کۆمەکی ڕانیە نەگەیشتە ڕۆژئاوای کوردستان ... بۆ ڕای گشتی

Saturday, 06/10/2012, 12:00

1597 بینراوە


لە دوای دەستپێکردنی شۆڕشی ئازادی گەلانی سوریا، لە رۆژئاوای کوردستان قۆناغێکی گرنگ ھاتە ئاراوە و بە شێوازێکی نوێی خەباتی ئازادیخوازی، گەلی کورد دەستی بە تێکۆشان کرد و سەرنجی جیھانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و کاردانەوەی چەندین دەوڵەتی ناوچەکەشی لێکەوتەوە. گەلی کورد ھەرچەندە توانی پاراستنی خۆی درێژە پێبدات و ڕێکخستنی جڤاکی بەرەو سەرکەوتن پەرەپێبدات، لە ھەمان کاتدا چەندین نەھامەتی تووشی گەلی ڕۆژئاوا بوو و ژیانی ھاوڵاتیانی بە ئاقارێکی ناجێگیردا برد و بووە ھۆی ئەوەی ژیان بە ناسه‌قامگیری بمێنێتەوە.
وەک پاڵپشتی کردن لە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ھەرێمە جیاجیاکانی باشووری کوردستان چەندین خۆپیشاندان سازکران و ھەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک دەستیپێکرد، لەو چوارچێوەیەدا خەڵکی شاری ڕانیە لە ماوەی چەند ھەفتەیەکدا توانیان زیاتر له 92‌ ملیۆن دینار کۆبکەنه‌وە، بەڵام دوای زیاتر لە مانگێک تێپەڕبوون بەسەر کۆکردنەوەی کۆمەک، ئەو لیژنەیەی لەلایەن بەشێک لە ڕێکخراوە ‌حکومی و حیزبییەکان و بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە پێکھێندرابوو، بڕی کۆمەکەکەیان لە بانک گل دابوەوە و بێ ئەوەی ھۆکارێک ھەبێت، ڕەوانەی شوێنی مەبەست نەدەکرا کە ڕۆژئاوای کوردستانە، ئەوە لە کاتێکدا ڕەوشی ژیانی کوردانی ڕۆژئاوا ھەر ڕۆژ زیاتر نالەبار دەبێت. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە رۆژی ٣ی ١٠ی ٢٠١٢ ئەو کۆمەکەی لە شاری ڕانیە کۆکرابوەوە بۆ ئەوەی بگەیەندرێتە ڕۆژئاوای کوردستان، لە کەمپی دۆمیز کە ئاوارەکانی ٢٠ ساڵی ڕابردووی سوریا لێی نیشتەجێبوون دابەشدەکرێت.
ئێمە وەک کۆمەڵێک لە چالاکوان و ڕۆژنامەوان و نوسەرانی شاری ڕانیە بۆ بەرچاو ڕوونی ڕای گشتی کوردستان، ڕایدەگەیەنین:
١. ھەر لە سەرەتادا بڕیار بووە ئەو کۆمەکەی لە شاری ڕانیە کۆدەکرێتەوە، بگەیەندرێتە ڕۆژئاوای کوردستان و بەسەر دانیشتوانی ئەو بەشەی وەڵات کە لە ڕەوشێکی ناجێگیردا دەگوزەرێنن دابەش بکرێت، ھەر بۆیەش دانیشتوانی شاری ڕانیە و دەوروبەری بە ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی و خاوەنداری دەرکەوتن لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ھەمو پێکھاتەکانی کۆمەڵگاوە بەشدارییان کرد لە ھەڵمەتەکەدا.
٢. لەناو لیژنەی کۆکردنەوەی کۆمەک ئاڕاستەیەکی سیاسی ھەبوو کە نەیدەویست بە ھیچ شێوەیەک ئەو کۆمەکە بگاتە ڕۆژئاوای کوردستان و دەیەویست لە بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی بەکاری بھێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار ئاستەنگییان دروستکرد و سەرەنجام ئەو ئاڕاستەیە بڕی کۆمەکی کۆکراوەیان گەیاندە کەمپی دۆمیز لە دھۆک و بەسەر ئاوارەکانی سوریا دابەشیان کرد، ئێمە وێڕای ئەوەی لەگەڵ ئەوەین ھاوکاری ھەموو ئاوارەکانی نیشتەجێی باشووری کوردستان بکرێت، بەڵام کەمپی دۆمیز لە دھۆک لەلایەن ڕێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ""UNHCR و حکومەتی ھەرێمی باشووری کوردستان ھاوکاری دەکرێن و لە ھەر کاتێکیشدا گەلی باشوور دەتوانێ یارمەتییان بدات، چونکە لە ڕەوشێکی پارێزراودا دەژین، ئەوەی لە ئێستادا پێویستە گەلی باشوور ئەنجامی بدات کۆمەک کردنی ئەو کوردانەیە کە نیشتەجێی ڕۆژئاوای کوردستانن و لە ئێستادا ڕووبەڕووی ئابڵوقە و ئاستەنگی بوونەتەوە و لە ھەمو لایەکەوە دەروازەکان بە ڕوویاندا داخراون و کێشەی ژیانیان ھەیە.
٣. بە ئاگاداری و ئەندامەتی بەرپرسانی ئیداری شاری ڕانیە و لیژنەی کۆکردنەوەی کۆمەک، بڕیار بوو وەفدێک سەردانی سەرسنووری ڕۆژئاوا و کەمپی دۆمیز بکەن و لەگەڵ نوێنەرایەتی ئەنجومەنی باڵای کورد لە شاری ھەولێر کۆببنەوە، بەڵام ئەو وەفدە تەنھا سەردانی بەرپرسانی حکومییان لە دھۆک کردوە و پاشتر کۆمەکەکەیان بەسەر ئاوارەکانی کەمپی دۆمیز دابەش کردووە، کاتێک پەیوەندیمان کرد بە بەرپرسانی حکومی و لیژنەی کۆکردنەوەی کۆمەک کە ئایا بۆ ئەو کۆمەکە بەو شێوەیە دابەشکراوە و لە ئامانجی خۆی لایداوە، پێیان ڕاگەیاندین کە ئەوان ئامادەییان تێدا نیە کە سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن بە بیانووی ئەوەی گیانیان پارێزراو نابێت، ئەوە لە کاتێکدا کە ئێمە وەک کۆمەڵێک ڕۆژنامەوان و چالاکی مەدەنی ئامادەیی خۆمان دەربڕی بوو کە ئەو کۆمەکە بگەیەنین بە ڕۆژئاوای کوردستان، ھاوکات ئەنجومەنی باڵای کورد کە پێکھاتەی سەرجەم پارتەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە، ئامادەیی خۆیان دەربڕیبوو کە ئەو کۆمەکە بگەیەنن بە خەڵکی نیشتەجێی ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕێگەی لیژنەی خزمەتگوزاری ئەنجومەنی گەل یان ھاوکاری کردنی وەفدێکی شاری ڕانیە لە کاتی چونیان بۆ ڕۆژئاوا، بەڵام وێڕای ئەوەی ئەنجومەنی باڵای کورد چەندین جار داوای کۆبوونەوەی کرد لەگەڵ لیژنەی کۆکردنەوەی کۆمەک لە ڕانیە بەڵام لیژنەکە بەپیر داواکە نەچوون، ھاوکات لیژنەکانی کۆکردنەوەی کۆمەک لە ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان داوایان کرد کە کۆمەکی شاری ڕانیەش لەگەڵ کۆمەکی ناوچەکانی دیکە لەلایەن وەفدێکی هاوبه‌ش بگەیەندرێتە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام لیژنەی کۆکردنەوەی کۆمەک کە بەشێکیان زۆر نابەرپرسیارانە مامەڵەیان کرد، ھیچ کام لەو پێشنیارانەیان پەسەند نەکرد.
ئێمە پێمان وایە ئەو کۆمەکە ئامانجی خۆی نەپێکا و نەچوە خانەی خزمەتکردنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان، پێمان وایە ئەو بڕی ھاوکارییەی شاری ڕانیە لە خزمەتی لایەنێکی سیاسی بەکارھێندراوە و ئەندامانی لیژنەی کۆکردنەوەی کۆمەک لە ئاست متمانەی خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕین نەبوون. هه‌روه‌ها ئێمە لە کاتێکدا بەڵێنی پشتیوانی خۆمان بۆ گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان نوێ دەکەینەوە، ھیوا دەخوازین بە نەگەیشتنی کۆمەکی ڕانیە بە شوێنی ڕاستەقینەی خۆی کە ڕۆژئاوای کوردستانە، دانیشتوانی ڕانیە و دەوروبەری سارد نەبنەوە لە بەشداری کردن لەو ھەڵمەتانەی بۆ خزمەتی لێقەوماوان و کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستان ڕێکدەخرێن.

کۆمەڵێک نوسه‌ر و ڕۆژنامەوان و چالاکوانی مەدەنی ڕانیە
6ی ١٠ی ٢٠١٢

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە