سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر داعیش مه‌رجه‌ بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌ت

Thursday, 14/08/2014, 12:00

2295 بینراوە




گه‌لان هه‌میشه‌ تووشی کێشه‌ی دژوار و کۆسپوته‌گه‌ره‌ و هێڕشکردنه‌سه‌ر ده‌بن. ئه‌مه‌ شتێکی نامۆ نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ که‌ سه‌ته‌ها گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و کۆماڵگای تێدا ده‌ژین. ئه‌وه‌مانیش له‌بیرنه‌چێ که‌ شه‌ڕ و پێکدانان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر کردوه‌یه‌کی پرتوبڵاوبووه‌ به‌ درێژاییی مێژووی مرۆڤایه‌تی له‌بری ئه‌وه‌ی که‌ دیارده‌یه‌کی ده‌گمه‌ن بێت به‌راربه‌ر با ئاشتی. بۆیه‌ گه‌ل ده‌بێ نه‌ک ته‌نها ئاماده‌بێت بۆ شه‌ڕ، به‌ڵکوو ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بکات و که‌مته‌رخه‌م و خه‌مسارد نه‌بێت بۆ پێشبینیکردنی ڕووداوێکی ئاوها. ئه‌مه‌ش ئه‌رکی ده‌وڵه‌ته و حکوومه‌ت و به‌رپرسان و داموده‌زگاکانی کۆمه‌ڵگایه‌ که‌ به‌م کاره‌ هه‌ڵسن. نه‌وه‌ک پێ بخه‌نه‌‌ سه‌ر پێی بێژن باوی شه‌ڕ نه‌ماوه‌، باوی ده‌وڵه‌ت نه‌ماوه‌، باو باوی دیموکراسی و گفتوگۆیه‌! بێگومان کاتێ که‌ به‌م شێوه‌یه‌ کۆمه‌ڵگا په‌یره‌و ده‌کرێت و گه‌ل په‌روه‌رده‌ ده‌کرێت، ئه‌وسا سیاسه‌ت له‌ چێوه‌ی خۆی ده‌رده‌چێت و سیاسه‌توانانیش له‌ پێستی خۆیان ده‌رده‌چنه‌ ده‌روه‌ یان پێستی خۆیان ده‌گۆڕن، به‌ واتایه‌کی تر سیاسه‌ت ده‌بێته‌ بازرگانی و جامبازی و گاڵته‌جاری، سیاسه‌توانیش ده‌بێته‌ بازرگان و کاروانچی یان چاتر بێژم قه‌چاغچی! ئاخر چوارده‌ورنمان دوژمنه‌ چلۆن باوی شه‌ڕ نه‌ماوه‌، ئه‌ی به‌رگریکردن له‌ خاک، له‌ گه‌ل، له‌ که‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و شکۆمه‌ندیی نیشتمانی؟ به‌ڵام تۆ ئه‌ی سیاسه‌توان؛ ئه‌ی به‌رپرس؛ ئه‌ی سه‌رۆک؛ ئه‌ی سه‌رهێز، کاتێ تۆ ته‌نها خه‌ریکی قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵاتی، خولیای پاره‌وپووڵ و پله‌وپایه‌ و خۆشگوزه‌رانی، شێتویشه‌یدای کۆشکوته‌لار و باڵه‌خانه‌ و ئوتێلی پێنج ئه‌ستێره‌ی؛ پێم نابێژی چلۆن خه‌بات ده‌که‌ی بۆ گه‌ل و نیشتمان، چلۆن به‌رگری ده‌که‌ی له‌ سنوور و خاک، پێم نابێژی چلۆن شه‌ر‌مناکه‌ی ده‌بێژی من خه‌باتگیڕم، من پێشمه‌رگه‌م، من سیاسه‌توانم، من شۆڕشگێڕم!
ئه‌وه‌ی که‌ گوترا، هۆی ئه‌و کاره‌ساته‌ بوو که‌ له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی رابووردوو بوونه‌ ڕاستییه‌کی تاڵ و بێواتا. 25 ساڵه‌ کوردگه‌لێکی نه‌ته‌وه‌خواز و نیشتمانپه‌روه‌ر هاوار ده‌که‌ن و ده‌بێژن: سوپایه‌ک بۆ کوردستان دروست بکه‌ن، با هێزی چه‌کداریی پارته‌کان نه‌مێنن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌کی پێشمه‌رگه‌ بۆ گه‌ل و نیشتمان بێت نه‌ک بۆ پارت و سه‌رۆکه‌که‌ی پارت. ده‌ستوورێ دانێن بۆ ئه‌وه‌ی بێقانوونی و به‌ڕه‌ڵایی نه‌مێنن و ببێت به‌ چووارچێوه‌ی کاری سیاسی و قانوونی له‌ کۆمه‌ڵگا. دیموکراسی بکه‌ن به‌ بنه‌مای حوکمڕانی نه‌ک دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و ڕێکه‌وتنی نێو ئه‌شکه‌وتی چه‌ته‌کان! پارته‌کان دوورخه‌نه‌وه‌ له‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌ هه‌موو کاره‌کانی ده‌زگاکان به‌ دادگا‌شه‌وه‌. به‌ڵام هه‌ر وه‌ڵامیانیش نه‌دایه‌وه‌. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ باشووری کوردستان ده‌شێ هه‌زار چاوی هه‌بێت، به‌ڵام ته‌نها یه‌ک گوێچکه‌ی هه‌یه‌، ئه‌ویش په‌رده‌که‌ی کونه‌!
له‌ هه‌مووشی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێژن هه‌ندێک هه‌نه‌ هێڕشی ناڕه‌وا ده‌که‌نا سه‌رمان، هه‌ر وه‌کوو له‌م ڕۆژانه‌ به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵات باسی لێوه‌ ده‌که‌ن. بێگومان خه‌ڵکه‌که‌ ڕه‌خنه‌ ده‌گرن و ئه‌مه‌ش مافێکی ڕه‌وای خۆیانه‌. ئه‌و که‌سانه‌ی ڕه‌خنه‌گرن له‌ دڵسۆزی و پاکی و په‌ربرسیی خۆیان ده‌یکه‌ن ئه‌گینا چه‌پڵه‌لێدان بۆ ده‌سه‌ڵات کارێکی فره‌ ئاسانه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی لێده‌ره‌که‌شیه‌تی! چه‌پڵه‌لێده‌ر هه‌میشه‌ مرۆڤێکی هه‌لپه‌رست و خۆپه‌رست و بێ‌هه‌ڵوێست و بێنموود و کاڵفام و ده‌به‌نگه‌. نزیکه‌ی یه‌کله‌چواری خاکی کوردستانیان به‌جێههێشتووه‌ و ڕایان کردووه‌، که‌چی له‌بری ئه‌وه‌ی دانبنێن به‌ ڕاستییه‌کان و ڕه‌خنه‌ی توند له‌ خۆ بگرن، دێن و پڕوپاگه‌نده‌ی ته‌کتیک و شکستی کاتی و پڕچه‌کیی داعیشم بۆ ده‌که‌ن! ئاخر پێشمه‌رگه‌ت بینووه‌ وه‌ک به‌رزه‌کی بانان ڕاکات و خاک و سنوور و ژن و منداڵ جێبهێڵێت! کاره‌سات ئه‌وه‌نییه‌ له‌ شه‌ڕ ژێرکه‌ویت، کاره‌سات ئه‌وه‌یه‌ که‌ پێش ته‌نانه‌ت یه‌ک فیشه‌کیش ڕاکه‌یت و سه‌نگه‌ر جێهێڵیت!
له‌سه‌ر ئه‌مه‌شه‌وه‌ نابێت و ناشێت که‌ گه‌لی کوردستان وره‌ه‌ی بڕووخێت و بێژێ ته‌واو! به‌ڵکوو ئه‌مه‌ تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی مه‌زنه‌ بۆ گه‌لێک که‌ ده‌یه‌وێ ئازادبێت و سه‌ربه‌خۆبێت و خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی خۆی بێت. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئێمه‌ ده‌بێ شانازی بکه‌ین که‌ ئه‌مڕۆ شه‌ڕی داگیرکه‌رێکی نوێ ده‌که‌ین که‌ جیاوازه‌ له‌ داگیرکه‌ره‌ ناسراوه‌کان، چونکی ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتین به‌سه‌ر داعیش، ئه‌وسا به‌غدا نه‌ک ناتوانێ داوای ئه‌و ناوچانه‌ بکاته‌وه‌، به‌ڵکوو بۆی نییه‌ ته‌نانه‌ت باسیشی بکات، چونکی به‌ خۆێنڕشتن و هه‌وڵوته‌قه‌لایه‌کی مه‌زن ڕزگارکراون. ئه‌وه‌شمان له‌بیرنه‌چێت که‌ ئه‌مه‌ یه‌که‌م جاره‌ له‌ مێژووی هاوچه‌رخی کورد که‌ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ر چوار به‌شه‌که‌ی کوردستان پێکه‌وه‌ بجه‌نگن، له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ خۆیله‌خۆیدا سه‌رکه‌وتنێکی مه‌زنه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی باشووور تێکی نه‌دات!
ده‌بێ چاک بزانین ئه‌مڕۆ ڕۆژ ڕۆژی شه‌ڕکردنه‌ له‌سه‌ر خاک. داعیش بۆ سوننه‌کانی عیراق وه‌کوو تریاق و ده‌رمانی سه‌ره‌تان وه‌هایه‌! سوننه‌کان ئه‌گه‌ر ئاشکراشی نه‌که‌ن، ئه‌وسا تێکڕا هه‌موویان له‌گه‌ڵ داعیشن، چونکی ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ه‌ی ڕزگاریان بێت له‌ ده‌ستی شیعه‌ ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ شه‌یتانیش هاوکار و دۆستبن. دابه‌شبوونی عیراق بووه‌ته‌ ڕاستییه‌کی زه‌ق له‌ ژێر خۆر، به‌ڵام هه‌ندێک ده‌یانه‌وێ به‌ زۆر یه‌کێتیی خاکی عیراقی کاولبوو بپارێزن. له‌ مانه‌ هه‌ندێکی کوردی ملکه‌چ و سه‌رشۆڕیش هه‌ن! له‌و بڕوایه‌دام ئه‌مریکا و ئه‌ورووپاش گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌م ڕاستییه‌ به‌ڵام بێگومان باسی ناکه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ش ئامادی نین به‌ توندی و چڕی له‌ داعیش بده‌ن و له‌ ناوی به‌رن. داعیش قه‌ڵغانی سوننه‌کانی عیراقه‌ و کێشه‌که‌ش هه‌ر کێشه‌ی سوننه‌ و عیراقه‌ و هیچی تر.
تراجیدییه‌که‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ ڕووی مرۆییه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی کورده‌، چونکه‌ ده‌بێ ئه‌و ناوچانه‌ هه‌مووی ڕزگارکه‌ین و ئه‌مه‌ش کارێکی زه‌حمه‌ت نییه‌ و هه‌روه‌ها ئاواره‌اکنیش ده‌بێ بپارێزرێن و بگه‌ره‌ندرێنه‌وه‌ ماڵی خۆیان. ئه‌وسا کورد سه‌ربه‌رز ده‌بێت و کۆمه‌لگای نێوده‌وڵه‌تی به‌ چاوێکی تره‌وه‌ ته‌ماشامان ده‌کات و ده‌وڵه‌تی کوردی به‌ ڕه‌وا له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و ده‌بێته‌ بابه‌تی کات و هیچی تر.

هاشم بازرگان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە