بۆیادى سۆرانى مامە حەمە

Saturday, 20/07/2013, 12:00

2620 بینراوە







ئەمڕۆ لەبەردەم یادى پڕئازارى شەهید سۆرانى مامە حەمەداین ، ئەو رۆژنامەنووسە لاوەى هەموو هیواو ئاواتى بەختەوەرى مرۆڤایەتى بە گشتى و نەتەوەكەى بوو ، شەهید سۆرانى مامە حەمە پێنج ساڵ لەمەوبەر بە شێوەیەكى زۆر نامرۆییانەو لە ئێوارەیەكى درەنگى گەڕەكى شۆڕیجەى كەركوكى هەمیشە بێنازدا لەبەردەم ماڵەكەى خۆیان شەهید كرا ، ئەو هێشتا هەزاران خەون و خولیاو ئاواتى بە دى نەهاتوى هەبوو، ئەو تازە تازە شیعرى تەڕو ناسكى دەنوسى و گۆرانى بۆ یارو نیشتمان دەگوت ، ئەو بەتەمابوو بە راپۆرت و ریپۆرتاژ و نووسینەكانى دنیایەكى باشتر بۆ سبەینێى كەركوك و كوردستان بەدى بێنێ ، لێ دەستە رەشەكانى تیرۆرو تۆقاندن و دوژمنەكانى وشەو بیرى ئازاد و قەڵەمى بوێر ، هەر بەڕاستى خۆیان تۆقى بوون و زارە ترەك بووبوون، بۆیە هەموو ئەركى ئەوان لە كوشتنى جوانى و جیاوازی دا كۆبووبووەوە، ئەوان سۆران و وشو شیعریان لە ئێوارەیەكى درەنگى شۆڕیجەدا شەهید كرد ، بێئەوەى بزانن، بەدواى ئەو ستەمكاریەدا هەزاران لەم كوردستانە دەبنە سۆرانى مامە حەمەو كاروانەكە ناوەستێ ، ئەوانەى سۆرانیان كوشت بەر لەوەى بەر نەفرەتى خوداو مێژوو بكەون ، بەر نەفرەتى بیرچوونەوەو فەرامۆشكردن دەكەون، ئەوان ئێستا وەك هەموو بكوژەكانى دیرۆكى دورو درێژى مرۆڤایەتى كەس نایانناسێت وناویان وەكو دڕندەو بڕندەو بكوژ نەك لە رێگەى ناوەكانیانەوە بگرە لە رێگەى رەفتارەكانیانەوە، لە مێژودا بە نەفرەتكراوى دەمێنێتەوە، ناوى قوربانى و شەهیدەكانى وەك سۆرانى مامە حەمەو سەردەشت عوسمان و ستار تاهیر شەریفیش بەو جۆرە دەمێنێتەوە كە سونبولى ئازادى رادەر بڕینن.
من دەزانم دڕندەیەك مەلا عەلى شاعیرى كردوە بەدارا لێ نازانم ئەو دڕندەیە كێیە ، بەڵام ناوى مەلا عەلى و شیعرە ناسك و سادەو ساكارو پڕ لە جوانیەكانى سەدان ساڵى دیكە هەر دەدرەوشێنەوە، ئەوەى پیاڵە ژەهرەكەى دابە سوكرات ناوى لەتونە تاریكەكانى مێژوشدا بوونى نیە ، بەڵام سوكرات هەزاران ساڵى دیكە هەیەو دەمێنێت، مێژوو لیپاو لیپە لە چیرۆك گەلى لەم شێوەیە ، سۆران نامرێت و رێبازەكەى بۆ ئازادى بیرو ڕا درێژەى هەیە ئەو هەموو كات لەناوماندایە ، لەتەنیشتمانەوە رێدەكات ، لەسەر زمانمانە، لەنێو نوسینەكانماندایە ، لێرەیە لە دڵماندا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە