سەلەفییە کوردەکان خائین و خۆفرۆشن، لە پارتیی و یەکێتیی مەترسیدارترن


عه‌بدولمسه‌وه‌ر بارزانی‌ : ئازارو ناڕه‌حه‌تی‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ پارتی‌ ئێستاش به‌رده‌وامه‌ دژ به‌ ئه‌ندامانی‌ ب

Tuesday, 06.16.2009, 12:00

1470 بینراوە


سازدانی‌ـ بیلال موحه‌مه‌د: له‌م دیداره‌ی‌ مالپه‌ڕی‌ چاوی‌ خه‌ڵك، د.عه‌بدولمسه‌وه‌ر بارزانی ـ سه‌رۆكی‌ لیستی‌ چاكسازی كوردستان‌،‌ ئاماژه‌ بۆ ئامانجه‌كانی‌ لیسته‌كه‌یان ده‌كات‌و هاوكات ئه‌وه‌ ناشارێته‌وه‌كه‌ دژایه‌تییه‌كی‌ توندیان‌ ده‌كرێت له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌" لایه‌نگرانمان بۆ ئاسایشی‌ پارتی‌ بانگهێشتده‌كرێن‌و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵكده‌كرێت."
ـ چاوی‌ خه‌ڵك: ئایا گه‌نده‌ڵی‌‌و ناشه‌فافی‌ گه‌شتۆته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی‌ كه‌ نێو بنه‌ماڵه‌كان بگرێته‌وه‌و ئێوه‌ ببنه‌ دوه‌م لیستی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانییه‌كان؟

ـ عه‌بدولمسه‌وه‌ر بارزانی‌: به‌داخه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و ناشه‌فافیه‌ت گه‌شتۆته‌ ڕاده‌یه‌ك كه‌ هه‌موو لایه‌نێك ئیعتراف به‌ هه‌بوونی‌ ده‌كه‌ن.ئیتر چاره‌سه‌رێك كه‌ گونجاو بێت بۆی‌ به‌پێی‌ بۆچوونی‌ ئێمه‌ هه‌بونی‌ موماره‌سه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌رێم، ئه‌مه‌ش یارمه‌تییه‌كی‌ گه‌وره‌ ده‌بێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌رێك، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ كه‌ بوبه‌ هانده‌ر بۆمان له‌گه‌ڵ چه‌ند شتێكی‌ تر كه‌ به‌ لیستێكی‌ جیاواز دابه‌زین بۆ دروستكردنی‌ ئه‌م موماره‌سه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ داهاتوودا.

ـ چاوی‌ خه‌ڵك: كاتێ‌ ڕه‌خنه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانی‌ ده‌گیرێت، ئێوه‌ جۆرێك له‌ ئیحراج بوون ده‌تانگرێت، پێتانباشه‌ بوترێت بنه‌ماڵه‌ی‌ مه‌لاموسته‌فا نه‌ك بارزان؟

ـ عه‌بدولمسه‌وه‌ر بارزانی‌: وه‌زیفه‌ی‌ ڕه‌خنه‌گرتنی‌ ئیجابی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رگری‌ له‌ دوباره‌ هه‌ڵه‌گرتن بكات، ئێمه‌ دژ به‌ هیچ كه‌سێك نین، دژ به‌ ڕه‌فتاری‌ ناڕه‌واین، ڕه‌خنه‌كانیشمان له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ بوه‌، ئه‌مه‌ش شتێكی‌ ئاساییه‌.

ـ چاوی‌ خه‌ڵك: لیسته‌كه‌تان (بزووتنه‌وه‌ی‌ چاكسازی‌ كوردستان) ده‌كرێت بپرسین دوای‌ هه‌ڵبژاردن،وه‌ك لیست ده‌مێنێته‌وه‌ یان ده‌بنه‌ حیزب؟

ـ عه‌بدولمسه‌وه‌ر بارزانی‌:ئه‌و خه‌مه‌ ده‌هێڵین بۆ ئه‌و ده‌مه‌!

ـ چاوی‌ خه‌ڵك : تا چه‌ند ده‌نگی‌ ناڕه‌زایی‌ دژی‌ پارتی‌ هه‌یه‌،كه‌ پشتگیری‌ ئێوه‌ بكات به‌ تایبه‌ت له‌ناوچه‌ی‌ بارزان؟
ـ عه‌بدولمسه‌وه‌ر بارزانی‌:بێگومان له‌ ناو پارتی‌ ده‌نگی‌ ناڕه‌زایی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام برایانی‌ ئێمه‌ ده‌بێت واقیعبین بن كه‌ له‌ناو پارتیدا خه‌ڵكانێك هه‌ن به‌ ئابڕومه‌ندانه‌، به‌و په‌ڕی‌ دڵسۆزییه‌وه‌ خزمه‌تی‌ كوردو كوردستانیان كردوه‌، به‌ڵام ئێستا هیچیان بۆ نه‌ماوه‌، له‌ بارودۆخێكی‌ باشدا نین، ئێمه‌ ئه‌وانه‌ به‌ برای‌ خۆمان ده‌زانین، وه‌ك هه‌موو ئه‌وانی‌ تر كه‌ به‌پاكی‌ خزمه‌تی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ خۆیان كردوه‌.هیوادارین ئه‌وانه‌ پشتگیریمان لێبكه‌ن.بۆ نمونه‌، براده‌رێكم هه‌یه‌ كه‌ ئێستاش پارتییه‌و له‌ ساڵی‌ 1961 بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌، سێ‌ جار برینداربوه‌و جاری‌ سێیه‌م گوله‌‌یه‌ك به‌ر ئه‌ژنۆی‌ كه‌وتوه‌و تا ئێستاش له‌ ئه‌ژنۆیدا ماوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ كاتی‌ خۆی‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌و ێستاش ئه‌ژنۆی‌ ڕه‌ش بوه‌و دوور نیه‌ قاچی‌ ببڕنه‌وه‌.

پرسیار لێره‌دایه‌ بۆ ئه‌م خه‌ڵكه‌ دڵسۆزه‌ یارمه‌تییان نادرێت كه‌چی‌ خه‌ڵكی‌ تر هه‌ن كه‌ تا هه‌نوكه‌ زه‌ره‌رمه‌ندی‌ گه‌وره‌بون بۆ وڵاتی‌ خۆیان، ئێستا زۆر یارمه‌تیان ده‌درێت،ئاخر بۆ وابێت؟

هه‌ر بۆ زانیاریتان هه‌زاران خه‌ڵكی‌ داماوی‌،وه‌ك ئه‌و براده‌ره‌ هه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات له‌بیركراون، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ بیرمان نه‌كردون،،وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی‌ چاكسازی‌ كوردستان ڕێزمان بۆ هه‌موو ئه‌و قوربانیانه‌ هه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان پێشكه‌شیانكرد بۆ به‌دیهێنانی‌ مافه‌ ڕه‌واكانیان،گرنگ ئه‌وه‌یه‌ خزمه‌تكردن به‌ دڵی‌ پاك بوو بۆ وڵات بوبێت.

ـ چاوی‌ خه‌ڵك: به‌هۆی‌ دروستكردنی‌ ئه‌م لیسته‌وه‌، تا چه‌ند تووشی‌ هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی‌ بوون، به‌تایبه‌ت دوای‌ وته‌كه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌ كه‌وتی‌: "ئێمه‌ پارێزگارییمان پێناكرێت به‌رامبه‌ر به‌ڕێزت"؟

ـ عه‌بدولمسه‌وه‌ر بارزانی‌: به‌داخه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ 13/4/2009 ده‌ستیپێكرد، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌گه‌ڵ یاساو بنه‌ما دیموكراتیه‌كان ناگونجێت، وه‌تائێستاش به‌رده‌وامه‌، چونكه‌ ده‌یانه‌وێت به‌زۆر‌ خه‌ڵكانێ‌ كه‌ پشتگیری‌ له‌ لیستی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ چاكسازی‌ كوردستنان ده‌كه‌ن به‌ ڕێگای‌ هه‌ڕه‌شه‌ مه‌جبوریان بكه‌ن هه‌ڵوێستیان بگۆڕن.

هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ڕه‌فتاره‌ نادیموكراتیانه‌ ناسنامه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان خراپ پیشانی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌دات، پرسیارێك ده‌بێت لێره‌ بكرێت، ئایا ئاسایشی‌ پارتی‌ چۆن ناوی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌ستكه‌وتوه‌ كه‌ پشتگیریان بۆ ئێمه‌ واژوكردوه‌ له‌ پارێزگای‌ دهۆك‌وهه‌ولێرو یه‌كه‌ به‌یه‌كه‌ به‌ دوایاندا ده‌نێرن بۆ ئاسایش بۆ سوكایه‌تی‌ پێكردن، هه‌ڕه‌شه‌ لێكردن، ده‌ركردنیان له‌ وه‌زیفه‌كانیان.

ـ چاوی‌ خه‌ڵك: ئه‌وه‌ت وتوه‌ كه‌" ئه‌گه‌ر شتێكم لێبكرێت له‌دوای‌ مردنم 60 لاپه‌ڕه‌م نوسیوه‌ له‌ دوای‌ مردنم بڵاوی‌ بكه‌نه‌وه‌، ئێستا له‌ ئه‌وروپا داتناوه‌، ده‌كرێت له‌ ناوه‌رۆكی‌ ئه‌و نوسراوه‌ تایبه‌ته‌ بپرسین؟

ـ عه‌بدولمسه‌وه‌ر بارزانی‌: ڕاسته‌ ئه‌م نووسراوه‌ هه‌یه‌و له‌ ئه‌وروپایه‌.!

ـ چاوی‌ خه‌ڵك: سه‌رده‌مانێك له‌ كه‌یسی‌ ئه‌نفاله‌كان كارتكردوه‌،به‌ڵام ڕێگریتلێكراوه‌ له‌ ناوهێنانی‌ به‌رزان تكریتی‌،كێن ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌وه‌یان ده‌یویست، مه‌به‌ستیان له‌و داواكاریه‌ چی‌ بوو؟

ـ عه‌بدولمسه‌وه‌ر بارزانی‌: ئه‌گه‌ر بكرێت له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بگوترێت كافیه‌.

ـ چاوی‌ خه‌ڵك: له‌سه‌ر دۆسیه‌ی‌ جاش‌و موسته‌شاره‌كان، چیتكردوه‌ كه‌ ئێستا شانازی‌ پێوه‌ بكه‌یت، به‌تایبه‌ت ئه‌و ده‌مه‌ به‌رپرسیارێتیت هه‌بووه‌؟

ـ عه‌بدولمسه‌وه‌ر بارزانی‌: هه‌ڵوێستمان هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بوه‌ كه‌ ڕاستیه‌كان ئاشكرابكرێت بۆ ڕای‌ گشتی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ڕش‌و سپی‌ له‌ یه‌كدی‌ جودا بكرێنه‌وه‌.

ـ چاوی‌ خه‌ڵك: به‌ بیروڕای‌ ئێوه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ پارتی تووشی‌ ئازارو ناڕه‌حه‌تی‌ زیاتر نابنه‌وه‌؟

ـ عه‌بدولمسه‌وه‌ر بارزانی‌: ئازارو ناڕه‌حه‌تی‌ له‌ ژێر ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ پارتی‌ ئێستاش به‌رده‌وامه‌ دژ به‌ ئه‌ندامانی‌ بزووتنه‌وه‌كه‌مان، ئه‌وجا نازانم له‌ كاتی‌ هه‌ڵبژاردن چیتر ده‌كه‌ن؟

بۆیه‌ هه‌موو جار داوامانكردوه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ بێلایه‌ن له‌وڵاته‌ دیموكراته‌كان به‌شداری‌ له‌ چاودێری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن هه‌تا زۆرتریش بن باشتره‌.

ـ چاوی‌ خه‌ڵك: به‌ده‌ر له‌ ڕێگه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌و ترساندن، پارتی‌، یان هیچ لایه‌نێكی‌ تر داوای‌ لێنه‌كردون، واز له‌ دروستكردنی‌ لیست بهێنن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان؟

ـ عه‌بدولمسه‌وه‌ر بارزانی‌: هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ست له‌ هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ واز له‌ به‌شداریكردن بهێنین به‌ لیستێكی‌ سه‌ربه‌خۆ، ئه‌مه‌ هیچ گومانی‌ تێدا نیه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ 23/3/2009 له‌ چاوپێكه‌وتنێكی‌ ته‌له‌فزیۆنیدا به‌ ئاشكرا،وتمان"كه‌ پاشه‌كشه‌ ناكه‌ین."

ـ چاوی‌ خه‌ڵك: سیاسه‌تی‌ ئاڵوگۆڕ، مۆنۆپۆڵكردنی‌ ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانیه‌وه‌ تا چه‌ند ڕووی‌ ئه‌و دیموكراسیه‌ی‌ جوان كردوه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ده‌كه‌ن؟

ـ عه‌بدولمسه‌وه‌ر بارزانی‌: ئاڵو گۆڕی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌بێت به‌چی‌؟ به‌ بۆچونی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ چاكسازی‌ كوردستان ده‌بێت دیموكراسیانه‌بێت، واته‌ میلله‌ت وه‌ك سه‌رچاوه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ڕاسته‌قینه‌ بێت، ته‌نها لایه‌نێك كه‌ بڕیاری‌ له‌سه‌ر ده‌دات هه‌ر چوار ساڵ جارێك به‌ ڕێگای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئازاد(واته‌: به‌بێ‌ هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌و به‌ شێوه‌ی‌ دیموكراسی‌) خه‌ڵكانی‌ دیكه‌ چی‌ بۆچونیان هه‌یه‌ خۆیان بڕیار بده‌ن نه‌ك ئێمه‌.

ـ چاوی‌ خه‌ڵك :،وه‌ك شاره‌زایه‌ك له‌ بواری‌ مێژوو سیاسه‌ت، چۆن ده‌ڕوانیته‌ سیاسه‌تی‌ سه‌ركرده‌ كورده‌كان له‌ ڕووی‌ سازشكردن، ته‌نازولات له‌ مافه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد؟

ـ عه‌بدولمسه‌وه‌ر بارزانی‌: ناكۆكی‌ له‌ناو لایه‌نه‌ كورده‌كان كه‌ زۆرجار بووه‌ته‌ شه‌ڕو ئاژاوه‌ كه‌ ئێمه‌ هیچ كات به‌شداریمان تێدا نه‌كردوه‌، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ بۆ مه‌به‌ستی‌ بردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و شه‌ڕانه‌ هه‌ندێ‌ لایه‌نی‌ تر هانبدات ته‌نازولاتی‌ زۆر بكات بۆ لایه‌نه‌ بێگانه‌كان، یان هه‌ر پڕوپاگه‌نده‌ چه‌ند داواكارییه‌ك ده‌نووسن كه‌ زیاده‌ڕۆیی‌ بوو له‌كاتی‌ خۆیدا، هه‌ر بۆئه‌وه‌ی‌ لایه‌ك لایه‌كه‌ی‌ تر سوك بكات له‌ناو میلله‌تدا، ئه‌مه‌ش سوودی‌ بۆ میلله‌ت نه‌بوه‌و لێره‌شدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌میشه‌ بۆچونی‌ جیاواز هه‌بوه‌و ده‌شبێت، به‌ڵام ناكرێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ده‌ستببرێت بۆ چه‌ك‌و توندوتیژی‌. دیموكراسی‌ باشترین ڕێگه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ گرفته‌كان، ئێمه‌ش وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی‌ چاكسازی‌ هه‌ر به‌دره‌وام ده‌بین به‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌توندوتیژی‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ دروشمی‌ ئێمه‌ (پێنوس، كاغه‌زه‌).

ـ چاوی‌ خه‌ڵك: ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌، پێتوایه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ حیزبه‌ یان بنه‌ماڵه‌ یان سیستمی‌ به‌ڕێوه‌ بردن یان ده‌وروبه‌ر؟

ـ عه‌بدولمسه‌وه‌ر بارزانی‌: ئێمه‌ ده‌بێت دانبه‌وه‌دا بنێین كه‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ هه‌موو دونیادا هه‌بوه‌و به‌رده‌وامیشه‌، به‌ڵام جیاوازی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ شوێنه‌كانی‌ تر چی‌ یه‌؟ له‌لای‌ خۆمان لێپرسینه‌وه‌ نیه‌، بۆ نمونه‌ له‌ به‌غدا ئه‌و شته‌ هه‌یه‌و پێویست ناكات زۆر دوور بۆی‌ بچین.ده‌پرسین بۆ له‌وێ‌ هه‌یه‌و له‌ هه‌ولێر نیه‌؟ كوا لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌.؟

ـ چاوی‌ خه‌ڵك: له‌ لیستی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ چاكسازی‌ تا چه‌ند بنه‌ماڵه‌كه‌تان پشتگیرتان لێده‌كه‌ن؟

ـ عه‌بدولمسه‌وه‌ر بارزانی‌: به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی‌ باش پشتیوانی‌ ده‌كرێت.

ـ چاوی‌ خه‌ڵك : زۆرجار تۆ وه‌ك ڕه‌خنه‌گرێكی‌ چاو نه‌ترس ناوده‌برێیت، به‌نیازیت له‌ داهاتوودا مێژوو خیانه‌تی‌ سه‌ركرده‌كان بنوسیته‌وه‌؟ تا نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ باشتر له‌و مێژووه‌ شاره‌زا بێت؟

ـ عه‌بدولمسه‌وه‌ر بارزانی‌: هه‌ر مێژوونوسێكی‌ دیموكرات ده‌بێت نوسین‌و ویژدانی‌ خۆی‌ به‌كاربهێنێت، ڕاستیه‌كان دیاری‌ بكات، نه‌ك به‌ خۆڕایی‌ دژایه‌تی‌ كه‌سێ‌ بكات یان ماستاوچێتی‌ بكات.

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر