گاندی: (ئەگەر بوێریی ئەوەت نییە قسەی حەق بکەیت، چەپڵەش بۆ کەسانێک لێ مەدە کە قسەی ناحەق دەکەن)


تاریق هاشمی و ساڵح موتله‌گ، دوژمنی کورد و دۆستی مەسعود و جەلال

Tuesday, 12.20.2011, 12:00

776 بینراوە


دوای ڕوخانی ڕژێمی سه‌ددام و داگیرکردنی عێراق له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌، عێراق بووە مەیدانی شانۆگەریی بۆ سیاسییە ناپاک و جاسوسە دۆڕاوەکانی کورد و سونە و شیعە، پڕ بوو له‌ ده‌موچاو و ناوی تازه‌ی سیاسیی، دەسەلات بوو بە لانەی بێچووە دیکتاتۆرەکان، لە سەددام خراپتر و دڕندەتر، ئیستا ئێمە باس لەو دووکه‌سایه‌تییە ئاڵۆزه‌ی کوردستان ناکەین، که‌ تاڵه‌بانی و بارزانییه‌، ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێین داخۆ تاریق هاشمی و ساڵح موتله‌گ بۆچی و به‌ پرسی کێ ڕوویان له‌ نیشتمانی ئێمه‌ کردووه‌ ؟
تاریق هاشمی که‌ جێگری تاڵه‌بانییه‌، پێرێ به‌ تۆمه‌تی تیرۆر که‌ یه‌کێک له‌ پاسه‌وانه‌کانی ددانی به‌تاوانه‌که‌دا ناوه‌ و ده‌ڵێ: به‌ڵێ هاشمی له‌پشتی تیرۆره‌وه‌ وه‌ستاوه‌ و خودی خۆی تیرۆریستە، تالەبانییش ئه‌مڕۆ ده‌ڵی پێشنیاری بۆ کردوه‌ بێته‌ هه‌رێم و ئه‌و کێشه‌که‌ی بۆ چاره‌سه‌ر ده‌کات، تاڵه‌بانی هه‌رچی رەوشت و موراڵی سیاسیی هه‌یه، ئەم‌ نییه‌تی.
له‌و جێگه‌یه‌ی کورد پێویستی به ‌هه‌ڵوێستی ئه‌م کابرایه‌ ده‌بێت، ئه‌و به‌پلان دژی دەوەستێتەوە، و هەرچی بۆ کورد باشە ئەم نایکات.
دوای کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، عێراق که‌وتۆته‌ قه‌یرانێکه‌وه‌، ئیتر له‌وه‌ زیاتر به‌م پینه‌و په‌ڕۆیه‌ سونه‌ و شیعه‌ ناتوانن درێژه‌ به‌ژیانی خۆیان بده‌ن . که‌چی پیاوه‌ زلله‌که‌ که‌ سه‌رۆکی کۆماری عێراقه‌، به‌هه‌ڵه‌داوان دێته‌ سلێمانی و داوا له‌ چه‌ند تیرۆرستێک ده‌کات بێنه‌ هه‌رێم، هه‌واڵه‌کان ڕایده‌گه‌یه‌نن که‌ هاشمی بۆ خۆ حه‌شاردان له‌ هاوینه‌ هه‌واری دوکان تاماوه‌یه‌ک ده‌مێنێته‌وه‌، ماوه‌که‌ چه‌نده‌ ؟ ئه‌وه‌ که‌س نایزانێ و ئه‌مری سه‌رۆکه‌ نه‌خۆشه‌که‌یه‌، له ‌تاڵه‌بانی وایه‌ هاوینه‌ هه‌واری دوکان موڵکی باوانێتی و هه‌رچی تیرۆریسته‌ بێت له‌ژێر باڵی ئه‌ودا درێژه‌ به‌ ژیانی خۆی بدات و له‌ کاتی پێویستیشدا بێته‌وه‌ سه‌ر شانۆی سیاسی. ساله‌ح موتڵه‌گ و هاشمی ئه‌و دووکه‌سه‌ن که‌ سوکایه‌تی دنیایان به‌ مه‌سعود بارزانی کرد به‌تایبه‌تی موتڵه‌گ جوێنی دنیای به‌ بارزانی دا، که‌چی ئه‌مڕۆ بارزانی خۆی گیڤ ده‌کاته‌وه‌ و دێته‌ ده‌نگ و له‌سه‌ر حسابی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌ڵێ ئه‌و هێرشه‌ی کراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌م دوو جێگره‌ ی تاڵه‌بانی و ساله‌ح موتڵه‌گ قابیلی قبوڵ نییه‌. ئاخر پیره‌مێرد ووته‌نی (زۆرگوڕتان به‌ست و بازێکتان نه‌دا، بۆیه‌ باوه‌ڕتان پێ ناکه‌ین به‌خوا).
چ پێکه‌نیناوییه‌ هاشمی ده‌ڵێ من ده‌چمه‌ به‌رده‌م داگای هه‌رێم، هاشمی چاک ده‌زانێ ئه‌وه‌ی لە هەرێمدا نه‌بێت دادگایه‌، ئەگەر دادگا لەو کوردستانە هه‌بوایه، دەبوو له‌سه‌روو هه‌موو کارێکێوه‌ی تاڵه‌بانی و بارزانی ده‌جار له‌دار بدرانایە. خۆش به‌ختانه‌ مالیکی سه‌رۆک وه‌زیران ئه‌مڕۆ وه‌ڵامی لێدوانه‌که‌ی هاشمی دایه‌وه‌ و ووتی ده‌بێ دادگای هاشمی له‌ به‌غداد بێت.
هه‌موومان ده‌زانین تاڵه‌بانی نزیکایه‌تی ته‌واوی له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌یه‌ و بگره‌ کورد ووته‌نی په‌نجه‌ به‌ئاودا ناکات بێ پرسی ئێران، مێدیای یه‌کێتی مێدیایه‌که‌ ته‌نها قسه‌ فڕێ ده‌دات، له‌م ڕووداوه‌ی هاشمیدا چه‌ند جۆر لێدوانی داوه‌، له‌لایه‌ک دەڵێت به ‌حکمەتی تاڵه‌بانی قه‌یرانی گرتنی هاشمی له‌ناو فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غداددا وه‌ستا و هاشمی ڕووی له‌ سلێمانی کرد، کاتێک ئیران به‌زه‌نگی ته‌له‌فۆنێک به‌تاڵه‌بانیان ووت هاشمی مه‌بینه‌ ئیتر، له‌مێدیاکاندا بڵاوکرایه‌وه‌ که‌ تاڵه‌بانی نایه‌وێت هاشمی بینێت و هاشمیش ڕووی له‌ هه‌ولێر کرد.
جگه‌ له‌وه‌ی ئێران پشگیری جیدی بۆ تاڵه‌بانی کرد، کە بکرێتەوە به‌سه‌رۆک کۆمار، چونکە ئاشکرایە ئێران ڕاسته‌و خۆ له‌ڕێگه‌ی شیعەکانەوە پشتگیری لە تاڵه‌بانی دەکات.
بارزانی، ئه‌و هه‌موو سوکایه‌تییه‌ی به‌داوێنی خۆی هه‌ڵگرت، کاتێک موتڵه‌گ و هاشمی و سونه‌کان ناویان زڕاند و قسەیان پێی وت، چونکه‌ له‌مێژه‌ ئێران کار بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ بارزانی نه‌مێنێت، چونکه‌ مێژووی تێکه‌ڵ بوونی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی لە جاسووسی هەموو شوێنێک و ئەمڕۆ گوێڕایەڵی ئێران ناکات، هەر بۆیە لە کاتی شەڕی نێوان پارتی و یەکێتیی و لە ٣١ی ئابدا، ئێران له‌شکری نارد تاکو کۆیه‌ و گه‌ر به‌ر ده‌وامیش بوایه‌ و ئه‌و دوو هه‌رێمی سه‌وزو زه‌رده‌ دروست نه‌بوایه‌ زیاتریش ده‌ڕۆی، ئاخر هه‌مان شه‌ڕه‌ و درێژه‌ی مێژوویه‌که‌ که‌ ناوی شه‌ڕی سونی و شیعه‌یه‌ و ماوه‌ی زیندوو بوونه‌وه‌ی شه‌ڕی ئێران عێراقه‌.
ئه‌مڕۆ هاشمی لیستی عێراقییه‌ و هه‌موو ئه‌و به‌عسیانه‌ی که‌ ئه‌نفالیان کردووین به‌بێ پرسی گه‌لی ئێمه‌ هاتوونه‌ته‌ کوردستانه‌وه‌و لێره‌وه‌ درێژه‌ به‌شه‌ڕی خۆیان ده‌ده‌ن و سه‌رانی کوردیش به‌سه‌رکردایه‌تی تاڵه‌بانی و بارزانی ده‌بنه‌ به‌رده‌بازی ئه‌وان و ڕۆڵه‌ی کورد و خاکی کورد و ئابوریی کورد دەخەنە خزمەتیان، بۆ شەڕێک که‌ له‌ دوور و نزیک په‌یوه‌ندی به‌کێشه‌ی ئێمه‌وە نییه‌، ده‌بوو له‌م قه‌یرانه‌ی ئه‌مڕۆ ڕژێمی عێراقی تێکه‌وتوو ه‌ سه‌رانی به ‌زۆر سه‌پاو به‌سه‌ر نیشتمانه‌که‌مدا بهاتنایه‌ داوای ناوچه‌ داگیر کراوه‌کانیان بکردایه‌، به‌ڵام ئه‌وان دێن و جۆرێکی تر مامه‌ڵه‌ده‌که‌ن و دۆزی کورد به‌ره‌و نادیارتر ئه‌هاژوون .
سه‌مه‌ره‌ له‌وه‌دایه‌ مه‌سعود بارزانی هێستا ل ه‌قه‌یرانی بادینان و کێشه‌ی یه‌گرتوو قوتاری نه‌بووه‌ دێت هه‌ڕه‌شه‌ له ‌مالیکی و ڕژێمه‌که‌ی ده‌کات، ده‌ش زانێ هیچی له ‌باردا نی یه‌، ڕه‌نگه‌ دڵی به‌و 30000 فیدایه‌ خۆش بێت که‌ فازیل میرانی باسی لێوەدەکات، هەرچەندە ئێمە پارتی ده‌ناسین و ده‌زانین ترسنۆکترین کەسن، له‌ئه‌نفالی بادیناندا زیاتر له‌ 30000 چه‌کداریان هه‌بوو که‌چی گولله‌یه‌کی به‌رگریان نه‌په‌قاند.
سه‌رانی به‌زۆر سه‌پێنراوی کورد لە نمونەی به‌رهه‌م ساڵحیش به‌ده‌ر نییه‌، کاتێک ده‌ڵێ (پارچه‌پارچه‌بوونی عیراق له‌سه‌رده‌ستی ئه‌وانه‌ ده‌بێت كه‌ ده‌یانه‌وێت سیستمێكی شمولیی ناوه‌ندیی بسه‌پێنن) له‌م قسه‌ بێ بنه‌مایه‌ی ساڵح بڕوانن بزانن چ خیانه‌تێکه‌ به ‌نه‌تەوه‌ی ئێمه‌ ئه‌مانه‌ دەیکەن. 21 ساڵه‌ هیچ پاشه‌ڕۆژێکیان بۆ نیشتمانی ئێمه‌ و گه‌لی ئێمه‌ پێ نییە، به‌ڵکو تابێت ڕۆژه‌کان و چاره‌نووسمان به‌ره‌و نادیارتر و تاریک تر هه‌نگاو ده‌نێ.
تاریق هاشمی و ساڵح موتله‌گ و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ میوانێکی ناشه‌ڕعی و سه‌رانی کوردن سبه‌ینێ ده‌سه‌ڵاتیان که‌وته‌وه‌ ده‌ست یه‌که‌مین دوژمن به‌سه‌ری کورد ده‌بن، . بۆ بیرمان چوو به‌ر له‌ مانگێک هاشمی ووتی تورکیا مافی خۆیه‌تی له‌په‌که‌که‌ بدات، نازانم ئێمه‌ بۆچی گه‌لێکین ته‌نها چاوه‌ڕوانی واری براوه‌ ده‌که‌ین که‌ خۆمان که‌سێک بین له‌ یاری که‌ره‌کانی سه‌ر شانۆی سیاسه‌ت؟