روونكردنەوەیەك لە عەدالەت عەبدوڵڵا،سەرنوسەری واڵاپرێس-ەوە

Thursday, 11/06/2009, 12:00

2559 بینراوە


لە سایتی كوردستان پۆستدا كەسێك بە ناوی خوازراوی (گەرمیانی)ەوە، جنێونامەیەكی پانوپۆڕی! لەبارەی ئێمەوە نوسیوە و تیایدا كۆمەڵێك تۆمەت و بوختانی نابەجێی بۆ هەڵبەستوین كە شایانی ئەوەن خوێنەرانی ئەم سایتەی لێ ئاگادار بكەمەوەو راستیان بكەمەوە. سەرەتاش دەڵێم: بێگومان ئێمە پێویستیمان بە وەڵامدانەوەی جنێو و قسەی سووك و ناشیرینی هیچ كەسێك نییە، ئەوانە باشترین وەڵام بۆیان ئەوەیە نەكەویتە داوی دابەزینەوە بۆ ئاستی ئەو ئەخلاقییەتەی پەروەردەی بوون كە بەداخەوە ئەخلاقیاتی درۆكردن و تۆمەتكردنە وەك لاوازترین شێوازی بیركردنەوە، بۆیە لەم ئاستەدا بە رستەیەك ئەوە دەڵێم كە ئەو برادەرە، هەركەسێكە، چاوەڕوانی نێچیری داوەكەی نەبێت..!
تۆمەتەكان لەو جنێونامەیەدا زۆرن:
یەكەمیان: ئەو برادەرە واپیشاندەدات كە ئەو راپۆرتەی واڵاپرێس بۆ ناشیرینكردنی برای بەرێز كاك عوسمانی حاجی مەحمود و بەعەقڵییەتی دەستەگەریی! و شتی لەم بابەتانە نوسراوە، ئەمە لەكاتێكدا ئاشكرایە ئەوەی سكاڵای ئەو دوو هاوڵاتییە بخوێنێتەوە بەرچاوی دەكەوێت كە تیایدا ناوی بەرپرسی چەند دەزگایەكی تری دەوڵەتی هاتووەو، مەسەلەكەش ئەوەیە كە، بەپێی قسەی سكاڵاكاران، نەك ئێمە وەكو واڵاپرێس، ساردییان لەو مەسەلەیەدا نواندووە، یان هاندەری بووبێتن. لەلایەكی تر، بەراستی ئێمە هیچ هەقێكمان بەسەر دەستەگەریی ناو یەكێتییەوە نییەو ئیشی گۆڤارەكەی ئێمەش نییە، دەلیلیشمان ئەوەیە یەكێك لەو كەسانەی كە سكاڵاكاران ناویان بردووە كاك حەمەی مالیە-ی بەرێوەبەری ئاسایشی گەرمیانە كە خزمی هەرە نزیكی كاك مەحمود سەنگاویە، ئاشكراشە كە ئەم دوو برادەرە سەربە هێڵی گشتی یەكێتین، واتە سكاڵاكاران ناوی كەسانێكیان بردووە كە سەربە دوو كوتلەی جیاوازی ناو یەكێتین و ئێمە ناوەكانمان، وەك ئەمانەتی رۆژنامەنووسی بڵاوكردۆتەوەو بێ دەستكاری.
دووەم: لە عورفی رۆژنامەگەریدا بڵاوكردنەوەی سكاڵا كارێكی رێ پێدراوە، خوێنەر رۆژانە سكاڵا لە هەموو رۆژنامەكاندا دەخوێنێتەوە، ئەو كەسەی سكاڵاشی لێ دەكرێ مافی تەواوی وەڵامدانەوەی هەیە، بۆ ئەو مەبەستە ئێمە هەوڵێكی زۆرمان داوە كە بیروبۆچوونی هەموو ئەو بەرێزانە لەسەر ئەو سكاڵایە وەربگرین، بەندە شەخسی خۆم پەیوەندیم بە بەرێز كاك عوسمانی حاجی مەحمود-ەوە كردووەو بڕیار وایە روونكردنەوەمان بۆ بنێرێت، كاكە حەمەی مالیە-ش روونكردنەوەی بۆ ناردووین و لە ژمارەی داهاتوودا بڵاودەبێتەوە.
سێیەم: هەندێ درۆ لەبارەی شەخسی خۆمەوە كراوەو گوایە بە هاندانی مەلا بەختیار و ئازاد جوندیانی كار دەكەین، لەراستیدا بەندە هیچ پەیوەندییەكی دیاریكراو بە كاك مەلا بەختیار-ەوەم نابەستێتەوەو پێم وابێ لەهەموو تەمەنیشمدا یەك دووجارێك لەنزیكەوە بینیومە ئەویش بۆ كاری رۆژنامەنووسی و هیچیتر، لەو كەسانەیش نین هانبدرێن بۆ كارێك كە باوەڕمان پێی نەبێت. هەرچی ئازاد جوندیانی-یە، بەرپرسی ئیعلامی مەركەزی یەكێتییەو بەحوكمی ئیشكردنم بۆ ماوەیەك لەكوردستانى نوێ و الإتحاد ئاشنایم، ئەم پیاوە رۆژێك لەرۆژان داوای لێنەكردوم لەسەر هیچ مەسەلەیەك بنوسم باوەڕم پێ نەبووبێت، بە پێچەوانەوە تائەو كاتەی كوردستانی نوێ-م بەجێ هێشت رێزی تەواوی لە بڕیارو هەڵوێستەكانم گرتووە بە رەخنەكانیشمەوە لەیەكێتی.
چوارەم: هەموو خوێنەرانێك و ئەوانەی ئەو سكاڵانامەیان خوێندۆتەوە ئاگاداردەكەین كە تەنانەت تەنها یەك حەرفی ئەو سكاڵایەش لەلایەن ئێمەوە نەوتراوە، بەڵكو قسەی تۆماركراوی خودی سكاڵاكارانەو كاسێتی قسەكانیشیانمان پاراستووە، بۆیە ئێمە بەڵگەی تەواومان لایە كە تاقە دێرێكیش لەلایەن ئێمەوە نەخراوەتە سەر ئەوەی كە لەزمانی سكاڵاكارانەوە وەرگیراوە.
پێنجەم: لێدانی قەوانی ئەوەی ئێمە قەڵەمی شەڕی ناوخۆ بووینە!، قەوانێكی سواو و بێمانایە، چونكە ئەوەی پەیوەندیی بە منەوە هەبێت تەنها لەبەرامبەر رووداوێكی ناوخۆشی قۆناغی ئەو شەڕەدا، وەك سەدان نوسەر وسیاسیی تری ئەم وڵاتە، هەڵوێستم وەرگرتووە، بەڵام لەبەرامبەردا سەدان وتارمان بۆ ئاشتی و نەفرەتكردن لەشەڕی ناوخۆ هەیەو یەكێك لەكتێبەكانیشم ناوی (لەپێناوی ئاشتی و دوارۆژدا)یە، خەڵكێكی زۆریش هەیە ئسلوبی نوسینی ئێمە ئەزانێ و بەو تۆمەتانەی كەسانی وەكو ئێوە هەڵناخەڵەتێن.
شەشەم: تەحەدا ئەكەم ئەو برادەرە بچووكترین بەڵگەی لەسەر ئەوە هەبێت كە یەكێتی تەنها یەك عانەی ئەحمەری بەمن دابێت بۆ خانوو كڕین، ئەو سەیارەیەش كە پێمە موڵكی دەزگای واڵا-یەو دەتوانێت لە مروری سلێمانی بەڵگەكەی دەربهێنێت، واتە ئەگەر مەغدورترین كەس هەبێ ئەوە لە راستیدا من بوومە. لەكوردەواریدا دەوترێ: لەدز وایە هەموو كەسێ دزە، ئەم برادەرە خۆی كەسێكی هاندراوە بۆ ئەوەی ئەم جنێونامە بێ بایەخەمان لەسەر بنوسێت، كەچی ئەم گەمە بێلەزەتەی خۆی بە ئێمە ئەفرۆشێتەوە، من ئەپرسم: ئەوە باشە بۆ بایی ئەوە غیررەتت تێدا نییە لەسەر روپەڕی رۆژنامەیەك و بە ئاشكراو ناوی خۆتەوە لەسەرمان بنوسیت ؟ ئەم حیزە فێڵییە چییە خۆتت پێوە خەریككردووە؟ تۆ باشتر وایە بڕۆی بە خەڵكانێكەوە بنوسێی كە دنیایەك ئیمتیازاتی ئەم وڵاتەیان خواردو هیچیشیان پێ نەبەخشیوە، من لە شاخ بووم كاكی برا، لەو شۆڕشەدا بریندار بووم، برای شەهیدم، چەندینجار ئاوارەو ماڵ تاڵانكراوبووین،خۆم و خێزانم زیندانی بووینە، هەموو براكانم مامۆستای شۆڕشی ئەوساو زانكۆكانی ئێستای كوردستانن و خەڵكێكی زۆریش دەمانناسن، یەك رۆژ نەبەعسی و نە جاش نەبووم، هەر لەبەر ئەوەشە بوێرین و لەكەس ناترسین، هەر ئەمەشە كە سەرماەیەی ئێمەیەو سەرچاوەكی رێزگرتنی خەڵكێكی زۆریشە بۆ ئێمە، بێگومان باجی ئەم هەڵوێستانەشمان داوەو قبوڵیشمە كە دیارترینیان بریتییە لەبێبەشبوونمان لەزۆر ئیمتیاز كە ئەمڕۆ خەڵكێكی زۆری هیچ لەباردانەبوو وەریدەگرن.
حەوتەم: تۆمەتێكی تری بێ مانا ئەوەیە كە من نوسینی نوسەرە عەرەبەكانم دزیوە، ئەم تۆمەتی دزینە دەمێكە بە گوێی چەندین قەڵەمی جدی ئەم وڵاتەدا دەدرێت. نوسەرە فاشیلەكانی وڵات كە خۆیان لە ساڵێكدا كتێبێكی نایاب ناخوێننەوەو زمان نازانن ، باشترین رێگا بۆ ئەهوەنكردنەوەی هەستكردنیان بە كەمیی تەنها تۆمەت دروستكردنە بۆ نوسەرانێك كە بیردەكەنەوە، بۆیە ئەم تۆمەتەشیان بێ رادە بێمانایە، ئەمەش لەبەر یەك هۆی زۆر سادە، ئەویش ئەوەیە كە لە بنەڕەتدا درۆیە، هەموو لێكۆڵینەوەو وتار و كتێبەكانم بە هەردوو زمانی عەرەبی و كوردی لەرۆژنامەو سایتە كوردی و عەرەبی و نێودەوڵەتییەكاندا هەڵبدەیتەوە یەك دێڕی دزراوی هیچ نوسەرێكی بێگانەی تێدا نییە، ناوی هەریەكێكیش برابێت وەكو سەرچاوە وەرگیراون و ئاماژە بەناوەكانیشیان كراوە.
بەهەر حاڵ، بە پێویستم زانی ئەم روونكردنەوانە بۆ خوێنەرانی سایتی كوردستان پۆست بنێرم بۆ ئەوەی بە قسەی ئەم جۆرە خەڵكانە فریو نەدرێن و هیچی تر، ماوەتەوە بڵێم خۆشبەختانە گۆڤارەكەی ئێمە بە تەنها دوو ژمارە زۆرترین خوێنەری لەم وڵاتەدا هەیەو باشترین نوسەرانی كورد و عەرەبیش بۆی دەنوسن، دەشزانین زۆرێكیش هەن كە خەریكە لە داخی دەنگدانەوەی ئەم گۆڤارەدا، دڵیان دەتەقێت، بۆیە پەنا بۆ هەموو درۆو دەلەسەو تۆمەتێك دەبن، پیرۆزیان بێت !، تۆش برادەر كۆڵ مەدەو لەم كاسبییە بەردەوام بە !!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە