كوردستانپۆست چه‌ند زانیاریه‌کی تر لەسەر كوشتنى زانا حەمە ساڵح بڵاودەكاتەوە

Sunday, 15/04/2012, 12:00

2200 بینراوە


پەیامنێرى كوردستانپۆست 2
هەروەك لەهەواڵى پێشووتر بەڵێنمان پێتاندا دەبێت دوا زانیارى لەسەر هۆكار و چۆنیەتى كوشتنى زانا حەمە ساڵح قائیمقامى سلێمانى ڕۆژى 1ى نیسان لەلایەن ئۆتۆمبیلێكى ئاسایشى سلێمانى كەبەرپرسێكى ئاسایشى تیابووە بەناو (ناسر) زانا حەمە براوە بۆ مەكتەبى سیاسى یەكێتى و لەوێ چاوى بە حاكم قادر كەوتووە و هەڕەشەى لێكردووە و پێى گوتووە دەبێت، ئێستا بچیت بۆ ئاسایش لەوێ ئیفادە بدەیت و لێكۆڵینەوەت لەگەڵ بكرێت بەڵام كاتێك لەپارێزگا بەم كارە دەزانن بەپەلە تەداخول دەكەن و زانا ئازاد دەكرێت.

دواتر زانا حەمە وا هەست دەكات، پلانەكە لەلایەن مەڵبەندى یەكەوەیە بۆیە چەند جارێك لەماوەى هەفتەیەكدا سەردانى مەڵبەند دەكات بەڵام مەڵبەند داواى لێدەكەن بچێتە بەردەم دادگا ڕۆژى یەكشەممە 8 ى نیسان زانا حەمە ساڵح چووە بەردەم دادگا و دواتر بەپەلە حاكم قادر چەند ئۆتۆمبیلێك دەنێرێت و زانا دەبرێت بۆ زیندانى ئاسایش لەماوەى مانەوەى لەزیندان چەند جارێك لەلایەن قادر حەمە جا نەوە سەردانى دەكرێت و هەڕەشەى لێدەكات.

هەرچەند زانا بەرلەكوژرانى ئەو بابەتە بەكەس و كارەكەى ڕادەگەیەنێت ئەوانیش چەندین بەرپرس لەو هەڕەشانە ئاگاداردەكەنەوە بەڵام بێسوود دەبێت ئەوە قسەى بەرپرسێكى باڵاى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان بوو ئەو بەرپرسە لەبەشێكى ترى گێڕانەوەكەیدا بۆ پەیامنێرى سلێمانى دەڵێت ناكۆكى نێوان زانا حەمە ساڵح و قادر حەمە جان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەدواى شكست هێنانى قادر حەمە جان لەوەرگرتنى پۆستى جێگرى سەرۆك وەزیرانى هەرێم هەوڵى وەرگرتنى پۆستى پارێزگارى سلێمانى دەدا، بەڵام لەلایەن باڵێكى ناو یەكێتى زانا كاندیدى پۆستى پارێزگاربوو بەڵام قادر حەمە جان لەڕێگاى ڕۆژنامەى ئاوێنەوە دۆسیەكەیەكى جوڵاند كەخۆى تاوانبارى سەرەكى بوو تیایدا و دواتر لەلایەن داواكارى گشتى سكاڵا لەدژى زانا تۆماركرا و ئەوەبوو لەڕۆژى هەشتى نیسان زانا چووە بەردەم دادگا، بەڵام هەمان ڕۆژ مەفرەزەیەكى ئاسایش لەناو دادگا زانایان برد بۆ زیندانى ئاسایش و تا كاتژمێر دووى دوانیوەڕۆى ڕۆژى 14-4 زانا لەژیاندابووە و دواتر لەلایەن چەند ئاسایشێكەوە لەسەر ڕاسپاردەى قادر حەمە جان و بەسەرپەرشتى (ناسر) ناوێك زانا حەمە ساڵح لەژێژ ئەشكەنجەدا گیانى لەدەستداوە.

لێرەوە سەرجەم ئەو لیژنانەى بۆ لێكۆڵینەوە پێكهێنراون ئەم ڕاپۆرتە وەك سەرچاوەى یەكەمى دەستپێكى كارتان بەهەند وەربگرن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە