واز لە بەغدا بێن و جیابوونەوە و سەربەخۆیى مانیفێست بكەن..!!

Tuesday, 20/11/2012, 12:00

1538 بینراوە





لەدواى سەردەمى خەلافەتى ئیمامى عەلى-یەوە ئەم وڵاتەى كە ناوى عێراقە گرژى وئاڵۆزى تێكەوتووەو وەكو كۆمەڵگایەكى پڕ لە قەیران و ئیشكالییەت خۆى مانیفێست كردووەو واى نیشانداوە كە تاكى عێراقى تاكێكى سیخناخ لە گرێ و گرێكوێرەیە چونكە كۆمەڵگایەكى هەمەچەشنەو فرە نەتەوەو ئیتنییەو زەمینەى پێكەوەژیانیش تیایدا نەخەمڵییوە و گووتارە ئاینییە سەردەستەكانیش نەیانتوانیووە كە فەرهەنگى لێبووردەیى و بەخشندەیى و پێكەوەژیانى ئاشتییانە لەناو ناخى تاك و خێزانى كۆمەڵگاى عێراقیدا بەشێوەیەكى سیستماتیكیانەو بە زەبرى سەروەرى یاسایەكى مەدەنییانە فەراهەم بكات، بە پێچەوانەوە یاسایەكەى حامورابى یاسایەكى سیخناخ لە توندوتیژى و هەڕەشە ئامێزە لە هەمبەر بە مەدەنیكردنى یاساى دارستانەكاندا كە سەدان سەدەیە پیادە دەكرێت و هەبوونى ئەو یاسا توندوتیژەیە كە عەقڵییەت و هزرى ئیدارە پێدان و حوكمڕانى بۆ سەركردەكانى ئەم عێراقە دەستەبەر كردووە.
بۆیە ژیان قورس و تاقەت پڕوكێن دەبێت لە كۆمەڵگایەكى وەكو ئەم كۆمەڵگا داخراو و سوننەتى و چەقبەستووە فرە ئیتنییە پەڕگیرەدا كە یاسایەكى مەدەنى نایبات بەڕێوەو كەسانى دیمۆكراسیخواز و ئاشتیخوازى مەدەنى حوكمى ناكەن وەكو چۆن عەلى وەردى- كۆمەڵناسیى گەورەى عێراقى- چەندینجار ئاماژەى پێداوە.
هەربۆیەش دەبوایە ئێمەى كورد دواى مێژوویەكى دوورودرێژ لە كوشتارو ئەنفال و گۆڕى بەكۆمەڵى دەست حوكمە یەك لە دوا یەكەكانى حكومەتى عێراق، پاش راپەڕینە مەزنەكەى خەڵكى كوردستان و پاش رزگاركردنى عێراق لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە، هەروەها ئازادكردنى كوردستانى باشوور و راماڵینى رژێمى دیكتاتۆریى سەدام و گەڕانەوەى خاكى كوردستان تاوەكو چیاكانى حەمرین، دەبوایە سەربەخۆیى ئەم پارچەیەمان رابگەیەنایەو ئەمێستاكە ئێمەش وەكو باشوورى سودان و ئەلبانیاو چیاى رەش (مۆنتینێگرۆ) و تەیمورى رۆژەڵات، نەتەوە یەكگرتووەكانیش بە دەوڵەتبوونى ئەم بەشەى كوردستانى رادەگەیاند چونكە هەر ئەوەش داخوازى هەموو خەڵك بوو..
ئەوەى ئەمڕۆش روو دەدات و ئاگرو بەنزین چوونەتەوە بەرامبەر بەیەك لە نزیك دووزخورماتوودا، بەرهەمى ئەو سیاسەتە تەوافوقییە پڕ لە ئیشكالییەتەیە كە بەرپرسانى كورد پیادەى دەكەن و چوون خەمى كورسى و پارەو بودجەیان بە شەڕە دەنووك و بە دەستوورێكى چەواشە بۆ مەیسەر كردین، لەجیاتى خەم و همومى راستەقینە بۆ گەڕانەوەى خاك و شارو گوندەكانى كوردستان كە بە درێژایى مێژوو، حوكمڕانەكانى بەغدا لێیان دابڕیووین و جوگرافیاى ئەم كوردستانەیان بە سەرە قەڵەمێك بۆ گۆڕیووین.
ئەمڕۆش چارەسەر ئەوە نییە كە پێشمەرگەى ماندوونەناس و عەتاد و چەك و تەقەمەنى بنێرین بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان و بەرامبەر بە عەقڵییەتى شەڕانگێزیى مالكى و شیعە چەقبەستووەكان (نەك هەموویان!)بجەنگین ، دەبێت دیالۆگ و دیالۆگ ، نەرمى نواندن تا ئەو چركەساتە بەكار بهێنرێت كە ئیدى رێگایەكى بنبەستمان دێتە پێش و دەبێت ئێمە لەو حكومەتە تاكڕەوەى بەغدا بكشێینەوەو بگەڕێینەوە بۆ لاى خەڵك و داواى جیابوونەوە بكەین..
ئەوەتا زەمینەش خۆشە بۆ ئەوەى لەگەڵ هەردوو بەشى خۆراواو باكوورى كوردستاندا
بكەوینە خەبات و یەك بگرین. ئەمەیە سەعاتى سفر و ئەو رێگا دوورودرێژەى لەبەرمانە بۆ بە دەوڵەتبوونمان دەبێت زۆر كورت بكرێتەوەو لەگەڵ بەهارى عەرەبیدا، دەوڵەتى كوردى مانیفێست بكەین، بەڵام ترسى زۆرم لەوەیە كە ئێمە بەهارى عەرەبیش بكەین بە پاییزى كوردى. بەڵام بێگومان ئەمڕۆ بیستى یازدە هەردوو سەرۆك بارزانى و تاڵەبانى لەسەر ئەوە رێككەوتن كە بەغدا بەجێنەهێڵن و لەگەڵ لایەنە شیعەكاندا ووتووێژ بكەن و درێژە بە سیاسەتى تەوافوق بدەن و ئەوەش ئەزعەفول ئیمانەو سیاسەتێكى چەواشە.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە