بارزانی سەرۆكی بێڕەقیبی 4 ساڵی داهاتووی كوردستان

Monday, 08/06/2009, 12:00

2793 بینراوە


لە هەواڵێكی نا چاوەڕوانكراودا بڕیاردرا هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان شان بە شانی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لە 25-7-2009 ئەنجامبدرێت ,سەرۆكی هەرێم بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن جەماوەری كوردستانەوە هەڵبژێردرێت ,هەواڵەكە بۆ چاودێران و زۆربەی زۆری خەڵكی كوردستان ناچاوەڕوانكراو بوو.
تاكو ئێستا 9 كەس دەنگۆی ئەوە هەبوو خۆیان كاندید بكەن,لەوانە 4 یان پاشەكشەیان كرد و پێنجیان تاكو ئێستا وەك كاندید ماونەتەوە و دەچنە كایەی هەڵبژاردنەوە, بۆ شەرعییەتدان بە هەڵبژاردنەكان بوونی ئەو بەڕێزانە لە پاڵ ناوی بارزانی پێویستییەو ڕەوایەتیدانە بە پرۆسەكە.

لە ڕابەرەوە بۆ سەرۆكی هەرێمی

لە هەڵبژاردنی ساڵی 1992 دا بڕیار ئەوە درا ڕابەری بزووتنەوەی نیشتمانی كوردستان بەشێوەی ڕاستەوخۆ هەڵبژێردرێت,ئەوسا چوار كەس خۆیان بۆ پۆستەكە پاڵاوت,هیچیان نەیان توانی زیاتر لە نیوەی دەنگەكان بەدەست بهێنن,بۆیە كەسیان ئەو سیفەتەیان وەرنەگرت,لەوكاتە سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان بەشداری هەڵبژاردنی ڕابەریان كرد جگە لە حشع هەڵوێستی پێچەوانەیان وەرگرت و وتیان دكتاتۆرێك دیكە زیندوو ناكەینەوە ,عەزیز محەمەد لە كۆبونەوەیەكی جەماوەری لە بەردەم پارێزگای هەولێر ئەم لێدوانەیدا, بە بڕوای من ئەمە دوا هەڵوێستی بەرەو ڕوی حشع بوو لەبەرامبەر ئەو دوو زلحیزبە.
ڕابەری جوڵانەوەی نیشتمانی هەموو دەم لە جەرگەی خەباتەوە گەل متمانەی پێداوە نەك لە ڕێگەی سندوقی دەنگدان و ساختەكاری هەڵبژاردن وەك ئەوەی لە ساڵی 1992 دا ڕویدا .
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆكی هەرێم وەك ئاماژەم پێیدا 5 كەس خۆیان كاندید كردووە كە بریتین لە هەر یەك لە :
- مەسعود مستەفا بارزانی
- هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد
- كەماڵ مەمەند میراودەلی
- حوسێن گەرمیانی
- سەفین شێخ محەمەد

لەم پێنج پاڵێوراوە تیایان هەیە وەك حەزێك كارەكەی ئەنجامداوەو لەوانەیەقەرزی بۆ 25 ملیۆنەكە كردبێت,ئیتر بانگەشەی هەڵبژاردن خۆشی نازانێت چۆن دەكات, جگە لە بەڕێزان مەسعود بارزانی و هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەوانی دی هیچیان پارتی سیاسی لە پشتیانەوە نییە , پارتەكەی كاك هەڵۆش لەوانەیە بەس بەناو بێت,دو ناوەكەی دوایش ڕێزی زۆرم بۆیان لە گەڕەكەكەی خۆشیان نایان ناسن نەك لەسەر ئاستی كوردستان.
مێژوو جارێكی دیكە بەشێوەی كۆمیدییەكەی دوبارە دەبێتەوە,كوڕی ئیبراهیم ئەحمەد و كوڕی مەلا مستەفا بۆ دواجار لە ململانێی دوو بنەماڵە خۆیان لە بەرامبەر یەكدا تاقی دەكەنەوە,ململانێیەك لە 1964 بۆ 2004 بەردەوامبوو ,وەلێ ئەمجارە هەڵۆ بەتەنیا دەچێتە ململانێكەوە, كاندیدی بنەماڵە و زاواو هاوپەیمانەكی باوكی تاڵەبانی نییە,ئەوان پێش دەستپێكردنی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن چەپڵەی خۆی بۆ بارزانی لێدا و ساڵی 1970یان دوبارە كردەوە.
بەپێی یاسای هەڵبژاردن,هەر كەس هاووڵاتی كوردستان بێت و دوو دەفتەر دۆلاری زیادەی هەبێت,دەتوانێت خۆی لەو كایە سیاسییە تاقیبكاتەوە ,ئیتر خۆپاڵاوتن ئەوەندە گران نییە,دیموكراسییەت زۆر خەونی گەورەی بچوك كردۆتەوە.
هەموو كاندیدەكان پایەی كۆمەڵایەتی و سیاسی بەهێزیان نییە,هەر دەنگێك بهێننەوە,دەنگی ئەنتییە بۆ بارزانی نەك دەنگی پشتیوانی لە ئەوان,كوردستانیش تژییە لەو ئەنتییە.

بۆچی لیستەكان كاندیدیان نەبوو

تاكو ئێستا نزیك 30 لیست بەشداری هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان دەكات,كێشمەكێشی توند هەیە لەسەر كورسییەكانی پارلەمان,وەلێ كورسییە زێڕینەكەی سەرۆكایەتی بە بێ ڕەقیب و لە هەڵبژاردنێكی كاریكاتۆریدا تەسلیم بە بارزانی كرایەوە,هێشتا هیچ نەكراوە پارتی نیوەی گەمە سیاسییەكەی چوار ساڵی داهاتووی كوردستانی بردەوە.
بەبڕوای من هۆی ئەوەی لیستەكان پاڵێوراویان نەبوو بۆ سەرۆكایەتی:
- پارتەكان وەك خەت ڕەجعەیەك ئەم پۆستەیان پێشكەش بە پارتی و بارزانی كرد.
- ئەو پارتانە بیر لە بەشداری لە دەسەڵات دەكەن نەك بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات.
- بارزانی پاڵێوراوی ئەوانیشە.
- نەبوونی متمانە بەخۆ لە لایەن پارت و كەسایەتییەكان,متمانە بۆ سەركەوتنی مرۆڤ گرنگە شافیز كودەتای كرد خۆی لە زیندان بینییەوە, دەرچوو خۆی كاندید كرد بوو بە سەرۆك,كودەتایان لێی كرد سەربەرزانە لە زیندانەوە تێكیانی شكاند.

هەڵبژاردنی سەرۆك لە لایەن جەماوەر یان پارلەمان نموونە ئۆكراین

بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ڕاستەوخۆ لە لایەن گەلەوە,بەبێ بوونی ڕەقیبی جدی وئۆپۆزسیۆنی كارا,وە پەسەند كردنی دەستوور لە ماوەی نزیكی ئایندە بە قازانجی دوو لایەنە دەسەڵاتدارەكە پێش ئەوەی پارلەمان دەنگ و ڕەنگی تازەی بۆ بێت,ئەوە دەردەخات وەك یاسا ئەم شێوازە بچەسپێت.
لە ساڵی 2004 پاش شۆڕشی پرتەقاڵی ڤیكتۆر یۆشینكۆ لە هەڵبژاردنەكان بردییەوە,خاوەند جەماوەرێكی زۆر بوو 51,5% دەنگەكانی بەدەست هێنا,كەچی ئێستا بەهۆی گەندەڵییەوە ڕاپرسییەكان1,8%دەنگەكان بە لیستەكەی دەدەن,هەنووكە ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت سەرۆكایەتی لە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆوە بكەنە دیاریكردنی لە لایەن پارلەمانەوە,كەچی قارەمانەكەی شۆڕشی پرتەقاڵی ڕێگری دروست دەكات لە گۆڕانكارییەكان,لەكاتێكدا بەهۆی گەندەڵییەوە هەموو ڕەوایەتی دەسەڵاتی لە دەست داوە,پارلەمان وەزیرەكانی دەرەوە و بەرگری تاكو ئێستا دەركردووە.

مەترسییەكانی بوونی بارزانی بە سەرۆك

بە بڕوای من بوونی بەڕێز بارزانی بەسەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك مەترسی هەیە ,گرنگترینیان بریتین لە:
1- بارزانی سەرۆكی پارتێكە كە دەیان هەزار چەكداری ملكەچی هەیە , هەر كاتێك بیەوێت دەتوانێت لە ململانێی لە گەڵ دەسەڵاتەكانی دیكە بەكاریان بهێنێت.
2- بارزانی سەرۆكی پارتییەكی گەورەیە,لە كاتی بەڕێوەبردندا وەكو لە خولی پێشوو دەریخست حیزبیانە بیردەكاتەوە وەك سەرۆكی پارتی و زۆر جاریش وەك عەشیرەتی بارزانی,بۆیە پێویستە سەرۆكی هەرێمی چەشنی توركیا ئیستقالە بدات لە حیزب.
3- سەرۆكایەتی كوردستان وەكو دەزگایەك خاوەند بارەگاو جێگاو ڕێگای خۆی دەرنەكەوتووە,لەمەدا بارزانی نەیویستووە یان نەیهێشتووە, خۆی لە بان پۆستەكەوە بینیووە,تاكو هەنووكە سەرۆكایەتی هەرێم لە سەری ڕەش و لە ماڵەكەی بارزانیە نەك لە پایتەختی كوردستان و شاری هەولێر, بە پراتیك سەری ڕەش بووە بە پایتەختی سیاسی كوردستان, بڕیارە گرنگەكانی سیاسی لەوێوە دەرچووە نەك هەولێر.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە