كەركوك شارێكى عێراقیە؟

Tuesday, 15/10/2013, 12:00

1497 بینراوە




ئەم مانشێتەى سەرەوە دوا پەیامى سەرۆك وەزیرانی عێراق(نوری مالیكی)یە كە چەند ڕۆژێ پێش ئێستا لە كۆبوونەوەى فەرماندەیى وشكانى عێراق لەگەڵ ژمارەیەك لە هۆزە عەرەبەكانى سەر بەپارێزگای كەركووك لەرێی مۆبایلەوە بەگوێی عەرەبەكانى كەركووكى چرپاند.
لە شیكردنەوەى ئەم چەند پەیڤەدا، كەلكەلەى چەند شتێ لەبیردانمدا چرۆی كرد كە بپرسم:
* بۆچی دەستڕۆیشتووەكانى عێراق هەمیشە شانازى بەوەوە دەكەن لەوەى كەركووك بەشارێكى عێراقی بچوێنن لەكاتێكدا بەسەری زمانیان دانایێ شارەكانى هەولێر و دهۆك و سلێمانى دوور و نزیك بەشاری عێراقی ناو ببەن؟
* ئایا مەبەست لەشارێكى عێراقی ئەگەر دابڕان و جیاكردنەوەى ئەم شارە نەبێت لە هەرێمى كوردستان، ئاخۆ جگە لەو شتە، هیچ مانا و مەدلوولێكى تازە دەداتە دەستێ؟
* جێی سەرسوڕمانە سەركردایەتى سیاسی كورد بۆچی لەڕاست ئەم دەستەواژەدا نقەیان لێوە نایەت دوو قسەى لەبارەوە بكەن لەكاتێكدا سووڕ دەزانن ئەو قسەیە ئەوە دەگەیەنێ كە ئەم شارە حیسابی وەكو شارەكانى دیكەى ناوەند و خوارووى عێراق بۆ دەكرێ و بەبەشێكى دانەبڕاوى عرووبەى تێ دەگەن لەكاتێكدا كەس نییە لەئێمە نكۆڵی لە كوردستانیەت بوونى ئەم شارە بكات ؟
لەمێژووى ئەم شارە خێر لەخۆ نەدیوەدا، ئێمە هەمیشە وا خۆمان نیشان دەدەین كە كەركووك شارێكى كوردستانیە بەڵام دەبڕینەكان كورتهەڵاتوون و لەدەرەوە و دوور لەچاوى ڕاگەیاندن و میداكان گوزارشت لەو هەستە دەكەین بۆ ئەوەى بەغدا لێمان تووڕە و نیگەران نەبێ تا بەو هۆیەوە ئەو بەشە بودجەیەمان لێ ببڕێ یان ڕابگرێ كە ئەوان ڕەنگە بەخێر و ێەدەقەى تێبگەن و وەكو منەت بەسەرمانى بفرۆشنەوە.
كەركووك لە كانگا و ناخ و دەروونى سەركردایەتى سیاسی كورد بەجۆرەها شێوە كاڵای مەزنیان بەباڵای بڕیوە وەكو دروشمەكانى(كەركووك قودسی كوردستان...كەركووك دڵی كوردستانە.. كەركووك خۆری كوردستانە..كەركووك ئەو هەناسەیە كورد پێی دەژێ و...هتد) وەلێ تا نیگەرانیەكانى ناوەند زەق نەبنەوە و نەبنە هۆكاری تەقینەوەى دژایەتیكردن و پێكهەڵقژان، چارەسەرێكى مام ناوەندی كردۆتە ئەگەر و بیردۆزەى گفت و لفت و لێدوانەكانى، بەوەى كەركووك شاری پێكەوە ژیانە، شاری هەموو نەتەوەكانە، بەتەنها شاری كورد نییە و وەكو چۆن تەنها شاری عەرەب و كەمە نەتەوایەتیەكانى دیكەیش نییە، لەكاتێكدا بۆ وردكردنەوەى ئەو هەڵوێستە و لەوەرگرتنى ئەو گریمانەدا هەمدیس ئەوەمان بە هزر دادێ كە بڵێین خۆ هەولێریش شاری پێكەوە ژیانە چونكە جگە لە عەرەب بترازێ كە بوونى نییە، ئیدى هەریەكە لە كورد و توركمان و كلد و ئاشوری تێدایە.
هەر لەدوای پرۆسەى ئازادى عێراقەوە كەركووك و هەندێ لەناوچەكانى دیكەدا بەناوى (ناوچەى كێشە لەسەرەكان) وا بۆ دەساڵ و پتر دەڕوات بەناوى ناوچەى كێشە لەسەرەوە كە لەفەرهەنگى یاساییەوە هەر دوو لایەنى پێك ناكۆك(هەولێر و بەغدا) هەر یەكە خۆی بەخاوەنى ئەم شارە دەزانێ، جا دەركردنى ماددەیەك بەناوى ماددەى140 سەبارەت بەو ناوچانە و یەكلاكردنەوەى دوای سەرژمێری و ڕاپرسی، كەچی ئەگەر هەوڵەكان یەك هەنگاو بۆ پێشەوە چووبێ، هەر زوو لەدروستكردنى سیناریۆیەكەوە كار بۆ پەكخستنى كراوە و ماددەكەیان ئەمڕۆ بەسبەینێ گەیاندۆتە ئەم ڕۆژگارە و بەغداش هەتا ئاوى لەبەر بڕوا وا بەئاسانى بەهۆی بوونى پەتڕۆڵەوە لەم دەڤەرە دەست بەرداری بستە خاكێكى ئەم شارە نەفتاویە نابێ و ئامادەیە هەموو قوربانیەكى لەپێناو بدات كە من زۆر جار ئەوەم بەخەیاڵ دادێ كە ئەگەر كەركووك خاوەنى نەوت نەبواییە كەس خۆی لێ بەخاوەن نەدەكرد و دەمێ بوو بەغدا چاوی لەسەر لا دەبرد.
هەڵبەتە لەسەردەمى بەعس و دوای ڕژێمى بەعسیش، هەموو ئەوانەى جڵەوى حوكمڕانى عێراقیان بۆ زەمەنێ لە زەمەنەكان لەئەستۆ گرتووە هەرگیز سازشیان لەسەر ئەم شارە نەكردووە و قەت كەسیان بوێری ئەوە نەبوونە ریشەكێشی بنەڕەتى ئەو كێشەیە بكەن لەترسی ئەوەى هەر هەوڵێك بۆ گەڕانەوەى ئەم شارە بۆ سەر هەرێمى كوردستان بدرێ ئەوە دەبێتە لەكەیێك و مێژووییەكى ڕەش تۆمار دەكات.
كەركووك بەهەموو پێوەرێ كوردستانیە و دروشمى (ناوچە كوردیە كێشە لەسەرەكان) پڕ بەپێستە و ئامار و سەرژمێرییەكان هەر لەسەردەمى عوسمانیەوە تا بەم ئان و ساتە ڕادەگات ئەگەر سەرژمێرییەكى پاك و بێگەر ئەنجام بدرێ بێگومان داتاكان كوردستانیەتى ئەم شارە دەسەلمێنن، سەرەڕای گشت ئەو پیلان و پلانانەى بۆ گۆڕینى ڕووى دیمۆڤرافی ئەم شارە داڕێژراون، بەڵام خۆڕاگری كورد و خەڵكە بەجەرگ و جوامێرەكەى توانیویەتى شكست بەهەموو ئەو دەستە نەگریسانە بێنێ كە دەیانویست ڕوخساری ڕاستەقینەى ئەم شارە بشێوێنن.
جەنگی یەكلاكەرەوەى ئەم شارە ئەو بۆمبە تەوقیتكراوەیە درەنگ و زوو دەتەقێتەوە، بەمانایەكى دیكە چۆن لەگەڵ دەوڵەتێ هەڵدەكرێ كە بەزۆری زۆردارەكەى ئەم شارە بەشارێكى عێراقی دابنێ كە مەبەست لێی تەنها و تەنها نیشاندانیەتى بە شارێكى عەرەبی، ئەوەش هیچی لێ سەوز نابێ و ئەگەر تواناكان بێ ئاكام بمێننەوە و نیەتێكى ئەوتۆ لەلایەن حكومەتى ناوەندەوە بەجدی نەدرێ بۆ یەكلاكردنەوەى و هەر موماتەڵە و كات كوشتن لەكارنەمەى خۆیان دابنێن و لەتەكدا حیسابی ئەوە بكەن ئەگەر لەم قۆناغە دەرەقی هەرێم نەیەن، ئەوا ڕۆژێ دادێ لەبەهێزبوونى هێزە چەكدارەكانیدا بەیەكجاری ئیعلانى بەعەرەب بوونى ئەو شارە دەكەن و هەر هەوڵێك بۆ گەڕانەوەى ئەم شارەش بدرێ بۆ باوەشی كوردستانى دایك ئەوا بەهەموو شێوەیێ بەرەنگاری دەبنەوە و دژایەتى دەكەن، بۆیە لەهەر كاتێك زیاتر ئەركى كابینەى هەشتەمى حكومەتى هەرێمى كوردستانە كە ئومێد دەكەین كابینەى بنكەفراوان بێ و لەماوەیەكى كورد پێك بهێندرێ، یەكێك لە ئەجێنداكانى ئەم كابینەیە قورسایی خستنبێ لەسەر هەموو ئەو هەوڵانەى كەركووك بۆ هەرێمى كوردستان دەگەڕێننەوە، ئەوەیش بەیەكڕیزى ماڵی كورد و بەلاوەنانى ناكۆكیە ناوخۆكانى لایەنە سیاسیەكانى گەرەكە بۆ ئەوەى ئەم پرسە لەسەرووى هەموو پرسەكانى دیكە دابنێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە