رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌فراكسیۆنى یه‌كگرتووى ئیسلامى له‌په‌رله‌مانى كوردستان

Wednesday, 02/12/2009, 12:00

1446 بینراوە


له‌گه‌ڵ بڵاو بوونه‌وه‌ى ئه‌گه‌رى رێكه‌وتنێكى سیاسى له‌نێوان هه‌ندێ له‌پێكهاته‌كانى فراكسیۆنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ، له‌سه‌ر یاسا هه‌مواركراوه‌كه‌ى هه‌ڵبژاردن ، تائێستا مه‌ترسى لاوازكردنى پێگه‌ى سیاسى خه‌ڵكى كوردستان و ، هه‌وڵى كه‌مكردنه‌وه‌ى كورسى نوێنه‌رانى كوردستان له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌رده‌وامه‌ ..

بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌په‌رله‌مانى كوردستان وێڕاى جه‌ختكردنه‌وه‌مان له‌یاداشتنامه‌ى 10/11/2009 كه‌ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانمان كرد ، هه‌روه‌ها ئه‌و یاداشتنامه‌ى كه‌رۆژى 7/11/2009 له‌لایه‌ن سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ى هه‌ردوو كوتله‌ى هاوپه‌یمانى كوردستان و یه‌كگرتووى ئیسلامى كران ، له‌م بۆنه‌یه‌دا ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ ده‌خه‌ینه‌ ڕوو :

یه‌كه‌م: پێویسته‌ هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌كان ڕێز له‌ڕاو سه‌رنجى په‌رله‌مانى كوردستان وه‌ك مه‌رجه‌عى سیاسى خه‌ڵكى كوردستان بگرن و ، تێبینى یه‌كانى له‌سه‌ر یاساى هه‌ڵبژاردن له‌هه‌ر دانوستانێكدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان به‌هه‌ند بگرن .

دووه‌م : داواده‌كه‌ین نوێنه‌رانى كوردستان له‌هه‌ردوو كوتله‌ى هاوپه‌یمانى و یه‌كگرتوو له‌به‌غدا پێداگرى بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و خاڵ و بڕگانه‌ى كه‌هاوسه‌نگى ودادپه‌روه‌رى ده‌پارێزن و ، به‌رامبه‌ر هیچ مافێكى خه‌ڵكى كوردستان و به‌شه‌ كورسى پارێزگاكانى هه‌رێم هیچ سازش و موساوه‌مه‌یه‌ك نه‌كه‌ن .

سێیه‌م : داواده‌كه‌ین هیچ بڕگه‌و بڕیارو یاسایه‌ك ده‌رنه‌چێ كه‌له‌به‌ها وگرنگى ماده‌ى 140 ى ده‌ستورى عیراق كه‌م بكاته‌وه‌ و ببێته‌ به‌دیل بۆى، كه‌چاره‌ى گونجاوى بۆكێشه‌ى كه‌ركوك تێدایه‌ .

چواره‌م : هه‌رگۆڕانكاریه‌ك عیراقى نوێ له‌فره‌یى سیاسى و دیموكراسى یه‌ته‌وه‌ به‌ره‌و مه‌ركه‌زیه‌تى به‌هێز به‌رێ و، له‌قورسایى و قه‌باره‌ى سیاسى كوردستان كه‌م بكاته‌وه‌ ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ ، به‌تایبه‌تى له‌گۆڕینى بڕگه‌ى (باقى الاقوى) له‌ (دۆڕاوه‌) وه‌ بۆ (براوه‌) ، كه‌به‌هه‌ نگاوى یه‌كه‌مى ئه‌و گۆڕانكاریه‌ى ده‌زانین ، چونكه‌ گه‌لى كوردستان له‌هاوبه‌شى ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌كاته‌ كه‌مینه‌و پێگه‌ى له‌نه‌خشه‌ى سیاسى عیراقدا لاواز ده‌كات .

به‌هیواى یه‌كهه‌ڵوێستیه‌كى ته‌واو له‌نێوان هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌كان و نوێنه‌رانى خه‌ڵكى كوردستان له‌هه‌ردوو په‌رله‌مانى كوردستان وعیراق.



فراكسیۆنى یه‌گرتووى ئیسلامى كوردستان

له‌په‌رله‌مانى كوردستان

2/12/2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە