مامۆستایانی چۆمان کۆمسیۆن بە سەربەخۆ نازانن "پارتییش تەزویڕ نەکات کۆمسیۆن دەیکات"

Wednesday, 03/03/2010, 12:00

1940 بینراوە


مامۆستایان رایدەگەیەنن کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە قەزای چۆمان، ناعەدالییەتێکی گەورە لە دانانی کادیرانی سەر سندوقەکانی دەنگدان دەکات و نیگەرانییەکی زۆر لای ئەو مامۆستایانە دروستدەکات کە لەسەر سندوقەکانی دەنگدان دەبن.
مامۆستایان رایدەگەیەنن کە دوای گەڕانەوەی ئەو ناوانەی کە ناویان دەرچووە، کۆمسیۆن لەگەڵ بەرپرسانی پارتیی دیموکڕاتیی کوردستان لە چۆمان کۆبونەوەی ئەنجامداوە و ئەوانەی کە پارتیی نین، بۆ شوێنی دور نێردراون یان کراونەتە (تابور). مامۆستایانیش ئەمە بە (رقی کۆمسیۆن بەرامبەر بەوانەی رۆژێک قسەیەکی هەقیان گوتووە) دەبینن.
له‌ بنكه‌ى1-230ی چۆمانى كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌ ته‌واوى ده‌ڤه‌رى باڵه‌كایه‌تی، 1100 كارمه‌ندى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و نزیکەی كارمه‌ندى ته‌ندروستى و نه‌خۆش، مافى ده‌نگ دانیان هەیە. رۆژى ده‌نگدانى گشتیى له‌ 7-3، له‌ سنورى قه‌زاى چۆمان، زیاتر لە 17.000 كه‌س مافى ده‌نگدانیان هه‌یە.
مامۆستا شێرزاد ئەسعەد، مامۆستایەکی ناسراوی چۆمانە و زیاد لە 12 ساڵە مامۆستایە. ئەو مامۆستایە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە گوتی "ئەوانەی کە هەست کراوە تەزویر قبوڵناکەن، یان کراونەتە تابور، یان نێردراونەتە دەرەوەی چۆمان بۆئەوەی ماندو بن و هەر وازی لێبێنن."
مامۆستا رێبوار سەید برایم، مامۆستایە و پشتیوانیی لیستی گۆڕانی کردووە لە هەڵبژاردنی رابردودا. ئەو پێیوایە کە کۆمسیۆن جاری دووەمە ئەو ئەکاتە تابور و ئەوەش تەنها دژی ئەوانە بەکارهاتووە کە ئەکرێ گۆڕان بن یان چاوەڕێی تەزویڕیان لێنەکرێت.
مامۆستا شێرزاد گوتی " ئەوەی رۆژێک قسەیەکی هەقی کردبیت، کراوەتە تابور یان بۆ شوێنی دور نێردراوە."
مامۆستا عەلی حاجی برایم ئەوە جەختدەکاتەوە "تەنها لەبەرئەوەی لە هەڵبژاردنی رابردو قبوڵم نەکرد دەنگێکی سوتاو بۆ مەسعود بارزانیی هەژماربکرێت، تۆڵەی ئەوەیان لێکردمەوە منیان کردۆتە تابور."
نیگەرانیی هەر ئەو مامۆستایانەی نەگرتۆتەوە کە بێلایەنن و یان سەر بە پشتیوانیکەرانی گۆڕانن، بەڵکو ئەو مامۆستایانەش زۆر نیگەرانن کە ئەندامی یەکێتیین. مامۆستا هێمن عومەر، پشتیوانیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە. ئەو گوتی "ئەوانەی سەر بە دەزگای پاراستن و پارتیین داندراون و کەسی تر دانەنراوە. منیان ناردۆتە گوندێکی دور دور و کردمیانە تابور، تەنها لەبەرئەوەی کە تەزویر قبوڵناکەم و پارتیی و پاراستن نیم."
هێمن گوتیشی "ئەوە تەنها لەبەر ئەوەیە کە من لە هەڵبژاردنی رابردو پێمگوتن بۆ غەدر لەو خەڵکە فەقیر و قوڕوەسەرە ئەکەن و بە عەدالەت خەڵک دانانێن."
بەرپرسی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە پاریزگای هەوڵیر، هەندرێن محەمەد ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەگەر شتی وا هەبێ نابێ و دەبێ ئەوانە بکرێنە "منسق" کە بەڕێوەبەری قوتابخانەکانن.
لە زۆربەی مەرکەزەکانی دەنگداندا، زۆربەی "منسقەکان" بەڕێوەبەر نین. هێمن گوتی "کەسی وا هەیە، خۆی نوسیووە و کچی خۆشی کە هێشتا لە کولیەیە، ئەویشی نوسیووە و لای خۆیشی داناوە."
لە بەرامبەردا، ئیبڕاهیم ئەحمەد، بەرپرسی بنکەی 1-230ی چۆمانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، ئەو هەواڵانەی رەتکردنەوە. ئەو گوتی "لە هیچ شوێنێک لە کوردستان بە تیر و پشک نەبووە تا ئێمە بیکەین. بەڕێوەبەرەکانیش خۆیان نەبونەتە منسق. ئەوانەشی گلەیی ئەکەن، لەبەر ئەوەیە کە ئێمە ئەوانەمان ناردۆتە شوێنی دور کە هەڵبژاردنەکانی پێشو لەناو چۆمان بونە."
بەڵام قسەکانی هێمن عومەر شتێکی ترمان پێدەڵێن "من ئەوە هەڵبژاردنی سێیەمە بەشداردەبم. جاری یەکەم لە ناحیەی حاجی ئۆمەران بوم و تابور بوم. جاری دووەم لە ناحیەی سمیلان بوم و تابور بوم. ئەوە جاری سێیەمیش هەر تابورم و لە دورەوەشم. ئەی کووا ئەو قسە بێبنەمایانەی کە ئەڵێن عەدالەتی تێدایە؟. بەکورتی ئەگەر حیزبەکانیش تەزویڕ نەکەن، ئەوا کۆمسیۆن ئەیکات."
زۆربەی مامۆستاکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە کۆمسیۆن لە چۆمان سەربەخۆ نییە بڕیارەکانی لەبەر دەستی خۆی نییە.
سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوەکەی بڵاوبکرێتەوە، ئەوەی راگەیاند کە ناوچەی پارتیی دیموكڕاتیی کوردستان لە چۆمان چەند کۆبونەیەوەکی لەگەڵ کۆمسیۆنی چۆمان کردووە و دواتر ئەو ناوانە وادابەشکراون. بەرپرسێکی پارتییش لە چۆمان ئەوەی پشتڕاستکردەوە و گوتی "راستە ئێمە کۆبونەوەمان لەگەڵ کۆمسیۆن کردون بەڵام پێمان نەگوتون کە ئەوانەی پارتیی نین وایان لێبکەن."
لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا، چەندان بەرپرسی پارتیی و یەکێتیی و بەتایبەتتریش یەکێتیی، کە لە ژیانیاندا بۆ جارێکیش نەهاتونەتە چۆمان، چەندان سەردانی یەک لەدوای یەکیان بۆ باڵەکایەتیی کردووە. بەرپرسێک ئەچێتە لای گەنجێک و پێیئەڵێ "دەنگمان بدێ و داتئەمەزرێنین." گەنجەکەش ئەڵێ "ئەگەر داتاننەمەزراندم؟" بەرپرسەکە لە وەڵامدا ئەڵێ "یەک تف بکە نێوچەوانم." گەنجەکەش ئەڵێ "ئینشاڵا... ئینشاڵا..."

لەم هەڵبژاردنەدا، پارتیی دیموکڕاتیی کوردستان تاکە کاندیدی خۆی بۆ ناوچەکە (سەبڕی دەروێش، کاندیدی ژمارە 23ی پارتیی دیموکڕاتیی کوردستان و کارگێڕی لقی 10) بە خەڵکی پارتیی ناساندووە و ئەبێ هەمویان دەنگ بەو بدەن. لە چۆمان و دەوروبەری تەنها پۆستەرەکانی ئەو بڵاوکراونەتەوە. هیچ کاندیدێکی دیکەی پارتیی لە چۆمان جگە لە سەبڕی دەروێش، بانگەشەی بۆ خۆی نەکردووە. چاوەڕێناکرێ پارتی ئەو دەنگانە بەدەستبێنێ کە چاوەڕێیاندەکات، چونکە کادیر و ئەندامانی زۆر لێی توڕەن و خەڵکەکەش هەستئەکەن کە لە چەند ساڵی رابردو، پارتی ئەوەی کە پێویست بووە بۆ چۆمان بیکات، نەیرکدووە.
بزوتنەوەی گۆڕان، پشت دەبەستێ بە خۆشەویستیی نەوشێروان مستەفا لەناو خەڵک و ئەو رەوتەی کە دروستیکردووە. کاردانەوەی خەڵک لە بەرامبەر هەڵوێسەتەکانی گۆڕان، بۆ ئەو بزوتنەوەیە جێگەی دڵخۆشییە. ئەمە جگە لەوەی کە دو کاندیدی ناوچەی باڵەکایەتیی داناوە، بەتایبەت عەبدولڕەحمان تەها (ژمارە 17) کە ئەمەش وادەکات خەڵکەکە بیر لەوە بکاتەوە دەنگ بۆ خەڵکی خۆی بدات چونکە لە پارلەمانی کوردستانیش هیچ کاندیدێکی باڵەک دانەندرا. ئەوەی تێبینی دەکرێت، دەنگەکانی گۆڕان لەم جارەیاندا زیاتر دەبێ، چونکە خەڵک چاوەڕێیدەکرد لەدوای 25-7-2009ەوە، دۆخی چۆمان بەرەوپێشببەن لەڕوی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی ناوچەکە، بەڵام هیچی لە دۆخەکە نەگۆڕیووە.
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لێقەوماوترین حیزبە لە چۆمان. سەردەمێک تەواوی باڵەکایەتی لەسەر یەکێتیی هەژماردەکرا، بەڵام دوای ئەو گەندەڵی و بێسەروبەرییانەی بەرپرسانی یەکێتیی لەو دەڤەرە ئەنجامیاندا، گەلەک سەختە یەکێتی بتوانێ دووەمیش بێ لەو ناوچەیەدا. کاندیداکانی یەکێتیی زۆریان سەردانی چۆمانیان کردووە، لەکاتێکدا تا ئێستا مەگەر تەنها بۆ گەشتوگوزار لە هاوینان سەردانی چۆمانیان کردبێت، ئەگەر نا چۆمانیان نەبینیووە.
کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، دڵی خۆشە بەوەی مشیر گەڵاڵیی کاندیدی ژمارە (3)ی لیستەکە خەڵکی ئەو دەڤەرەیە و بتوانێ هەندێک دەنگ بەدەستبێنێت. هەرچی یەکگرتووە، کۆمەڵێک کادیری هەیە لەو دەڤەرە و دەمێکە لەو ناوچەیەدا کاری رێکخستنی خۆی دروستکردووە.
لیستی کوردستانی لە هەڵبژاردنی 25-7-2009ی کوردستان، 7694 ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌. له‌ به‌رامبه‌ردا، لیستی گۆڕان، 3677 ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌. له‌ هه‌مان کاتدا، لیستی خزمه‌تگوزاریی و چاکسازیی، 1034 ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌.
سه‌رکرده‌کانی کورد له‌پێش هه‌مویانه‌وه‌ مه‌سعود بارزانی، ئه‌وه‌یان راگه‌یاندووه‌ که‌ قه‌رزداری خه‌ڵکی باڵه‌کایه‌تین و باڵه‌کایه‌تی لانکی شۆڕشانه‌. به‌ڵام خه‌ڵکه‌که‌ ده‌ڵێت "گه‌ر له‌ ماوه‌ی 19 ساڵی رابردوو قه‌رزتان پێنه‌درابێته‌وه‌، ئه‌ی که‌ی ده‌یده‌نه‌وه‌؟"
ئه‌ندامانی ئیسلامییه‌کان له‌ چۆمان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵکی چۆمان خه‌ڵکێکی دینداری بێلایه‌نی زۆری تێدایه‌، بۆیه‌ خه‌ڵکێکی زۆر ده‌نگی پێیاندا. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا سه‌له‌فییه‌کانی چۆمان که‌ چه‌ند که‌سێکن، ئه‌وه‌یان ئاشکراکردبو که‌ ده‌نگ به‌ مه‌سعود بارزانی و لیستی کوردستانی ده‌ده‌ن و لەو هەڵبژاردنەشدا بە هەمان شێوە رایانگەیاندووە کە دەنگ بە لیستی هاوپەیمانیی دەدەن. ئەم راپۆرتە لە سایتی ئاوێنە بڵاوکراوەتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە