دەسەڵات و کۆمیونیتی کورد لە واشنتن!

Saturday, 09/03/2013, 12:00

1743 بینراوە






کوردان لەهەرکوێ بن لەژێر سێبەری عەقڵیەتی خێڵەکی و حیزبایەتی دا بەئاسانی قوتار نەبون و ناشتوانن بن ئەگەر کاری جیدی و بڕیاری چارەنوس سازانەی ڕاستەقینە و ئازایانە نەدەن لەهەنگاوەکانیان. ئەمە بەداخەوە هەتا ئێستا فاکتە، ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە، چونکە ئەگەر هەنگاوێک هەبێت لەهەر ئاستێکی کۆمەڵگەی کوردیدا ئەوا دەسەڵات دەیەوێ بیقۆزێتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی و ناچار خاوەن هەڵوێستەکان توشی بەرهەڵستی دەبنەوە. مانەوە و خۆڕاگری و دەنگی سەربەست بڕیاری ئازایانەی دەوێ.
ئەم پێشەکی یە بۆئەوچەند کۆبونەوەیەی چەند کەسانێک لەنێو ڕەوەندی کوردان لە چەند مانگی ڕابوردو لەناوچەی واشنتن دروستە. ئەمەی خوارەوە چیرۆکێکی تری نائومێدی کۆمەڵگەیەکەیە دیسانەوە بەدەست دەسەڵاتەوە...
وەک هەمیشە سانایە، کۆمەڵگەی کوردی جاروبار دەخەوێ و جاروبار چەند کەسانێ دوای چەندین زەمەنی خەواڵو بەئاگا دەبنەوە و بەبیریاندا دێتەوە کە پەکوو چەند کۆمەڵگەکە لەدواوەیەوە و چەند بێ بەرنامەیە. ئیتر بەهەڵەداوان دەکەونە خۆ و بەڵکو خوایە هەندێ لەکات و ساتی لەدەست چو بگێرنەوە و شتێ بۆ کۆمەڵگە هەژارە، بێ لانەیە، بێ بەرنامەیە، بێ دەرەتانە بکەن. ئەمە مانای ئەوەنی یە کە تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە نەچوبنە پێشەوە. بەپێچەوانەوە خەڵکانێکی زۆر ژیانیان و گوزەرانیان لەهەندەران تاڕادەیەکی زۆر پێشکەوتوە ودورکەتۆتەوە لە سیستەمی خێڵەکی و لەتەواوی بوارەکانی ژیاندا ئەگەر لەپێش زۆر لە جالیەی تری خۆرهەڵاتیەوە نەبن ئەوا لەوان دواکەوتوترنین. زۆربەیان هەمو بوارەکانی داهێنان و ئاستی کۆمەڵایەتی- ئابوری ڕۆژئاوایان بە سەرکەوتویی بڕیوە. وەلێ ئازاری کۆمەڵگەو نەتەوە و دڵسۆزی بۆخاک هەندێ لەم مرۆڤانە جارێکی تر هاندەداتەوە بۆ ئاوڕدانەوە. لێرەوە ململانێی دەسەڵات و فیکری نوێ و گٶڕانخوازی سەرهەڵدەدات و ئیتر کورد وتەنی "پوزی ڕەش و سپی لەبواردا دەردەکەون"
چەند مانگێ لەمەوبەر تێكەڵێک لەکۆنە هەڵسوڕاوە حیزبیەکان و کەسانی بێلایەن لەناوچەی واشنتن دیسانەوە بیریان کردەوە و بایان دایەوە بۆئەوەی کە "پێویستی جالیەی کوردی لەئەمریکا وادەخوازێت کۆمەڵێ چالاکوان هەستن بە دامەزراندنی چەترێکی کوردی" و وا پێویست دەکات کەسانی هەڵسوڕاو بێلایەن بن و ئەگەر بێلایەنیش نەبن ئەوا لەکار و چالاکیەکانی ئەم کۆمیونیتی یەدا دەبێ بێلایەنی خۆیان بسەلمێنن، هەرهیچ نەبێ لە ڕاپەڕاندنی کارەکانی کۆمیونیتی کوردی. ئەوەبو بۆ ئەم مەبەستە کۆنەیەکێتی و کۆنە پاراستن و کۆنە زانیاری و، خواهەڵناگرێت هەندێ کەسانی خاوەن بیری ئازاد چەند کۆبونەوەیەکیان ئەنجام دا. ئیتر هیچ شەرمی پێناوێ ئەگەربڵێین بەدرێژایی مێژوی ئەم میللەتە هەمیشە دانەجیڕەیان لەیەکتری لێنەبڕاوە. کۆبونەوەکان ڕویان لەوەبو ئیتر بەکێی بوترێ و بەرنامەی ناوخۆیی دابنرێت و هەنگاوی تر بنرێ! ئالێرەدا جارێکی تر دەسەڵات وەک هەمیشە "بەچاوخەوتو بەدڵ وریا" لەڕێگەی چڵکاوخۆرەکانیەوە کەوتە هەنگاونان بۆ قۆستنەوەی بارودۆخەکە. لێرەدا شایانی باسە بڵێین دەسەڵات هەرگیز ڕازی نابێت کیانێک هەبێ لەدەرەوەی ئامۆژگاری و چاوسورکردنەوەی ئەماندا کۆبێتەوە. هەربۆیە هەوڵی دەستەمۆکردنی دەدات و ئەگەر نەیتوانی ئەوە بێ سێ و دو لەباری دەبات، جا چۆن پێی بکرێت!؟
لەهەموسەیر وسەمەرەتر لەسەرتاوە یەکێتی یەکان لەلای خۆیانەوە پێێان وابو ئەم کۆمیونیتی یە دادەمەزرێن و دەیکەنە بنکەیەکی چالاکی بەرنامەو ئامانجەکانیان و لەژێرەوە و لەدژی پارتی لەواشنتن بەکاری دەهێنن. بۆ ئەم مەبەستەیان هەرزوو کەوتنەخۆ و گوایە دەنگە ئازادەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەخەنە گەڕ لەگەڵ خۆیاندا و پێکەوە دژی پارتی و دەسەڵاتی بنەماڵە کاردەکەن. سەیرتر لەمە وەک هەمیشە هەڵەبون و لەبێئاگاییان لە دۆست و دوژمنی خۆیان، توشیان بو بە توشی هەندێ کەسانەوە کەگوایە هەڵسوڕاوی گۆڕانن و لەگەڵ ئەماندا ئەم ئەرکە ڕادەپەڕێنن، کەچی دەرکەوت حسابەکانیان هەڵەیەو ئەوەی بەرگی گۆڕانی لەبەرگرتوە و لەگەڵ ئەمان گوایە کۆمیونیتی ڕێک دەخات، بە کوڵاوی و گەرمو گوڕی لەسەر خوانێکی ئامادە جڵەوی کۆمیونیتیەکەی دایەوە دەست پارتی، گوایە بەمەبەستی ئەوەی کە سەرۆکی لق لەئەمریکا هاتۆتە پێشەوە بۆ تەنها یارمەتیدان. ڕاپەڕاندنی کارەکان باهەر لەدەست کەسەبێلایەنە هەڵسوڕاوەکاندا بمێنێتەوە، بەومەرجەی لەتەواوی هەواڵ و چالاکیەکانی کۆمیونیتیەکە ئاگاداربکرێتەوە و کۆبونەوەی داهاتوی کۆمیونیتی کوردی لەلقی پارتی بکرێت لەئەمریکا. لێرەوە جارێکی تر نائومێدی یەکێتی یەکان جارێکی تر سەری هەڵدا و پارتیەکان جارێکی تر جڵەوی کۆمیونیتیەکەیان گرتەوە دەست و دایەنەوە دەستی پارتی و دەسەڵاتی بنەماڵە. وەک بەندە بیستویەتی و وەک لەبەرنامەی کاری کۆمیونیتیەکەدا هاتوە گوایە کۆبونەوەی داهاتو بۆ هەلبژاردنی بەڕێوەبری کارەکانە، جائیتر ناوی دەنێن چی، ئەمە گرنگ نیە. کاندیدی پارتی بۆ ئەم مەنسەبە "ئێدوارد ئاریف" ی کۆنە گۆڕان و پاراستن و چڵکاوخۆری بنەماڵە یە.
لەکۆتایی دا پرسەو سەرەخۆشی خۆمان لەتەواوی دەنگە ئازادەکان و هەروەها یەکێتی یەکانی خاوەن ویژدان و هەستی کوردایەتی دەکەین بۆ لەباربردنی ڕۆحێکی تری هەستی کوردایەتی لە ناو ڕەوەندی کوردی لەواشنتن.
هەمومان دەگەڕێینەوە بۆلای یەک دەستەواژە وتەنها یەکێک و هیچی تر:
"دەسەڵاتی خێڵ و سیستمی دیموکراسی دوشتن هیچ یاسایەک پێکیانەوە نابەستێ"

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە