لە زمانى ڤارى هاوتەمەنى كابینەى شەشەمەوە بۆ بەرێز دكتۆر بەرهەم سەرۆكى حكومەت

Thursday, 24/02/2011, 12:00

1531 بینراوە


بۆحكومەتە هاوتەمەنەكەى خۆم كابینەى شەشەمى حكومەتى هەرێمى كوردستان كە لە 28/10/2009 بەسەرۆكایتى بەرێزتان سوێندى یاسایى خوارد و لەمانگى تشرینى دووەمى هەمان ساڵ دەست بەكاربوون ، من تەمەنم لەگەڵ تەمەنى كابینەى شەشەم هاوشانە و هەزارانى تریش پێش ئەمرۆ و تائەمرۆ و دوائەمرۆش لەم جیهانە لە دایك بوون و لەدایك دەبن ، تاوانى من چیە لەم جیهانە پان و بەرینەدا لەژێر سێبەرى كابینەى شەشەمى حكومەتەكەى بەرێزتان و لە پایتەختەكەى لە دایك بووم كە هاتنم بەدەستى خۆم نیە و چونەدەرەوەشم كەیەو چۆنە نازانم ، بەومانایەنا كەپەشیمانبم لە كوردبوونم و لە دایك بوونم لەخاكى كوردستان بەڵكو شانازموو شانازى دەكەم كەبەكوردى لە دایك بووم و بەكوردى زمانم دەپژێ و هەنگاوەكانى ژیانیشم بۆ داكۆكى لە میللەتەستەم دیدەكەم دەبێ و داواكاریشم باوكم بەو ئاراستەیە رێگاكانى ژیانم پێ ئاشنا بكات ، بەڵام جەنابى سەرۆكى حكومەت
تۆ و كابینەكەت هەرگیز لە پێشوازى لە دیك بوونماندا نەبوون ، ئامادەى پێداویستیەكانمان نەبوون ، ناشزانم چەند خۆشحاڵ بوون یاخود چەند خەمبار ، تكا دەكەم زویر نەبیت، یەكەم پرسیارم كە كردم زۆرو كەمى ژمارەى دانیشتوان بوو، وەڵامیان دامەوە هێندەى ژمارەى بیرە نەوتەكانى كوردستان و ژمارەى بەرمیلە فرۆشراوەكانى ئەم هەرێمەیە، سەرۆكى كابینەى شەشەم دلنیام ئامارەكانى وڵات لە كاتى خۆیدا هەوالێ هاتنى منیان پێداوى ، دلنیام بەرێزتان بیرتان لەوە كردوتەوە كورسیەك لە باخچەى ساوایان و تەختەیەك لە قوتابخانە بۆمن دابنرێت، بۆ ئەم مەبەستە ژمارەى پەرتوكە پەروەردەییەكان كە لە لە لوبنان چاپ دەكرێت زیاد كردووە ، وە دەزانم بەرێزتان رازى نابن مناڵانى نوێ پەرتوكى كۆن وەربگرن،
من دڵنیام رازى نابیت، مناڵیمان وەك مناَلانى ێۆماڵ و سودان گەورە ببێت، نا ْ دەزانم دەزانى ، بریارە ئێمە مرۆكانى سبەى بین، سبەى چێكردنى رۆژێكى روناكتر لە ئەمرۆ، گەشترلە سایەى فێربونى ئەمرۆ ییەكانى سایەى كابینەكەتان،
ئەوەى كە كێشەمە جەنابى سەرۆكى حكومەت، خۆراك و وزەو ئەو هێزەیە كە گەورەم دەكات، شیرەكەمە، كە چەند رۆژ جارێك باوكم دەستگیر دەكەم بەرەو بازارى بێ سانسۆو چاودێرى پاكى و پیسى ، كۆن و نوێ، باش و خراپ، ئیكسپایەرو بە سەرنەچوو، شیرى ئەێڵ و نائەێڵ، نمرە یەك نمرە دوو،
ئەو هەموو ناوانەى رۆژنامەنوسێكى وەك باوكم ماندوو دەكاو بڕێك زۆرنا لە خۆشەویستى من كەمدەكاتەوە..؟
من دەزانم بەرێزتان ئاگادارى رەوشى مناڵێك نین لە نزیكەوە، چونكە بەرێزتان بە چارەنوسى (لوح المحفوڤ) پەروەردەى مناڵانى ئەم هەرێمە بەشمەینەتەتان لە ئەستۆنیە، ئەى یەزدان لەو لەوحەدا چارەنوسى هەمومانى دیارى نەكردووە، ئەو لەوحەى لەو دونیایە ، ئەو دونیایە لە تۆوە دوورە بە دوورى رێبوارى جارانى پێشمەرگەیەكى ماندو نەك ئێستایى ، چونكە ئێستا دونیا نزیكە لە یەكتر، تەنها ئێوەن كەدورن لە دایكان و مناڵان و خوشكى شەهیدان و كریكار و رەنجدەر و پاڵە و جووتیار و هەژار و پیر و گەنجانى هەرێمەكەى خۆتان ، وەلێ ئاگادارى رەوشى ئەو بازارەى كە سنورەكانى كوردستان دروستى كردووە، ئەو شیرەى هەرۆژەو تامێكى هەیە، لە جۆرو شێوازێكى كەیە، رۆژێك سورو سپیم دەكاتەوە بەرماچى مالەوەم دەخاتن رۆژێكە كزو مەلول و نەخۆش بە دەردم دەبات، تا بەیان خەو لە چاوى ماڵ تێك دەدەم،
جەنابى سەرۆكى حكومەت
باوكم زۆر دڵخۆشە بە من، بریارە وەك لە نیازى ئەودا دیارە من پارێزەرێك بم لە گەڵ هاوكارەكانمدا هێزى عەدالەت بەرز بكەینەوە بەرەو ئەو ئاستەى خواستى هەیە، تارۆژیك لەسەر ئەوتاوانە مەزنەى دەرهەقمان كراوە لە رێگاى یاساوە تاوان باران راپێچى دادگاكان بكەین بۆ لێپرسینەوە ، كەچى ئێستا ترسى هەیە لە بەردەم خوراكى هەرێمەكەتدا، هەموو رۆژێك بە بۆڵە بۆڵ دێتەوە، نارازى بوونى خۆى دەردەخات لە بەردەم نەبونى كونترۆڵى بازارو ئازادى رەهاى ئەم بازارە كە بریارە من بە شیرى گەورە بم، جەنابى سەرۆكى حكومەت
تا چەند كابینەكاتان لە خەمى مندان، لە خەمى منەكانى تردان ، منەكانى ترى بەردەوامى بوون و ژیان لە هەرێمى سایەى حكومرانى جەنابتان، حكومرانى باوكێكى تر بۆمن ، نیشتمانیكى تر وەك ماڵێكى گەورەتر لە من ، نیشتمانێك هەر لە مناڵیەوە ئاگاى لە رەوشى پەروەردەى من نابێت ، كە چى سبەى داواى بوون بە لەیلا زانام لێدەكات، دەیەوێت وەك حەپسەخان شەو بە گەرەك و كۆلانەكانى شاردا ئیشَكى ئارامى خەڵك بگرم و وەك مەستورە شعر بۆ ئازادى و عەشق بیژم،
جەنابى سەرۆكى حكومەت
لە پێش باوكم تۆ بەرپرسیارى لە خواردن و خەون و خەوى من ،تۆ دەستەلاتەكانى یاسایى و نیشتمان گەرایى ئەم هەرێمەت لە ئەستۆیە ، دەشێت تەواوى بازارو ئەو رەوشەى لە بێ چاودێرى دروست بووە كۆنترۆڵ بكەیت،
خۆ دەزانم ئێمە بووجە و سامانێكى زۆرمان هەیە و لەم هەرێمەى بەرێزتان سەرۆكایەتى حكومەتەكەى دەكەن هەژارەكان كەڵكى لێوەرناگرن و رۆژ لە دواى رۆژ بارى ئابوورى و كۆمەڵایەتى و سیاسى و دەروونى تاك و كۆمەڵى كوردستانمان بەرەو خراپ و خراپتر و چەواشەو چەواشەتر و گەندەڵ و گەندەڵتر و گەندەڵتر دەچێت و بەرهەمى ناوخۆمان كەمەوئەوخۆراكەى هاوردەى هەرێمى كوردستان دەكرێت بە كوالێتكى باش نایات و زۆربەى ماوەى بەسەر چووە و مەترسى لەسەر گیانى هاوڵاتیانى كوردستانەكەم هەیە بەقەد مەترسى داگیركەران كە ئەوەش بە بەڵگەوە بە حوكمەتە هاوتەمەنەكەى خۆم دەڵم كەیەك ساڵە كاك بەرهەم من بەشیرى كیكۆز باڵا دەكەم ، بەڵام حكومەتە هاوتەمەنەكەم بە گەندەڵى و ئیهمالى و بێخەمى و بێ پلانى و بێ باكى و نەشارەزایى باڵا دەكات و یەك كەسنیە لەم هەرێمەى بەرێزتاندا گەرەنتى ئەوەبدات كە ئەو شیرەى دەیخۆین هەموو زارۆكە هاوتەمەنەكانى خۆموو پێش خۆشم لە راپەرینەوە رونتر لە ژێر دەسەڵاتى حكومەتى خۆماڵى كوردی دا مەزن بووین بڵێ شیرەكەش بەسەرچوو ئێكس پایەرنیە ، جەنابى سەرۆكى حكومەت
خەمى من خەمى ئەو مناڵ و كۆرپانەیە كە لەپشتى باوكەوە بەرەو كوردستان بە رێگەوەن، ئەگەر ئامادەبونتان نیە لە پێشوازیان، داوابكەن با چیتركورەكان شەوەكان بكەن بە خەوو ئازار نەنێن بە دڵى نیشتمانەوە، با چیتر پیاوەكان ئاگرى رۆح تەنها لە سوتاندا لە ناخدا بهێڵنەوە، با بەهارەكان هەڵگرن بۆ ساڵێكى تر ، ئیدى بەسە دۆزەخ بۆ مناڵ ، مەنجەنیق بۆ گەنج ، ئازار بۆ ژنەكان دروست نەكەن،
هیوادارم پاش خوێندنەوەى نامەكەم گەورەیەك تۆمەتبار نەكەى بە زمانى نوسینم ، ئەم وتانە هەستى من و هەموو مناڵانى هەرێمەكەمە بۆ تۆ كە چارە سەرى ئەوانەت پێناكرێ تكایە ئەم سەرۆكایەتی حكومەتە كارتۆنیە بەجێبێڵە


منالێكى ساواى هاوتەمەنى كابینەكەت
ڤارى بەكر







نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە