بە پێی زانیارییەكان, دەزگای پاراستن بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنی راگەیاندنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە

Friday, 01/02/2013, 12:00

2175 بینراوە


دەستەیەكی راوێژكاری پێكهێناوە لەو كادیرە ئیعلامیانەی كە سەر بە دەزگای پاراستنن و ئێستا لە سەرۆكایەتی هەرێم دەوام دەكەن و هێمن هەورامی سەرپەرشتی دەكات. ئەم هەنگاوەی دەزگای پاراستن پاش كۆنترۆڵكردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دێت, كە لە كۆنگرەی (13) دا لە ناو پارتیەكاندا مشتومرێكی زۆری لێ كەوتەوە و بووە جێی نیگەرانی, بە تایبەتی پاش لادانی سەرۆ قادر لە بەرپرسی مەكتەبی ناوەندی راگەیاندن كە لە ناو كۆنگرەكەدا و بە فیتی هەندێ لە كادیرانی پاراستن بە تایبەتی هێمن هەورامی هێرشی كرایە سەر كە ئێستا لە هەموو كارێكی ئیعلامی خۆی بە دوور خستۆتەوە. بە قسەی یەكێك لە ئەندامانی ئەو دەستەیە كە نەیویست ناوی خۆی بهێنی رایگەیاند، كە مەبەست لە دامەزراندنی ئەو دەستەیە كەمكردنەوەی دەسەڵات یان لابردنی كادیرە ناسراوەكانی ناو راگەیاندنی پارتییە كە بەدرێژایی ماوەی كاركردنیان رازی نەبووینە كار لەگەڵ پاراستن بكەن و هێمن هەورامی و دۆزینەوەی پێگەیەكی تازەیە لە سەرۆكایەتی هەرێم پاش زۆربوونی كێشە و گیرو گرفتەكان لە ناو مەكتەبی سیاسی و هەروەها مەكتەبی پەیوەندییە نیشتیمانیەكان هەر بە قسەی ئەو ئەندامە ئەو هەنگاوەی پاراستن لەسەر فەرمانی خودی مەسرور بارزانی نراوە و ئەم هەنگاوەشی بوەتە جێی نیگەرانی سكرتێر و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی , بە تایبەتی بەپرسی دەزگای رۆشنبیری پارتی كە پێی وایە ئەم هەنگاوە دژ بە دەزگاكەی ئەنجام دراوە. ئەو دەستەیەشی بۆ ئەو مەرامەی خۆی ئیستغلال دەكات. نێچیرڤان بارزانی كە جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە زۆر بە وردی چاودێری ئەم وەزعە دەكات و پارتییەكانیش چاوەروانی هەڵوێستی ئەون بۆ ئەوەی رادەیەك بۆ ئەم هەوڵانەی دابنێت كە بە هیچ شێوەیەك نەخزمەتی ئەو نەخزمەتی پارتیش دەكات. سەرۆكی پارتی كە سەرۆكی هەرێمشە دەزانی كە ئەم هەنگاوەی پاراستن نێچیرڤانی تورە كردووە, بەڵام لەبەر مەسروری كوڕی بێدەنگی هەڵبژاردووە, وەك ئەوەی كە لەكاتی دانانی وتەبێژ كە ئەوەیش سەر بە پاراستنە و لە لایەن مەسروررەوە دامەزراوە, هەمان بێدەنگی هەڵبژارد. ئێستا وتەبێژ و ئەندامانی ئەو دەستەیە كە هەر هەموویان سەر بە پاراستنن لە ململانێیەكی سەختدان لەگەڵ كادیرە كۆنەكان و چاوەروان دەكرێ ئەنجامێكی خراپی لێ بكەوێتەوە. بەڵام بە پێی زانیارییەكان ئەو كادیرە كۆنانە خۆیان ئامادە كردووە كە لە دەرفەتێكدا دەست لە كارەكاننیان بكێشنەوە , كە هەندێكیان پێگەیەكی ئیعلامی و جەماوەریان لە ناو كوردستاندا هەیە.

کادێرێکی پارتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە