دوای کۆبانی، کەرکوک و بەغداد و هەولێرە، ئەی ئەمریکا چی دەڵێ!؟

Sunday, 12/10/2014, 12:00

2437 بینراوە


دوای رووخاندنی رژێمی سەدام لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣، دامەزراندنی حکومەتی فیدرالی دەورە دراو بە هیزی ئاسمانی و پیادەی سوپای ئەمریکا، دەوڵەمەند بە دەرامە ت و دراوی بیرە نەوتەکانی عیراق، بوو بە هۆی هێنانە پێشەوەی جەند کەسایەتیەکی سیاسی کە زۆر بەیان لە کەسایەتی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و خزم و کەس و دەست و پێوەندەکانی حزبە عیلمانی و ئیسلامیەکان پێکهاتبوون لە سەرتان سەری عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
ئەم کەمینە بەشدار بووە لە دەسەڵات، بە شێوەیەکی گشتی بە ماوەیەکی زۆر کەم بەهۆی پاوان کردنی سەروەت و سامانی عیراق و کوردستان بۆ خۆیان، بوون بە سەرمایەداری گەورە، دەتوانرێ بگوترێ کە بوون بە چینی بورژوای دەست رۆیشتووی ناو کۆمەڵگای عیراقی و کورد، کە بە گەندەڵترین تویژی ناو میللەتانی عیراق و هەرێمی کوردستان ناسراون لە ناو خەڵک.
ئەم دەستە کەمینەیە، لە ناو چوارچێوەیەکی سیاسی فەرمی رێکخران، شەرعیەتی فەرمی بەرێوە بردنی دەوڵەتی عیراقی فیدارالیان پێ سپێردرا. بەڵام بەهێزی ئەو دەستەیە تا ئەوکاتە بوو کە، سوپایەکی حازر بەدەستی وکو ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی پارێزگاری لێدەکردن، لە مەترسیەکان دەیانی پاراست، ئەمن و ئاسایشی ناوچەی سەوزی دابین دەکرد بۆیان.
پاش ماوەیەک ئەو دەستەیە بیریان چووەوە کە ئەوان بەدەست و بازووی ئەمریکا گەیشتونەتە دەسەڵات، ئەوەندە مەغروو بوون راستی هێزو توانای خۆیان بە قەوارەیەکی زۆر بەهێز تر و گەورە تر دەبینی لەوەی کە هەیان بوو، بۆ موزایەدە کردن لەناو میللەتانی عیراق، بەوەی ئەوان هەڵگری بیرو باوەر و روحی نیشتمانین، بەو جۆرە ئەم دەستەیە کەوتنە هەڵوێست فرۆشتن بەسەر یەکتری و داواکردن لە کشانەوەی هیزی سوپای ئەمریکا لە و ووڵاتە بەتایبەتی هێزی پیادە. وە هەندێکیان بەوە نەوەستان بەڵکو ئەو خاڵەیان دەورووژاند بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردنەکان و هاندانی روحی مەزهەبی و دینی کە بوونی هەبوو لە نێو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای عیراق.
دوای رۆیشتنی هێزی هاوپەیمانان بە تایبەتی هێزی سوپای ئەمریکا لە عیراق، ئەو حکومەتە دەستکردە سامی نەما، لە ئەنجامدا بوو بە هۆکارێک کە ئەو هێزە ئیسلامیە توندرەوانەی بوونیان هەبوو لە ناوجەی رۆژهەڵاتی ناوەراست، بە ئاسانی زەفەر بەو ووڵاتە ببەن و رۆژ بە رۆژ بەرەو گەشە کردن بچن و سوود لە گەندەڵی و لاوازی بەرێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی حکومەتی ناوەند و هەرێمیش وەربگرن.
داعش، یەکێکە لەو گروپە ئیسلامیە توند رەوانەی کە لەناو منداڵدانی قاعیدە لە دایک بووە، بەهێزیەکەشی بە پلەی یەکەم لە لاوازی دەسەڵاتی سیاسی عیراق و هەرێمە . داعش ئیمرۆ توانیویەتی ببێتە جێگای نیگەرانی زلهێزەکانی دونیا وە ئامانجی سەرەکی دروست کردنی دەوڵەتی خەلافەتی شام و عیراقە.
هەنوکە سەرنجی دونیا راکێشراوە بە لای شەری بەرەنگاری یەپەگە لە دژی داعش لە شارۆجکەی کۆبانی لە رۆژئاوای ووڵات، لە کاتێکدا ئەو هێزە زۆر شوێنی ستراتیژی تری داگیرکردووە و لە جوڵەدایە و زۆر نزیکە لە سێ شاری گرنگ، یەکەم بەغداد، دووەم کەرکووک، سێیەم هەولێر.

دروست بوونی ئەو مەترسیە لەسەر عیراق و هەرێم، جێگەی سەرەنجی میدیا جیهانیەکانەو زۆربەیان پەنجەیان بۆ نزیک بوونەوەی ئەو مەترسیە درێژ کردوە. بێگومان ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیشی زانیاری تەواویان هەیە لەسەر ئەو مەسەلەیە.
سەرۆکایەتی هەرێم و ناوەندیش دەرکیان بەو مەترسیە کردوە، بۆیە دووبارە بە دەمی خۆیان داوا دەکەن کە ئەمریکا بە هانایانەوە بێت و بگەرێنەوە بۆ عیراق و کورسیەکانی ئەوان بپارێزێ.
گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا و لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانی ئەو ووڵاتە، وا دەردەخەن کە ستراتیژیەتیان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست گۆڕاوە، بێگومان لە خۆیان زیاتر نەبێ کەسی کە نیە بزانێ ئەو گۆڕانە چیە، بۆیە ناتوانرێ هیچ هیواو خەونێکی لەسەر بینا بکرێ.
ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ خەرجیەکی زۆری هەبوو لە شەرەکانی عیراق، خۆی لە ٧٥٢ بیلیۆن دۆلار دەدا، پرسیاری گرنگ لێردا ئەوەیە، کە ئایا ئەوجارە ئەمریکا هەمان ئامادەیی جارانی هەیە ئەوە بکاتەوە بۆ هەمان دەستەو قەوارە سیاسیانەی کە لە چوارچێوەی سیاسی پێشوو بوون؟ کە ئەزمونی یازدە ساڵ سەلماندی بۆ ئەمریکا، کە ئەوانە جێگەی متمانەی ئەو نین بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەکانی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست، لە هەمان کاتدا سەرکەوتوو نەبوون لە بەرێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی عیراق، دەرکەوت کە دەسەڵاتیکی نابود بوون وە توانای بەرێوە بردنی ووڵاتیان نەبووە. نەیان توانی سوپایەکی یەکگرتووی بەهێز دروست بکەن بۆ بەرەنگاری بوونەوە لە مەترسیە دەرەکیەکان، لە هەمووشی گرنگتر ئەوە بوو کە نەیان توانی، رێگر بن بەرامبەر ئەو هێزە سیاسیانەی کە ئیمرۆ خۆیان بە دوژمنی ئەمریکا و بەرژەوەندیەکانی دەزانن لە ناوچەکە.
ئۆباما، لە هەڵبژاردنەکانی رابردووی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ بردنەوە لەو هەڵبژاردنە لەبەرامبەر رکابەرەکەی، پەیمانی بە خەڵکی ئەمریکا دا، ئەگەر ئەوان بڕیار بدەن دەنگ بدەن بەو، ئەوا ئەویش دوای ئەوەی دووبارە دەسەڵاتی گرتە دەست، سوپای ووڵاتەکەی لە عیراق و ئەفغانستان دەکشێنێتەوە. ئەوە بوو دوای بردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی، ئۆباما وابەستەیی خۆی بە پەیمانەکەی بۆ خەڵکی ئەمریکا سەلماند. پرسیاری گرنگ ئەوەیە، کە ئایا ئیمڕۆ سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی ئەوەی تیادا هەیە ئەو پەیمانەی خۆی بشکێنێ و دووبارە سوپای ووڵاتەکەی بنێرێتەوە بۆ عیراق و لە شەرێکی کەیان بئاڵێنێ؟ یان عیراق و هەرێم دەبێ چاوەرێی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەو ووڵاتە بکەن تاوەکو سەرۆکێکی تر دەسەڵات دەگرێتە دەست و مامەڵەی تری دەبێت لەگەڵ رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست. لە ئێستاوە تا ئەو کات، هەڵوێستی ئەمریکا چاوەروانی ئەوەی لێدەکرێ کە لە سەداسەد بەگوێرەی پێویست پابەند بێت بە هاوپەیمانیەتەکەی لەگەڵ عیراق و بەتایبەتی لەگەڵ کورد لەکاتی نزیک بوونەوەی زیاتری مەترسی شەری داعش.
تاوکو ئێستا سەرۆکی ئەمریکا لە هەموو گوتیەکی دووبارە دەکاتەوە کە جگە لە هەڵمەتی ئاسمانی هیج ئامادەیەکی تر نیە لەلایەن ووڵاتەکەی بۆ ناردنی سوپای پیادە بۆ عیراق، باشە ئایا هەڵمەتە ئاسمانیەکە ئەگەر لە داهاتوودا تەنیا بە هەمان شێوەی هەڵمەتە ئاسمانیکان بێت کە ئەمریکا ئەنجامی دەدا دژ بە داعش لە کۆبانی، ئەو کات چۆن دەبێ و سوپای عیراق و دەسەڵاتی هەرێم ئەو توانایانەیان هەیە وەکو یەپەگە خۆراگر بن و تاوەکو مردن بەرەنگاری بکەن؟ کە پێش وەخت ئەزمونی گرتنی شەنگاڵ، جەلەولا، موسڵ، فەلوجە لە لایەن داعش و شەری هەنوکە لە ئەنبار پێچەوانەی ئەوەی سەلماندوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە