زانستى پزیشكى لە نێوان بەزەیی و هەستى مرۆڤایەتى و دەسكەوتى تایبەتیدا

Wednesday, 06/11/2013, 12:00

1855 بینراوە





زانستى پزیشكى یەكێكە لە گرنگترین ئەو زانستانەى ڕاستەخۆ لە خزمەتى هاوڵاتیاندایە پزیشكە بەڕێزەكانیش كە خاوەنى ئەم زانستە بەنرخەن , وەكو فریادڕەس ناسراون و بەردەوام لە خەمى ئازارى هاوڵاتیاندان . زانستى پزیشكى و كارى پزیشكان ئەوەندە بەنرخ و بایەخدارن لە ژیانى ڕۆژانەى مرۆڤدا, بە زەحمەت وشەیەكمان دەست ئەكەوێت لە ئاستى باسكردنیاندابێت.
لەبەر گرینگى پیشەى زانستى پزیشكى , پزیشك وەكو كەسایەتیەكى مەحرەم و ئەمین ئەناسرێت و بۆ چارەسەرى نەخۆشیەكان و بۆى هەیە هەمو بەشێكى جەستەى مرۆڤ ببینێت كە ئەم كارە ڕێگە پێدراو نییە بۆ كەسانى تر.خۆشبەختانە لەم سەردەمەى ئێستادا زانستى پزیشكى زۆر پێشكەوتوەو بەردەوامیش لە پێشكەوتندایە بە هیممەتى كەسانى شارەزاو پسپۆڕ لەو بوارەدا و كەم نەخۆشى هەیە چارەسەرى بۆ نەدۆزرابێتەوە و مرۆڤایەتى لە ئازار ڕزگار نەكەن.
خزمەتگوزارى پزیشكى لە وڵاتێكەوە بۆ وڵانێكى تر جیاوازەو پەیوەندى بە ئاستى پێشكەوتنى ئەو وڵاتەوە هەیە لە بوارى دارایی و زانستى و ئاستى هەستكردن بە بەرپرسیاریەتى كۆمەڵاتییەوە هەیە. هەر وەها پەیوەندى بە زۆرو كەمى ژمارەى هاوڵاتیان و ژمارەى پزیشكانى ئەو وڵاتەوە هەیە .لە وڵاتە پێشكەوتوەكان كارمەندانى پزیشكى ئاستی بەزەیی و مرۆڤایەتییان بەرزەو چارەسەرى ئازارى نەخۆشەكانیان لا گرنگترە لە دەسكەوتى مادى خۆیان . ئەوانە جگە لەوەى بەردەوام چاودێرى ئەكرێن و بەدواداچون بۆ كارەكانیان ئەكرێت لە كاتى كەمتەرخەمیدا , هەرگیز چاوپۆشییان لێناكرێت , بەڵام ئەو كارمەندانە زۆر دڵسۆزن بۆ كارەكانیان.
بەڵام ئەبێ ئەو ڕاستییە بزانین كە كارمەندانى بوارى پزیشكى حەقى خۆیانە كە موچەى باشیان هەبێت بە شێوەیەك لە ئاستى ئەو زەحمەتە زۆرەدابێت كە سلااَنێكى زۆر كاریان بۆ كردوە. بۆیە ناكرێت موچەو دەسكەوتى كارمەندێكى شارەزاى بوارى پزیشكى وەكو كارمەندێكى ئاسایی بیت . هەر لەبەر ئەوەیە پزیشكان لە هەموو وڵاتەكاندا موچەى باشیان هەیە و ئەوانیش لەبەرامبەر ئەو موچەیدا كارى مەزن ئەنجام ئەدەن و بەردەوام لەخەمى ئازارەكانى هاوڵاتیاندان.
لە هەرێمى كوردستانیش بە هەمان شێوەى وڵاتانى ترى جیهان پزیشكان و كارمەندانى بوارى تەندروستى خزمەتگوزارى باش ئەنجام ئەدەن , بەڵام جیاوازییەكى یەكجار هەیە بە بەراورد بە وڵاتانى پێشكەوتوى دنیا , ئەو خزمەتگوزاریانەى كە لە لایەن پزیشكانى لاى ئێمەوە پێشكەش بە هاوڵاتیان ئەكریت , لە ئاستى پێداویستى هاوڵاتیاندا نییە . دیارە ئەمەش هۆكارى زۆرى هەیە لەوانە : كەمى تواناى دارایی كە دیارى ئەكرێت بۆ نەخۆشخانەكان . ئامێرى پێویست نییە , ژمارەى نەخۆشخانەكان زۆر كەمە . ژمارەى هاوڵاتیان زۆرەو ژمارەى پزیشكەكان كەمە. شارەزایی و پسپۆڕى پزیشكەكان لە ئاستى پێویستدا نییەو پسپۆڕى پَێویست نییە بۆ هەمو نەخۆشیەكان .
بە گشتى كارمەندانى تەندروستى وەك پێویست ئامادە نەكراون و وەكو پێویست لە خەمى نەخۆشدا نین و كەمتر هەست بە بەرپرسیاریەتى ئەكەن و سۆزیان كەمە بۆ نەخۆشەكان و شارەزاییان كەمە سەبارەت بە چونیەتى مامەلەكردنى نەخۆشەكان. هاوڵاتیان گلەیی زۆریان هەیە لە كەمتەرخەمى بەرپرسانى حكومەت و پزیشكان و كارمەندانى خەستەخانەكان و ئەڵێن:
حكومەت بودجەى پێویستى بۆ نەخۆشخانەكان دەستەیەر نەكردوە, پزیشكەكان بە باشى پرسینەوەیان لە تەكدا ناكرێت سەبارەت بەوەى لە خەستەخانە حكومیەكان پشكنینى باشیان بۆ ناكرێت و ڕێنماییان ئەكەن لە نورینگەكانى ئێواران سەردانیان بكەن و دوو بارە گلەیی ئەوەشیان هەیە , لە نورینگەكان چەند نەخۆشێك بە یەكەوە ئەبەنەلاى پزیشك و لەبەر ئەوەى لەڕۆژیكدا ژمارەیەكى زۆر نەخۆش ئەبینن پشكنینی باشیان بۆ ناكرێت و حەقى خۆیان نادرێتێ.
هەروەها هاوڵاتیان گومانیان هەیە لەوەى بەشێك لە پزیشكەكان یان ئامێرى تیشك و تاقیگە و دەرمانخانەى خۆیان هەیە یان شەریكن لەگەڵیان . بۆیە لە پێناوى دەسكەوتى مادى خۆیاندا زۆر جار نخۆشەكان پێویستیان بە گرتنى تیشك و فەحسى زۆر نییە , بەڵام بۆیان ئەنوسن و ئەوەش گران لە سەریان ئەكەوێت لە ڕوى داراییەوە كە زۆرێك لەو نەخۆشانە فەقیرن.
زۆر جار نەخۆشەكان گلەیی ئەكەن و ئەڵێن كە لاى پزیشك پشكنینمان بۆ كراو هاتینە دەرەوە , سكرتێرەكەى پێمان ئەڵێت لە فڵانە دەرمانخانە دەرمانەكە بكڕە و ئەوەش گومانێكى تر دروست ئەكات ئەویش ئەوەیە كە پزیشكەكە تەنها ئەو دەرمانانە ئەنوسێت كە لەو دەرمانخانەیەدا هەیە , یان هى خۆیەتى یان بەشى پێوەیە یان هى هاوڕێیەكى خۆیەتى . بۆیە بە دوور نازانرێت كە ئەو دەرمانە نەوعیەتى باش نەبێت.
جێگەو ڕێگەى نورینگەكان بەگشتى زۆر خراپە و مەرجى تەندروستییان تێدا نییە , زۆر جار تەوالیتیان تێدا نییە ئەگەر هەشیان بێت زۆر خراپەو تەنانەت سابونیان تێدا نییە . یان چەندین نورینگە لە خانویەكى بچوكى چەند نهۆمیدان و ئەسانسۆریان نییەو زۆر جار بە كۆڵ نەخۆش ئەبەنە نهۆمەكانى سەرەوە .بەگشتى جۆرى دەرمانەكان زۆر خراپەو بەردەوام مەترسى بەسەرچونیان لێ ئەكرێت و نرخێكى دیاریكراو بۆ یەك دەرمان نییەو هەر خاوەنى دەرمانخانەیەك بە ئارەزوى خۆى ئەیفرۆشێت.
دەرمانخانەكان مەرجى تەندروستیان تێدا نییەو بە هاوین لاى ئێمە زۆر گەرمەو لە كاتێكدا دەرمانى وا هەیە ئەبێت لە ئامێرى فێنك كەرەوەدا بپارێزرێت , لەسەر رەفەكان دانراوەو تۆزى لێنیشتوە . ئەوانەى دەرمان ئەفرۆشن تەواو شارەزا نین و ڕێنمایی تەواو نادەن بە نەخۆشەكان لە كاتى دەرمان كڕیندا. ئەوەى كە باوە لاى ئەمان خەتێك یان دوو خەت یان سێ خەت لە پاكەتى دەرمانەكە ئەدات واتە بەیانى یان بەیانى و ئێوارە یان هەرسێ ژەمەكە. بەبێ ئەوەى بپرسێت دەرمانى تر ئەخۆى چ جۆرێكە چونكە زۆر جار دەرمانەكان ئەبن بە دژى یەكترى و زیان بە نەخۆش ئەگەیەنن.
لە هەموى خراپتر ئەگەر بەشێكى ئەم گلەیانەش ڕاست نەبن گومانى تێدا نییە بەشێكى زۆریان ڕاستن و بە تاقیكردنەوەش بۆ هاوڵاتیان دەركەوتوە. ئاخر چ ویژدانێك ئەمە قبوڵ ئەكات پزیشكێك لە ماوەى 3 سەعاتدا 50 نەخۆش ببینێت؟؟ خۆتان بیر بكەنەوە هەر نەخۆشەى چەند خولەكى بەر ئەكەوێت بۆ پشكنین؟؟؟.
بە پێی ئەم بوچونانەى هاوڵاتیانى نەخۆش هەیانە , وادەر ئەكەوێت كە پزیشكەكانى لاى ئێمە دەسكەوتى مادى خۆیان بە لاوە گرنگترە لە گرینگى دان بە نەخۆشەكان و سۆزیان هەبێت بۆیان و لایەنى مرۆڤایەتى ڕەچاو بكەن . كەواتە ئەكرێ بڵیین ئەم پیشە بەنرخ و گرینگە خەریكە پیرۆزیەكەى لە دەست ئەدات و زیاتر ئەبێتە هۆكارێك بۆ بەدەستهێنانى دەسكەوتى تایبەتى كە بەڕاستى مایەى نیگەرانییەو هیوادارین بەو شێوەیە نەبێت.
بۆ پشت ڕاستكردنەوەى ئەمانەى لە سەرەوە باسمان كرد چەند نمونەیەك ئەهێنمەوە : یەكەم- زۆر جار نەخۆشێك ئەچێتە لاى پزیشكێكى پسپۆڕ دواى ئەوەى پشكنینى تەواوى بۆ ئەكرێت و دەرمانى بۆ ئەنوسرێت و ئەچێتە ماڵەوە , هێشتا دەرمانەكانى تەواو نەكردوە كە بزانرێت كاریگەرییان هەیە یانا, لەسەر قسەى یەكیكى تر سەردانى پزیشكێكى تر ئەكات بە هەمان پسپۆڕی. كە ئەچێتە لاى و ئەڵێ ئەمە نەخۆشیەكەمەو چومە لاى فڵانە پزیشك و ئەم دەرمانانەى بۆ نوسیوم و چاك نەبوم , هەر یەكسەر ئەڵێت ئەمانە بەكەڵك نایەن و عەلاگەیەك دەرمانى ترت بۆ ئەنوسێت.
جارێ ئەم پزیشكە بەڕێزە لێی ناپرسیت ئایا چەند ڕۆژە ئەم دەرمانانەت بەكار هیناوەو چەندی ماوە ؟ كێ ناڵێت ئەگەر هەمویان تەواو بكات چاك نابێتەوە . كەواتە سەیركەن ئەم پزیشكە لەبەر بەرژەوەندى خۆى جارێ سوكایەتى بە پزیشكێكى تر ئەكات كە دڵنیام باشى ئەناسێت و زیانیش بە نەخۆشەكە ئەگەیەنێت و دوو جار دەرمانى پێ ئەكڕن. لە هەموى گرتگتر نەخۆشەكان بڕواو متمانەیان بە پزیشكەكان نامێنێت و هەر ئەوەش واى كردوە , زۆربەى نەخۆشەكان ئەڵێن ئیمە پزیشكى باشمان نییەو ڕو لە هەندەران ئەكەن بۆ چارەسەرى نەخۆشیەكانیان .
دووەم: بەلامەوە گرنگ نییە هاوڵاتییەك بۆچارەسەرى نەخۆشیەكەى دواى بێ هیوابونى , پەنا بەرێتە لاى ئەوانەى نوشتەو جادو ئەكەن و بە شێوازى جیا جیا گیرفانى هاوڵاتیان بەتاڵ ئەكەنەوە , لەبەر ئەوەى هەتا ئێستاش لە كۆمەڵگاى كوردیدا كەسانى زۆر هەیە كە باوەڕیان بە ئەفسانە هەیە و هەتا ئێستاش حكومەت نەیتوانیوە هاوڵاتیان ئەوەندە هوشیار بكاتەوە كە چیتر بڕوا بەو درۆ و ساختەكاریانە نەكەن .
بەڵام كارەسات لەوەدایە كە پزیشكێك یان كارمەندێكى تەندروستى كە زانستى پزیشكى خوێندوەو بە ناو بڕواى بەو زانستە هەیەو ئەبێ هەوڵ بدەن متمانەیەكى وا بدەنە هاوڵاتیان چیتر بڕوا بە خرافیات نەكە , بەڵام لە ئێستادا بەشێك لە پزیشك و كارمەندانى بوارى تەندروستى لە پێناوى دەسكەوت و بەرژەوەندى تایبەتى خۆیان كارى دژ بە زانستى پزیشكى ئەكەن و هاوڵاتیان والێ ئەكەن بڕویایان بە زانستى پزیشكى نەمێنێت و دووبارە هاوڵاتیان بگەڕێنەوە بۆ دواوە.
كەڵەشاخ گرتن لە كۆنەوە لە ناو كۆمەڵگاى كوردیدا باو بوەو ئەنجامدراوە. هەر وەكو لە خەڵكى گەیەندراوە , گوایە خوێنى پیس لە جەستەى كەسێك دەرئەهێنرێت و ئەو كاتە ئازارى لەشى نامێنێت و لەشى سوك ئەبێت. ئەمە لە كاتێكدایە كە خوێنى لەشى ئادەمیزاد پیس نییە و كەى خوێن پیس بوو ئەو كاتە مرۆڤ ئەمرێت. بەڵام ڕاستى ئەوەیە خوێن خەست ئەبێتەوەو پیس نابێت . ئێستاش كە خوێنى كەسێك خەست بۆوە , یەكسەر ئەچێتە خەستەخانەو بوتڵێك خوێنى لێ ئەگرن و كێشەكەى چارەسەر ئەبێت.
پێ ئەچێت سەردەمى كۆن یان ئەوە نەزانرابێت یان خەڵكانى گوندە دوورەكانى شار بۆیان نەلوابێت سەردانى شار بكەن و بە ناچارى پەنایان بردبێتە لاى ئەوانەى كەڵەشاخیان گرتبێت. ئەوەى كە زۆر گرنگە هەموو لایەك بیزانن ئەوەیە كەڵەشاخ گرتن لە زانستى پزیشكیدا نییە , خۆ ئەگەر لە ڕابوردوشدا ئەوە وەكو چارەسەر كرابێت , ئێستا ڕێگاو چارەسەرى باشتر و ئاسانتر هەیە .
كەواتە ئەبێت لە لایەن بەرپرسانى تەندروستى و لایەنى بەرپرسیار ئەو كارە قەدەغە بكرێت و لە ڕێگاى دەزگاكانى ڕاگەیاندنەوە بەردەوام ئەو پرسە بۆ هاوڵاتیان ڕون بكەنەوەو لە مەترسییەكانى ئەم كارە ئاگاداریان بكەنەوە . خۆ ئەگەر نەشتوانن كەسانى دەرەوەى بوارى تەندروستى مەنع بكەن لە ئەنجامدانى ئەو كارەو نەشتوانن وەكو پێویست هاوڵاتیان هۆشیار بكەنەوە كە ئەم كارە نەكەن, ئەبێ بە هیچ شێوەیەك ڕێگا نەدەن پزیشكێك یان كارمەندێكى پزیشكى ئەو كارە ئەنجام بدات و سزاى زۆر قورسیش دانێن بۆ ئەنجامدەرانى ئەو كارە, بەڵام ئێستا لە شارى سلێمانى پزیشك و كارمەندى تەندروستى هەیە نورینگەیان هەیەو ئەو كارە ئەكەن. كەواتە كارەسات ئەوەیە كار بگاتە ئەوەى كارمەندانى تەندروستى لە پێناوى دەسكەوتى تایبەتى خۆیان زانستى پزیشكى بە درۆبخەنەوە.
سێیەم: قەڵەوى مرۆڤەكان بۆتە دیاردەیەكى بەرچاو لە ناو دانیشتوانى هەمو وڵاتانى جیهانداو ئەمەش لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكى تر جیاوازى هەیە . بۆ نمونە وڵاتى ئەمەریكا یەكێكە لەو وڵاتانەى ژمارەیەكى زۆر هاوڵاتى قەڵەوى تێدایە. ڕاستە قەڵەوى نەخۆشى نییە, بەڵام بۆتە هۆكارى دروستبونى نەخۆشى و بە گشتى مەنرسى گەورە بۆ سەر كۆى كۆمەڵگاى مرۆڤایەتى. هەتا ئێستا ئەوەى زانراوە دەربارەى هۆكارى قەڵەوى یان زیادبونى كێشى لەشى مرۆڤە , یان هۆكارى هۆڕمۆنییە یان خواردنى ئەو خۆراكانەیە كە چەورى و شیرینى زۆریان تێدایە كە دواجار ئەبنەهۆى زیادبونى كێشى لەش و دەركەوتنى دیاردەى قەڵەوى.
هەتا ئێستاش چارەسەرى دەرمانى نەدۆزراوەتەوە بۆ بنەبڕكردنى ئەم دیاردەیە , واتە دەرمانێك نییە چارەسەرى قەڵەوى پێ بكرێت و تاكە چارەسەر كە تا ئێستا هەیەو پەیڕەو ئەكرێت و پزیشكەكان ڕێنمایی ئەكەن كە ئەوانە كێشیان زۆرە ڕێجیم بەكەن واتە خواردن كەم بكەنەوە بە تایبەتى ئەو خواردنانەى ئەبنە هۆكارى زیاد بونى كێشى لەش و چارەسەرى دوەمیش وەزش كردنە. من خۆم كێشەى قەڵەویم هەیەو زیاتر لە 10 ساڵ لە وڵاتى سوید بوم و زۆر جاریش توشى ئازارى پشت و ئەژنۆكانم بوم و سەردانى زۆر پزیشكم كر دوە , بەڵام نە پزیشكێكى پسپۆڕى تایبەتى بە چارەسەرى دیاردەى قەڵەویم دیوەو نەهیچ پزیشكێكم دیوە ئامێرى تایبەتى بەكار بهێنێت بۆ دیارى كردنى ئەو خواردنانەى ئەبنە هۆى قەڵەوى و نە سەنتەرێكى تایبەتیش لەو وڵاتە هەبوە چارەسەرى قەڵەوى تێدا بكرێت خەڵكانى قەڵەو بنێرنە ئەوێ. هەموو چارەسەرەكە لاى هەموو پزیشكەكان هەر ڕێنمایی كردنە بۆ كەم خۆرى و دوور كەوتنەوە لەو خواردنانەى ئەبنەهۆى قەڵەوى و ئەنجامدانى وەرزش. بەڵام ئەوەى سەیرو سەمەرەیە ئەوەیە ئێستا لە شارى سلێمانى پزیشكێك نورینگەى داناوەو بە حساب تازە لە هەندەران هاتۆتەوەو بڕوانامەى تایبەتى هێناوە لە چونیەتى چارەسەرى دیاردەى قەڵەوى. ئەم پزیشكە وا خۆى دەرئەخات كە بۆتە فریاد ڕەس و موژدەى گەورەى بۆ خەڵكى سلێمانى هێناوەتەوە. ئامێرێكى هێناوەو گوایە بە هۆى ئەم ئامێرەوە دەست نیشانى ئەو خواردنانە ئەكات كە ئەبنە هۆكارى قەڵەوى.
لە ڕاستدیدا ئەم ئامێرە ى كردۆتە عەساى سیحرى و خەڵكێكى زۆرى سەرقاڵ كردوە, ئەمە لە كاتێكدایە كە لە هیچ وڵاتێكى دنیادا ئامێرى لەو شێوەیە بەكار ناهێنرێت بۆ چارەسەرى دیاردەى قەڵەوى و تەنانەت لەو وڵاتەى كە بڕوانامەكەشى تێدا بەدەست هێناوەو لەو وڵاتانەى كە دەورەى تایبەتیشى دیوە هەر سەبارەت بە دیاردەى قەڵەوى. پرسیار لێرەدا ئەوەیە, ئەگەر ئەم ڕێگایەى ئەم بەڕێزە و ئەو ئامێرەى بەكارى ئەهێنێت بۆ چارەسەرى كێشەى قەڵەوى ئەوەندە بایەخدارە بۆچى لە وڵاتە پێشكەوتوەكان بەكارى ناهێنن و خەڵكى خۆیانى پێ چارەسەر ناكەن؟
هەموو ئەو زانستەى ئەم بەڕێزە كە زۆر بەگران بە خەڵكى ئەفرۆشیت بۆ ئاگادارى هەموان بریتییە لە پێدانى خشتەیەكى ڕێجیم, واتە كەم خۆرى و دوور كەوتنەوە لەو خواردنانەى ئەبنەهۆكارى قەڵەوى, ئەمەش لاى هەموان زۆر ئاشكرایە. سەرەتا بۆ جارى یەكەم 100 دۆلارى وەر ئەگرت و كە بۆ جارى دووەم سەردانى ئەكەیتەوە 50 دۆلار و ئێستا روحمى تلیساوەتەوەو نرخەكەى كەمكردۆتەوە و بۆسەردانى یەكەم 60 هەزار دینار و بۆ جارى دوەم تەنها 25 هەزار دینار.
گومانى تێدا نییە كە ئەچیتە لاى پزیشك و لەسەر قسەى ئەو كەمخۆرى دەست پێ ئەكەى دواى مانگێك كە سەردانى ئەكەیتەوە كێشت دا ئەبەزێت و ئەم نەخۆشە قور بەسەرانەش ئەم دابەزینى كێشى لەشەیان ئەكەنە دەسكەوتى جەنابى دكتۆر كە لە ڕاستیدا ئەنجامى كارى خۆیانەو ئامێرەكەى لێكردونە عەساى سیحرى و سەرى لێ تێك داون.
چ ویژدانێك قبوڵى ئەكات خشتەیەكى ڕێجیم بە 100 دۆلارى ئەمەریكى بە هاوڵاتیان بفرۆشرێت و نە هیچ كەس و نە هیچ لایەنێك هەبێت لێپرسینەوەو بەدوادا چون بكات و پێ بڵێن بۆچى هاوڵاتیانى ئەم هەرێمەت گێل كردون و فێڵیان لی ئەكەیت و گیرفانیان خاڵى ئەكەیتەوە؟ ئەمە لە كاتێكدا كارێكى ئاسایی پزیشكە ڕێنمایی هاوڵاتیان بكات كە ئاگادارى كێشى لەشیان بن چونكە ئەنجامى باشى نییە. جا ئەم بەرَێزە لە سەر تابلۆكەى نوسیویەتى پسپۆڕى چارەسەرى نەخۆشى قەڵەوى . كە لە رَاستیدا قەڵەوى وەكو نەخۆشى پێناسە ناكرێت.
هاوڵاتیانى ئێمە ئەوەندە داماون هەر كەسێك بێت و چەند خشتەیەكى ڕێجیمى هەبێت و دوكانێك بكاتەوە بڵێت من پسپۆڕم و چارەسەرى قەڵەوى ئەكەم بە تەریقەى ئەمەریكى یان ئەڵمانى یان سویدى بۆ بەیانى وەكو باران موشتەرى بەسەریدا ئەبارن . بۆ ئاگادارى هەموو لایەك ئێستا لە ناو هاوڵاتیان بۆتە باو و ئەڵێن ئەو دكتۆرە دڕاوە واتە پارەى زۆرى دەسكەوتوەو زۆریش دەوڵەمەند بوە . ئەوەى جێگەى سەرسوڕمانە لە ئێستاوە تا كۆتایی مانگى 8 ساڵى 2014 سەرە تۆمار كراوە بۆ كرێنى ڕەچەتەى ڕێجیم. ئێستا هاوڵاتیان ئەڵێن گرینگى ئەم پزیشكە لەوەدایە بەبێ دەرمان عیلاجت ئەكات.
كەواتە هاوڵاتى نازانێت كە عیلاجى قەڵەوى كەمخۆرییەو ئەوەش نازانێت كەئەوە دكتۆرەكە نییە كە عیلاجى بۆ كردوە بەڵكو ئەوە خۆیەتى كە خواردنى كەمكردۆتەوە . هاوڵاتى داماو ڕەنجى خۆى كردۆتە دەسكەوت بۆ دكتۆرەكەو سەربارى ئەوەش پارەى ئەداتێ .
كەواتە ئەوە ئەركى بەرپرسانى بوارى تەندروستییە ئەم ڕاستیانە بۆ هاوڵاتیان ڕون بكەنەوەو هوشیاریان بكەنەوەو لێپرسینەوەش لە پزیشكە جادوكەرەكانى سەردەمى عەولەمەەو تەكنەلۆجیا ش بكەن. ئەگەر دەزگایەكى لێپرسینەوە هەبێت و بەدواداچون بكات بۆ ئەوانەى كە بەهۆى ئەو ڕێجیمەوە لاواز بون , زۆر باش دەر ئەكەوێت هەندێك لەوانەى وازیان لەبەرنامەى كەمخۆریەكە هێناوە بە نیوەى ئەو ماوەیەى كە كێشیان دابەزیوە , كێشیان چۆتەوە دۆخى جارانیان .
كەواتە جەنابى دكتۆر سەرەڕاى وەرگرتنى پارەیەكى زۆر بەناوى چارەسەرى دیاردەى قەڵەوى هیچ چارەسەرێكى تازەى لەگەڵ خۆى نەهێنابو جگە لە فریودانى هاوڵاتیان . پەیامم بۆ لایەنى بەر پرسیار ئەوەیە بەدواداچون بكەن و لێَپرسینەوەش لەگەڵ ئەوانەدا بكەن كە لە بوارى تەندروستیدا كار ئەكەن و هاوڵاتیان فری و ئەدەن و بەردەوام بە دواى بەرژەوەندى خۆیانەوەن.
هەر وەها پەیامم بۆ هەمو ئەو برایانە هەیە كە ئەم نوسینە ئەخوێننەوە بینێرینن بۆ دۆستو برادەرەكانیان و لە هەمان كاتیشدا هەوڵ بدەن كەمپینێكى هوشیار كردنەوى هاوڵاتیان دەست پێ بكەن سەبارەت بە هۆشیاركردنەوەیان و هەر كەسێك لە بوارى تەندروستیدا , كارێكى نابەجێی ئەنجامدا لێی بێدەنگ نەبن.
سیستەمى بەڕێوەبردنى ئەم هەرێمە پێویستى بە گۆڕانكارى هەیە و ئێمەش پشكى شێرمان بەر ئەكەوێت لە هەوڵدان و كار كردن بۆگۆڕانكارییەك كە لەبەرژەوەندى گشتى سەرجەم هاوڵاتیاندابێت. هیوادارم هەموو لایەك بەشدارى بكەن لە كەمپینى هۆشیاركردنەوەدا .

ساڵەح ژاژڵەیی 5/11/ 2013

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە