موساد دیوێکی شاراوەی مەلا مستەفامان پێ دەناسێنێت! (بەشی دووەم)

Saturday, 03.31.2012, 12:00

2721 بینراوە


گوندی بارزان کە بە تورکی مانای (سەرزەوی کۆچ) دێت دەکەوێتە دووری ٨٠ کیلۆمەتر لە باکوری هەولێر لە بەرزاییەکانی چیایی شیرین، گوندێکی جوانی گەورەیە بەسەر زەوی کشتوکاڵدا دەڕوانێت، ڕووباری زێی گەورە کە دەڕژێتە دیجلەوە زۆر لێوەی دوور نییە.
لەم کتێبەدا لەلاپەڕەی ٨٠دا بە درێژی لە سەر هۆزی بەرزان گوندەکەی نووسیوە، کە ئیتر ئەمە وا لەخوێنەر دەکات بزانێت، کە مەلا مستەفا لە چ ژینگەیەکدا گەورە بووە؟ 
(ماتیر حەمید) دەڵێ:
بەدرخان هەموو ژیانی بۆ کێشەی کورد تەرخان کرد، ئەو پیاوێک بوو توانی هاواڕەکانی گەلەکەی بدات بەگوێی خۆرئاوادا، بەدرخان یەکەمین سەرکردەی کوردبوو، کە ناسیبێتمان، نووسەر درێژەی دەداتێ و دەڵێ بەدرخان داوای لێکردین، کە یارمەتی شۆڕگێرە کوردەکان بدەین، ئەو مەلامستەفای پێناساندین، کەچی بەدرخان پێگەی شکۆمەندی لای مەلامستەفا ئەوتۆ نەبوو، بگرە هەر ڕێزیشی لێ نەدەگرت . بەلای منەوە ئەوە ئەو ئاوە ناشرینەیە کە سەرکردایەتی کورد لەبەردەم دۆست و دوژمنەکانی کوردا. 

د. کامەران بەدرخان

پرسیارێکی تریش سەر هەڵدەدات داخۆ وەک پارتییەکان پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن لە کوێدا مەلامستەفا کوردی بەجیهان ناساندوە؟ لەکاتێکدا ئیسرائیلییەکان دەڵێن کامەران بەدرخان هاواری گەلەکەی بە دنیا گەیاند!
لەناو خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا هەست دەکەی کە سەرکردە کوردەکان هەمیشە ویستویانە بە سەر پشتی خەڵکدا ببەڕنەوە و بگەنە دەسەڵات، ناخوشی لەوەدایە ئەمانە هەڵنەساون بە پشت بەستن بەگەلی کورد، بەڵکو هەموو هەوڵێکیان ئەوەبوە بگەنە پارە و لەو ڕێگەیەوە بتوانن بگەنە دەسەڵات، ئیتر لەوێوە خەونە کورت و کوێرەکانی خۆیان ڕام بکەن .
کە دێتە سەر ووڵاتی سوریا باس لە دوو کەسایەتی دەکات کە دوو حسنی ێلبرازی و کە بەرەچەلەک کورد بووە داوای پارەی لە ئیسرائیلێکان کردووە، بۆ خۆ ئامادە کردن بۆ کودەتا، لەکاتێکدا ئیسرائیلییەکان زۆر وریایانە دووری ئامانجەکەیان لێک داوەتەوە و پشتیان بەو قسەیە نەبەستووە، لێرەدا بۆمان دەر دەکەوێت کە ئیسرائیلییەکان چەندە لەخەمی ئابوری نیشتمانەکەی خۆیاندا بوون؟
ئەم سەرکردانەی کوردیش بەم دەست و بەو دەست پارەی ئەو نیشتمانە تەخشان پەخشان دەکەن تاکو سەرکردەیەک یان زانکۆیەک بەدەمیانەوە پێبکەنێت و مەدالیایەکیان بکەن بە بەرۆکیاندا.
هاوڕیەکی مۆسیک ژەندم بۆی باسکردم، کە گۆرانی بێژە فارسەکان دەڵێن: (دەسەڵاتدارانی کورد کەرن) بڕۆن کۆنسێرت بکەن هەموو شتێکت بۆ دەکەن گیرفانەکانت لە دۆلاردا نقوم دەکەن.
چ جای ئەم ڕۆژنامە نووس و مێدیا و کەسایەتییە سیاسیانەی ڕوو لە نیشتمانی ئێمە دەکەن، بیرتان چوویەوە کە تاڵەبانی چۆن بەسەر سەربازە برینارەکانی ئەمەریکادا دەگەڕاو سەفتە دۆلاری دەخستە ژێر سەریان، تا سەربازێکی ئەمەریکی پۆرتی شکاند و پێی ووت تۆ ناتوانی من بکڕی!
کاتێک سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە هاوکارەکەی لە موساد دەپرسێ داخۆ بارزنی کێیە ؟ وێنەیەکی بداتێ بۆ تێگەیشتن لەو کەسایەتییە، ئەویش لەوەڵامدا دەڵێ (مەلامستەفا تەنها کوردێکی سادەیە، ئەو هێندەی عەشرەتی بارزانی لاگرنگە گوێ بەشتی تر نادات) بارزانی خەونی گەورەی نییە، دەڵێت: مستەفا بارزانی سەرەتای ئامانجە سیاسییەکانی لە سلێمانییەوە دەست پێ دەکات، ئەو بەدرخانی کردە نوێنەری خۆی و لەکۆنگرەی نهێنی قوتابیانی کورد لەئەورپا کە لە (ڤیەننا) بەسرا لە ماوەی نێوان ٢٣ و ٢٥ تەموزی ساڵێ ١٩٥٩ بارزانی نامەیەک دەنێرێت بۆ کۆنگرەکە و لەوێدا ڕاکشاوانە دەڵێت: (من خۆم بەسەربازێکی دڵسۆزی عبدێلکریم قاسم دەزانم) لەپەڕەی ٨٢ هەمان سەرچاوە .

عەبدولکەریم قاسم و مەلا مستەفا

لێرەدا واتە لە کۆنگرەدا دەزانن بەدرخان لای بارزانی گەڕاوەتەوە ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت بیبین و ئەویش پەیامی بارزانی دەگەیەنێت، کە داوا دەکات ئیستگەیەکی ڕادیۆ و تیمێکی پزیشکی بگەیەنێتە کوردستان، کەچی لێرەدا بەدرخان نایشارێتەوە، کە مەلامستەفا زۆر توڕەیە، کە بۆچی ئیسرائیلییەکان ڕاستەو خۆ بە خۆیان نەووتوە؟ لەکاتێکدا بارزانی خۆی بەدرخانی بە نوێنەری داناوە، مەلا مستەفا تەنانەت ئیرەیی بەوەش بردوە؟
کورد گەلێکە هێندەی بەرگری لە گوند و هۆزو حەشرەتەکەی دەکات هێندە لە خەمی میللەتەکەیدا نییە، بە ئەمڕۆشەوە ! سەیربکەن چەند نووسەر هەیە، تا ئیستاش ناوی هۆز و گوند ناوچەیان لە خۆیان ناوە، بە زارەکیش و لە نووسینەکانیاندا باس لە کێشەی میللەتیش دەکەن.
لە ڕاپۆرتێکدا، کە بەدرخان ئامادەی کردوە بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل . دەڵێ :
عەبدولکەریم قاسم پارەی داوە بەسێ هۆزی دوژمنی بارزانی تا هێرش بکەنە سەر ئەو گوندانەی کە لایەنگری ئەوی نیین، بەو ڕێگەیەوە لەسەرکردایەتی ئەو کەم بکەنەوە.
عیسا سۆباو، سەرکردەیەکی هێزەکەی بارزانی دەڵێ: لە توندترین لایەنگرانی قاسم بووین، کەچی ئەو گەورەترین هەڵەی کرد بەهاندان و بەشەڕدانی هۆزە کوردییەکان بەیەکتر.
لێرەوە بۆمان دەر دەکەوێت کە دوژمنان و داگیرکەران کەی بیانەوێت شەڕێ کورد بەکورد دەکەن، چونکە ئەمە کەلتورێکە لەناو ئێمەدا و دەبێ بەتەواوەتی لەسەر تێکدانی کاربکەین دەنا ناتوانین لە خۆری ئازادی نزیک بینەوە، لە ڕوانی ئەمڕۆماندا مێژوو جگە لە دووبارە بوونەوە هیچی تر نییە.
قاسم گورزی دووەمیشی لە پارتی دیمکرات داوە کە لە ساڵی ١٩٤٦دا دامەزراوە، هەرچی خەون و پڕۆگرام هەیە تێکی شکاندوە، گەرچی لە سەرەتاوە خەونی سەربەخۆیی بووە، بەڵام دوای وەک دەڵێن قاسم تەنانەت بە ئۆتۆنۆمیش ڕازی نەبووە .
من لام سەیرە زۆر کەس قاسم بەکەسێکی دڵسۆز دەزانێت و دەشڵێن بە ڕەچەڵەک کورد بووە، بیرمە دایکیشم قتویەکی هەبوو کە پێناسەکان و هەندێ وێنەی ڕەش و سپی تێدا پارێزرابوو وێنەیەکی قاسم بوو، ئەوەیە میللەتی نەخوێندەوار! ئەوەتانێ ئەمڕۆش هاشمییەکی شۆڤێنی داڵدەدەن و باسی شەڕەفیش دەکەن و پێمان دەفرۆشنەوە.
قاسم یەکەمین تۆمەتی بۆ سکرتێری پارتی دیمکرات دروست کرد، کە (برایم ئەحمەد) بوو چونکە برایم ئەحمەد لە ڕێگەی (عیسمەت شەریف وانلی) لەساڵی ١٩٦٠ لەکۆنگرەی خوێندکارانی ئەوروپا ووتارێکی خوێندەوە کە بلە نوسیبووی.

عیسمەت سەریف وانلی

لە هەوڵێکی تردا عەبدولکەریم قاسم، برایم ئەحمەدی بەوە تاوانبار کردووە، کە بە کوشتنی نەیارە سیاسییە کوردەکانە، ئیتر برایم ئەحمەد ناچار بووە خۆی حەشار بدات و لەهەمان کاتدا هەرچی ڕۆژنامەی کوردی هەبوو یەک لەدوای یەک دایخستوون .

ئیبراهیم ئەحمەد

لەساڵی ١٩٦١دا مەلامستەفا ڕوودەکاتە بارزان و لەوێوە چالاکییەکانی خۆی دژی قاسم بەرە پێدەدات، قاسم زۆر هەوڵیداوە بەسەر بارزانییدا سەر بکەوێت، بەڵام بەلێدان نا، لێرەدا هەست دەکەیت، کە کورد هەمیشە بە سیاسەت دۆڕاوە و شەرمنی سیاسییە.
قاسم داوای لە بارزانی کردوە بگەڕێتەوە ناو حوکمەت و نەی شاردۆتەوە کە قاسم پەیمانی داوە لێی خۆشبێت. 
لەم کتێبەدا باس لە کەسایەتیەکی کورد دەکرێت کە ناوی (عارف)ە، گوایە سەرمایەدارێکی کوردە و داوای سەربەخۆی کوردستانی و چالاکی ڕۆشنبیرانی کردووە، موساد سەرەتا زۆر ڕێز لەم کەسایەتییە دەگرێت، بەڵام ئیتر وون دەبێت و دوای ماوەیەک دەگەڕێتەوە بۆ هەمان پەیوەندی ئیتر، ئیسرایلییەکان وەکو پێشتر بەڕێزی لێناگرن و دەستی لێدەشۆن.
لێرەدا جدییەتی ئیشکردنی گەلی ئیسرائیلی دەردەکەوێت، کە ئەوان خۆیان بە خەڵکانی ڕاراو بێبەرهەم خەریک ناکەن، کەچی ئێمە سیاسێکانمان لە شەستەکانەوە شکست بەدوای شکستا بەسەرمان دەهێنن، وازمان لێ ناهێن.
ئەو کاتەی عیسمەت والی لە لۆزان پارێزەر بووە بۆ ماوەی ١٢ساڵ لە هەوڵی چەک پەیداکردن بووە بۆ شۆڕشگێرە کوردەکان، قاسم لە هەوڵە جەهەنەمییەکانی بەردەوام دەبێت، بۆیە (حەسەن عەبود) دەنێرێتە لای مەلامستەفا، کە ئەفسەرێکی پایەبەرزی ڕژێمەکەی قاسم بووە لەگەڵ چەند ئەفسەری تردا. ئیسرائیلییەکان دەڵێن: (مستەفا بارزانی هەمیشە ئامادەبوو بۆ گفتووگۆ) ئەمەیە گرفتی کورد بە ئیستاشەوە سەرانی کورد خەونی گەورەیان نییە، لەکاتێکدا ئیسرائیلییەکان لەباسی پێشمەرگەکاندا دەڵێن (پیاوەکانی با) وابزانم ئەوە جوانترین وێنەیە، کە بەپێشمەرگە بدرێت، وەک با لە هەموو شوێنێکن دێن بێ منەتن، ئەوان بە بەرگی خۆیانەوە بەتفەنگی خۆیانەوە، بەڵام سەرکردەیان نەبووە، کار بۆ بەدیهێنانی خەونی میللەتێک بکەن.
(گەشتێک بە ناوەندی پیاوە ئازاکاندا) ناونیشانی کتێبێکە، کە "شمیدت" نووسیوێتی و خۆزگە کاک ڕەهەند وەرگێڕی ئەم کتێبە نایەبە ئەوەشی بۆ وەردەگێڕایە سەر زمانی کوردی.

کۆنگرەی پارەتی (مەلا مستەفا و کامەران بەدرخان لەگەڵ هاوسەرەکەی)

لەوێدا بارزانی لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەنووسەدا ئاوا داڵێت: (بارزانی پێی ووتم: ئێمە بەمانای ووشە "سەربەخۆیی"مان ناوێت، چەند جار ئەم قسەیە دووبارە دەکاتەوە، نووسەرە ئیسڕائیلییەکە، دەرک بەوە دەکات، کە دەبێ کورد لەگەڵ عێراقدا بژی) بۆیە ئەو داوای مافی ئۆتۆنۆمی دەکات. دەسەڵاتی لۆکاڵێ لە چوار چێوەی دەوڵەتی عێراقدا. لاپەڕەی ٩٤هەمان سەرچاوە.
خوێنەری ئەم باسە بیر دەهێنینەوە، کە لە کتێبی دادگای مێژوودا، مێزگردەکەی نێوان برایم ئەحمەد و عەبدوڵا ئۆجەلان و ماموستا هاواردا، برایم ئەحمەد دەڵێ تا مەلا مستەفام لە وشەی ئۆتۆنۆمی گەیاند قیر سپی بوو، چونکە تێنە دەگەیشت.
ئیتر بارزانی لە "شمیدت" دەپرسێ ئایا ئەگەریی ئەوە هەیە ئەمەریکا یارمەتیمان بدات؟ مەلامستەفا وای پیشان داوە دژی یەکێتی سۆڤیەتە و لەو ڕوانگەیەوە داوای پەیوەندی،یان خەونی پەیوەندی کردنی بە ئەمەریکاوە هەبووە.
لەم بەشەدا ئاماژە بە ڕێکەوتنێکی ستراتیجی (موساد، ساواک، تریدنت) کە واتە ئێران و تورکیا و ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٥٨ تەوە هاوپەیمانی یەک بوون و ساڵانە سەرۆکی ئەوە دەزگایانە کۆبونەتەوە و زانیاریان گۆڕیوەتەوە. ئیتر باسی ئەو هەموو چالاکیەیان کردووە، کە لە بەرژەوەندی ئەو سێ دەوڵەتەدا بووە. ئەمەش لە کاتی شۆڕشی ئێران لە باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە تاران ئەو بەڵگەنامەیە دەگیرێت. پرسیاری من لێرەدا ئەوەیە ئاخۆ (مەلامستەفا) ئەو یاریزانە بە ئاگا بووە لەو گەمەترسناکە گەلەکەی قوتار بکات؟