له‌ دانیشتنه‌کانیاندا سه‌رکرده‌کانی گۆڕان ده‌یانه‌وێت چیمان پێ بڵێن؟

Saturday, 09/07/2011, 12:00

1924 بینراوە


له‌ چاوپیکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (رۆژنامه‌)، کاک قادری حاجی عه‌لیی، که‌ سه‌رکرده‌ و زمانحاڵی دیار و سه‌رۆکی شاندی دانوستانکاری "گۆڕان"ه‌، په‌رده‌ له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵێک نهێنی شاراوه‌ هه‌ڵده‌ماڵێت، به‌ تایبه‌تیی باس له‌وه‌ ده‌کات، که‌ چوار جار له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا کۆبوونه‌ته‌وه‌، تا کۆبوونه‌وه‌ی سێهه‌م، هیچ کام له‌ (مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی) باس و خواسته‌کانیان نه‌دیوه‌.
http://www.sbeiy.com/ku/Inter_Report_Detail.aspx?id=595&cat=2

ئه‌وه‌ی ئه‌م چاوپێککه‌وتنه‌ بخوێنێته‌وه‌، وشیارانه‌ لێکدانه‌وه‌ی بۆ بکات، له‌ مه‌به‌ست و ره‌وشی کۆبوونه‌وه‌کان تێده‌گات، به ‌دیوه‌کی تردا  و ئه‌و نهێنییه‌ی بۆ ئاشکرا ده‌بێت، که‌  ئۆپۆزیسیۆن له‌ سه‌ر چ لایه‌کی به‌ڕه‌ی ته‌نکی دانیشتنه‌که‌ دانیشتووه‌.
دانیشتنه‌کان ته‌نها بۆ کاتکوشتن، فریودان و ده‌مزه‌ردکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی کۆنی که‌سایه‌تییه‌کانه‌،  به‌ بینین و بیستنی ناوی نوێنه‌رانی ده‌سه‌ڵاتیش، ئه‌م پرسیاره‌ ئاڕاسته‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌کرێت، که‌ ئێوه‌ چۆن ئۆپۆزیسیۆنێکن رازی ده‌بن له‌ ئاستێکی نزمدا و له‌گه‌ڵ که‌سانی فایلدار و گه‌نده‌ڵکار و ئاستنزمی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی دانیشتن و دانووساندن ئه‌نجام ده‌ده‌ن؟ له‌ملاشه‌وه‌ دانوسکاره‌که‌تان ده‌ڵێت هیچ کام له‌ (مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی) باس و خواسته‌کانیان نه‌دیوه‌؟
ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێک شاره‌زا بێت له‌ ئه‌زمونی کاری دیبلۆماسیی، سیاسی تاکتیکی دیالۆگ و گفتوگۆ ، ده‌رک به‌وه‌ش ده‌کات، که‌ ئه‌م کۆبوونه‌وانه‌ و که‌سه‌کان، که‌ ده‌سه‌ڵات ناردوونی، به‌ پلان و به‌ ئانقه‌ست هه‌ڵبژێردراون، بۆ ئه‌وه‌یه‌، لایه‌نی به‌رامبه‌ری پێ سووک بکه‌ن وه‌کو خۆیان، له‌ولاشه‌وه‌ به‌ جه‌ماوه‌ری کوردستان بڵێن، گۆڕانیش له‌ ئاستی ئێمه‌دایه‌ بڕوایان پێمه‌که‌ن، متمانه‌یان لێ بسه‌ننه‌وه‌.



بینین و ناوهێنانانی نوێنه‌رانی ده‌سه‌ڵات، گومان له‌سه‌ر جدییه‌تی دانیشتنه‌کانیش ده‌کات، قسه‌کانی قادری حاجی عه‌لی، ئه‌و پرسیاره‌شمان لا دروست ده‌کات، که‌ لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆن به‌بێ ئاگادارکردنه‌وه‌ی  مه‌سعود و جه‌لال، رازیین، به‌ قسه‌ و دانووساندن و هه‌موو ستێکی تر،  ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا هه‌موو ده‌زانن، کۆبوونه‌وه‌کان ئه‌و که‌سانه‌ بڕیاری له‌سه‌ر ناده‌ن، لایه‌نی که‌م  ده‌بوو له‌ دوای هه‌ر کۆبوونه‌وه‌یه‌ک نوێنه‌ره‌کان، سه‌ره‌نجامی گفتوگۆکانیان  بگه‌یاندایه‌ به‌ سه‌ره‌وه‌ی خۆیان، لێره‌دا ده‌پرسین: ئه‌گه‌ر مه‌سعود و جه‌لال ئاگاداریی هیچ نه‌بووبن، که‌وابو دانیشتنه‌کانتان ته‌نها بۆ کاتکوشتن، رابواردن و چا و ئاو خواردنه‌وه‌ بووه‌، بۆ مامه‌ڵه‌کردن و بازرگانییکردن و به‌ڕێکردنی پڕۆژه‌ شه‌خسییه‌کانی خۆتان بووه‌، که‌ من بڕوام به‌مه‌یان زیاتره‌‌، به‌تایبه‌تیی ئه‌گه‌ر ته‌ماشای وێنه‌ی دانیشتنه‌کان بکه‌ین، هه‌ست به‌و په‌یوه‌ندییه‌ قوڵه‌ی نێوانیان ده‌که‌ین، ده‌زانیین، ته‌نها کورد به‌ نێوانیاندا چووه‌، نه‌ک تاڵه‌ مووی په‌یوه‌ندیی و په‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان.



 وه‌ک له‌ وێنه‌کاندا ده‌بینرێت هه‌موو رووخۆش، گه‌رم و گوڕ، ئه‌هل و ئه‌ربابی یه‌کتر، زه‌وقلیی و خۆشمه‌زه‌، ده‌ڵێیت له‌ سه‌یرانن یه‌کتر به‌سه‌ر ده‌کردنه‌وه‌ کۆبوونه‌ته‌وه‌، نه‌ک بۆ سیاسه‌ت و دانووساندن و بڕیارده‌رکردن، ده‌ڵێیت به‌ یادیی ناوزه‌نگه‌وه‌ دانیشتوون یادگاری کۆنی خۆیان بۆ یه‌کتر ده‌گێڕنه‌وه‌، هه‌ست ناکه‌یت تۆزقاڵه‌ ناکۆکییه‌ک له‌ نێوانیاندا هه‌بێت.

ئه‌مانه‌ پێیان وایه‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ هێنده‌ ده‌به‌نگ و که‌مبینه‌، ئه‌م جۆره‌ قسه‌ و هه‌ڵوێستانه‌ به‌ هاسانی به‌سه‌ریاندا تێده‌په‌ڕێت، له‌ بیریان ده‌چێته‌وه‌، که‌ سه‌رکرده‌کانی گۆران،  له‌ رابردوودا یه‌کێتیی بوون،‌ خووی دانیشتن و دانووساندنه‌کانیشیان که‌لتووری یه‌کێتیی پێوه‌ دیاره‌، ده‌یانه‌وێت ئێمه‌ش به‌ ده‌ردی هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌سه‌ڵات به‌رن، که‌ کاتیی خۆی له‌گه‌ل ده‌سه‌ڵاتی کۆنی به‌عسدا دانیستنی بێ سه‌ره‌نجامیان ده‌کرد، پێیان وایه‌ به‌وه‌ ده‌توانن خه‌ڵکی کوردستان له‌ خشته‌ به‌رن، هه‌روه‌ک چۆن پێشتر کردوویانه‌، ئیستاش به‌ ناوی گۆڕانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ پێشێ، نه‌ وه‌ڵامی ره‌خنه‌گرێک ده‌ده‌نه‌وه‌، نه‌ به‌ره‌و روو، قسه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ و کرداره‌ چه‌وته‌کانیان ده‌که‌ن، به‌رده‌وامیشن بێ ئه‌وه‌ی حیساب بۆ لایه‌نگر و ئه‌و ده‌نگانه‌ بکه‌ن که‌ متمانه‌یان پێدابوون.
ئه‌و خه‌ڵکه‌ی بڕوایان وابوو هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان بوونه‌ته‌ به‌شه‌رێکی تر، بیروباوه‌ڕ و کرداریان گۆڕاوه‌، له‌ یه‌کێتیی جیابوونه‌ته‌وه‌، نێتییانه‌ به‌ راستیی خزمه‌تیی ئه‌و میلله‌ته‌ بکه‌ن، لێ گۆڕانخوازانی ده‌ره‌وه‌ی گرده‌که‌، که‌ له‌م کۆبوونه‌وه‌ و دانیشتنانه‌ نیگه‌رانن و نایانه‌وێ ده‌ستی گۆڕان ده‌ستی ده‌سه‌ڵات بگووشێ، که‌چی کاک قادر نه‌ک ده‌ستیان ده‌گووشێت، وا (د. به‌رهه‌م)یشمان لێ ده‌کات به‌ که‌سێکی جوان و پیرۆز و لێهاتوو.
 ئا ئه‌مانه‌ن که‌ به‌ ناوی کۆبوونه‌وه‌ و دانووساندنه‌وه‌ کۆبوونه‌ته‌وه‌، له‌ ژێره‌وه‌ په‌یمان و گفت به‌ کۆنه‌ هاوڕێکانی خۆیان ده‌ده‌ن،  فێڵ له‌ په‌یامی گۆڕان و خواستی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ده‌که‌ن، پشتیان کردۆته‌ میلله‌ت،



 کاتێکیش کاک قادری حاجی عه‌لی ده‌ڵێ: ئێمه‌ نیگه‌ران بووین، لێره‌دا ده‌پرسین: له‌ چی نیگه‌ران بوون؟ ئه‌گه‌ر به‌ راستیی ئێوه‌ نیگه‌رانن، ده‌بووهه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ و خۆشتاندا راستگۆبوونایه‌، راسته‌وخۆ راتان بگه‌یاندانه‌، که‌ دانوساندن ناکه‌ن، چونکه‌ ده‌سه‌لات نێتی پاک نییه‌، بۆ رابواردن و کاتکوشتن داده‌نیشن، درۆمان بۆ ده‌که‌ن، ده‌ستخه‌ڕۆمان ده‌که‌ن، (پرۆژه‌ ده‌خه‌نه‌ به‌ر ده‌ممان).
 من نازانم ئه‌وه‌ له‌ نه‌زانین و بێتوانایی خۆتانه‌وه‌یه‌، که‌ ده‌سه‌ڵات کڵاو ده‌که‌نه‌ سه‌رتان، یان به‌ڕاستیی ئێوه‌ش وه‌کو حکومه‌تی عێراق و ئه‌مه‌ریکا ده‌ستڕۆیشتوون و ده‌سه‌ڵاتێکی شاراوه‌تان هه‌یه‌، بۆیه‌ پارتیی و یه‌کێتیی پێتانا راده‌په‌رموون داوا ده‌که‌ن پرۆژه‌کانیان بۆ جێ به‌جێ بکه‌ن، ده‌نا چۆن له‌ دانیشتن و کۆبوونه‌وه‌ی ئاوادا ده‌سه‌ڵاتێک پرۆژه‌ ده‌خاته‌ به‌ر ده‌می ئۆپۆزیسیۆنی وڵاته‌که‌ی خۆی، که‌ ئۆپۆزیسیۆن هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسیی و ئیداریی نییه‌؟ ئه‌م دانیشتن و گفتوگۆیه‌ی ئێوه‌ جگه‌ له‌ فلیمێکی کۆمیدی منداڵانه‌، که‌ بۆ رابواردن ده‌ر ده‌کرێت، هیچی دیکه‌ نییه‌، دیسان ئه‌مه‌ ئه‌و گومانه‌مان لا دروست ده‌کات، که‌ ئێوه‌ش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی راستگۆ نه‌بوون، له‌ گیرفانی راستیی یه‌کێتییه‌وه‌ هاتنه‌ ده‌رێ و له‌ گیرفانی چه‌پیانه‌وه‌ ده‌چنه‌وه‌ ناویان، بۆیه‌ دانیشتن و دانووساندن ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئیستا ئێوه‌ وا خۆتان جیڕکردۆته‌وه‌، گۆی له‌ ده‌نگی ناڕازیی ئه‌و خه‌ڵکه‌ش ناگرن، ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت شه‌قام و داواکاری خه‌ڵک به‌ ئاقاردا به‌رن، چونکه‌ به‌ باسکردنی بودجه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی موچه‌ و پاره‌ی ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌که‌تان، وا ده‌ریده‌خه‌ن ته‌نها مه‌به‌ستان به‌رژه‌وه‌ندیی و پاراستنی ده‌ستکه‌وت و سامان و مۆڵه‌کانی خۆتانه‌، ئه‌م دانیشتنانه‌تان بۆ ئه‌وه‌یه‌ زیان به‌ په‌زتان نه‌گات و تێیدا زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بن.



به‌ر له‌وه‌ی خاڵه‌کانی تری پرسیاره‌کان بهێنمه‌ نێو باسه‌که‌،‌ ده‌مه‌وێت بڵێم، گۆڕان به‌وانه‌ ده‌کرێت، که‌ له‌ مانای گۆران تێده‌گه‌ن به‌وانه‌ ناکرێت کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن، خۆشیان نازانن چییان ده‌وێت و گوێ له‌ داواکاری خه‌ڵکه‌ک ناگرن و فه‌رامۆشی ده‌که‌ن، ئه‌مانه‌ی که‌ بوونه‌ته‌ رابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ڕێگری ده‌که‌ن له‌ هه‌مبه‌ر هه‌موو گۆرانکارییه‌کی ته‌واو له‌ کوردستاندا، ئه‌و گۆڕانکارییه‌ی خه‌ڵکی کوردستان داوای ده‌کات، خۆی له‌ نه‌مانی ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌دا ده‌بینێته‌وه‌، ئێوه‌ گۆڕان به‌ره‌و هه‌ڵدێر و نه‌مان ده‌به‌ن، جگه‌ له‌وه‌ خودی ئه‌و پرسیارانه‌، که‌ ئاڕاسته‌ی قادری حاجی عه‌لی کراون، دروستکراون، واته‌ پێشوه‌خت بڕیاری له‌سه‌ر دراوه چۆن پرسیاره‌کان بکرێت. ‌ئه‌وه‌ی پرسیاره‌کان ده‌کات، خۆتان وتووتانه‌ که‌ چی بپرسێت. گۆران زۆرجار باس له‌ پڕۆفیشناڵی ده‌زگاکان ده‌کات، لێ ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ پێمان ده‌ڵێت، ئێوه‌ داماون، به‌تایبه‌تیی هێنانی که‌سێکی وه‌ک ئاری شێخ موحه‌مه‌د سیرن بۆ که‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنه‌که‌تان، ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ، که‌ ئێوه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی سڵده‌که‌نه‌وه‌، رازیبوونیشتان به‌وه‌ی کۆبونه‌وه‌کان له‌ ژێر وێنه‌ی مه‌لامسته‌فادا ئه‌نجام بده‌ن، دیوێکی دیکه‌ی ترس و داماوی ئێوه‌ ڕوماڵتر ده‌کات.!



رۆژنامەی رۆژنامه‌ ده‌پرسێت: دەوترێت لە كۆبونەوەی سێیەمدا، هەندێك گرژیی روویدا، لەسەر چی بوو؟
کاک قادر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ به‌وه‌ ده‌داته‌وه‌، که‌ کێشه‌که‌ باسکردنی شته‌ لاوه‌کییه‌کان بووه‌‌!
شته‌ لاوه‌کییه‌کان لای ئه‌م به‌ڕێزه‌ شه‌هید و برینداره‌کانه‌، که‌ نرخێکی وای نییه‌ باس بکرێت، به‌ لای گۆڕانه‌وه‌ گرنگ نییه‌ له‌ 17ی شوباتدا چیی رووی داوه‌ و چیکراوه‌، باسکردنی قوربانییه‌کانی ئه‌و رۆژانه‌ مه‌سه‌له‌یه‌ک نییه‌ بۆ گۆڕان که‌ جارێ قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت، گرنگ نییه‌ چه‌ند منداڵ و لاو کوژراون‌، ئه‌مانه‌ لای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان لاوه‌کیین و هیچ نیین، ئه‌و کاتانه‌ لاوه‌کیی نییه‌ که‌ بۆ ریکلام و فشارخستنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات مه‌سه‌له‌یه‌کی سه‌ره‌کییه‌، که‌ له‌ که‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆن و راگه‌یاندنکانیانه‌وه‌ بازرگانی پێوه‌ بکه‌ن، هه‌ستی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی پێ بجوڵێنن.
بازرگانییکردن به‌ خوێن و هاوار و تووڕه‌یی ئه‌وانه، که‌لتوری و ساسه‌تیی کۆنی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی خیانه‌تکاریی کوردیشه‌، ئه‌وه‌تا ئه‌رمڕۆش گۆڕان هه‌موو ڕۆژێک به‌مۆسیقاوه‌ که‌س و کاره‌کانیان ده‌هێنن به‌ هه‌ست و هه‌ڵوێستیی جه‌وامێرانه‌ی ئه‌وانه‌ راده‌بوێرن و درۆمان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن، له‌ملاشه‌وه‌ به‌ لاوه‌کی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌‌ ئامارێکی دروستمان لا نییه‌ بۆ برینداره‌کانی ڕۆژانی دوای 17ی شوبات، ده‌نا شه‌هید و بریناره‌کان ئه‌گه‌ر شتگه‌لی لاوه‌کی بێت، ئه‌وا گۆڕان ده‌یسه‌لمێنێت، وه‌کو ئۆپۆزیسیۆن له‌م جوانییه‌ رووته‌ و له‌ ده‌سه‌ڵات ناشرینتر خۆی نمایش ده‌کات، هه‌روه‌کو چۆن رۆژ به‌ رۆژ وا ده‌ریده‌خه‌ن.


کاک قادر له‌مه‌یاندا زۆر راستگۆیانه‌ ددانی به‌وه‌دا ناوه‌، ده‌ستی خستۆته‌ سه‌ر داواکارییه‌کانی گۆڕان ، که‌ مه‌سه‌له‌ی بوودجه‌ و پاره‌ و شته‌کانی تر سه‌ره‌کییه‌، داخوازیی و به‌دادگایی گه‌یاندنی تاوانبارانی 17 شوبات لاوه‌کیین، ئه‌وه‌ی لاوه‌کیی نییه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی موچه‌ و مانگانه‌ی ئۆپۆسیزیۆنه‌.

قادری حاجی:عەلی فیعلەن لە پڕۆژەكەدا، هەندێك شت سەلماوە كە پێموابێت، هەندێك خاڵی هاوبەش دروست بووە كە جێگەی ئومێدە، بەڵام هێشتا ماومانە و ئێمە چوار كۆبونەوەمان كردووە، هێشتا سەرەتا بووە و لەمەودوا كۆبونەوەی جدیی دەستپێدەكات و دەزانین رادەی گەشبینیی و رەشبینی دیاریی بكەین.

لێره‌دا گۆڕان ده‌یه‌وێت خه‌ڵکی به‌وه‌ رابهێنێت و پێمان بڵێت چاوه‌ڕێ بکه‌ن هیشتا سه‌ره‌تای دانیشتن و به‌جێهێنانی داواکارییه‌کانمانه‌‌، ئه‌م جۆره‌ قسه‌ و هه‌ڵسوکه‌وت و پێچ و ده‌وه‌رانه له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت که‌ جاران ده‌یانگووت ده‌سه‌ڵاتی کوردی ساوایه‌ و پێی نه‌گرتووه‌، ئه‌مه‌ی ئێمه‌ش وایه‌ کۆبوونه‌وه‌ی جدی هێشتا نه‌کراوه‌، که ‌کرا ئه‌وده‌م به‌رهه‌می ده‌بێت .


رۆژنامە ده‌پرسێ: ئێوە وازتان لەبیرۆکه‌ی وازهێنان و هەڵوەشاندنەوەی حكومەت نەهێناوە؟
قادری حاجی عەلی: نەخێر، كەس باسی ئەوەی نەكردوە، چونكە تائێستا دانوستاندنەكان نەگەیشتونەتە ئەوەی، باس لەوە بكەین، ئەوان ئەو سیناریۆیانەیان بۆیە هێناوەتە پێشەوە لەپڕۆژەكەیاندا، كە ناویان ناو پڕۆژە، بۆئەوەی بێینە سەر ئەو خاڵە، بەڵام ئێمە تا ئێستا لە چوار كۆبونەوەدا وتومانە، گرنگ چاكسازییە سیاسییەكانە و دەستكاری ئەو سیستمەیە كە ئێمە خۆمان بەسەقەتی دەزانین.



لێره‌دا کاک قادر ئه‌وه‌ له‌ بیر خۆی ده‌باته‌وه‌، که‌ خۆشیان به‌شێک بوون له‌ پڕۆسه‌ی دروستکردنی، ئه‌و سیسته‌مه‌ سه‌قه‌ته.‌ قادری حاجی عه‌لی خۆی به‌رپرسی ده‌زگای زانیاریی و ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی بوو، خۆ ئه‌و سیسته‌مه‌ له‌ دوای هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مان دروست نه‌بووه‌ تا ئه‌مان به‌ری پێبگرن؟
کاتێکیش باس دێته‌ سه‌ر قسه‌که‌ی مەلا بەختیار، ڕۆژنامه‌ ده‌پرسێت: لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستاندا، دەڵێت: ئەوان، وازیان لەمەسەلەی هەڵوەشاندنەوەی حكومەت هێناوە؟
کاک قادر له‌مه‌دا تێده‌که‌وێت ده‌ڵێ: من خۆم گوێم لەقسەكانی كاك مەلا بەختیار نەبووە و فرسەتی ئەوەشم نەبوە لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ بیخوێنمەوە!

ئێمه‌ش ده‌پرسین ئێوه‌ وه‌ک سه‌رکرده‌ و زمانحاڵێکی دیار و سه‌رۆکی شاندی دانوستانکاری "گۆڕان"، ده‌بوو دوای ته‌واوبوون و هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌تان به‌رده‌وام ئاگاداریی لێدوانه‌کانی ده‌سه‌ڵات بن له‌ سه‌ر ره‌وشی دانیشتنه‌کان، ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانن، که‌ دوای دانیشته‌کان، چ ئێوه‌ و چ ئه‌وانیش لێدوان و قسه‌ له‌سه‌ر دانیشتنه‌کان ده‌که‌ن! ده‌بێت وه‌ک چاودێرێک به‌سه‌ر قسه‌کانی نوێنه‌رانی ده‌سه‌ڵات دوای ماڵئاواییکردنتان له‌گه‌ڵ یه‌کتر بزانن چی ده‌ڵین و چی له‌ هه‌گبه‌که‌یاندا بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ ده‌ڕێژن، له‌وێوه‌ ده‌تانتوانی له‌ نێتی و مه‌رامی ده‌سه‌ڵات بگه‌یشتنایه‌، ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌کیان کرد پێچه‌وانه‌ی بوو، وه‌ڵامیان بده‌نه‌وه‌ و هه‌ڵویست وه‌ربگرن، که‌ تۆ کاتیی ئه‌وه‌ت نه‌بووه‌، مانای وایه‌ به‌ڕێزتان شایانی ئه‌وه‌ نیین نوێنه‌رایه‌تیی دانیشتنێکی چاره‌نووسزازی بزووتنه‌وه‌که‌تان بکه‌یت؟ چۆن ده‌بێت بڵێیت من کاتی ئه‌وه‌م نه‌بووه‌؟ ئه‌گه‌ر نه‌ت بووه‌، بۆ یه‌کێکی تر له‌وه‌ ئاگاداری نه‌کردیته‌وه‌؟ خۆ ئه‌مه‌ گفتوگۆی سه‌ر ساشه‌ی ته‌له‌فیزیۆن نییه‌، له‌ پڕێکدا پرسیارێکت لێبکه‌ن و نه‌توانیت له‌و کاته‌دا وه‌ڵامت پێ بێت و ئاگاداری مه‌سه‌له‌یه‌ک نه‌بیت، که‌ پرسیاره‌کانت بۆ هات، بۆ نه‌چوویت کوردستانی نوێ بخوێنیته‌وه‌ و وه‌ڵام و سه‌رنجی خۆتی له‌سه‌ر بده‌یت؟ بۆ به‌م وه‌ڵامه‌ لاوازه‌ خۆتان لاوازتر ده‌که‌ن؟
کاتێک مرۆڤ له‌ سه‌ر بڕیارێکی چاره‌نووسسازیی قسه‌ ده‌کات ده‌بێ هه‌موو شتێک بخوێنێته‌وه‌، سیاسییه‌کان و به‌رپرسه‌کانی کورد چونکه‌ له‌ رابردوودا‌ بۆیان چۆته‌ سه‌ر نازانن، هه‌موو شتێکیان له‌ پشتی خه‌ڵکییه‌وه‌ کردووه‌، وا ده‌زانن ئه‌مڕۆش وه‌کو رابردوویان بۆیان ده‌چێته‌ سه‌ر! ئێمه‌ له ‌دنیایه‌کی دیگیتاڵدا ده‌ژین، هه‌موو شته‌کانبڵاو ده‌بێته‌وه‌ به‌زووترین کات پێمان ده‌گات، نابێت ئه‌و وه‌ڵامانه‌ به‌ عه‌قڵی سه‌رده‌می شاخ ره‌فتاری له‌گه‌ڵدا بکه‌ن.

کاک قادری حاجی عه‌لی و براده‌ره‌کانی دیکه‌ی گۆڕان کێشه‌ی شه‌خسیان له‌گه‌ڵ کۆنه‌ براده‌ره‌کانی ناو یه‌کێتییدا نییه‌. ئه‌مه‌ مه‌به‌ستیی قسه‌ی کاک قادره‌، ره‌نگه‌ جوانییه‌ک له‌و قسه‌یه‌دا هه‌بێت، به‌ڵام له‌ ناوه‌رۆکه‌وه‌ گوماناویی و ناشرینه‌، ئه‌م جۆره‌ پاساوانه‌ دوو سه‌ره‌یه‌، مێژووی سیاسه‌ت شتی ترمان پێ ده‌لێت، کاتێک ئێمه‌ کێشه‌ی سیاسیمان هه‌بێت، کێشه‌ی شه‌خسیشی لێده‌که‌وێته‌وه‌، به‌و مانای بوغز و کینه‌ نا، بۆ نمونه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌ بڵێم که‌ من له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی کوردیدا جگه‌ له‌ سیسته‌مه‌که‌، کێشه‌که‌ باڵ ده‌کێشێت بۆ دروستبوونی هه‌ڵسه‌نگاندنی که‌سایه‌تییه‌کانی ناو سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاته‌که‌، کێشه‌ی شه‌خسیشم بۆ دروست ده‌بێت، من مه‌سعود بارزانی و تاڵه‌بانی له‌ نزیکه‌وه‌ ناناسم، قسه‌شم له‌گه‌ڵدا نه‌کردوون، هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیشم له‌گه‌ڵیاندا نییه‌، به‌ڵام به‌ بینینی سیما و گفتوگۆ و قسه‌کانیان شه‌ڕم له‌ کوردبوونی خۆم ده‌که‌م، ناتوانم بۆ ساتێک چییه‌ له‌گه‌ڵیاندا وه‌ک که‌سێکی ئاسایی رووم خۆش بێت و قسه‌ی ئاساییان به‌ روودا بکه‌م، له‌ ده‌ره‌وه‌ی باسکردنی ناشرینی و دزیی و ناپاکییه‌کانیان، هیچم پێ نابێت، تا قسه‌ و نوکته‌ و رووخۆش بم، کاتێک که‌سێکی وه‌کو سه‌عدی پیره‌ و مه‌لا به‌ختیار ده‌بینم، هه‌ست به‌وه‌ ده‌که‌م، که‌سوکار و ژن و کچانی وڵاته‌که‌م به‌ ده‌ستی ئه‌مانه‌ سووک و هه‌تک ده‌کرێن، ناتوانم بۆ ساتێک چییه‌ له‌گه‌ڵیاندا دابنیشم، پره‌نسیپی ره‌وشت و موڕاڵی خۆم وام پێ ده‌ڵێت که‌ ئه‌مانه‌ له‌ خانه‌ی هاوڕێ بوون و کوردبوونمدا وه‌رناگیرێن. پاشان بۆ ئێوه‌ خه‌ڵک له‌وه‌ دڵنیا ده‌که‌نه‌وه‌، که‌ ئێوه‌ کێشه‌ی شه‌خسیتان نییه‌؟ واته‌ خه‌ڵکی کوردستان چ پیویستییه‌کی به‌م قسه‌یه‌ هه‌یه‌؟ یان ئه‌م قسه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن، تا ئه‌وان دڵنیابکه‌نه‌وه‌ و پڕۆژه‌ شه‌خسییه‌کانی خۆتان به‌ڕێ بکه‌ن؟ من دڵنیام ئیستاش ئیمزای کاک قادری حاجی عه‌لی لای یه‌کێتی ره‌واجی هه‌یه‌ و ئه‌زمونیشمان له‌سه‌ر ئه‌مه‌ زۆره‌ نمونه‌ش زۆرن کاتی خۆی باسی ده‌که‌ین .



سه‌یری وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی تریش بکه‌ن:
هێشتا شەقام، ئەنجامێكی دڵخۆشكەریان لا دروست نەبووە و پێشیانوایە: دەبێت سەقفێكی دیاریكراو هەبێت بۆ كۆبونەوه‌كانتان و زۆر درێژە نەكێشێت، رای ئێوە چییە؟
لای کاک قادر قادر، خه‌ڵکی مافی خۆیەتی ئەو داوایەی هەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا، ئەم كێشانەی كە هەن، درێژكراوەی (20) ساڵی رابردون و رەنگە نەتوانرێت بە سێ تا چوار كۆبونەوە چارەسەر بكرێن، پەلەكردنیش سەرەنجامێكی باشی نابێت، لەگەڵ درێژەكێشانیش نین و بەبرادەرانی دەسەڵاتیشمان وتوە، هەتا ئەوانیش بەئێمە دەڵێن، لەگەڵ درێژەكێشاندا نین.

لێره‌دا قادر بۆ ده‌سه‌ڵاتێش ده‌پاڕێته‌وه‌ به‌ڵام هه‌موومان ده‌زانین ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت سه‌دان لیژنه‌ دروست بکات و دانیشتنه‌کانیش درێژتر بکرێته‌وه‌ ئه‌وان له‌ماوه‌ی ئه‌م 20 ساڵه‌دا هه‌ر وایان کردوه‌، کاک قادر ددان به‌وه‌شدا ده‌نێت، که‌ ئه‌م کێشانه‌ کێشه‌ی 20 ساڵه‌، واته‌خۆشیان به‌شێک بوون له‌ دروستکردنی کێشه‌ و که‌موکورییه‌کانی سیسته‌می سیاسیی و ئیداریی، به‌ڵام ئیستا خۆیان و ده‌سه‌ڵاتیش، وه‌ک نه‌کراوه‌ و ناشکرێت، ده‌بێ له‌سه‌ریان بووه‌ستین، ده‌نا هیچمان بۆ ناکرێ.

ئه‌وه‌ی خواره‌وه‌ جوانترین پرسیاره‌، که‌ بوونی هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان و رابه‌ره‌کانی ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، به‌تایبه‌تیی له‌و وه‌ڵامه‌دا که‌ قادری حاجی عه‌لی داوێه‌ته‌وه‌:


رۆژنامە: لە پڕۆژەكەی دەسەڵاتدا، باس لە هیچ رێوشێنێك ناكات كە بگیرێتەبەر لەبەرامبەر بكوژانی خۆپیشاندەران، هاوكات هەستدەكرێت كە ئێوەش ساردن لەبەرگریكردن لەمافی بنەماڵەی شەهیدەكان؟
قادر ده‌یه‌وێت قسه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی له‌فۆڕمێکی تردا بڵێته‌وه‌، که‌ ئه‌ویش سه‌روه‌ری یاسایه‌، مه‌سعود ده‌ڵی (که‌س له‌ سه‌رو یاساوه‌ نییه‌) ، ئه‌مه‌ بیست ساڵه‌ ئه‌م قسه‌ پوچه‌ی مه‌سعود له‌ هه‌موو جێگه‌یه‌ک ده‌یڵێته‌وه‌، که‌چی بۆ خۆی خه‌ڵاتی بکوژه‌کان ده‌کات، که‌ کوردیان کوشتوه‌ . قادریش باس له‌سه‌روه‌ری یاسایه‌ک ده‌کات، که‌ پێشتر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ڵێ ئێمه‌ دژی ئه‌و سیسته‌مه‌ین، سیسته‌مه‌که‌مان به‌دڵ نییه‌، مه‌گه‌ر یاساش به‌شێک نییه‌ له‌ سیسته‌م، ئه‌ی چۆن ئیستا بڕوات به‌وه‌یه‌ یاسا ڕۆژێک دێت سه‌ر وه‌ر ده‌بێت به‌ تایبه‌تیی له‌ سایه‌ی ده‌سه‌لاتی پارتیی و یه‌کێتیی، که‌ ئێوه‌ ته‌نها داوای ریفۆرم و چاکسازیی تێدا ده‌که‌ن؟

که‌ دێته‌ سه‌ر په‌رله‌مانتاری گۆران وه‌ڵامی لاوازمان پێ ده‌داته‌وه‌؟ ئاخر چۆن په‌رله‌مانتار ده‌بێت ڕه‌ئی شه‌خسی خۆی له‌ناو په‌رله‌ماندا به‌کار بهێنێت، ئێوه‌ که‌ دژی ئۆتۆمۆبێلن، به‌لام له‌گه‌ڵ زیادکردنی حیمایه‌دان، ئایا ئه‌وانه‌ کاندیدی  خه‌ڵکیی نیین، له‌ چی ترسیان هه‌یه‌؟ یان به‌زۆر خۆیان چوونه‌ته‌ ئه‌و جێگایانه‌ و پێویستییان به‌و حیمایه‌ زۆره‌ هه‌یه‌ پاراستنی گیانی خۆیان؟ خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌م گفتو گۆیه‌ قسه‌ی زیاتر هه‌ڵده‌گرێ ، به‌ڵام له‌کۆی قسه‌کاندا داماویی ئۆپۆسیزیۆن و گۆران و جه‌ربه‌زه‌یی و کارایی ده‌سه‌لاتمان بۆ ده‌ر ده‌که‌وێت، ده‌پرسین کاتێک، که‌ مه‌لابه‌ختیار ووتی من ئاماده‌م له‌گه‌ڵ نه‌وشیرواندا له‌ که‌ناڵێکی ته‌له‌فیزۆن ڕووبه‌ڕوو ببمه‌وه‌، گۆران له‌وه‌لامدا ووتی مه‌لا هیچ نییه‌ و هیچ گۆرانی پێ ناکرێ، ئیستا هه‌ر هه‌مان مه‌لابه‌ختیاره‌، که‌ له‌گه‌ڵی کۆده‌بێته‌وه‌ و پڕۆژه‌ی پێیه‌ و لێی وه‌رده‌گرن و لێشی ده‌کڕن، پاشان که‌سیش نییه‌ هێنده‌ی سه‌عدیی پیره‌، فایلی خیانه‌تکاریی قه‌به‌دار بێت، که‌س نییه‌ هێنده‌ی مه‌لا به‌ختیار و سه‌عدی پیره‌ شه‌رواڵپیش بێت، ئایا ئه‌م که‌سایه‌تییانه‌ ده‌تواننن چاره‌نوسی گه‌نجان چاره‌سه‌ربکه‌ن له‌ گه‌نجانی ئه‌مڕۆ بگه‌ن، که‌ خۆیان هۆکاری به‌شێکین له‌ نه‌هامه‌تیی گه‌نجه‌کان؟
لێره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای باسه‌که‌مان، که‌ کاک قادر ده‌ڵێت: هیچ کام له‌ (مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی) باس و خواسته‌کانیان نه‌دیوه‌.
 پرسیاری ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه‌، مادام ئێوه‌ هێنده‌ حه‌زتان له‌ دانیشتنه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا، پێتان وایه‌ به‌ کۆبوونه‌وه‌ و دانووساندن ده‌گه‌نه‌ سه‌ره‌نجام، نه‌ک به‌ راپه‌ڕین و خۆپیشاندان، ئه‌ی بۆ نه‌وشیروان له‌گه‌ڵ مه‌سعود و جه‌لالدا پێکه‌وه‌ دانانیشن، کێشه‌کانیان یه‌کلایی بکه‌نه‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر بڕواتان به‌و ڕێگا چاره‌یه‌ هه‌یه‌،
 لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ش ده‌ڵێم، که‌ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، هه‌ر له‌ که‌ناڵی knn راستییه‌کی چاکی به‌گوێدا دان له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکدا ووتی هه‌ر ئه‌وه‌ی، که‌ ئۆپۆسیزیۆن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌لاتدا داده‌نیشێت، ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ پڕۆژه‌ حه‌وت خاڵێکه‌ هیچ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە