گرفت له‌ چیدایه‌...؟

Saturday, 07/07/2012, 12:00

1534 بینراوە




لەم ساڵانەی دویدا و پاش ئەوەی کە بێ ئومێدییەکی گەورە روی لە میللەتانی موسڵمان کرد، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، بەهۆی ئەوەی کە پێشەوایانی ئاینیی بەئەرکی ئاینی راستەقینەی خۆیان هەڵنەستان و بەڵکو بە شیوەیەکی گشتی، لەکەناری گرفتەکاندا ژیاون یا چاویان نووقاندووە یا بەشدار بوون لە پاساو هێنانەوە بۆ دەسەڵات و رژێمە دکتاتۆرەکانی ئەم ناوچەیەدا، چەندین بزووتنەوەی زیاتر سەرچاوە گرتوو لە کاردانەوە بۆ ئەونائومێدییە دەبینین کە نزیکەی مەترسیدارترن لە خودی نائومێدییەکە، چونکە ئەو بناغە و زەمینەیەی کە پێویستە بۆ تەکاندانێکی بەرو پێش لەم بزوتنەوانەدا بەدی ناکرێت، رووداوە سیاسییەکان زۆرینەیەک لەو بزوتنەوانە لە ناو خۆیاندا یا دەتوێننەوە و ئاراستەیان دەکەن، یا بەکاریان دە‌هێنن بۆ مەبەستی خۆیان کە لە بنەڕەتدا ئامانجە سیاسییەکان، دژ بە ئارمانەکانی ئەو بزووتنەوە ئاینییانەش بووبێتن بەڵام چوون بزووتنەوەکە رابەرایەتییەکی لێهاتووی نەبووە یان بوویەتی و تاکڕەو بووە و مەغرور، دەبینین ئەو رابەرایەتییە نەیتوانیوە پێرەوانی خۆی بەوجۆرە پەروەردە بکات کە توانای رێبڕێن و لێکدانەوەی دروستیان هەبێت بۆ حاڵەتەکان، تا بتوانن پێشبینی روداوەکان بکەن، رابەرایەتییەکی لەو جۆرە لە بناغەدا باوەڕی بەوە نییە کە جگە لە خۆی، عەقڵ و بیرێکی تر هەبێت بتوانی بیر بکاتەوە و لێکدانەوە و شیکاری بۆ حاڵەتەکان هەبێت، ئەگەر کەسێکی واش بوبێت دژایەتی کراوە و تەنانەت لەناویش براوە، ئەمە نەخۆشینێکە لە گرووپ و دەستەجاتە چەپ و حیزبە تاک رەوەکانەوە سیرایەتی کردووە بۆ ناو بزوتنەوە ئاینییەکان.
ئەم بزووتنەوانە دەبێت لەسەر بناغەی بنیادنانەوەی دروونی ئینسان و پەروەردە و تەزکیەی نەفسی تاک تاک لە پێڕەوانی دروست بووبێ، بەجۆرێکی وا کە رەفتاری هەریەک لە تاکی ئەو بزووتنەوە ئینسانییە، بەتەنیا وێنەیەکت پێدەبەخشێ لەسەرتاسەری بزووتنەوەکە، یانی تاکەکان نوێنەرایەتییەکی قوڵ و فراوانی بزووتنەوەکەن، وێنەی ئەم بزووتنەوەیە، کە لەسەر بناغەی شۆڕشێکی دەروونی تاکەکانی دروست بوبێت و بووبێتە یەک رووباری بەخوڕ و چیایەکی بڵند لە خۆڕاگری و بەرگری، لەناو هەموو بزووتنەوەکانی مێژووی ئیسلامی پاش وەفاتی پێغەمبەری خۆشەویست(د.خ) ئەو بزووتنەوەیەیە کە کاکە ئەحمەد موفتی زادە لە کوردستان بنیاتی نا. بەهۆی ئەوەی کە قورئان و رەفتاری قورئانیی پیاغەمبەر و نزیکانی ئەویش سەرچاوەی بەرنامەکانی کاکە ئەحمەد بوون و لەهەمان کاتدا رەنگدانەوەی قورئانیش لە رەفتار و ژیانی ئەم رابەرە کەم وێنەیەدا بەئاشکرا دەبینرا، بۆیە پشتیوانی خوای گەورەی لەگەڵدا بوو، و بزوتنەوەیەکی ڕێخست کە بە پشت بەستن بە لێکدانەوەکانی ئەو بۆ قورئان کە دەتوانین بڵێین(نزیکترین لیکدانەوەن بۆکەلامی خوا وشیکردنەوەی نوێن بۆ دەستوری ئاینی و راستکەرەوی هەڵە گەلێکن کە تەمنی هەندێکیان هەزاران ساڵەس)، هەرەها جۆری رەفتار و ئەو چوارچێوە گشتیانەش کە ئەو دایڕشتن، رۆژ لە دوای رۆژ ووزە و تینی نوێ لەم بزوتنەوە خوداییەدا بەدی دێت و به هۆی ئەو پرێنسیپی حەق سالاری و حەق گۆیەشەوە کە ئەو قوتابییەکانی پێ گۆش کردوە ، گۆڕانێکی گەورە هەستپێدەکرێت لە بیرکردنەوەی خەڵکدا بەگشتی و ئیماندارانی تینووی راستیدا بە تایبەتی .
کاک ئەحمەد دڵنیایەک بوو بۆ کوردستان
لەو سەردەمانەدا کە ئێدی بڕیاردرابوو رژێمی شای ئێران دەبێ بڕوات ، کاکە ئەحمەد بە حوکمی کەسایەتی خۆی و باوەڕی خەڵک بەم رابەرە گەورەیە، ناچار دەبێت تێکەڵ بە رووداوەکان ببێت و بۆ پاراستنی یەکیەتی میللەتانی ئێران سەرپەرشتی بزوتنەوەکە لە کوردستان و بزوتنەوەی ئەهلی سوننەت لە ئێراندا قەبوڵ دەکات، هەر لەسەرەتاوە، کاکە ئەحمەد لە هەوڵی نزیک کردنەوەی گەلاندا بووە لەیەکتر و تێکۆشاوە بۆ لابردنی، بەربەستی مەزهەبی، نەتەوەیی و سیاسی لە نێوان گەلانی ئێراندا، کەسایەتییەک بەو هێزەوە کە هەیبوو، بەو ئامانجە هەموو خێرەوە کە لەبەرنامەیدا بوو، لە بەرژەوەندی هیچ دەستەو پارتێکدا نەبوو بەتایبەتی و تەنیا لە بەرژەوەندی هەموو نەتەوەکاندا بوو لە ئێران و دەرەوی ئێراندا. کاک ئەحمەد سیستەمیێکی کامڵی ئابووری و فەرهەنگی(کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌لسه‌فی، سیاسی ...هتد) بوو لە پلەیەکی فرە بڵندا، کە بۆ زۆر لەسەرکردایەتی ئەوکاتە و ئێستای کوردستان و ئێران و دەروەی ئێرانش، دەرک نەدەکرا و بەمەحاڵ دەهاتە پێش چاو، لە حاڵیکدا لە زەینی خۆیاندا مەسەلەکە رۆشن و ئاشکرا بوو، دەکرێ تا ئەو رادەیە لە زەینی موبارەکیاندا ئاشکرا ببوبێ کە نمونەیەکی بەرجەستە کراوی ئەو سیستەمەی کێشابێ، بە دەلیلی ئەوە کە زۆر جار لە فەرمایشتەکانیدا گوێمان لێدەبێت کە دەفەرموێ لەو کتێبەدا کە لە زەینمدایە، واتە کتێبەکەی بە نووسراوی لە زیندا بووە، بۆیە ئێستا ئیشارت بۆ بابەتێک دەکات لەو کتێبە، ئەمە ئیغراق و ستایشی کوێرانە نییە ، چونکە ئەو بەتوندی دژ بە بتپەرستییە بەهەموو جۆرەکانییەوە، دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە کاک ئەحمەد دڵنیاییەک بوو کە دەکرا ئەو پارت و رێکخراوانەی کە ئەوسا رۆڵیان بوو لە کوردستاندا، لە ژێر ئەو چەتری ئەمانەتەدا بوێستانایە کە کاک ئەحمەد بۆ مەسەلی کورد بە تایبەتی و مەسەلی گەلانی ئێرانی بەگشتی هەڵدابوو، بەڵام مخابن، وەک هەموو فرسەتەکانی تریش کە پێشهاتووە، ئەمجارەش ئەم رەحمەت و بەرەکەتە، کە موئەید بوو بە بەزەیی و رەحمەتی خوا، وەک پێویست دەرک نەکراو، بیروڕا ئاسمانییەکانی ئەویان گۆڕیەوە بە تیۆری نەزۆکی گومان لێکراوی لە هیچ جێگەی دنیا نەسەلمێنراو، کە نەتەوە و مەسەلەکەشیان بەو حاڵەتە گەیاند کە برینەکەی تاکو ئێستاش خوێنی لەبەر دەڕوا...!!!
کام دڵنیاییە ؟
سەرکردایەتی پارت و رێخراوەکان لە کوردستان لە نزیکەوە کەسایەتی کاک ئەحمەدیان دەناسی ودەیان زانی کە ئەو جگە لە رازیبوونی خوای گەورە دەربەستی هیچ رازیبوونیکی تر نەبوو، ئەو فارغ بوو لە دنیا و هەرچی ماددیاتێک کە تێیدایە و بە هێزێکی مەعنەوی کەهەم دڵی سەرشار بوو لەو هێزە و هەم لە رەفتاریدا وەک خۆرێکی گەش دەدرەوشایەوە، ئەوەی بۆ خەڵک سەلماندبوو کە ئەم ئینسانە جێگای باوڕ و پشت پێبەستنە لە هەموو بارودۆخێکدا، ئەم حاڵەتانەشی زادەی ئەوڕۆژ و بارودۆخەی ئەوکاتەی کوردستان و ئێران نەبوون، بەڵکو ئەو لە مێژبوو، رێبواری ئەم رێ ئاسمانییە بوو و توانیبووی جارێکی تر، لە مێژووی هەزارساڵەی پاش کۆچی پیاغەمبەردا، قورئان بۆ ناو کۆمەڵیک لە پێرەوانی بگەڕێنێتەوە و زەمینەی شۆڕشێکی مەعنەوی گەورە بسازێنێ، کە وەک خۆیان ئاماژەیان پێکردووە، هەر ئەوە رویدا کە خۆیان پێشبینیان کرد بوو، ئەو غافڵگیر نەبوو بە رووداوەکان و ئەمجارەیان، وەک تاکە رابەری راستگۆ لەگەڵ خوای خۆی و بەندەکانی خوادا، هەر بەو بەڵینەوە کە بەخوای دابوو چووە ناو جەرگەی مەسەلەکانەوە و بۆ هەموو گرفتەکان چارەسەری فرە بە ویژدان و ئینسانی و مەنتقی و گونجاو لەگەڵ بەرنامەی خوا و گونجاو لەگەڵ کێشەکانی ئینسانی ئەم سەردەمەی پێشکەش کرد ، کە شەیتان سیفەتان، زارەتەرک بوون و چوونکە خواست و ئارەزووی ئەوانی دی بچوک و دنییای و مەسەلەکەیان بە جدی نەگرتبوو، مەبەستی کورتخایەن، سوودی بێدەوام وبەرژەوەندی تەسکی رابەرانی دەستە و تاقمەکان کە هەزاران رۆڵەی کوردیان کردە قوربانی، لەسەرەتاوە بوونە بەربەست لە رێگای ئامانجی سەرتاسەر پیرۆزی ئەم زانا و رابەرە هەرە مەزنەی نەتەوەکەمان و پاشان پڕکێشی ئەوەشیان کرد کە پەلاماری پێڕەوانی بدەن و دیسان لە باشترین رۆڵەکانی کورد بکەنە قوربانی، ئامانجی بێهودەیان ...!
وەک وتمان، کاک ئەحمەد فرە بەر لە روداوەکان بزوتنەوەکەی دەسپێکردبوو، رێگاو ئامانج و مەبەستی بۆ هەمووان ئاشکرا بوو، جێگای متمانە و ئەمانەتدارێکی خەمخۆری بێوێنە بوو لە مێژووی کۆن و نوێی نەتەوەکەی و نەتەوەکانی تری مسڵماندا، ووتەکانی ژیانی بوون، سیاسەتی نەدەکرد تا پڕ لە رەمز و راز و نهێنی بێ، ئەمانە ببوونە سیمای کەسایەتی ئەم ئینسانە گەورەیە وئەمانەش ئەودڵنیایانە بوون کە دەکرا هەموو نەتەوەی کورد پاڵی پێوە بدات وئاسودەبوایه‌ کە مەسەلەکەی لە دەستی ئەمینترین، خەمخۆرترین ، دڵسۆزترین و زاناترین رابەری مێژووی کۆن و نوێیدایە....
کاکە ئەحمەد جگە لەوەی کە دڵسۆزی مەسەلی ئینسان بوو، زانایەکی گەورە و توانایەکی بێوێنەی خودا دادی هەبوو بۆ تێگەیشتن لە مەسەلەکان و پەیبردن و دەسنیشانکردنی پەیوەندی سروشتی مەسەلەکان(کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌لسه‌فی و زانسته‌ ته‌جروبییه‌کان) بەیەکەوە و باسکردنی ئەم پەوەندییە فرە ناسک و نادیارانە لە باسگەلێکدا بۆ خەڵکانێک کە رەنگە تاکو ئەوکاتە کتێبێکیان نەخوێندبێتەوە!!! مرۆڤ کەدڵ بە فەرمایشتەکانی دەدا ، دەکەوێتە بیری رابەری یەکەمی بزوتنەوەکە پیاغەمبەری خۆشەویستمان، کە بەرنامەی خوای بۆ کەسگەلێک شیدەکردەوە کە لە تاریکستانی نەزانیندا نوقم ببوون، بەهەمان دەستور کاکە ئەحمەد جارێکی تربەرنامەی خوای بۆ بەشەرییەت لە کوردستانەوە بەیادی مامۆستا و ئیمامی خوی پێغەمبەری خۆشەویست، دەست پێکردەوە و دڵنیا بوو کە دەگاتە ئامانج کەبریتیە لە بوونەوەی قورئان بە بەرنامەی ژیان.
.بۆچی رابه‌رانی تر کاک ئه‌حمه‌دیان بۆ ده‌رک نه‌کرا؟
وەک باسمان کرد کاک ئەحمەد یەک کاک ئەحمەد بوو، بە نهێنی و بە ئاشکرا هەر هەمان بیروباوەڕ و دڵسۆزی و میهربانی و هەمان کەس بوو، مامەڵە و سەودای نەدەکرد بە گیان و ئایندە و ژیانی کەسەوە، هەموو مەسەلەکانی بە تەرازووی باوەڕە ئاسمانییەکەی دەپێواو لە جیهانی ئەندێشە و بیری قوڵی کاک ئەحمەددا هەمووان جێیان دەبووە، نازی هەمووانی دەکێشا، لە دڵەوە خەمخۆر بوو هەموو شتێکی بۆ هەموو کەس دەویست و بۆخۆی هیچی نەدەویست، ئامانجی ئەو لە دنیاو هەرچی لە دنیادا بوو، فرە گەورەتر بوو، ئەوە کەمایەسی و جۆرەها کورتهێنانی بیری ئەوانی تر بوو، کە توانای دەرک کردنی ئەم زاتەیان نەبوو، ئەم جدی و رۆحێکی ئازاد و بوێر بوو، ئەوان سیاسەت باز بوون و بە شوێن پلە وپایە ودەسکەوتی کاتی دنیایی بوون و دەرکیان لە چوارچێوەی ئەو تیورییه‌ تەقلیدیانە کە پوچییان و لایەنی کەم ، نەگونجانیان بۆ کۆمەڵگاکانی ئێمە، لە مێژبوو ئاشکرا ببوو، تێنەدەپەڕی و بە پێجەوانەی کەسایەتی کاک ئەحمەدەوە کە هەمیشە لایەنگری حەق بوو، ئەوان هەزاران ناهەقیان بە حەق ئاراستە دەکرد و سەوداگەری بازاڕی سیاسەتێکی پیسبوون کە دەیان زانی ئەو ناحەقیانە لە فەرهەنگی زوڵاڵی حەق پەرستی کاکە ئەحمەددا چێی نابێتەوە و ئەوان لەکاک ئەحمەد دڵنیا بوون و لە ناخەوە دەیان زانی کە ئەو لێهاتوویی رابەرایەتی نەتەوەکەی هەیە، بەڵام ئەوان لە خۆیان و مەرامیان و بەرامبەراکانیان دڵنیا نەبوون، تا ڕادەیەک لەیەکتر بە گومان بوون، کە تەنانەت ئەو یاسا فرە سادەیەی سیاسەتیان لە بیرکردبوو و لێیان شێوابوو، کە هیچ نە بێ وەک تاکتیکێکی سیاسیش بێ، ئەویان بە نوێنەری خۆیان هەڵبژاردایە و دڵنیا بوونایە کە کەشتیەوانی ئەم مەسەلەیە فرە شارەزا و دڵسۆز و خوا پشتیوانی بوو، بەڵام کوا سیاسەتبازان بەسیرەتی بینینی ئەو ووردەکاریانەیان هەیە؟
پڕکێشی ئەوان بۆ پەلاماردانی پێڕەوانی کاک ئەحمەد، ئەو بوێرییەی دا بە حکومەتی ناوەندی، کە زەفەر لە کاک ئەحمەد بێنن و خۆیی و ژمارەیەکی زۆر لە قوتابییەکانی زیندانی بکەن، چونکە کاتێ ئەوانی تر کوردستانیان بۆ دوژمنان چۆڵکرد و ئەم بەشە لە نەتەوەکەیان بە تەنیا جێهێشت، کاک ئه‌حمه‌د تەشریفی موبارەکیان برد بۆ ناو قوڵایی دەسەڵاتی حکومەت و توندتر لە جاران بەرەنگاریان بووەوە و یەک موو لە رێبازی پیرۆزی ئاسمانی و نه‌ته‌وه‌یی و ئینسانی خۆی نەكشایه‌وە و جارێکی ترهێز و توانا وکەسایەتی بەخشییەوە بە نەتەوەکەی....




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە