هەرێمی كوردستان بەرەو پاشاگەردانی یا خود سەقامگیری؟!

Tuesday, 07/01/2014, 12:00

1532 بینراوە




پێش مانگێك زیاتر لەنوسینێكدا ئاماژەم بۆ ئەوە كرد بەكراوەیی هێڵانەوەی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئاماژەیەكی خراپە و ئەگەری ئەوە هەیە ئەزموونی پەرلەمانی ئێراقی ساڵی"2010" دووبارە ببێتەوە كە دوای هەشت مانگ پەرلەمانی ئێراق حكومەتێكی ناتەواوی دروستكرد و نە ئەو پەرلەمانە و نە ئەو حكومەتە نەیانتوانی ئارامی بۆ ئێراق بهێنن و ئەمە جگە لەوەی نەریتێكی خراپی دروستكرد، پێشبینییەكەم راست دەرچوو، ئەوە نزیكەی دوومانگە بەسەردانیشتنە كراوەكەی پەرلەماندا تێپەڕ بوو، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسیەكان نەگەیشتوونەتە رێككەوتن. لەگەڵ ئەمەشدا بەیاسا پەرلەمانی هەرێم كەوتە ناو پشتووەو هەتا مانگی ئادار لەپشتوودا دەبێت، ئەگەر لایەنە سیاسیەكان دڵیان بەگەل بسوتێ و رێكبكەون و داوای دانیشتنی نائاسایی بكەن، ئەگەر نا هەتا دوو مانگی تر دەرفەتیان هەیە و دەتوانن بەكاوە خۆ و هێدی هێدی گفتوگۆ بكەن و پەلە نەكەن لەدروستكردنی حكومەت و رێككەوتن لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی ناو حكومەت و پەرلەمان. ئەوە ئەو ئاماژە خراپەیە كە پێشتر سەرەنجم بۆ راكێشابوو.
بێگومان بەم شێوەیە بچێت، رەنگە رێككەوتن ببەنە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم كە بڕیارە لە "30/4/2014"دا ئەنجام بدرێت. ئەم هەڵسوكەوتەی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم هەڵبژاردن و دەنگی گەل و یاساكان بێ واتا دەكەن؛ چونكە یاسایان وەكو لاستیكێك لێكردووە و چۆنیان بەدڵ بێت بەوشێوەیە رایدەكێشن. ئەوەتا بەپێی یاسا دەبێت لەدوای یەكەمین دانیشتنی پەرلەمان لەماوەی ماگێكدا حكومەت دروست ببێت و ئەگەر لایەنی یەكەم لەماوەی دیاریكراودا نەیتوانی حكومەت دروست بكات، ئەوا دەبێت كەسێكی تر ئەركدار بكات بۆ دروستكردنی حكومەت و ئەگەر ئەمەش نەبوو براوەی دووەمی ئەركداربكرێت بۆ دروستكردنی حكومەت و ئەگەر ئەمەش ئەنجامی نەبوو، ئەو كاتە بڕیاری هەڵبژاردنەوەی پەرلەمان بدرێت و ئەو پەرلەمانە هەڵبژێردراوە هەڵبوەشێتەوە، بەڵام پەرلەمان و لایەنە سیاسیەكان بۆ ئەوەی خۆیان لەو ئەگەرانە بپارێزن، هەستاون بەئەنجامدانی فێڵی یاسایی و دانیشتنیان بەكراوەیی هێڵاوەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەدێی خۆیانە هیچ دەنگ ناكەن كاتێك دانیشتنێكیان نەكردووەو دەست بەپشوو دەكەن.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەماوەی ئەم دوو مانگەدا و یاخود دەكرێت زیاتر بگەڕێینەوە دواوە و بڵێین لەدوای هەڵبژاردنی هەرێمەوە لە"21/9/2013"هەتا ئێستا، هەرێمی كوردستان بەناجێگیرترین بارودۆخدا تێپەڕ دەبێت، لەهەولێر هێرشكرایە سەر ئاسایش، ئەندامێكی ئەنجومەنی ئاسایش لەئۆتێلدا بەمردوویی دۆزرایەوە، لەسلێمانی بەرپرسی پاسەوانەكانی سەرۆك كۆمار تیرۆركرا، لەقەڵادزە و كەلار دوو رۆژنامەنوس تیرۆركران، چەند تەقینەوە لەسلێمانی و دەوروبەریدا روویدا، لەسەید سادق لەئەنجامی خۆپیشاندانی جەماوەردا"بڕیار حەسەن" شەهید كراوە و ئاڵۆزی لەناوچەكەدا بەردەوامە، بەڵام نە لایەنە سیاسیە سەركەوتووەكانی پەرلەمان و نە پەرلەمانتارەكانیان خاوەن هەڵوێستێكی جددی نیین، ئەمەش چاوەڕوانی شتی باشی لێ ناكرێت!!
لەدونیای دیموكراتیدا هەڵبژاردن بەواتای گەڕانەوەیە بۆ رای جەماوەر و نوێكردنەوەی دامەزراوەی یاسادانان و بەرێوەبردنی وڵاتە، بۆ دروستكردنی بۆشایی یاسایی و بەرێوەبەری نییە، هەر ئەمەش وا دەكات كە زۆربەی وڵاتان لەدەستور و یاسادا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە لەماوەی 45 رۆژ یان 30 رۆژ لەدوای هەڵبژاردن پەرلەمان نەتوانێت دانیشێت و حكومەت دروست نەبێت، ئەوا بۆ كۆتایی هێنان بەو بارودۆخە پێویستە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە، بەڵام لای ئێمە ئەوە نزیكەی چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕ دەبێت و ئەوەندە رووداوی جددی هەیە و كوردستان لەبەردەم پاشاگەردانی و ئاڵۆزیدایە، كەچی لای بەرپرسان و پەرلەمانتاران بارودۆخەكە نۆرماڵ و ئاساییە. لەم بارودۆخەدا پێویستە جەماوەر و لایەنە سیاسیەكانی تر و رۆشنبیران ورێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی ئەم بارودۆخە پەسند نەكەن و هەرچی زووە بەچالاكی و هەڵوێستی مەدەنی بەرفراوان ئەو لایەنانە ناچار بكەن كە پەرلەمان و حكومەت رێكبخەن، ئەگەر ئامادەیی رێككەوتنیان نییە، ئەو كاتە بەئاشكرا بڵێین و جەماوەر داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بكەن. هاوكاتی ئەمە پێویستە لەرێگەی چالاكی بەرفراوانەوە ئەو لایەنانە ناچار بكرێن كە بكۆژانی رۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەران ئاشكرا بكەن، ئەگەر توانایان نییە ئەوا بادەست لەبەرپرسیارێتی هەڵبگرن. واتا كاتی ئەوەیە كە جەماوەر هەڵوێستی خۆی بەروونی دیاری بكات، ئەگەر ئەمە نەكەین، ئەوا دوور نییە بارودۆخی هەرێمی كوردستان لەدوای هەڵبژاردنی ئێراق و بوونە رۆژەڤی پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی هەرێم زۆر خراپ بێت و ئیتر بەتەواوی ژیانمان بكەوێتە نائارامییەوە. هەر بۆیە ئەركی هەمووانە كە رێگە لەم بارودۆخە بگرین و ئەگەر لایەنە براوەكانی ناوپەرلەمان ناخوازن لەوە زیاتر رووبەرووی رەخنە ببنەوە و بەراستی خۆیان بەرپرس دەبینن بەرامبەر گەل و دەنگدەرانی خۆیان، ئەوا پێویستە هەرچی زووە كۆتایی بەم قۆناخە بهێنن، ئەگەر ئەمەش نەكەن ئەوا پێویستە بەرپرسیارێتی ئەو نائارامییەی هەیە بگرنە ئەستۆی خۆیان، چونكە هەموو كاتێك بۆشایی سیاسی و ناسەقامگیری یاسایی و سیاسی زەمینەی ئاڵۆزی و ناجێگیری ئاسایشی دروست دەكات و بێگومان دەكرێت هێزی شەڕخواز و ناحەزیش سوود لەو بارودۆخە وەربگرن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە