوکوژانی حەڤدەی شوبات و ڕۆژانی دوایی. لەگەڵ دەیان تڕوهاتی تر کە تەنها خزمەت بە ڕەوشێکی شکستخواردو و مرداربوەوەی سیاسی لە کوردستاندا دەکات ؟؟؟
بەڵام لەپاڵ ئەماندەدا سەدان نوسین و بیر و هزری نوێی دەیان گەنجی خەمخۆر و خاوەن پڕۆژە و ئەکادیمی و بەتوانا لە ماڵپەڕێکدا یان لە گۆشەیەکی ئەو بەحری فەیسبوکەدا تێدەپەڕێت بەبێ ئەوەی لە دەستیان بێت لە دوریشەوە بە بچوکیش ئاماژەیەکیان پێ بدەن. وتارێکی " کامیار سابیر" کە باسی لە هەردو کۆمپانیای زەبەلاح و بێ مۆراڵ " ئاسیاسێل و کۆڕەک تیلیکۆم" کە چۆن ڕووتکردنەوەیەکی قێزەون بەکاردەبەن لە دادۆشینی گیرفانی تاکی کورددا. پیاوێک یان ژنێکیان نەبوو ئەوەندە غیرەت بکەن بڵاوی بکەنەوە و هاونیشتیمانیەکانیان سودمەند بن لەو زانیارییانەی کە بەڕاستی پێویستە خەڵک پێی بزانن.
ئەوەی جێگای داخە ئەم دەسگا هەواڵی و ڕۆژنامەوانیانە خۆیان بە ئازاد و سەربەخۆ و بوێر و ڕاستگۆ و خێرا و یەک دنیا نازناوی قەبە و بێ ناوەڕۆک لەقەڵەم دەدەن، خۆیان بە خودانی زەردەشت و سۆران و ڕاپەڕین و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان دەزانن. خۆیان بە دەمڕاستی گەنجانی توڕە و مافخوراو خەڵکی خاوەن داخوازی پیشاندەدەن.
من منەتم بە هیچ کام لەوانە نیە بابەتەکانم بڵاو بکەنەوە و بەدوای جێگەدا ناگەڕێم، نە زمانەکەی من لە ئاستی شەرمنی ئەواندایە و نە بوێرییەکەی ئەوان ئەوەیە. ئەوان ئەوەندە ئازا نین ڕستەیەک یان ناویشم لەلای خۆیان پیشان بدەن. وایە داوام لێکردون و بابەتیشیان بڵاوکردومەتەوە، بەڵام ئەو بابەتانەی بۆ ئەوانم ناردوە ئەوەندە پێیدا چومەتەوە و دوایی شەرمم لە ساردوسڕی و بێتامیەکەی کردوە. ماڵی خودانی ئەم فەیسبوکە ئاوا بێت ئێستا خەڵکی ئازادیخواز دەتوانێت بەهەر شێوەیەک بیەوێت تەعبیر لە بۆجونەکانی خۆی بکات و بەبێ سانسۆر کە ئەوان ناویان لیناوە " یاسا، ڕێز، ئەتەکیەت" بڵاو بکەنەوە. من ئەم نوسینەم بەم زمانە شڕە نوسیوە چونکە کەسێک نیە داوام لێبکات زمانی توندم شل بکەمەوە و بێڕێزی نەکەم و ئەوان ڕوبەڕوی یاسا نەکەمەوە. هەرچەندە حەزم ئەکرد لە میمبەرێکەوە بۆ خەڵک باسم لە ........ ئەوان بکردایە و زۆرترین گەنجم بە دەستی ئەوان لە شکستەکاندا، لە گیرخواردنی ئەم ماشێنی قەیرانانەدا، لە بێ هەواسی ئەو گەنجەدا کە ئەمان دەیانەوێت دروستی بکەن ئاشنا بکردایە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە