بورهان موفتیزادە: "تامن نەهاتم، زۆربەى ئافرەتەكان گۆرانى پیاوەكانیان دەگووتەوە"

Thursday, 11/02/2010, 12:00

2051 بینراوە


زانا دزەیى: زۆر لە گۆرانیبێژە بە تواناكان بە ئاوازەكانى تۆوە دەركەوتوون و بوونە ناو، بەڵام یەكێك لە كارە باشەكانى خۆت كامەیە؟
بورهان موفتیزادە: ئەو ئیشەى كە بۆ دڵخۆش عومەر كردم، یەكێك بوو لە كارە باشەكانى من، دیارە دڵخۆش خان بەو كارەوە ناوبانگى دەركرد، هەڵبەتە منیش زۆر پێى دڵخۆش بووم، بەڵام ئەوانى دیكە كە من كارم بۆیان كردووە، هەموویان ناسراو بوون.
زانا دزەیى: ئەى ئەو كارانەى بۆ ناسراوەكانت كردووە، وەك لەیلا و شەهێن و مەرزییە و ناسر، كامەیان جێى سەرنجى تۆن و لات خۆشەویستن؟
بورهان موفتیزادە: كارە باشەكانى من بۆ ئەو گۆرانیبێژانەى تۆ ناوت هێناون، بۆ نموونە گۆرانى (شەش پەپوولە)ى مەرزییە فەریقى، هەروەها گۆرانى (لاى لایە) و (ئازیزم بۆچى تۆراوى لە خۆرا)ى لەیلا فەریقى، هەروەها ئەو كارانەى بۆ (چۆپى) كردم، هەموویانم پێى باشن، زۆرى تریش، بەڵام وەك تۆ دەڵێى ئەوانە كارە باشەكانى من بوون. ئێستاش كە هاتوومەتەوە كوردستان هەندێ پڕۆژەم بەدەستەوەیە ئینشاڵڵا بتوانم جێبەجێیان بكەم.
زانا دزەیى: لەیلا فەریقى بە دوو گۆرانى تۆوە زۆر بە باشى دەركەوت، بەڵام (ئەما نوێل) خۆى بە خاوەنى لەیلا فەریقى دەزانێ و لە دیمانەیەكیدا دەڵێ "من لەیلا فەریقیم دروستكرد". زۆریش تریش خۆیان بە خاوەنى دەزانن، تۆش خۆت ناكەى بە خاوەنى؟
بورهان موفتیزادە: نەخێر من خۆم ناكەم بە خاوەنى لەیلا فەریقى، من قەد ناڵێم هیچ كەسێكم دروست كردووە، بۆ هەركەسێك پێویستە توانا و قابیلیەتى ئەوەى هەبێ بتوانێ دروست بێ، ئەو دروست بوونە دەبێ لە شەخسەكە خۆیدا بێ، بەڵام ئێمە وەك هاندەر پێویستین، دیارە ئەو كارەى من دەیكەم بە بوونى گۆرانیبێژێكى بە هێز ئیشەكەى منیش سەرهەڵدەدا. من چەند ئیشێكم بۆ لەیلا فەریقى كرد، ئیشەكان سەركەوتنى هێنا، وەك گۆرانى (زیندووم كەوە)، (لێم گەڕێ بادڵم بگرى)، (ئەى براكەم)، لەیلا فەریقى خۆى هونەرمەندێكى بە توانا و بە قابیلیەتە، ئەو كە سەرى هەڵداوە بە بڕواى خۆى توانى خۆى دروست بكات.
زانا دزەیى: لە بارەى دوا ئەلبوومى لەیلا فەریقى رات چییە، كاتێك دەبینین ستایلى گۆرانى گوتنى خۆى گۆڕى، رەخنەیەكى زۆریشى لێ گیردرا؟
بورهان موفتیزادە: وەڵڵا بڵێم چى، زۆر شت گوتراوە لە بارەى ئەو كارانەى بەمدووایە لەیلا كردى، بەڵام لێرەدا زەوق و سەلیقەى لەیلاش دێتە پێشەوە. من بە روحیەتى ئەو هونەرمەندە ئاشنام، لەیلا فەریقى كەسێكە حەز دەكات خۆى لە هەموو ستایلەكان بدات، قابیلیەتیشى هەیە، ئەو ئیشەى دوا ئەلبوومى خۆى حەزى كرد بیكات، ئەگەر سەیرى دیمانەكانى بكەى، ئاماژەى بۆئەوە كردبوو، كە حەز لە موزیكى عەرەبى و ئینگلیزى دەكا و لەسەریشى بەردەوام دەبێ، پێش ئەو ئەلبوومەشى كارێكى دیكەیشى عەرەبى كرد، راى منیش بۆ ئەلبومەكەى لەیلا فەریقى ئەوەیە، كە توانى سەركەوتنێكى كاتی بەدەستبهێنێ، لەیلا كاتێك هات لەگەڵ عەلى حەجار گۆرانییەكى عەرەبى خوێند، ئەگەر دیقەتان كردبێ كارێكى زۆر جوان بوو و خەڵكیش پێى خۆش بوو، بۆ ئەوكاتیش یەك، دوو گۆرانیم گوێ لێ بوو راستى منیش حەزم لێى بوو، بەڵام بیرم لەوە نەدەكردەوە دایم لەسەر ئەو ستایلە و شێوازە بمێنێتەوە. لەبەرئەوە جەماعەتێك لە بارەى ناسیۆنالیسى كارەكەیان تاقیكردەوە و گوتیان "نەدەبوو لەیلا لەگەڵ عەرەبێك گۆرانى بخوێنێ، ئەى بۆ گۆرانیبێژێكى عەرەب نەهاتووە كوردى بخوێنێ". من بۆخۆم لەگەڵ ئەو رایەدا نیم، بەڵام كاتێك لەیلا گوتى لەسەر ئەو ستایلە بەردەوام دەبم، لەوەوە خەڵك وایانزانى ئیتر لەیلا فەریقى تەواو و بووبەعەرەبى و دەستى لێ هەڵگرن، بەڵام وانەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا من دەمزانى لەیلا خەریكى گۆرانییەكى ئینگلیزییە و ئینگلیزیش دەخوێنێ، ئەوە هەوڵدانە و زۆریش باشە.
زانا دزەیى: بە بڕواى تۆ ئەگەر بەردەوام بوو لەسەر ئەو ستایلە، لەیلا بەرەو نەجمى زیاتر دەبات، یان نزمتر؟
بورهان موفتیزادە: ئەگەر لەیلا فەریقى بیەوێ دایمەن لەسەر ئەو ستایلە بڕوات، سەركەوتن ناهێنێ و خەڵكیش لێى دووردەكەونەوە، كە من بۆخۆم وانابینم لەیلا بیرێكى ئاواى هەبێ، چونكە ئەو دایمەن لە كۆنتاكدا بووە لەگەڵ ئاوازدانەران و كەسانى مۆیسقى و هونەرمەندان، بۆئەوەى هەوڵبدات كارى باشتر بكات.
زانا دزەیى: زۆربەى ئاوازەكانت داوە بە گۆرانیبێژە ئافرەتەكان، بۆچى؟ ئەى پیاوەكان؟
بورهان موفتیزادە: راست دەكەى، ئەوە پرسیارێكى جوانە، تائێستا كەس ئەو پرسیارەى لێم نەكردووە، بەڵام هۆى ئەوە بوو، كە من ئافرەتەكانم دەبینى، بە تایبەت بە رەحمەتبێ مەرزییە فەریقى دادەنیشتم و قسەمان دەكرد، دەیگووت من زۆر پێم ناخۆشە دەبینم ئەو ئافرەتانەى تائێستاش گۆرانیان گوتووە هاتوون گۆرانى پیاوەكانیان گوتووەتەوە، گۆرانى پیاوانە دەڵێن، بۆ نموونە مەرزییە فەریقى بە گۆرانییەكانى كاك ناسر دەستى بە گۆرانى گووتن كرد، ئەوە زیاتر هانى دام، كە دانیشم ئیش بۆ ئافرەت بكەم، ئەوكات تەنیا من بووم ئەوەم دەكرد و بۆ ئەوكاتیش زۆر پێویست بوو، بەڵام ئێستا لە خوا بەزیاد بێ ئاوازدانەرەكان زیاتر ئاوازەكانیان دەدەن بە ئافرەتەكان.
زانا دزەیى: دەڵێن بورهان موفتیزادە ئاواز بە پارەى زۆر دەداتە گۆرانیبێژان؟
بورهان موفتیزادە: نەوەڵڵا قەد شتى وانەبووە، بەڵام تۆ كە ئیشێك دەكەى و خۆت بایەخى بۆ دانەنێى بەرامبەرەكەشت بایەخى نازانێ، لەگەڵ ئەوەشدا حەقى خۆمە ئەگەر داواى پارەش بكەم، چونكە ئەوەى من دەیكەم پیشەیە.
زانا دزەیى: تائێستا زۆرترین پارەت لە كامە ئاوازى خۆتدا وەرگرتووە؟
بورهان موفتیزادە: ئاخر من قەد نەمگوتووە بە گۆرانیبێژێك ئەوەندە پارەم دەوێ، من فیكسێك دادەنێم بۆ كارەكانى خۆم. هەڵبەت زۆر سوپاسى هونەرمەندەكان دەكەم، كە ئەگەر ئاوازەكەم زۆر سەركەوتن بهێنێ، ئەوكاتە خۆیان دواى هەموو شتێك پارەى زیاتر دەدەن بەمن، شوكر تائێستا كارەكانم سەركەوتنیان هێناوە. یەكێك لەوانە كە رێز و ئیحترامم بۆى هەیە، ئەویش شەهێن تالەبانییە، كارم بۆیكردووە بە بڕە پارەیەك، دواى ئەوەى كارەكە سەركەوتنى هێناوە، چوار بەرامبەر ئەو بڕە پارەى من داوامكرووە داویەتى بەمن، هەروەها چۆپى فەتاحیش وابووە، سوپاسى دەكەم. بەڵام شەهێن تالەبانى زیاتر پارەى داوە، ئەوە حەقیقەتە.
زانا دزەیى: بۆچى هەوڵتنەداوە بە شێوەى پڕۆژە لەگەڵ گۆرانیبێژەكان كار بكەیت، وەك دروستكردنى ئەلبوومێك تەواوى ئاوازەكانى هى خۆت بن؟
بورهان موفتیزادە: ئەوەیان بە شتێكى باش نازانم، حەز ناكەم دانیشم یەك ئەلبووم بكەم بۆ هونەرمەندێك هەموو ئاوازەكانى هى خۆم بن، ئەوەى تۆ باسى دەكەى زۆر سەختە تۆ بتوانى هەشت، نۆ ئیش بكەى و لە هەموو ئیشەكانیش ستایل و تابعى هونەرمەندەكە بێت و هەمووشى سەركەوتن بهێنێ، من هەندێجار دادەنیشم ئاوازێك دادەنێم بیر لە هیچ هونەرمەندێك ناكامەوە، دواى ئەوەى كە ئاوازەكەم تەواو كرد و بڕیارمدا بڵاوى بكەمەوە، ئینجا بیردەكەمەوە بزانم لەگەڵ دەنگى كام هونەرمەند دەگونجێ. بۆیە من پێم وایە هونەرمەند كاتێك سەركەوتوو دەبێ، كە ئەلبوومەكەى هەمەرەنگ بێت.
زانا دزەیى: بەڵام لە ئەلبوومى شەهێن تالەبانى و لەیلا فەریقیدا نزیك لە حەوت تا هەشت گۆرانى هى تۆ بووینە؟
بورهان موفتیزادە: راستە، بەڵام دیارە ئەو دوو هونەرمەندە شانسیان هێنا، كە ئەلبومەكانیان حەوت تا هەشت گۆرانی هى من بووینە و لە ستایلى خۆشیان بووە. تازە ئەوە رۆشت، هەروەها هونەرمەندیش هەبووە داواى لێم كردووە هەموو گۆرانییەكانى ئەلبوومێكى هى من بێ، بەڵام قەد كارى واناكەم.
زانا دزەیى: لەو شەڕ و ملمڵانێیەى، كە لە نێوان گۆرانیبێژە گەنج و بە تەمەنەكاندا هەیە، پشتگیرى لە كامەیان دەكەى؟
بورهان موفتیزادە: من لەگەڵ ئەوەدام دەبێ گۆڕانكارى بكرێ، چونكە بەهۆى ئینتەرنێت و پێشكەوتنى تەكنەلۆژیا دەتوانى گوێ لە گۆرانییەك بگرى، كە یەك سەعاتە لە ئەمەریكا دەرچووە، جارى واهەیە كوردەكانى ئێرە دێن بۆ ئەوروپا بۆلاى من، باسى گۆرانیبێژ و مۆسیقییەكى ئەوروپى وادەكەن، كە من خۆم لە ئەوروپام و ئەوانە ناناسم. من شتى وادەبینم لە گەنجانى ئێرە، كە باسى شێوازى مۆسیقاى ئەوروپا و گۆرانیبێژەكانى ئەوێ دەكەن، ئەسلەن سەرم سووردەمێنێ، كەواتە تۆ ناتوانى پێش لەو گۆڕانكاریانە بگرێ. بەڵام جەماعەتێك دەڵێن ئەوە كوردى نییە، ئەوەش واقیعیەتێكە، بۆ كوردى نییە؟ لەبەرئەوەى ئەو كەسانەى دێن كۆپى گۆرانى دەكەن، نەیەك و نەدوو و نەپەنجان، لەبەرئەوە تۆ ناتوانى بڵێى ئەوە مۆسیقاى كوردییە، بە بڕواى من دەكرێ چێژ وەرگرى لە مۆسیقاى بێگانە، بەڵام ئەگەر وەك كوردێك بتەوێ داهێنانێك بكەى، ئەوا چێژە كوردییەكەشى دەبێ. لەبەرئەوە بەداخەوە زۆر لەوكارانەى دەیبیستم كۆپییە.
زانا دزەیى: تائێستا چەند ئاوازت بووەتە گۆرانى؟
بورهان موفتیزادە: لەوانەیە پەنجا تاشەست گۆرانیم داناوە، بەڵام دیارە بوارم نەبووە، ئەگەر من لە كوردستان بوومایە بەرهەمەكانم زۆر لەوە زیاتر دەبوون، چونكە ئێرە هەستێك و ئیحاسێكى دیكەیە و باشتر گونجاوە بۆ كاركردن.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە