قسەکردن لە گەڵ پیاوی ترسەنۆکدا بێڕێزی بەدواوەیە

Thursday, 14/08/2014, 12:00

4438 بینراوە





جنێو دەربڕینێکی نەشیاوە، کە لە لایەن مڕۆڤەوە لەسەر هەڵسووکەوتێکی خراپ وناپەسەند بە کەسی بەرانبەر دەدرێت یان هەندێک جار لەبەر خۆبەکەمزانین و دواکەوتووی کەسێکەوە و لەڕێگای دەربڕینی چەند وشەیەکی خراپەوە دەگووترێ یان هەندێک جار دەبێتە هۆی بەڕەقی وڵامدانەوەی بەڕانبەر و هەندێ جاریش بۆ بریندارکردنی کەسێک بەکاردەهێنرێ و زۆربەی کاتیش بەو زمانە بازاڕییەی کە پەیوەندی بە مووڕال و شتە جنسیەکانەوە هەیە، وەکوو باوەشی مرۆڤ و ئەو ئەندامانەی کاری ئامێزبوونی جنسی پێ ئەنجام دەدری، بەکاردێت و لە لایەن هەندێ کەسی لابەلا و بێ شەرمەوە کە خاوەنی هیچ مۆڕالێک نیین، دەگووترێ و تووڕەیی خۆیانی پێ دادەمرکێننەوە و ئاسانترین ڕێگایە بۆ خەڵکی ترسنۆک و بێ دەسەڵاتیش، هەتاوەکوو بێدەسەڵاتی خۆیانی پێ بشارنەوە.
بۆ دوورکەوتنەوە و سەرزەنشتکردنی دەمپیسی و جنێودان هەر ئەوەندە بەسە، کە مرۆڤ خۆی لەو جۆرە دەستەواژانە بەدووربگرێ، لەبەرئەوەی مرۆڤی ڕەوشت بەرز و خاوەن موڕاڵ ڕێگە بە خۆی نادات بکەوێتە باروودۆخێکەوە، کە ئەو جۆرە زمانە ناشیرینەی تێدا بەکار بهێنرێت یان ئەگەرکاتێک شتێکی لەوجۆرە هاتە پێشەوە، ئەوا بە تانەیەکی واتادار و پێکەنیناوی بەلایدا تیدەپەڕێ..!
لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێمەدا جنێودان بەوجۆرەی سەردەمەکانی زوو باوی نەماوە و زۆر کەمتربووەتەوە، بەڵام بە قەد بارستایی ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگا بەردەوامە و ڕۆژانە لەملاو لەولا گوێبیستی دەبین، ئیتر لە کاتی لێخوڕیینی ئۆتمۆبیلدا بێت یان ورتە و بۆڵەبۆڵێکی خەڵکی ئاسایی ناو بازار، بەڵام زۆر بە داخەوە ئەم دیاردەیە زیاتر لە ناو توێژی بەناو سەرکردە و پێشڕەوی وڵاتەکەماندا زۆر باوە و بە زەقی هەستی پێ دەکرێ، نمونەش ئەو جنێوانەی لەم ڕۆژانەدا مەحمود سەنگاوی لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا لەگەڵ ڕادیویی سلێمانی ئەنجامی دابوو و زۆر بێشەرمانە جنێو بەو خەڵکە دەدات کە ڕەخنەیان لێ گرتووە، کە لە کاتی شەڕەکاندا لەوێ نەبووە و خۆی شاردوەتەوە، یان بەهەمان شێوە چەند ساڵێک لەمەوپێش هەر بەو زمانەی کە خۆودی مەحمووی پێی گەورەبووە و بەهەمان شێوەی سکرتێری حیزبەکەی لەگەڵیدا هەلسووکەوتی کردووە، لە تۆمارێکی دەنگیدا جنێو بە شەهیدی جەوامێر و هەمیشە زیندوو کاوە گەرمیانی دەدات. من گلەیی لە مەحموو ناکەم چوونکە خۆی لە ناو ئەو کەش و هەوایەدا پەروەردە بووە کە ئێستا لەخۆیدا رەنگی داوەتەوە و هەر هەمان کەشو هاوایە، کە سەرۆکی حزبەکەی تێدا پەروەردە بووە..!
کاتی خۆی لە ساڵی شەستەکاندا جەلال تاڵەبانی و عەلی عەبدوڵا و برایم ئەحمەد و چەند کەسێکی دیکە لە ئەشکەوتێکدا لە لایەن مستەفا بارزانییەوە دەسبەسەر دەکرێن، هەمویان عەلی عەبدوڵا ڕادەسپێرن کە بچێ بۆ لای مستەفا بارزانی بۆئەوەی ئیجازەیان پێبدات، هەتاوەکوو لە ڕۆژی جەژندا بتوانن ژن و منداڵەکانیان ببینن، لە وڵامدا بارزانی پێیان دەڵێت، ناهێلم بڕۆنەوە بۆ لای ژنەکانیان بۆ ئەوەی ژنەکانیان (هین) ببن، ئەمە وتەی سەرۆکێکە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان دەوریان هەبووە لە پێگەیاندنی پارتی و بارزانیدا.
ئەوەش وتەی تاڵەبانییە، کە دەیگووت ئەوەی ڕەخنەم لێ بگرێ وەکوو ئەوە وایە سەگ بە مانگەشەو بوەڕێ، کاتێک کە تاڵەبانی لە بەغداد بوو و ڕۆژنامەوانەکان هجومیان دەبرد بۆ زانینی هەواڵەکان لە کۆشکی کۆماری لە ناوچەی سەوز، تاڵەبانی بەسەر پاسەوانەکانیدا هاواری دەکرد و دەیگووت ئەم (هینانە) دەرکەنەدەرەوە. ئەی هەر لەم ماوەیەی پێشووشدا کە بەرهەم ساڵح کێشەی چاکسازی و تاکڕەوی لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانیدا هەبوو، هێرۆ ژنی تاڵەبانی جنێوی بە دایکی بەرهەم نەدابوو و گووتبووی کوڕەکەی رووناکە (هی). ئەی هەر جەلال تاڵەبانی نەبوو هەموو جۆرە ناو ناتۆرەیەکی ناشیرینی دوای کوڕە قارەمانەکان و ئەو فەرماندە دڵسۆزانەی سەردەمی شاخ دەخست، لەبەر ئەوەی لە شۆڕشگێڕی و کوردایەتیدا زۆر لە خۆی مەردتربوون، ئەی هەر شێخ جئفەرەکەی هاورێ مەحموو نەبوو بە جنێو هەڕەشەی لە نەبەز گۆران دەکرد،هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەدی برای هێرۆ جنێوی هەڕەشەئامێزی لە نەبەز گۆران نەکرد، ئەمانە هەر هەمووی مشتێکە لە خەرمان و پێم عیبە بچمە ناو وردەکاری ئەو دەم پیسیی و زەلکاوەی ئێوەی بەناو سەرکردە تێدادەژین. دەبوایە ئێوەی بەناو پێشڕەوی کوردایەتی و ئەندامی سەرکردایەتی پارتێکی سەرەکی وڵات و ئەندامی حزبێکی بەناو سۆشیال دیموکڕات بە درووستکردنی دۆخێکی کلتووری و بۆ بەئاگا هێنانەوەی کۆمەڵگا کوردی و سڕینەوەی ئاسەواری بەعس، لەڕێگای ئەو کەسانەی کە جێگای متمانە و باوەڕپێکراوی خەڵکن ئەو ڕاستییەتان بە کۆمەڵگا بگەیاندایە کە مرۆڤ زۆر لەوە بەرزترە کە بە چەند وشەیەکی ناشیرین و بازاڕیی بریندار بکرێ، بەڵام دەیبینین ئێوەی هیچ لەباردا نەبوو نەک ئەو ئاسەوارەی بەعستان نەسڕیوەتەوە بەڵکوو ئێستا خۆتان بوون بە باشترین مامۆستای جنێو و بێڕێزیکردن بە تاکی مرۆڤی کورد و لە ئاستی بێگانشدا ترسەنۆک و تڕۆن.
سەرکردە و پیاوە گەورەکانی دنیا لە کاتی ئاخەوتندا لە گەڵ خەڵکدا، نەک قسەیان بە خەڵک نەوتووە بەڵکوو بە شێوەیەکی ئەوەندە جوان لەگەڵ جەماوەرەکەیان قسەیان کردووە، تەنانەت نەیانهێشتووە بۆنی دەمپیسیان لێ بێت و لە هونەری ئاخەوتندا وا شارەزایانە قسەیان کردووە توانیویانە دڵی جەماوەرەکەیان ڕازیبکەن و بەدەستی بهێنن..! لەبەر ئەوە من ئامۆژگاری هەر هەموو ڕۆژنامە و ڕادیو تەلەفزیۆنەکانی میدیای ئازاد دەکەم بە هیچ شێوەیەک گفتووگۆ لە گەڵ مەحمود سەنگاوی و کەسانی ئاوا بچووکدا نەکەن، چوونکە قسەکردن لەگەڵ پیاوی بچووک و ترسەنۆکدا بێڕێزی بەدواوەیە..!


سه‌ری ئه‌م ‌لینکه‌ بکه‌ن و بزانن مه‌حموود سه‌نگاوی چۆن ده‌دوێت :

http://www.lvinpress.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=8750&Jor=1


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە