(جەنابی تالەبانی ئەم قسانەت چیتر باوی نەماوە)

Monday, 21/03/2011, 12:00

1715 بینراوە


سەرنجێك بۆ نامەكەی تالەبانی بۆ مەیدانی ئازادی

ئەگەر تۆ ئێمەت خۆش بویستایە وەك خۆت نوسیوتە ئەوا فرۆكەوانێكی كۆمەل كوژت لە بەندیخانەی ئاسایشی سلێمانی ئازاد نەدەكردو نێویشیت نەداوەتە ئینتەرپۆل بۆ دەستگیركردنی؟
لەم 20 سالەدا هەولێكت بۆ بەنێو دەولەتی كردنی جینۆساید (هەلەبجەو ئەنفال) نەدا. وشەی جینۆسایدتان نەخستە نێو دەستوری عێراقەوە بۆ ئەوەی وەك چەكێكی سیاسی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی لەسەر ئاستی نێودەولەتی بەكارمان بهێنایە.
ئەگەر تۆ ئێمەت بە جگەر گۆشەی خۆت بزانیایە وەك خۆت نوسیوتە ئەوا لەكاتی رشتنی خوێنی ئەو گەنجانەی سلێمانی بەدەستی پارتی ئەوا دەهاتیت و دەتگرتنە باوەشی خۆت... نەك بێدەنگ بیت و دواتر ولات جێبهێلیت، نەخێر بەرێزت باوكێكی خەمخۆر و دل گەرم نەبویت. ئەو مرۆڤەی كورسی دەسەلات و پارەی ئەوەندە خۆش بوێت چیتر ناتوانێت مرۆڤی خۆش بوێت.
ئەگەر ئێوەمانان ئێمەتان خۆش بویستایە ئەوا بیست سالە درۆتان لەگەل نەدەكردین. عێراقی دوای بەعستان دروست نەدەكردەوەو حەزت بەمانەوە نەدەكرد بۆ ژیانی پایتەخت و لەبری ئەوە ئەو ناوچانەی تری باشوری كوردستانت رزگار دەكرد كە ناوتان لێناوە ناوچە دابراوەكان.
رێگات لە دزو جەردەكانی ئەم هەرێمە دەگرت سامانی ئەم گەلە نەدزن و ئازادیەكانیشیان زەوت نەكەن. لە كوڕەكەی خۆتەوە دەست پێبكە بەر لەماوەیەك بە تەنیا بۆ یەكێك لە پرۆژەكانی لەدوبەی 150 ملیۆن دۆلاری خەرج كردوە، ئایا ئێوەمانان ئەم سەدان ملیۆنەتان لە كوێ بووە؟ بەدەیان هەزار گەنجی ئەم ولاتە توانای دروستكردنی خێزانیان نیەو كرێ خانویان پێنادرێت، بەسەدان هەزار خێزانی هەژاری ئەم ولاتە لەدەستەوە بۆ دەم دەژین، ئەوەی هەیانە كەمە بۆ ژیان و زۆرە بۆ مردن كەچی تۆ نوسیوتە "ئیوە جگەر گۆشەی خۆمن". ئیمە پێویستیمان بەدایك و باوكێكی نەتەوەیی هەیە كە فرمێسكی تیمساحمان بۆ نەرێژێت. ئەو ملیارد دۆلارانەی دوو بنەمالەكەی دەسەلات ترانسفێری دەرەوەتان كردوە بیگێرینەوە ولات بۆ دروست كردنەوەی ژێرخانی ئابوری بەكاری بهێنێن. بەلام ئایا ئامادەی ئەم هەنگاوەن؟ من دەلێم نەخێر. ئیتر چۆن دەكرێ ئێمەتان خۆش بوێت، مرۆڤتان خۆش بوێت جەنابی تالەبانی.
ئەگەر ئێمەت بە راستی خۆش بویستایە وەك خۆت نوسیوتە، وەك جەنابی بارزانیش وتەنی، ئەوا بیست سالە چانسی چاكسازیتان هەبوە، بیست سالە فورسەتی خۆگۆرینتان هەبوە كە نەتان كردوە، ئیستاش چیتر بروامان پێتان نەماوە.
ئێوەمانان باشترە پەلە لە چاككردنی خۆتان بكەن نەك ئێمە. رێگا چۆل بكەن بۆ نەوەیەكی نوێی تەكنۆكراتی، بۆ چین و توێژەكانی كۆمەل لە بریاردانی مافی چارەنوسی خۆی. ئەو چارەنوس و كەسایەتیەی گەلێك كە بەرێزت تالەبانی لەسەر گۆرەكەی كەمال ئەتاتورك شكاندت و بەخەونی شاعیران نێوت برد، هەربۆیە منیش لێرەدا دەلێم چاكسازی و ریشەكێش كردنی گەندەلی لای ئێوەوە كە ئاماژەتان پێداوە هیچی تر نیە لەخەونی شاعیران نەبێت.
ئێوەمانان دەیان سالە بەزۆر سواری سەری دەسەلات بوون. تەنیا شتێكیش پێكەوە رایگرتبن بریتیە لەبەرژەوەندی و پارە نەك فكرو ئایدیۆلۆژیا.
ئێوەمانان بوون شەری ناوخۆتان هەلگیرساندو ئەو هەزاران قوربانیانەش بە شەهید ناو نابەن. ئەمەیە تراژیدیای ئێوەمانان جەنابی تالەبانی.
ئێوەمانان، پشتگیری كردنتان بۆ نامەكەی كاك بەرهەم و 17 خالەكەی پەرلەمان نیشانەی تەبا نەبوونە لەگەل داواكاریەكانی خۆپیشاندەران چونكە چارەسەری بنەرەتی تێدا نیە، ئیتر هوكاری پشتگیری كردنی لەچیدایە؟
ئەو كاتەش بروام بە ئێوەمانان نیە كە لەخالی 4 ی نامەكەتدا دەنوسیت "ئێمەمانان سورین لەسەر دەستكردنی دەستبەجێ بەچاكسازی و پاكسازی و لە رەگوریشە هەلكەندنی گەندەلی و ناعەدالەتی". جەنابی تالەبانی خۆزگە ئەم وشانەت نەنوسیایە چونكە خۆتان دەزانن ئەوەندەی تر لە مسداقیەتتان كەم دەكاتەوە. من دەمێكە راهاتووم لەسەر ئەوەی بە وشەكانی بەرێزتان، بەوانەی دەسەلاتەكەتان تورە نەبم.. منیش ئەم وشانەم بۆ ئێوەمانان نەنوسیوە چونكە چیتر ناتوانم بتانگۆرم بەلام بۆ خەلكی بەدبەختی ولاتەكەم دەینوسم چونكە هیوام بەمان هەیە خەبات بۆ ژیانێكی باشترو دادپەروەری و پر كەرامەت بكەن.
ئایا ئێوەمانان تالەبانی و بارزانی خۆتان بروا دەكەن كە سروشتی سیستەمە سیاسیەكەتان، سروشتی بیركردنەوەتان، سروشتی رەفتارتان رێگا بدات گەندەلی هەروا بەئاسانی لەم ولاتەدا لەرەگ و ریشەدا هەلبكەنن؟ ئایا دەزانیت وشەی لەرەگ و ریشەوە چی دەبەخشێت؟ پێكهاتەی سیستەمەكەتان خۆی تۆپەلە گەندەلیەكە، نەهێشتنی گەندەلی بەواتا نەمانی دەسەلاتەكەتان دەبەخشێت، نەهێشتنی گەندەلی لەرەگو ریشەوە كە سویسراش ئەوەی پێنەكراوە بەواتا بوون بەسیستەمیكی دیموكراسی دەبەخشێت، ئەمەش دەبێتە هۆی لەنێوچوونی دەسەلاتەكەتان. سروشتی دەسەلاتەكەتان لەسەر بنەمای ئەقل و مەنتق دانەمەزراوە و هەربۆیە ناتوانن خۆتان بدەنە دەست گۆرانكاری. بفەرموو لەخۆتەوە، لەخۆتانەوە دەست پێبكەن و كەسیش رێگای ئەمەی لێنەگرتوون. لەوانەیە رۆژگارێك بێت چیتر درەنگ بێت و كاردانەوەی تری كۆمەلی لێبكەوێتەوە، چونكە چیتر هەموتان سەلماندتان كە ئامادەی چاكسازی نین و چیتر ناشتوانن ئەنجامی بدەن.. مافیش كە نەدرا ئەوا دەسەندرێت.. هەر بۆیە ئێوەمانان دەبێت لێپرسینەوەی ئەنجامەكانی هەلبگرن. ئایا بەرێزت خۆت بروات بەو وشانە هەیە كەنوسیوتن چونكە هەلگرتنی بەردی گەورە نیشانەی نەهاویشتنیەتی.
ئێوەمانان بروا ناكەم چیتر كاتی خۆ گۆرینتان مابیت، بروا ناكەم لە دیوە باشەكەی مێژوو فیربوبن، لە فكرەی كاریزما بوون، گەرنا حیزبەكانتان نەدەكردە حیزبی بنەمالەو حیزبی قائد و بەرگی عەسكەرتاریەت و میلیشیاتان نەدەكردە بەری. هەلبەت دوو هەرێمتان دروست نەدەكردو وەك دوو سولتان مامەلەتان نەدەكرد. كۆمەلگایەكی دواكەوتو، ناسیاسی و سەقەتكراوتان دەوێت چونكە ئەمەیان لە بەرژەوەندی ئێوەدایە، ئیتر چۆن بروا بكەم ئێمەتان خۆش بوێت.
ئێوەمانان برواتان بە هەلكەندنی گەندەلی بوایە لە رەگ و ریشەوە ئەوا بەرێزت ئەم وشانەت دوای ئەم راپەرینە جەماوەریە نەدەنوسی بەلكو پێشتر ئەم سەروەریەت بەشێوەیەكی تر بۆ خۆت تۆمار بكردایە، نەخێر جەنابی تالەباتی چیتر درەنگەو بروامان بە سیستەمە سیاسیە تەقلیدیەكەتان نەماوەو توانای فەرمانرەوایی سەردەمی نیە.
جەنابی تالەبانی ئێوەمانان چۆن دەتوانن 17 خالەكەی پەرلەمان بكەنە بەرنامەی حكومەتی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی بە كردەوە لەكاتێكدا سەرۆكی حكومەتەكەت بستێك قسەی ناخوات لای پارتی و قورسایی نیە، ئەم حوكم ناكات بەلكو پارتی دەیكات و قورسایی یەكێتی قوتابیانی پارتیشی نیە گەرنا دەرگای زانكۆی سەلاحەدینی پێدەكرایەوە. كەواتە ئەوەی بەرێزت دەیلێتت نیشانەی جێبەجێ نەكردنیەتی. تەنانەت وەلامەكەی سەرۆكی حكومەت بۆ خۆپیشاندەران شەخسیەو ئیداری نیە.
دەنوسیت "پەلەكردن لە بەدیهێنان و دابین كردنی ژیان و ئازادی بۆتان". بەكارهێنانی ئەم وشانەو پەیماندانی زۆر قورسن جەنابی تالەبانی، باش بیری لێبكەوە چی دەنوسن.. نەت نوسیوە بەكام بەرنامەو بەكام میتۆد پەلە دەكەیت بۆ بەدیهێنان و دابینكردنی ژیان و ئازادی بۆ ئەم گەلە بەد بەختە. زۆربەی دیكتاتۆرەكان هەمان قسە دەكەن و ئەوەتا یەك لەدوای یەك دەروخێن.
بە ئێوەمانان دەلێم پێش ئەوەی باس لە وشەی گۆرینی كۆمەل بكەن دەبێت پێشتر لەخۆتانەوە دەست پێبكەن و خۆتان بگۆرن، ئایا ئێوەمانان ئامادەن خۆتان بگۆرن؟ من دەلێم نەخێر. تەنیا یەك بەلگەم بدەرێ قەناعەتم پێبكات كە ئامادەی خۆ گۆرینن، ئامادەی چاكسازین، ئامادەی ئەنجامدانی عەدالەتی كۆمەلایەتین.
د. سالار باسیرە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە