لێکلۆڵینه‌وه‌یه‌ک له‌باره‌ی لایه‌نی نه‌ته‌وایه‌تی سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی - به‌شی سێهه‌م‌

Saturday, 08.13.2011, 12:00

1165 بینراوە








سه‌لاحه‌دین و هاتنه‌مه‌یدانی ده‌سته‌ڵاتداریه‌وه‌:

له‌ماوه‌ی گه‌شتنی سه‌لاحه د‌ین و شێرکۆی مامی بۆ میسر، شاوار فه‌رمانڕه‌واو وه‌زیری یه‌که‌می خه‌لیفه‌العدیدی میسر به‌سوپایه‌که‌وه‌ئاماده‌بو بۆبه‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان، له‌به‌رئه‌وه‌ی توانای به‌رگری فاتیمیکه‌نی میسر لاوازبوو، په‌نایان برده‌به‌ر مه‌سیحیه‌کان بۆ یارمه‌تی دانیان وئه‌وانیش ئاماده‌گه‌ری خۆیان نیشاندا به‌سوپایه‌ک که‌له‌گه‌ڵ فاتیمیه‌کانا سه‌رووخواری میسر‌دوای سوپای سوریه‌کان ‌که‌وتبوون که‌به‌سه‌رکردایه‌تی شێرکۆی مامی سه‌لاحه‌دین بوو. سوپای شێرکۆ وه‌ک ئه‌م سه‌رچاوه‌(پی هێچ نیوبی) ده‌ڵێت: نزیکه‌ی دووهه‌زار سوار بوون، به‌ڵام سوپای فاتیمیه‌کان و مه‌سیحیه‌کان پێکه‌وه‌نزیکه‌ی ده‌تا دوانزه‌هه‌زار بوون. به‌رده‌وام شێرکۆ به‌خۆی وسوپاکه‌یه‌وه‌خۆی لاده‌دا چونکه‌سوپای دۆژمنه‌کانی شه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی سوپاکه‌ی بوون .
بۆ ماوه‌یه‌ک سوپای فاتیمیه‌کان به‌سه‌رکردایه‌تی شاوارو سوپای مه‌سیحیه‌کان به‌سه‌رکردایه‌تی ئامالریک پێکه‌وه‌دوای سوپای سوریه‌کان که‌وتبوون، له‌به‌ر جیاوازی قه‌باره‌ی هێزه‌کانیان به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان ئاسان نه‌بوو، سووریه‌کان نامۆ بوون به‌ که‌لتوری خه‌ڵکی ووڵاته‌که‌، له‌به‌رئه‌وه‌له‌سه‌ره‌تاوه‌که‌س له‌خه‌ڵکی میسر ئاماده‌نه‌بوو بۆ یارمه‌تی دانیان.

جارجار که‌زۆرله‌یه‌کترنزیکده‌بوونه‌وه‌، له‌وه‌ی ده‌کرد به‌یه‌کدا بده‌نو شه‌ڕ ده‌ست پێبکا، به‌ڵام شێرکۆ به‌هه‌ندێ فڕوفێڵ سه‌ری لێ ده‌شێوانن، له‌یه‌کێک له‌و ‌شه‌وانه‌دا که‌هه‌ردولا له‌خۆ ئاماده‌کردندا بوون که‌ڕۆژ بێته‌وه‌وجه‌نگ ده‌ست پێبکه‌ن، که‌رۆژ ده‌بێته‌وه‌سه‌یرده‌که‌ن سوپاکه‌ی شێرکۆ له‌وێ نه‌ماوه‌. له‌شوێنێکی تردا ئه‌وه‌نده‌ له‌یه‌کتر نزیک ده‌بنه‌وه‌ته‌نها دوانزه‌کیلۆمه‌تر ده‌مێنێ له‌نێوانیاندا، سوپای شێرکۆ وا به‌په‌له‌خۆیان کۆده‌که‌نه‌وه‌و ڕاده‌که‌ن که‌زۆر خێمه‌و شتوومه‌کیان لێ به‌جێ ده‌مێنێ.

له‌ئه‌نجام دا له‌ناوچه‌ی ده‌لتاو له‌دۆڵێکدا که‌ شێرکۆ وسه‌لاحه‌دین خۆیان ئه‌وشوێنه‌هه‌ڵده‌بژێرن بۆ جه‌نگ وبه‌یه‌کدا ده‌ده‌ن. هه‌ڵبژاردنی ئه‌و شوێنه‌جۆرێک بووه‌له‌تاکتیکی جه‌نگ، چوونکه‌ ڕووبه‌ری به‌ره‌وڕووبونه‌وه‌ی جه‌نگیان که‌م یا ته‌سک کردۆته‌وه‌بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌سووپایه‌کی بچووکی دووهه‌زار پیاوه‌وه‌به‌ره‌نگاری سوپایه‌کی نزیکه‌ی دوانزه‌هه‌زار ببنه‌وه‌. هه‌رواش بوو، شه‌ڕێکی زۆر مه‌ردانه‌یان کردوو سوپای شالواری فاتیمی و مه‌سیحیه‌کان شکان و ژماره‌یه‌کی زۆریان لێ کوژرا، وه‌سوپای سوریه‌کان به‌سه‌رۆکایه‌تی شێرکۆ ژماره‌یه‌کیان لێ ده‌کوژرێ، و له‌به‌رکه‌می ژماره‌یان نه‌یانتوانی دوایانکه‌ون وڕوویانکرده‌شاری ئه‌سکه‌نده‌ریه‌، وسه‌لاحه‌دین و هه‌زار پیاوله‌وێ مانه‌وه‌، باقیه‌که‌ی له‌گه‌ڵ شێرکۆدا گه‌ڕانه‌وه‌به‌ره‌و سوریا، سێ سه‌رکرده‌ی مه‌سیحیه‌کان دیل بوون و له‌گه‌ڵ خۆیان بردیان.
‌سه‌لاحه‌دین له‌شاری ئه‌سکنده‌ریه‌به‌سوپای دۆژمنانی گه‌مارۆدرا، له‌سه‌ره‌تاوه‌ خۆی ته‌سلیم نه‌کرد و ماوه‌یکی زۆر به‌رگری کرد، په‌یوه‌ندی بڕا له‌گه‌ڵ مامی که‌له‌سوریابوو چوونکه‌به‌رده‌وام مه‌سیحیه‌کان وفاتیمیه‌کان گه‌مارۆیان دابون، بۆ نزیکه‌ی شه‌ش مانگ تا ساڵێک، له‌ئه‌نجامدا سه‌لاحه د‌ین و ئه‌مالریک به‌په‌یمانێک بۆ خۆ وه‌ده‌سته‌وه‌دان ڕێکه‌وتن به‌مه‌رجێک سه‌لامه‌تی سه‌لاحدین و سوپاکه‌ی مسۆگه‌رکه‌ن، وه‌له‌م ڕێکه‌وتنه‌دا مه‌رج درا که‌پارێزگاری تایبه‌ت بۆ سه‌لاحه‌دین دابنرێ هه‌تا ده‌گاته‌سوریا به‌مه‌رجێ سه‌لامه‌تی سێ سه‌رکرده‌ی دیلی مه‌سیحیه‌کان مسۆگه‌ر کرێ له‌لای شێرکۆ له‌سوریا.
له‌م جه‌نگه‌دا تواناو زیره‌کی و سوارچاکی سه‌لاحه‌دین بۆ نورالدینی سه‌رکرده‌ی زه‌نجی وشێرکۆی مامی ده‌رکه‌وت ، ئاوا جێی له‌ناو سه‌رکرده‌کانا بووه‌وله‌ده‌هاتوودا به‌فه‌رمانی نورالدین و ئه‌یوبی باوکی ناردیانه‌وه‌بۆ میسر، هه‌رچه‌ند خۆی حه‌زی به‌گه‌ڕانه‌وه‌بۆ میسر نه‌بوو.
له‌باسی ئه‌م جه‌نگه‌دا که‌له‌دۆڵی بابه‌ین یا ئه‌شموونیان کرا که‌دۆڵێکه‌له‌نێوان دووگردا، سوپاکه‌یان کرد به‌سێ به‌شه‌وه‌، سه‌لاحه‌دین له‌لای ڕاست، تورکه‌کان له‌لای چه‌په‌وه‌، وله‌شکرێک له‌ناوه‌ڕاستدا به‌سه‌رۆکایه‌تی شێرکۆخۆی. پلانی شه‌ڕه‌که‌یان ئه‌وه‌بوو که‌له‌شکری شێکۆ له کاتی شه‌ڕدا له‌‌ناوه‌ڕاستدا له‌به‌رده‌م په‌لاماری دوژمنه‌کاندا بکشێنه‌وه‌وکه‌ئه‌وان دوایانکه‌وتن ئیتر له‌لای ڕاست و چه‌په‌وه‌به‌له‌شکری کوردو توورکه‌کان لێ یانده‌ن، هه‌رواش بوو که‌پلانه‌که‌یان سه‌رکه‌وتووبو له‌شکری فاتیمه‌یکان و مه‌سیحیه‌کان تێکشکان.

له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌شکری مه‌سیحیه‌کان و شالواری میسر زۆر زیاتربوون له‌له‌شکری شێرکۆو سه‌لاحه‌دین، ئیتر نه‌یانتوانی دوایانکه‌ون و به‌ره‌و شاری ئه‌سکه‌نده‌ریه‌که‌وتنه‌ڕێ له‌وێ ڕێیان درا و مانه‌وه‌،هه‌ندێ سه‌رکرده‌ی دژی شالواری و لایه‌نگری وه‌زیری پێشووی میسری ابوروزیقی لێ بوو چوونکه‌ئه‌وان دژی شالواری سه‌رکرده‌ی میسر و یه‌کگرتنیان له گه‌ڵ مه‌سیحیه‌کانا دژ به‌یاسای ده‌وڵه‌تی ئیسلامی میسر ده‌زانی، له‌به‌رئه‌وه‌کۆمه‌لێک له‌له‌شکری شێرکۆ به‌سه‌رکردایه‌تی سه‌لاحه‌دین له‌شاری ئه‌سکه‌نده‌ریه‌مانه‌وه‌.

له‌وماوه‌یه‌ی له‌ئه‌سکه‌نده ر‌یه بوون‌، سه‌لاحه‌دین به‌ خۆی و هه‌زار سواره‌وه‌ به‌رگریان ده‌کرد له‌ڕووی په‌لاماری مه‌سیحیه‌کان و شالوار له‌ده‌ریا و له‌سه‌رزه‌وی یه‌وه‌. ته‌سلیم نه‌بوون له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌مارۆدان و له‌برسا مردن دا هه‌تا ئیمزای ڕێکه‌وتنێک کرا و په‌یمانیان دانێ به‌پاراستنی ژیانی له‌شکره‌که‌و سه‌لاحدین خۆی و به‌سه‌لامه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌بۆ سووریا. ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌له‌نێوان سه‌لاحه‌دین و ئه‌مالریکی سه‌رکرده‌ی مه‌سیحیه‌کانا کرا.

چۆنیه‌تی ژیان له‌سه‌رده‌می پێش ڕزگارکردنی قودس و ناوچه‌که‌له‌ده‌ست خاچه‌کان:
له‌م ماوه‌دا که‌پادشاکانی قودس و ناوچه‌مه‌سیحیه‌کانی شام په‌نجا ساڵ بوو پادشایه‌تی و فه‌رمانڕه‌وایی ناوچه‌که‌یان به‌ده‌سته‌وه‌بوو، خه‌لکی موسوڵمانی ناوچه‌که‌ڕاهاتبوون به‌ژیان له‌گه‌ڵیاندا و له‌سروشتی خه‌لکه‌که‌و دامووده‌زگایان تێگه‌شتبوون، خه‌ڵک ڕقی له‌هه‌ڵسوکه‌وتی توندو تیژی سه‌رکرده‌ئاینیه‌کانیان بوو، زۆرله‌موسوڵمانه‌کان حه‌زیان نه‌بوو له‌هه‌ڵسووکه‌وت و یاسای فرانکه‌کان که‌به‌لایانه‌وه‌هه‌ندێ جار دادگا به‌ئازاردان و شه‌ڕکردن قه‌رارده‌درا، بۆنموونه‌کاتێک‌خه‌ڵک دژ یاسا تاوانباربکرایه‌وه‌ک ئوسامه‌بن مونقید نووسه‌ری ئه‌م باسانه‌ده‌ڵێت: ده‌بوو تۆمه‌بار شه‌ڕبکا له‌دژ زه‌لامیک زۆر به‌تواناتر له‌خۆی، وه‌ک له‌نابلس وه‌رزێرێکی به‌ته‌مه‌ن تاوانبارکرا به‌یارمه‌تی دانی جه‌رده‌و ڕێگر، ده‌بو سزا بدرێ به‌شه‌ڕکردن له‌گه‌ل ئاسنگه‌رێکدا که‌زۆر له‌خۆی به‌تواناتربوو. هه‌روه‌ها پیاوێکی تر که‌به‌س گوومانی لێکرابوو به‌تاوانی دزی کردن، ده‌بوو به‌ری بده‌نه‌وه‌ناوبیرێک و بزانن ئایا ده‌توانێ بگاته‌بنی ئاوی بیره‌که‌بۆ ئه‌وه‌ی بێ تاوانی خۆی بسه‌لمێنێ، که‌نه‌یتوانی ئیتر کوشتیان. ئه‌م مه‌سیحیانه‌خه‌ڵکی فه‌ره‌نساو سیقیلیاو شوێنه‌کانی تری ئیتالیاو ئه‌سپانیا بوون، ژماره‌یه‌کی که‌م ئه‌ڵمانی و زۆر که‌م ئینگلیزیان تیدابوو.
ئوسامه‌بن مونقید باس ده‌کاو ده‌ڵێت: هه‌موو دادگا به‌سزادانی شه‌ڕکردن نه‌بوو، داداگایان هه‌بوو بۆ چه‌ندین جۆر خه‌ڵکودادگایی جیاواز وه ڕێی سوێندخواردن ده‌درا به‌هه‌موو کتێبه‌ئاینیه‌کان، یاسای هه و‌ڵدانی دادگا کردنه‌وه‌هه‌بوو گه‌ر فه‌رمانی دادگا به‌لای هه‌رلایه‌نێکه‌وه‌به‌غه‌در دانرایه‌، دوانزه‌که‌س خه‌ڵکی ئاسایی داده‌نرا بۆ چاودێری به‌ڕێوه‌بردنی دادگا و داده‌نیشتن و قه‌راری سزادان ده‌که‌وته‌ده‌ستیان به‌و جۆره‌قه‌راردانه‌ده‌ڵێن دادگا به‌جوری .
(جوری کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی ئاسایی بۆ چاودێری دادگا وقه‌راردان له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ر دادگایه‌، هه‌تا ئێستاش ئه‌م یاسایه‌به‌رده‌وامه‌له‌ئه‌وروپا)

له‌به‌غداد گرنگییان نه‌ده‌دا به‌ئه‌وروپا و زیاتر گرنگی ده‌درا به‌ناوچه‌کانی ئاسیای سه‌رو ڕووسیاو مه‌نغۆله‌کان که‌له‌پاش ماوه‌یه‌ک هاتن وناوچه‌که‌یان داگیرکرد.
هێزه‌کانی فرانکه‌ئاینیه‌کان زه‌لامی که‌ڵه‌گه‌ت و زل وچه‌کی قورسیان پێ بوو، وایان بیرده‌کرده‌وه‌که‌موسوڵمانه‌کان بێ مێشکن وڕقیان له‌فێڵبازیان بوو، به‌تایبه‌ت له‌جه‌نگه‌کانا که‌به‌فێڵ ده‌کشانه‌وه‌بۆ ئه‌وه‌ی که‌مینیان بۆ دانێن و له‌ناویانبه‌رن. له‌گه‌رمای هاوین دا به‌جلی قورس له‌مه‌یدانی جه‌نگدا ملیان ده‌نا. به‌لای موسولمانه‌کانه‌وه‌ئه‌وه‌نده‌سروشتی ئه‌وروپا یه‌کان سارد دیاربوو که‌ده‌یان ووت ئه‌مانه‌ئاده‌میزاد نین. بۆ موسوڵمانه‌کان ئازادی ئافره‌تانی مه‌سیحیه‌کانیان دا ده‌نا به‌لاوازی توانای پیاوه‌تی ئه‌وروپیه‌کان.

له‌به‌راوردکردنی نێوان ئه‌م دوو که‌لتوره‌جیاوازه‌دا چه‌ندین چیرۆکیان ده‌گێڕایه‌وه‌: بۆ نموونه‌له‌باره‌ی زیره‌کی مووتاشێکی/سه‌رتاشێکی دیمه‌شقه‌وه‌که‌ڕیش و مووی له‌شی فه‌ره‌نسیه‌ک ده‌تاشێ ئه‌وه‌نده‌وه‌ستایی ئه‌وسه‌رتاشه‌سه‌رنجی ڕا ده‌کێشێ ، که‌باسی بۆ ژنه‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌ئه‌ویش داواده‌کا که‌ده‌بێ ئه‌و پیاوه‌بێت بۆ تاشینی مووی له‌شی، مێرده‌که‌ی به‌لایانه‌وه‌داده‌نیشێ هه‌تا ئه‌م کاره‌ئه‌نجامده‌دا.

زۆربه‌ی مه‌سیحیه‌کان ڕیش و سمێڵیان پاک ده‌تاشی و ئیسلامه‌کان هیچ ڕیش و سمێڵیان نه‌ده‌تاشی، هه‌تا جارێک ده‌ڵین سه‌لاحه‌دین له‌ماڵه‌وه‌لای منداڵه‌کانی ده‌بێ میوانی مه‌سیحی دێن و که‌هه‌موو ڕیش تاشراوده‌بن، منداڵه‌کانی ئه‌وه‌نده‌غه‌ریب ده‌بێ له‌لایان، یه‌کێکیان ده‌گری و سه‌لاحه‌دین فه‌رمانده‌دا که‌میوانه‌کان له‌شوێنێکی تر دانین تا خۆی ده‌چێ بۆ لایان. به‌لای ئیسلامه‌کانه‌وه‌وابوو که‌چاوی شین و خۆڵه‌مێشی پیاوه‌کانیان له‌سه‌رئه‌نجامی خواردنی گۆشتی به‌رازه‌وه‌یه‌.

له‌‌ئیسلامدا یه‌کسانی زیاتر چاودێری ده‌کرا تا له‌که‌لتووری مه‌سیحی دا، وه‌ک نورالدینی سه‌رداری توورک ده‌یووت: 'من هیچ نیم گه‌ر خزمه‌تکاری یاسا نه‌بم' له‌ناو سه‌رکرده‌کانی مه‌سیحیه‌کانا شتی وا نه‌ده‌وترا. سه‌رده‌می دوو جیل بوو که‌مه سیحیه‌کان له‌ناوچه‌که‌دا بوون، به‌رده‌وام خه‌ڵکی ترله‌ئه‌وروپاوه‌ده‌هاتن به‌تایبه‌ت خه‌ڵکی لاو بۆ وه‌ده‌ست هێنانی ماڵ و سامان ، ئه‌مانه‌وه‌ک خه‌ڵکی کاسب، به‌ڵام خه‌ڵکانی ئاینی وه‌ک تێمپله‌ر و هۆسپیتله‌ر که‌جه‌نگاوه‌ری تووندڕه‌وی ئاینی بوون ئیسلامه‌کان ڕقیان لێیان بوو له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆیان ته‌رخانکردبوو بۆ ئاین و له‌جه‌نگدا ئازابوون.
جارێک یه‌کێک له‌براده‌ره‌مه‌سیحیه‌کانی ئوسامه‌بن مونقید ده‌یبینێ که‌‌به‌ره‌وڕووی مه‌که‌نوێژده‌کا ئه‌وه‌نده‌پێی ناخۆشده‌بێ ڕه‌نگی هه‌ڵده‌بزڕکێ، له‌م کاته‌دا مه‌سیحیه‌کی ترکه‌به‌وه‌ده‌زانێ به‌ئوسامه‌ی ده‌ڵێت: ئه‌و زه‌لامه‌تازه‌هاتووه‌و نازانێ هه‌ڵسوکه‌وتی خه‌ڵکی ئه‌م ناوه‌. مه‌سیحیه‌کی تر ئه‌وه‌نده‌براده‌ری ئوسامه‌ده‌بێ که‌به‌برا بانگی ده‌رکرد، وه‌جارێک پێشنیارده‌کا که‌کوڕه‌که‌ی بنێڕێ له‌گه‌ڵیدا بۆ فه‌ره‌نسا بۆ فیربوونی خوێندن و کاری هونه‌ری، به‌ڵام بۆ ئوسامه‌ناردنی کوڕه‌که‌ی بۆ ووڵاتی گاوره‌کان له‌ئاین لادان بوو، و ووتی که‌داپیری ڕازی نابێ لێی دورکه‌وێته‌وه‌.

ناوچه‌ی ده‌سته‌ڵاتی مه‌سیحیه‌کان که‌ناوچه‌کانی سه‌رده‌ریابوون له‌نێوان ئه‌سکه‌لۆن و ئه‌یکه‌ردا له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ناوچه و قه‌ڵای ناوه‌وه‌ی ووڵاته‌که‌دا وه‌ک ناوچه‌ی کیراک و ماواب . ده‌سته‌ڵاتداری هه‌رناوچه‌یه‌ک تا ڕاده‌یه‌ک سه‌ربه‌خۆ بوون و نه‌یانده‌توانی ده‌ست بخه‌نه‌ئیشو کاری یه‌کتره‌وه‌، وه‌ک ناوچه‌کانی ئه‌یکه‌روئه‌نگاکیه که‌دووناوچه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون‌. سیسته‌می دامووده‌زگای ده‌سته‌ڵاتی مه‌سیحیه‌کان هه‌روه‌ک حکومه‌تی سه‌ره‌ک کۆمار نه‌ک پادشایه‌تی، چوونکه‌پادشا هه‌ڵده‌بژێردرا به‌لیژنه‌ی لۆرده‌کان، پیاوانی یاسایی و خاوه‌ن زه‌وی و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان، هه‌روه‌هاش دامووده‌زگای ناوچه‌مه‌سیحیه‌کانی شام و لوبنان به‌وجۆره‌ حوکم ده‌کران، به‌ڕێوه‌ده‌بران.
پادشایه‌تی به‌میراتی ده‌مایه‌وه‌له‌باوکه‌وه‌بۆ کوڕ، به‌ڵام لیژنه‌ی پیران ده‌بوو ده‌نگی له‌سه‌ربده‌ن وهه‌ندێ جارگه‌ر کوڕی پادشای مردو شیاوی پادشایه‌تی نه‌بوایه‌کێشه‌له‌نێوانیاندا دروست ده‌بوو‌. ئه‌گه‌ر پادشا کوڕی نه‌بوایه‌و کچی بوایه‌به‌شوودانی کچه‌که‌ی ده‌بوو به‌کێشه‌یه‌ک چوونکه‌مێردی کچه‌که‌ده‌بوو به‌پادشا و هه‌ڵبژاردنی له‌نێوان ده‌سته‌ڵاتداراندا کێشه‌ی دروستده‌کرد.

پادشای خاچه‌کان ئه‌مالریک‌پیاوێکی که‌ڵه‌گه‌توو ته‌مه‌نی نزیکه‌ی سی ساڵ کوڕه‌زای پادشای پێشوو بالدوینی دووهه‌م بوو. ئه‌مالریک به‌پێچه‌وانه‌ی پادشاکانی تره‌وه‌ڕیشی هێشتبووه‌وه‌مووزه‌ردو زمانی ده‌گیرا له‌قسه‌کردندا له‌به‌رئه‌وه‌زۆرکه‌م قسه‌ی ‌ده‌کرد، سوریه‌کان ڕێزیان لێده‌گرت چوونکه‌پیاوێکی چاکه‌که‌ربوو. ئه‌مالریک به‌رده‌وام هه‌زارپیاوی هه‌بوو، گه‌ر بانگی بکردنایه‌بۆ پێویستی جه‌نگ هه‌ر پیاوی سێ یا چوار پیاوی تری هه‌بوو، که‌واته‌له‌کاتی بانگکردن دا نزیکه‌ی سێ تا چوار هه‌زار جه‌نگاوه‌ر بۆپێویستی کاروباری جه‌نگی ئاماده‌بوون.

له‌ناوچه‌کانی ده‌سته‌ڵاتی ئیسلامه‌کاندا ڕێی دانیشتوانی مه‌سیحی نه‌ده‌درا بۆ خزمه‌تی سه‌ربازی، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ر هێزی مه‌سیحیه‌کان بێن و پێویستیان به‌خزمه‌تیان بێت توانای ئاماده‌گه‌ری وبه‌شداری جه‌نگیان نه‌بێت. هه‌ندێ جار به‌مووچه‌به‌کرێ ده‌گیران بۆ کاروباری جه‌نگی و پێیان ده‌وتن له‌شکری تورکۆپۆل و زۆربه‌یان هێزی پیاده‌و توانای جه‌نگاوه‌ریان زۆرباش نه‌بوو.
ئیسلامه‌کان ده‌یانزانی هێزی جه‌نگاوه‌ری ڕاستی مه‌سیحیه‌کان خه‌ڵکه‌دینیه‌کان بوون، ئه‌م هێزانه قه‌ڵاکان و له‌شکرگاکانیان بۆ ده‌بردن به‌ڕێوه‌. له‌کاتی پێویستدا هێزی مه‌سیحیه‌کان وه‌ک هێزی ئیسلامه‌کان زۆر نه‌بوون گه‌ر ئیسلامه‌کان یه‌کگرتووبوونایه‌. مه‌سیحیه‌کان له‌باتی که‌می ژماره‌یان قه‌ڵاو له‌شکرگا وشوورای چاکیان دروستکرده‌کرد.

ئیسلامه‌کان حه‌زیان له‌مانه‌وه‌له‌ناو قه‌ڵاو له‌شکرگاکانا نه بوو و به‌رده‌وام حه‌زیان له‌ئازادی گه‌ڕان بووله‌مه‌یدانی جه‌نگدا. توانای تیرئه‌ندازیان به‌سواری ئه‌سپه‌وه‌چاکتر بوو له‌مه‌سیحیه‌کان، به‌لام جلی جه‌نگوو شتوومه‌کی جه‌نگی مه‌سیحیه‌کان قایمووقۆڵ تربو وه‌خوده‌ی ئاسنیان هه‌بوو زۆرله‌جه‌نگاوه‌ره‌موسوڵمانه‌کان زرێ پۆشتر بوون، بۆ به‌ره‌نگاربونه وه‌‌ی ئه‌م توانای زرێپۆشیه‌له‌کاتی جه‌نگدا موسوڵمانه‌‌کان هه‌وڵیان ده‌دا که‌ئه‌سپه‌کانیان بکوژن، که‌ئه‌سپیان له‌ده‌ستده‌دا ئیتر توانای ڕاکردن و جه‌نگیان که‌م ده‌بوو و له‌هه‌وای گه‌رمی بیاباندا جه‌نگکردن زه‌حمه‌تتر ده‌بوو. هێزی موسوڵمانه‌‌کانیش خوده‌ی ئاسنیان هه‌بوو هه‌تا له‌دووره‌وه‌سه‌یرکه‌ر نه‌ی ده‌توانی لێکیان جیابکاته‌وه‌، به‌ڵام ته‌نیا جیاوازی له‌کۆڵوباریاندابوو، له‌شکری موسوڵمانه‌‌کان حوشتری زۆریان پی بوبه‌ڵام مه‌سیحیه‌کان حوشتریان زۆر به‌کار نه‌ده‌هێنا .

مه‌سیحیه‌کان به‌سه‌رڕمه‌کانیانه‌وه‌په‌ڕی ڕه‌شی تاوس و زۆرجار خوده‌کانیان بۆیه‌ی سپی ده‌کرد بۆئه‌وه‌ی له‌دووره‌وه‌بریسکه‌بریسکیان نه‌بینرێ. بۆ له‌شکری هه‌ردوولا ته‌پلو بۆقێ لێدان بۆ ڕێکردن و دابه‌زین به‌کارده‌هێنرا، هه‌روه‌ها له‌کاتی جه‌نگدا ته‌پل لێدان بۆ په‌لا‌ماردان و کشانه‌وه‌و به‌جێ هێنانی هه‌ر پلانێکی جه‌نگ به‌کارده‌هێنرا.

چه‌ککه‌کان: ڕم و شمشێر و شیر و ته‌ورو جاڤلین (وه‌ک تیری درێژ به‌هه‌ڵدان به‌کارده‌هێنرا) و قه‌ڵغان و تیروکه‌وان و، زۆرجار ده‌زگای به‌ردهاوێشتن وبورج دروستکردن بۆ گرتنی قه‌ڵا و تیپی زه‌وی هه‌ڵکه‌ندن بۆ لێدانی تونه‌یل بۆگه‌شتنه‌نێو قه‌ڵاکانی دوژمن به‌کارده‌هێرا. جاری وا هه‌بووله‌جه‌نگدا ئاگر فڕێدان بۆ ناوشوێنی دوژمن به‌نه‌فزه‌(که‌له‌هه‌ندێ ڕۆن دروست ده‌کرا و وه‌ک نه‌وت ئاگری ده‌گرت) بۆناو بورج و ده‌زگای به‌رد هاوێشتن و له‌ده‌ریادا که‌شتی یان پێ ده‌سووتاند.

خه‌لیفه‌عه‌دیدی میسر به‌ژیانێکی ته‌نیا ده‌ژیا و زۆر که‌م ده‌بینرا هه‌روه‌ک خه‌لیفه‌ی عه‌باسی به‌غدا که‌ته‌نیا له‌ساڵێکدا یه‌ک جارده‌بینرا، ئه‌ویش له‌مانگی ڕه‌مه‌زاندا که‌به‌سواری یه‌سترێکه‌وه‌ده‌ڕۆشت بۆ پێش نوێژی له‌مزگه‌وتیکی به‌غدادا، خۆی دا ده‌پۆشی به‌به‌رگی ڕه‌ش وه‌ک ڕه‌مزێکی ئاینی که‌ژیان له‌سه‌رئه‌نجام دا به‌مردن ته‌واوده‌بێ. هه‌رچه‌ند پیاوه‌کانی تکایان لێ ده‌کرد که‌تۆزێ خۆی نیشانی خه‌ڵکی بدا که‌بۆ پیرۆزی هاتبوون بۆ ده‌ست ماچ کردنی، خه‌لیفه‌سوچێکی مه‌چه‌کی له‌په‌نجه‌ره‌یه‌که‌وه‌ڕاده‌کێشایه‌ده‌ره‌وه‌که‌ماچی باڵی بکه‌ن و هه‌رگیز نه‌یده‌هێشت که‌س بیبینێ.

له‌قاهیره‌خه‌لیفه‌اڵعدید له‌کاتی سه‌ردانی سه‌رکرده‌ی مه‌سیحیه‌کاندا، کاتێ که‌ده‌هاتن بۆ لای بۆئیمزاکردنی په‌یمانی یارمه‌تیدانی له‌دژ هێزی سوریایه‌کان. جاده‌کانی قاهیره‌به‌عه‌کسی دیمه‌شق وقودسه‌وه‌پان و به‌ربڵاو ڕاست بوون، هه‌ندێکی به‌شه‌و به‌چرا ده‌ڕازێنرایه‌وه‌به‌ڕیز له‌ئێواراندا چراکان داگیرسابوون، به‌هه‌ردوولادا خانووه‌کان حه‌وشه‌یان هه‌بوو له‌پشته‌وه‌په‌نجه‌ره‌یا كڵاورۆشنه‌له‌سه‌ربانه‌کانیانا بۆ هه‌وای فێنک له‌هاویندا که‌له‌سه‌ره‌وه‌ده‌هات.
دووکۆشکی خه‌لیفه‌ی میسر وه‌ک قه‌ڵا که‌له‌ژێره‌وه‌به‌تونه‌یلێک پێکه‌وه‌به‌یه‌ک ده‌گه‌شتن. ئه‌م دووکۆشکه‌جێی سێ هه‌زارکه‌س بوون که‌دووهه‌زاری خزمه‌تکار و هه‌زارمه‌ملووکی پاسه‌وانی سوارو پیاده‌که‌ڕه‌شی ئه‌فریقی بوون. قاهیره‌پایته‌ختی داموده‌زگای به‌ڕێوه‌بردن بوو که‌سێ ده‌رگای هه‌بوو له‌سه‌رشێوازی بێزانتی که‌دوو برای ئه‌رمه‌نی خه‌ڵکی ئه‌دیسا دروستیان کردبوون.

پایته‌ختی بازرگانی فوستات بوو که‌سێ کیلۆمه‌تر دوور له‌لایه‌نی خواره‌وه‌ی قاهیره‌، له‌وسه‌ری باخچه‌یه‌کی گه‌وره‌که‌سالانه‌به‌ژێر ئاوه‌وه‌ده‌بوو له‌وه‌رزی لافاوی ڕووباری نیلدا. لیره‌دا بازار پڕ له‌هه‌مه‌جۆر کاڵای جیهان که‌ده‌هاتن له‌ووڵاته‌کانی دووری وه‌ک ناوچه‌ی بالتیک و ئه‌فریقا وهندستان و چین وچه‌ندین جۆر به‌ردی گرانبه‌ها له‌ڕۆژئاوای ئه‌فریقاوه‌و تۆزی ئاڵتوون، له‌م شاره‌دا 250000 که‌س ده‌ژیان که‌له‌سه‌ر به‌رزاییه‌ک له‌سه‌روو بارستایی هه‌ڕه‌شه‌ی لافاوی نیله‌وه‌، به‌کۆمه‌ڵ خانوو له‌سه‌ریه‌کتر‌، که‌له‌دووره‌وه‌ڕێبوارده‌ی بینین ده‌تووت چه‌ندین قات خانووبه‌سه‌ریه‌که‌وه‌دروستکراون.

لیژنه‌ی پیاوه‌کانی ئه‌مالریکی سه‌رکرده‌ی مه‌سیحی به‌سه‌رۆکایه‌تی هیوی قه‌یساریا که‌زمانی عه‌ره‌بی ده‌زانی و جیوفری فولچه‌ری ئینگلیزی که‌سه‌رکرده‌ی تێمپله‌ری قودس بوو، که‌به‌ڕێوه‌بۆ لای خه‌لیفه‌عه‌دید،‌پێشوازیکه‌ران له‌گه‌ڵیان، له‌نێوان ڕاڕه‌وی نێوان خانوه‌کان و هۆڵه‌کانی کۆشکی خه‌یلفه‌دا به‌ره‌و کۆشکی ڕۆژهه‌ڵات که‌پڕ بوو له‌ده‌نگه‌ده‌نگی خه‌ڵکو قه‌ڵه‌باڵغی.
له‌تێپه‌ڕیندا به‌هه‌ر به‌شێکی کۆشکه‌که‌دا پاسه‌وانانی ڕه‌شی ڕووت به‌شمشێره‌وه‌ڕاوه‌ستابوون، هه‌ر که‌نزیک کۆشکی خه‌لیفه‌بوونه‌وه‌، ‌چوونه‌ناو حه‌وشه‌یه‌ک که‌حه‌وزی مه‌ڕمه‌ری پڕ له‌ماسی و ژماره‌یه‌کی زۆر باڵنده‌ی جوان جوانی لێبوو، له‌پاش ئه‌وه‌به‌ناو هه‌ندێ ژووری گه‌وره‌و‌بنمیچی به‌رزه‌وه‌که‌به‌چه‌ند جۆر نه‌خشی هونه‌ری و شانده‌لیه‌رڕازێنرابوونه‌وه‌، له‌دوای ئه‌مه‌به‌ناو باخچه‌ی گیانله‌به‌رانی خه‌لیفه‌دا که‌زۆرجۆر گیان له‌به‌رانی لێ بوو که‌به‌لای میوانه‌کانه‌وه‌ نامۆ بوون.
له‌دوای بینینی ئه‌م شوێنانه‌‌سه‌رۆکی خزمه‌تکارانی کۆشک پێشیان که‌وتن به‌ره‌و کۆمه‌لێکی تر ڕاره‌و ژماره‌یه‌ک ژووری تاریک و پێچاوپێچ به‌ره‌و هۆڵی دانیشتنی پادشای میسر خه‌لیفه‌العدید، له‌وێوه‌شاوار وه‌زیری خه‌لیفه‌له‌به‌رده‌م په‌رده‌یه‌کی نه‌خشینی ڕازاوه‌دا به‌ گه‌ڵای ئاڵتوون و زمرود‌به‌دیوارو بنمیچه‌کانا شۆڕبوبوونه‌وه‌چاوه‌ڕێی ده‌کردن، به‌گه‌شتنی میوانه‌کان په‌رده‌که‌لادرا و کوڕێکی شانزه‌ساڵ که‌خه‌لیفه‌عه‌دید بوو به‌دیمه‌نی گه‌نده‌موی ده‌موچاوی دا دیاربو زۆر لاوبوو.

سه‌رکرده‌ی میوانه‌مه‌سیحیه‌کان ویستی ده‌ست به‌رێ بۆ ده‌ستی خه‌لیفه‌و ته‌وقه‌بکا به‌بێ ده‌ستکێش، به‌ڵام پێ یانووت که‌‌بێ ڕێزی یه‌‌ته‌وقه‌بکه‌ی به‌بێ ده‌ستکێش. له‌وه‌ڵامدا سه‌رکرده‌ی مه‌سیحی ووتی: هه‌تا ده‌ستت نه‌ده‌یته‌ده‌ستم من وا ده‌زانم که‌تۆ نیازی په‌یوه‌ندی ڕاستت له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا نیه‌، ئینجا کوڕه‌گه‌نجه‌که‌شانی هه‌ڵته‌کان و ده‌ستی به‌بێ ده‌ستکێش دایه‌ده‌ست میوانه‌کان که‌جێی سه‌رسوڕمانی پیاوه‌کانی خۆی بوو، ئینجا له‌وێوه‌ووتوێژی نێوانیان ده‌ستی پێکرد.

به‌پێ سه‌رئه‌نجامی لێدوانو په‌یمانیان هه‌ندێ له‌شکری مه‌سیحیه‌کان له‌قاهیره‌مانه‌وه‌، به‌لای خه‌ڵکی شاره‌که‌وه‌بوونی ئه‌م بێ ئیمانانه‌ له‌ناویانا چاک نه‌بوو، هه‌روه‌ها هێزێکیان نارد بۆ‌لای ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری نیل، ئه‌م سه‌ردانوڕێکه‌وتنه‌پێش جه‌نگی البابین یا ئه‌شمونیان ڕووی دا له‌کاتێکدا که‌شێرکۆ به‌خۆی و له‌شکریه‌وه‌ له‌میسربوون.

(سه‌رچاوه‌: M.C. Lyons and D.E.P Jackson, Saladin, The Politics of the Holy War (Cambridge, 1982)
سه‌رچاوه‌: سه‌لاحه‌دین و سیاسه‌تی جه‌نگی پیرۆزی، نوسینی ئم سی لیۆنس، و دی ئی پی جاکسن، چاپخانه‌ی دانیشگای کامبریدج 1982
هه‌روه‌ها
له‌م سه‌رچاوه‌دا باسی چۆنیه‌تی هاتنی سه‌لاحه‌دین و بوونی به‌سه‌رله‌شکری سووریه‌کان و و وه‌زیری ده‌سته‌ڕاستی خه‌لیفه‌عه‌دیدی میسرده‌کاو ده‌ڵێت:
له‌پاش مردنی چاوه‌ڕواننه‌کراوی شێرکۆ له‌میسر، شێرکۆ له‌کاتی مردنی دا ڕاسپارده‌ده‌کا سه‌لاحه‌دین له‌جێی دانێن. به‌ڵام له‌سه‌ره‌تاوه‌دانانی سه‌لاحه‌دین له‌جێگای شێرکۆ وا ئاسان نه‌بوو، چوونکه‌له‌له‌شکره‌که‌دا سێ لایه‌نی جیاواز کوردو تورکوو عه‌ره‌ب و لایه‌نی سه‌ره‌کی بۆ ده‌سته‌ڵات گرتنه‌ده‌ست کوردو توورک بوون، چوونکه‌عه‌ره‌به‌کان له‌م له‌شکره‌دا لایه‌نی که‌مایه‌تی بوون.
هه‌ردوولای سه‌ره‌کی له‌شکر که‌کوردو توورک بوون ده‌یانویست سه‌رکرده‌له‌خۆیان هه‌ڵبژێرن، له‌م کاته‌دا مه‌ترسی ‌فاتیمیه‌کانی میسرهه‌بووکه‌په‌لاماریان بده‌ن و له‌به‌رئه‌وه‌ده‌بوو جێگری شێرکۆ به‌زووترین کات دانرێ، له‌ناو لایه‌نی ده‌سته‌ڵاتداری له‌شکردا خاڵی سه‌لاحه‌دین شهاب الدین موحه‌مه‌د هاریمی بوو، له‌ناو توورکه‌کانا ئه‌میر عین الدوله‌الیاروقی بوو، هه‌ریه‌ک له‌م دوانه‌شیاوبوون بۆ جێگری شێرکۆ، به‌ڵام به‌وه‌سیه‌تی شێرکۆ خۆی سه‌لاحه‌دینی دانابوو.
له‌هه‌ردوولا له‌کامپه‌ینی هه‌ڵبژاردندا هه‌وڵیانده‌دا بۆکۆمه‌کی لایه‌نگیری سه‌رکرده‌ی خۆیان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌کامپه‌ینی هه‌ڵبژاردنی سه‌لاحه‌دینی ده‌کرد حاکمێکی کورد بوو به‌ناوی عیسای حه‌کاری، که خۆی‌حاکمی له‌شکری شێرکۆ بوو، ئه‌م خۆی به‌شهاب الدینی ووت که‌ئامۆژگاری شێرکۆخۆی دانانی سه‌لاحه‌دینه‌له‌جێگای و ئه‌ویش ئیتر دژایه‌تی نه‌کرد، وه‌شهاب الدین خۆی کۆمه‌کی زۆری نه‌بوو له‌ناو توورکه‌کانا گه‌رخۆی بۆ هه‌ڵبژاردن دابنایه‌.
شهاب الدین کۆمه‌کی سه‌لاحه‌دینی خوشکه‌زای ده‌کرد، له‌نێوان شهاب الدین و کاندیدی تورکه‌کاندا دژایه‌تی هه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌قازی حکاری بۆ خۆپاراستن له‌م دژایه‌تیه‌ سه‌لاحه‌دینی به‌باشترین کاندید دانا، شه‌هاب الدین خۆی چوو داوای له‌‌خه‌لیفه‌کرد که کۆمه‌کی هه‌ڵبژاردنی سه‌لاحه‌دین بکا‌. هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌کاری خه‌لیفه‌ی میسر نه‌بوو، به‌ڵام له‌به‌رمه‌ترسی نه‌بوونی سه‌رکرده‌‌ی له‌شکری سوریاو میسر خه‌لیفه‌پشتگیری هه‌ڵبژاردنی سه‌لاحه‌دینی کرد.

خه‌لیفه‌فه‌رمانی دا به‌سکرتێری شاوار به‌ناوی قازی الفازل بۆنوسینی 98 لاپه‌ڕه‌ڕاپۆرتی دیپلۆماسی له‌باره‌ی دانانی سه‌لاحه‌دین به‌ناونیشانی الملک الناێر، وه‌ک پادشای ڕزگارکه‌ر، کاندیدی تورکه‌کان عین الدوله‌تووڕه‌بوو و ووتی من له‌ژێر سه‌رکردایه‌تی یوسفدا خزمه‌ت ناکه‌م و گه‌ڕایه‌وه‌بۆ سووریا. ئه‌م پیاوه‌خۆی و هه‌ندێک له‌ئه‌میره‌کانی توورک که‌پشتگیری سه‌لاحه‌دینیان نه‌کرد گه‌ڕانه‌وه‌بۆ دیمه‌شق، له‌وێ هه‌وڵیاندا که‌ئیقتای موڵکی سه‌لاحه‌دین وخالی و هه‌ندێ له‌ئه‌میره‌کانی تری کورد داگیرکه‌ن.
سه‌لاحه‌دین له‌ته‌مه‌نی سی ساڵی دا بوو به‌سه‌رکرده ی هێزه‌کانی سوریا له‌میسرو هه‌مووهێزه‌کانی میسر. سه‌لاحه‌دین خۆی له‌سه‌ره‌تاوه‌چاوه‌ڕوان نه‌بوو که‌وا زوو ده‌سته‌ڵات ده‌که‌وێته‌ده‌ستی و نه‌یده‌زانی که سه‌رئه‌نجامی ئه‌م کاره‌چۆنده‌بێ، وه‌ک له‌گه‌ل عیسای حه‌کاری وتوێژی له‌سه‌رده‌که‌ن، به‌ڵام عیسای حه‌کاری ده‌ڵێت: وه‌ک له‌قورئانی پیرۆزدا هه‌یه‌که‌ده‌فه‌رمووێت: ' له‌وانه‌یه‌که‌ڕقت له‌کارێک بێت به‌ڵام ئه‌وکاره‌بۆت به‌کاری چاکه‌دێته‌ئه‌نجام و له‌وانه‌یه‌که‌حه‌زت به‌شتێک یاکارێک بێت به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ئه‌نجامی خراپ ده‌رچێ، به‌ڵام خوودا خۆی ده‌زانێ و تۆ نازانی'

چه‌ند تێ بینیه‌کی خۆم له‌م دووبه‌شه‌دا که‌تا ئێستا بلاو بووه‌ته‌وه‌:
1.هاتنه‌مه‌یدانی ئه‌یوبی یه‌کان له‌سه‌ره‌تاوه‌، هه‌ر چه‌ند زیره‌کی و زانایی ئه‌یوب و شێرکۆ خۆیان بوو که‌بگه‌نه‌لای خه‌لیفه‌ی به‌غدا، به‌لام دۆستایه‌تی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌یۆنانیه‌ی خه‌لیفه‌ی به‌غدا ده‌وری بووه‌له‌پشتگیری کردنیان له‌وه‌ده‌ست هێنانی ده‌سته‌ڵاتدا. ئه‌م دۆستایه‌تی کوردو یۆنانی له‌سه‌رده‌می بوونی په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تی نیوان میدیه‌کان و یۆنانیه‌کانه‌وه‌له‌کۆنه‌وه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بووه‌.
2. له‌شه‌ڕی وادی البابین له‌نێوان هێزی شێرکۆو سه‌لاحه‌دین له‌دژ فاتیمیه‌کان و مه‌سیحیه‌کان، له‌وه‌ده‌کا تاکتیکی کۆنی شه‌ڕی نێوانی فارسه‌کان ویۆنانیه‌کانیان به‌کار هێناوه‌، چونکه‌هێزی ئیمپراتۆری فارس ئه‌وه‌نده‌زۆر بوو که‌به‌له‌شکرو سه‌ده‌ها که‌شتی یه‌وه‌هاتبوون بۆ سه‌رکوت کردنی یۆنانیه‌کان و یۆنانیه‌کان ئه‌و فێڵه‌یان لێ کردن که‌هێنانیانه‌بوارێکی ته‌نگی نێوان چه‌ند دورگه‌یه‌که‌وه‌بۆ ئه‌وه‌به‌ژماره‌ی که‌م که‌م بڕۆنه‌پێشه‌وه‌بۆ جه‌نگ و هه‌مویان له‌ناوبه‌رن، ئه‌م بۆچونه‌م له‌سه‌رچاوه‌ی هیرۆدۆتی مێژو نوسی یۆنانی دا بینیوه‌. که‌له‌شه‌ڕی دورگه‌کانی سالامی و شه‌ڕی ماراپۆن دا دوایی یان هێنا به‌هه‌ڕه‌شه‌ی داگیرکه‌ری فارسه‌کان که‌شارستانیه‌تی یۆنان و ڕۆژئاوایان بۆ ماوه‌ی هه‌زار ساڵ دواخست و وله‌ئه‌نجام دا ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌کدۆنی دوای کۆرش پادشای فارسه‌کان که‌وت له‌ناوچه‌ی چه‌می دوکان له‌باشوری کوردوستان، که‌کۆرش هه‌وڵی دا ده‌رباز بێ له‌ده‌ستیان و ڕایکرد، ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌کدۆنی به‌خۆی و دوانزه‌سواره‌وه‌ دوای که‌وت و گه‌شته‌سه‌ری و کوشتی. (سه‌رچاوه‌ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌زن) مه‌به‌ستم لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌که‌بنه‌ماڵه‌ی ئه‌یوبیه‌کان هه‌ر زۆر زیره‌ک و زانا بوون و ئاگاداری زۆر سه‌رچاوه‌ی زانیاری بوون.
1. سه‌فه‌ره‌کانی هیرۆدۆت نوسینی ئاڕ پی له‌سته‌ر 2004
2. ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌زن 2006
3. پی هێچ نیوبی سه‌لاحه‌دین له‌سه‌رده‌می خۆیدا 2006
4. سه‌لاحه‌دین و جه‌نگی پیرۆزی نوسینی ئێم سی لیۆنز له‌گه‌ڵ دی ئی پی جاکسن چاپخانه‌ی دانیشگای کامبریدج 1982

به‌شی 4 له‌م نوسراوه‌:
سه‌رنجێک له‌له‌سه‌رده‌می پێش بوونی سه‌لاحه‌دین به‌وه‌زیری یه‌که‌می خه‌لیفه‌ی میسر
و سه‌ره‌تای ده‌سته‌ڵاتداری سه‌لاحه‌دین له‌میسر