20 وەڕەقە لە منەوە بۆ نێچیرڤان بارزانى! چۆن (2000) دۆلارەكەم ڕەت كردەوە لە مەكتەبى سەرۆكى حكومەتى كابینەى پێنجەم؟؟

Wednesday, 11/08/2010, 12:00

1839 بینراوە


دوواى تێپەربوونى زیاتر لە ساڵێك حەزم نەكرد تیشك بخەمە سەر ئەم بەسەرهاتە بەڵام دوای بەسەرداچوونی ئەم موددەتە زۆرەو بێ موبالاتی ئەوان لە بەدووادچوون بە پێویستم زانی بەسەرهاتی خۆم و چیرۆكى ئەو (2000$) دووهەزار دۆلارەتان بۆ باس بكەم و بە وردی ڕووداوەكانی بگێرمەوە. دیارە ئێستا باوى ئەوە نەماوە كێ خەباتى كردووە و كێ ماندوبووە و ئاوارە بووە لەسەر كوردایەتى و، منداڵى مردووە و بریندار بووەو نەخۆش كەوتووە. بەڵكو زەمەن زەمەنى كۆمپانیاو بازرگانی یە؟!! كێشە نیە كێ جاش و مستەشارو كورد كوژ بووە، گرینگك ئەوەیە ئیمرۆ سەرمایەدار بیت و بزانیت بخۆیت و پۆستى بەرزت هەبیت؟؟ هەرچۆنێك بێت ماستاوچى بی یان چى یان......ى بیت ئەمە سەنگی مەحەكە؟؟ ماوەى 20 ساڵ پێشمەرگە بووم لە شۆڕشى ئەیلول و ئاوارەى ئێران بووم. ئەو سەروەت و سامانەى هەمبوو كردم بە قوربانى كوردایەتى و 2 كوڕى بچوكیشم لەسەر دانا هەر لە رێگادا!! ئیدریس بارزانى ــ بە ڕەحمەت بیت ــ كاتى خۆى دۆشكەیەك و (9) بڕنۆى پێدام بۆ بەرگریكردن لە شۆڕش و خەباتكردنی بێ پسان. هیچ نەما نەیكەم بۆ شۆڕش و خزمەت كردن بە ڕێبازی بارزانی، تەنانەت فرۆشتنی زێڕی خێزانەكەشم بۆ خزمەتكردنی پێشمەرگەو (پ. د. ك) بەخشی. بەرپرسانى ئەوكاتیش باش دەزانن كە چەند خەبات و ماندوبوونم كرد لە پێناو كوردایەتی بەڵام ئێستا بۆم روون بووەتەوە لە پێناو هیچدا بووە!. ژیانى ماڵ و منداڵم كرد بە قوربانى ئەو رێگایە كە ئەوان وا باجەكەی دەدەن ئێستا بەداخەوە زۆر پەشیمانم؟؟؟ داواى لێبوردن لە منداڵەكانم و خێزانەكەشم دەكەم! نامەوێت زیاتر درێژەى پێ بدەم و سەرتان بێشینم، ماوەى چەندان ساڵە تووشى نەخۆشى شەلەلى بوومە (نێف شلل ایمن)، دۆست و خزمەكانم باسی ئەوەیان دەكرد، دەیان گوت تۆ ناچیت بۆ لاى ئەوان و داواى هیچت نەكردووە تا بۆتى بكەن؟؟ ئەوان نازانن ئاخۆ تۆ ماویت و پشتگوێ خراویت؟! بەهەرحاڵ نووسراوێكیان بۆ كردم لە لقى 10ى پارتى دیموكراتى كوردستان بە ژمارە (؟) لەبەرواری 10/2/2008 لێى نووسراوە بۆ رێزدار مەكتەبى كاك نێچیرڤان بارزانى، بەڕێز......... ماوەى (20) ساڵ پێشمەرگەى ئەیلول بووەو ئاوارەى ئێران بووە ئێستاش چەندان ساڵە تووشى شەلەلى بووە...هتد پاشان كتابەكەم برد بۆ مەكتەبى نێچیرڤان بارزانى لە مەسیف لەوێ گوتیان بێ خەمبە ئیشەڵڵا شتێكى باشت بۆ دەكەین. كتابەكەم تەسلیم بە كاك (ف) كرد، وابزانم بەڕێوەبەرى نووسینگەكە بوو. ئەلحەق زۆر بەرێز بوون لەگەڵمداو پاش ئەوەی كە منیان ناسیەوە گوتیان كاك بارزى براى كاك نێچیرڤان باسى تۆى كردوەو بیرى كەوتیتەوە. لەوێدا بەمنیان گوت ئەى بۆ ناچن بۆ نوسینگەى سەرۆكایەتى هەرێم! لەوێ هەوڵ بدەیت كاك مەسعود ببینت؟ منیش گوتم جیاوازى چییە (ئێرە كوێوە؟!). پێم خۆشە دیدارێكى كاك نێچیرڤانم بۆ رێكبخەن. گوتیان بواری نیە بەس هەوڵ دەدەین كتابەكەت ببینێت. گوتم باشە. بەڵام دواى هاتووچوونێكى زۆرو مەسروفێكى زۆر لە كرێى رێگادا جارى وا هەبوو دەچووم دەیان گوت هەفتەى داهاتوو وەرەوە چەندان جار ئاوا بێ هودە چوون و هاتن.. دواى تێپەربوونى ساڵێك زیاتر، گوتیان وەرە نووسراوەكەت تەوقیع كراوە. كە چووم لە پرسگە كاغەزێكى بچوكیان دامێ و لێى نووسرابوو بۆ ژمێریارى لاى كاك (س)؟ كە چووم لەبینایەیەكى دیكەبوو چەند كەسێك بەر لەمن لەوێ بوون كاك (س)، ناوە ناوە دەستى دەبرد بۆ ژێر مێزەكەى بەردەمى و چەند دەفتەر دۆلارێكی ئەمریكى بلۆك! داى بە دوو سێ كەس. ئینجا گوتى فەرموو ئەوەى تۆ، وەرە تەوقیعێك لەسەر ئەم چەكە بكە، شێوەى چەكەكە نیوە كاغەزێكى (A4) بوو. منیش گوتم ئەمە بۆ چیە؟ گوتى پارەت بۆ سەرفكراوە. منیش گوتم چەندە؟ كاك (س) گوتى جارێ واژووێك بكە، ئەوە كاك بارز واژووى لەسەر نووسراوەكەتان كردووە، (2000$) دووهەزار دۆلارى بۆتان خەرج كردووە؟؟؟ منیش شەرم دای گرتم و ئارەقەی ئیحراج بوون بەنێو چاوانم دا هاتوو چووی دەكرد!! خۆم وەك سواڵكەرێك دەهاتە بەرچاوو و، ئەوانیش وەك ئەوەی خێرێكیان پێكردبم، دیمەنەكە ئەوەندە بەسەر دڵ و دەروونمەوە ناخۆش و قورس و گران بوو؟؟!! بە (س)م گوت واژوو ناكەم و پارەكەشم ناوێت. من نەهاتووم سواڵ بكەم، پارەكە بۆ خۆتان؟؟ من خەبات و قوربانیم داوە، ئەوە چاكەتانە لەكاتێكدا بەخوێنى من و هەزارانى وەك من ئێوە گەیشتن بەو رۆژەی ببن بە ملیاردێرە گەورەكانى جیهان؟! ئێستاش 20 وەڕەقە دەدەن بە من لە كاتێكدا بەشى ئێوارە خوانێكى سادەی مەسولەكان ناكات؟! ئینجا كاك (س) عادز بوو و، پێى ناخۆشبوو، گوتى: چیبكەم بەدەست من نیە هەر ئەوەندە سەرف كراوە؟؟ بەڵام گوتى باشە دووبارە لەگەڵ كاك (ف) دابنیشەوە منیش قسەى لەگەڵ دەكەم، چیبكەین؟! هەتا نووسراوەكەشی نیشاندام و گوتى ئێمە زۆر باشمان بۆ نووسیوی بەڵام چیبكەین كاك بارز ئەوەندەى خەرج كردووە؟؟!! دووبارە دواى ماندو بوون و مەسروفێكى زۆر، كاك (ف) گوتى ئێمە دەزانین ئێوە خانەوادەیەكی تێكۆشەرو بەڕێزن بەڵام پێمان خۆشە ئەو پارەیە وەربگرن، ئێمەش دووبارە قسە لەگەڵ كاك بارز دەكەینەوە. ئیدی جگە لەوەى كە پارەكەم وەرنەگرت و ڕەتم كردەوە، ئەمە بوو بە دوا جار كاك (ف) ببینم. دوای ئەوە چەند جارێك چوومەوە تەنها بۆ ئەوەی نووسراوەكەم بێنمەوە دیاربوو بە پرسگەكەی ڕاسپاردبوو بڵێن لێرە نییە؟؟؟ من تەنها ویستم نووسراوەكەم بێنمەوەو هیچی تر. ئیتر لە پرسگە، یەكێك پێى گوتم ئەوە كاغەز، گەر دەتەوێت شتێكى لەسەر بنووسیت بۆ كاك (ف). منیش گوتم هیچم نیە بینووسم، هیچ نانووسم و تەنها پێى ڕابگەیەنە: لێمان ببورێت كە ئەزیەتمان داو لەكاتمان گرت؟؟؟؟ 
بۆیە ئەمەم باسكرد نەكا كەسێك بەناوى منەوە پارەكەى وەرگرتبێت یان وا هەست بكرێت كە شۆڕشگێڕەكانی شۆڕش عززەت نەفسیان نەماوە؟!! پارەكەم وەرنەگرت و لە مەكتەبی كاك نێچیرڤانم بەجێهێشت چونكە نەمدەزانى (20) ساڵ خەباتكردن پاداشتەكەى (20) وەڕەقەیە؟! كوردایەتى بۆ هەر ساڵێك وەرەقەیەك! ئەمە هەڵسەنگاندنی نوێ یە بۆ شۆڕشگێڕیەتی؟؟ ئەمەیە نرخ و پاداشتی خەبات؟! شوورەیی و هەستكردن بەسوكایەتى ئامرازی زۆرە! كێشەیەكی قووڵەو زۆرانمان گیرۆدەی ئەم دەردە كوشندەین بەڵام دونیا پڕیەتى لە ئەزموون و پڕیەتى لەشەوو رۆژو ئیمرۆو سبەى!!!. بەڵام هەمیشە بەدرێژایی مێژوو هەر وابووە، شۆڕشەكان پیاوانی مەردو جوامێر بەرپایان كردووە. پاك و موخلیسەكانیش قوربانیان بۆ داوە. مەسڵەح چی و ئینتهازچیش لێیان خواردووە... 

پێشمەرگەیەكى ئەیلول و هاوڕێى ئیدریس بارزانی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە