گەشبیر ئەحمەد، چەتری شیعری بەدەستەوەیە!

Monday, 14/12/2009, 12:00

2172 بینراوە


گوڵەکانی ژێر پێی باران، ناونیشانی دیوانێکی شیعر گەشبیر ئەحمەدە(لەدایکبووی ١٩٨٣ سلەیمانی). ئەم بەرهەمە لەدووتوێیدا ١١ شیعر و ٢٧ تێکستی لەخۆ گرتووە. هی ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٩ یە، ١١٤ لاپەرەیە.
بەهەوڵ و تێکۆشانی ئەم بەرێزانە، کتێبەکە پێگەیشتووە: لەتیف هەڵمەت پێشەکی بۆ نووسیوە. شێوەکار ڕێبوار سەعید، تابلۆی بەرگی کێشاوە. هونەرمەند سیروان شەریف، مونتاج و پیاداچوونەی بۆ کردووە. سەرکەوت مەحمود، دیزاین. عەتا عومەر ساڵح پێشەکی بەزمانی ئینگلیزی بۆ نووسیوە.
شاعیر، لەئنگلستان دەژی، بۆیە چەند دانە لەشیعرەکانی لەپەرەکانی کۆتایی بەو زمانە وەرگێڕاوە، بەڵام نازانرێت خودی خۆی کردوونی بەئنگلیزی یان ئەو کەسەی کە پێشەکییەکەی بۆ نووسیوە؟

شاعیر، دوو پێشەکی نووسیوە، لەیەکێکیاندا بەرهەمەکەی پێشکەش بە فرمێسکەکانی دایکی و ئازارەکانی باوکی و .....لەدووەمیاندا بەناوی بەکورتی: هۆی لەدایک بوونی سەرجەم بەرهەمەکەمان بۆباس دەکات.
هەر لەیەکەم سەرنجەوە، هەست بەجۆرێک تەناقوز دەکرێت! ئەم بەرهەمە وەک دیوانی شیعر پێناسکردووە، هەر خۆی لەکۆی ٣٨ پارچە تەنها ١١ی شیعرە و باقییەکەی تێکستە! لەچەند شوێندا لێیتێکچووە پارچەکان لەبەشی تێکستەدایە، کەچی لەپەراوێزیاندا، نووسیویەتی ئەم هۆنراوەیە!
خەمەکانی شاعیر، یان ناوەرۆکی پارچەکان لە مەسەلەکانی غووربەت و نامۆیی، ناسیۆنالیستی و چینایەتی، خۆشەویستی و لێکدابڕان، مرۆڤدۆستی و جارجاریش ڕەشبینی و.... دەدوێن و دەسووڕێنەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە ژمارەیەک لەبەرهەمەکان بەگۆڕانیبێژ تارا جاف. بەدووعا، ئەو کچە ئێزیدییەی کە لەلایەن کەسوکارەکەیەوە بەناڕەوا بەردباران کرا و شەهید بوو، لەئاستی جیهانی دەنگوسەدای دایەوە. بەشەماڵ سابیر. بە ئارامیش و هاوڕێ؛ی پێشکەش کردوون. هەروەها ژمارەیەکش وەک لەپەراوێزدا نووسراوە بەتایبەت بۆ گۆرانی نووسیوونی. تەنها دانەیەکیان بۆتە گۆرانی، ئەوانی دی، ئاماژەی پێنەداوە ئایا بوونەتە گۆرانی یان نا؟

لە لاپەڕە ١٠٤دا و لە تێکستی ئەوپەڕی گەشبینی، دەنووسێت:
وا نۆ ساڵە لەغەریبی

دەریا ڕۆحم شەپۆل نادا

کەشتییەکی تێکشکاوم

بەجێماوم لەمەنفادا

لە شوێنێکی تر و لەپارچەی جانتای پڕلەهیچ؛دا، لاپەڕە ٥٦ تابلۆکە تەواو دەکات:
بەهەڵە.. هاتوومەتە ئێرە
من جانتایەکم.. پڕ لەهیچ
++++++

ستاتیکا:
لێرەدا وێنە و تابلۆی جوان دەبینرێت:

نازانم! تۆ مۆنالیزای؟؟
یان ئەو شێوەی لەتۆ دەکا
******
ئیدی بۆ دەهێڵیت ئاوا بمرم
کە من (دەریا تا سەر لێوی تۆ بهێنم)
******

هەی سێوە کچ
هەی لەڕۆیشتنی ئاو جوانتر
******
گیانەکەم گوڵ کە دەتبینێت
شەرمە(با)یەک دەیوەرێنێت
******
خۆشەویستی تۆ ماڵێکە

لەژێر باڵی هەوردایە
کە بارانێ تەڕم دەکات

هەستی تۆشی لەگەڵدایە؛
******
لە شیعری پاڕانەوە لە(ئاو) لاپەڕە ٣٥ کۆپلەی ٤ دا دەڵێت:
....هەناسەشم وا گڕەگرێ!
بۆ ماچی هەناری لێوێ؛
لەدێڕی دووهەم وشەی هەناری... گەر مەبەست لەسووری بێت کە ژنان بەبۆیە ڕەنگی دەکەن دروستە. هاوکات دەکرێت بووترێت هەنار شێوەی خرە، جا کەی لێو وایە!؟ یان تام بێت، ئەویش جۆری زۆرە ترش و شیرین و مێخۆش و...


گەشبیر، لەسەرەتادایە، گەر ئەو بەهرەیەی پەروەردە و مشوماڵ نەکات، کاروانچییەکی بێبارو بارخانە دەبێت. بەهیوام لەداهاتوویەکی نزیکدا چاومان بەبەرهەمی جوانتر و زەڵاڵتر گەشبکاتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە