لە پەرۆشنامەکەیدا مەلا بەختیار چیمان پێ دەڵێت؟

Friday, 15/06/2012, 12:00

2110 بینراوە


کوردستانی نوێ کاتێک پەرۆشنامکەیان بڵاو کردۆتەوە دەڵێن، سەرنج: ئەمە ڕاو بۆچونی بەڕێز مەلابەختیارە !
http://www.knwe.org/Direje.aspx?Jimare=10732&Cor=7&Besh=Araste
لێرەوە ئیتر دەبێ بزانین داخۆ مەلابەختیار بەدوای چییەوەیە؟
کاتێک خەڵکی ڕاپەڕیوی لیبیا قەزافیان گرت و لەدیمەنێکی سەیردا قەزافیان کوشت، مەلابەختیار ووتارێکی نوسی تێدا باسی لەکوشتنەکەی قەزافی کردبوو ووتبووی ئەمە (زادەی چ کەلتورێکە) هەر زوو من بە وتارێک وەڵامی مەلابەختیارم دایەوە
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=44b7db86
مەلا بەختیار لەوە دەترسێت، کە چارەنووسی خۆشی وەکو قەزافیی و هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌لێبێت که‌میلله‌ت لێیان توره‌ن و خیانه‌تی گه‌وره‌یان به‌رامبه‌ر کردوون! من لەوە گەیشتم کە مەلابەختیار زانیوێتی چیان چاندوە و چۆن بەرووبووم دەدرونەوە، پەرۆشی نامەکەی مەلا بەختیار، جگە لە شۆکێک و ترسێک لە هەرەسی ئەو دەسەڵاتە هیچی تر نییە، ئەو دەزانێت ئەم پینەو پەڕۆکردنە لەگەڵ ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق هیچ نییە تەنها کات بەسەر بردن، جا کێ بێت لەسەر تەختی حاکمی دانیشێت هەمان پەیام و هەمان کرداری هەیە، پەرۆشی نامەکەی بۆ مەسعود بارزانی ماستاوکردن و پاڕانەوەیەکە بۆ ئەوەی ئەو فەزایەی دروستیان کردوە لێان نەشێوێت، لەناو دێڕەکاندا جگە لەماستاو ساردکردنەوە و پیاهەڵدان و ترس هیچی تر نییە،. نەزمانێکی زانستانە و نەسیاسیانەشي، بەڵکو کڕنوشێکە بۆ ئاغایەکی دەبەنگ و ئینکار.
مەلا بەختیارەکان دەزانن چۆن گەلەکەیان بەخوێنێکی زۆر داگیرکەرانیان دەرکردوە، بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانە بەهۆی وەرگرتنی پلە و پایەو دەسەڵاتەوە بێوەفاییانە جوڵاونەتەوە، بەرامبەر قوربانی گەلەکەی خۆیان کە داویانە لەپێناو ئازادیی و سەروەریی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئازادبووندا.
مەلابەختیار تاکە بەرپرسە، کە گەمارۆی خەڵکی بێزاربووی نیشتمان دەبینێت و لەنامە کڕووزانەوەکەشیدا دیارە دەیەوێت بە مەسعود بڵێت، ئامان مەیشێوێنە، ئێمە کە ماوەی ٢٢ساڵە نەمان توانیوە کارەبا، ئاو، ئامان و خۆشیی بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکەین، ئیستا تۆ چیت دەوێت ؟ لەناو پەرۆشنامەکەدا ئاماژە بەو شتانە دەکات کە ئێمە ڕۆژانە لە ووتارەکانماندا باسی دەکەین، باس لەترسی ژوورە داخراوەکان دەکات کە هەر خۆیان ئاوی سازگاری تێدا دەخۆنەوە و ووتارەکانی کوردستانپۆستی تیا تاوتوێ دەکەن و دەتریقێنەوە.
هەرچۆنێک بێت مێژوو کۆتایی نەهاتووە، چونکە مەلا بەختیار پەرۆشنامەکەی ئاواڵاناردووە، بۆ ئەوەی خۆی لەوانی تر جودا بکاتەوە، ئێمەش قسە لەسەر نامە کڕوزانەوەکەی دەکەین. ئێمە نازانین مەسعود چەندە لەم نامەیە دەگات و چەندە بەهەند وەری دەگرێت، چونکە ئەوانیش وێنەیەکی تری مەلا بەختیاریان لایە کە فرانسۆ حەریری پێناسه‌ی کردووه‌. ئەوە ئەو وێنەیەیە که‌له‌زیندانی یه‌کێتییه‌که‌ی خۆی سوکایه‌تی پێکردووه‌، مەلا بەختیاریش زوو زوو ئاگا نامە بۆ، نێچیر دەنێرێ و ئاگانامە بۆ مەسعود ڕەوانە دەکات، زوو زووش دەڵێ من پارتی نەبووم، دەکرێ ڕۆژێک بێم و لەخزمەتی پارتیشدا بم، چونکە گۆڕینی ئایدۆلۆژیا بۆ مەلابەختیار وەک گۆڕینی کراسێک وایە.
لە یەکێتیه‌وە یان چاکترە بڵێم لەکۆمەڵەوه‌ بوونی بۆ ئاش و هه‌واڵدان بۆ ئه‌وه‌ی رابکات و بچێته‌وه‌ باوه‌شی به‌عس و لەدوای بەربوونی بۆ زەحمەتکێشان و دوای گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی، له‌ یه‌کێتییه‌وه‌ بوونی به‌ جه‌لالی، وا دوای نه‌مانی جه‌لایش له‌ ئیستاوه‌ ماستاونامه‌ ده‌نووسێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ نۆکه‌رێکی بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا مسته‌فا وه‌ربگیرێت.
کاتێکیش هەرچی به‌رپرس و پێشمه‌رگه‌یه‌کی کۆنیش هه‌یه‌، که‌ بیرەوەری خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە باسی ئەم پیاوەمان بۆ دەکەن، هەر لە کاک ئاوات قارەمانێیه‌وە، تا سەید کاکە و لەوێشەوە بۆ برایم جەلال و کاک ڕزگار ساڵح، جا کێ نا؟! هەمووی پێمان دەڵێن کاک مەلا بەختیار کەسێک بووە هەمیشە پڕ بووە لەترس، دڵەڕاوکێ و بڕوا نەبوون بە خودی کەسایەتی خۆی، بەدیوێکی تریدا دەزانێت، ئەو برینەی کەوتۆتە جەستەی ئەو ئیدارەیەی، که‌ هەرێمی ناوە، چۆن خەریکە هەموو لەشی دەتەنێتەوەو و بەرەو لێوارەکانی مەرگی دەبات. جێ خۆیەتی بڵێین نە مەسعود بارزانی هی ئەوەیە بەنامەیەکی مەلابەختیار بێتە سەر خەت و نە مەلابەختیار هی ئەوەیە بەنامەیەک زنجیره‌ی مێژووی ئەو هەرەسە بەئاقارێکدا بەرێت. ئەوەی بۆ من جێگەی نیگەرانییە مەلا بەختیارەکان خۆیان بەقوتابی کاک ئارام ناوزەند کردووە و دەیانەویت لە پاڵ ئەو قارەمانانەدا خۆیان حەشار بدەن و درێژە بە دزیی و پاشيڵپیسی خۆیان بدەن، کاتێک مەلا بەختیار بەنەوشیروانی ووت وەرە با لەدیمانەیەکی تەلەفیزۆنیدا گفتوگۆ بکەین، دەزگای ووشه‌ وەڵامی دایەوە ووتی: بۆیە نەوشیروان ئامادە نییە مێزگرد بکات لەگەڵ مەلا بەختیاردا چونکە ناتوانێ هیچ بگۆڕێت، ئەو دەم من ووتم گەر مەلابەختیار یەک تۆز شه‌هامەتی تێدا بێت بۆ هەتا هەتایە واز لەسیاسەت کردن دەهێنێ، هەر خۆشم پاش چەند چرکەیەک بیرم کەوتەوە، جا واز لەسیاسەت چۆن دێنێ ئەو، که‌ کاتی خۆی ئه‌و هەموو سوکایەتییەی وەستا عەبدولی قبوڵ کرد کە تاڵەبانی پێی دەوت جوێنی پێ بدە، جوێن بەڕووناک بدە لای ناخۆشە، که‌چی وازی نەهێنا، دوایی ووتی من سیاسەت دەکەم پیاز پاک ناکەم.
ئیستاش کە باس لەهەرەسی ئەم دەسەڵاتە دەکەم، ڕەنگە لای زۆرکەس ئەم هەرەسە لەدەرەوەی بیریاندا بیت و بەخەیاڵیشیاندا گوزەر نەکات، چونکە دەسەڵات هەموو کەناڵەکانی گرتووە کە خۆی لەئابوریی مێدیایدا دەبینێتەوە. دەسەڵات هێندە قێزەونە دێن و د. هۆرجۆنێک لەنیشتماندا نمایش دەکەن و خۆیانی لەپەنادا دەشارنەوە، لەکاتێکدا درامای گەردەلول نەیتوانی لای خەڵک خۆشەویست بێت، گەرچی بەقارەمانێتی مەلابەختیار دەستی پێکرد، کەچی چونکە درۆبوو لەزهنی خەڵکدا زوو کاڵ بویه‌وه‌ و دەرهێنەر و ئەکتەرەکانیشی تابێت نیشانەی پرسیاریان لەسەر دروست دەکرێت، چونکە جەلیل زەنگەنەکانمان ڕووتکردەوە و دەرمان خستن ئەمانە چۆن خەڵکیان دەکردە تورکمان بۆ سەد دۆلاری ئەمەریکی. مەلابەختیار دەیتوانی ئەم په‌رۆشنامه‌یه‌ی ڕاستەو خۆ بۆ مەسعود بناردایە، یان هەوڵی بدایە جارێکی تر لەژوورە داخراوەکاندا قسەی لەگەڵدا بکردایە، بەڵام مەلامبەختیارەکان کوا دەکارن لە ژوورە داخراوەکاندا لەحزووری تاڵەبانیدا قسەبکەن، جار نییە بەپۆرتی شکاوەوە نەیەنە دەرەوە، کەسێک لەحیمایەکانی ڕۆژێک ووتی مەلابەختیار چاوی پڕببوو لە گریان ووتی خۆزگەم بەوەی نانێکی شەرافەتمەدار دەخوا و کرێکاری دەکات، نەک ئاوا هەموو ڕۆژێک ڕیسوا بکرێت، ئەوە لەکاتێکدا بوە کە مەلابەختیار هێرۆی دیبوو، بەڵام کەسمان نازانین چی ڕووی دابوو.
بۆ کۆتایی ئەم نووسینەش تەنها ئەم دوو دێڕەی کوردستانی نوێ بەسە بۆ ئەوەی پێمان بڵێت کە یەکێتی هەر یەکەیان لەئاوازێک دەخوێنن و هەر یەکەیان چاوەڕێی مەرگی تاڵەبانین تا خۆیان لەجێگەی تر و لە شێوەی تردا نمایش بکەن، وەک ووتمان مێژوو هێشتا کۆتایی نەهاتووە و چاوەڕوانین و پەرۆشی نامەکەش هیچی نوێی تێدا بەدی ناکرێت کە ڕەوڕەوەی مێژوو بگۆڕێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە