حیزب و بودجە و نان

Wednesday, 10/06/2009, 12:00

2645 بینراوە


لە هەموو جیهان حیزب لە پێناو بەدەستهێنانی نان بۆ ئەندامانی كۆمەڵگاكەی تێدەكۆشێت,ئەندامانیشی بە خەباتی ئاشكرا یان نهێنی داوتەڵەبانە كار بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی تێدەكۆشن,مەرجی ئەندامەتیش ئەوەیە مانگانە ئابوونەوە بدەن نەك مانگانە وەربگرن,لە كوردستان بە پێچەوانەوە حیزب نانی میلەت بۆ خۆی دەبات,حیزبایەتیش بووە بە پیشەو بژێوی لێوە پەیدادەكرێت.
ئۆلیڤەر بیسانسینۆ كرێكاری پۆستی بەیانیان,سەرۆكی پارتێكی سیاسی چەپگەرایە لە فەرەنسا,بەیانیانیش ماڵ بە ماڵ,گەڕەك بە گەڕەك دەكات,پۆست بەسەر هاووڵاتیان دابەش دەكات,دوای نیوەڕۆ حیزب بۆ ڕزگاری چینی كرێكار بەڕێوە دەبات,بە پیشە پۆستەچییە كەچی لە حیزب سەركردایەتی دەیان پرۆفیسۆر و فەیلەسوف دەكات,لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ملیۆن و نیوێك دەنگی هێنایەوە,مانگانە ئابوونەوەی خۆی بە ڕێك و پێكی بێ دواكەوتن بە گروپەكەی دەدات,لەناو شوقەیەكی چەند مەتری ژیان بەسەرە بات,ئەو كاتێك شوقەو كارەكەی دەگۆڕێت,سستەمی دەسەڵات بگۆڕێت.
بە پێی هەواڵێك تەلەفزیۆنیKNNبڵاوی كردەوە,ینك و پدك ساڵانە840ملیۆن دۆلار لە بودجەی كوردستان بۆ خۆیان لا دەدەنە لاوە,دەكاتە11%بودجەی وڵات,162ملیۆن و36000 دۆلاریش بۆ%4پارتەكە,ئەمەیان دورە لە ڕاستییەوە,چونكە ئەو پارتانە ئەوەندەیان وەربگرتایە قەت نوزەیان لێدەرناچوو,لە دەسكەوتی چەنگەڵا هەمیشەگۆشت بۆ شێرە و ڕیخۆڵەش بۆ ڕێَوی.بە پێی ئامارەكەی تەلەفزیۆنی KNN,13%بودجەی كوردستان تەنها بۆ ئەو5 پارتەیە,خۆ یەك دەرزەن پارتی دیشمان هەیە,ترسی ئەوەم هەیە لەوسەرەوە بە گەل بڵێن قەرزار بوونەوە.
تاكو ئێستا ئێمە تەنها حیسابی ئەو پارەیەمان كردووە وەك مەنقولە ڕاستەوخۆ بە حیزب دەدرێت,جگە لە غەیر مەنقولە و ناڕاستەوخۆكان,من لێرەدا كۆمەڵێك نموونەتان بۆ دەهێنمەوە:
-ئەوەی لە بودجە لە جیاتی ئاسیا و كۆڕەك دەبڕدرێت.
-ئەو حیزبیانەی مانگانەیان لەسەر فەرمانگاكانی دەوڵەتە و حزبایەتیان بە كار بۆ دەنووسرێت.
-ئەو بەرپرس و كادیرانەی بە پلەی بەرز خانەنشیندەكرێت.
-ئەو پۆلیس و سوپایەی حیزب دەپارێزێت.
-ئەو وەزیر و پەرلەمانتارەی حیزب دایاندەمەزرێنێت.
-ئەو تەندەرانەی حیزب دەیانفرۆشێت.
-ئەو پڕۆژانەی حیزب دوای تەواو بوون دەستی بەسەردا دەگرێت.
-ئەو زەوی تەپۆلكە و گردانەی بۆ بەرپرسان داگیردەكرێت.
-ئەو هەموو داهاتەی بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەكانی كلك و هونەرمەندانی كۆیلە و دابین دەكرێت.
-ئەو هەموو پارەیەی بۆ گەشتی بەرپرسان و سەفاو مەروای نزیكانیان لەسەربودجەی دەوڵەت دەدرێت.
-ئەو هەموو پارەیەی لە بودجەی حكوومەت بۆ كۆنفرانس و كۆنگرەو ڕێكخراوە كلكە بێ بەرهەم و بێكەڵكەكان و بە فەرمانبەركردنی ئەندامانی ڕێكخرا و كارمەندانی ڕۆژنامە پاشكۆكان خەرجدەكرێت.
-ئەو ئاو و كارەبایەی لە لایەن بەرپرسان و دەسەڵاتدارانەوە دەدزرێت.
-ئەو زەمالەی خوێندنانەی بە سواڵ بۆ كورد پەیدا دەكرێت و لە لایەن حیزبەوە دەستی بەسەردا دەگرترێت. ئەو و ئەو و ئەو .. .كەواتە نەك 11%,بگرە 100%بودجە هێشتا بەشی حیزب ناكات .
ئێمە لە وڵاتێكدا دەژێین,حیزب نەك تەنها موچەو پارەمان بۆ خۆی دەبات,بگرە ئاو هەوای هاووڵاتیانیش داگیر دەكات,كام گرد و تەپۆلكە لەسەر بەرپرسان تاپۆ نەكراوە,كام سەیرانگا لە لایەن ئەوانەوە پاوان نەكراوە,كام قەراغی ڕوبار و دەریا,كام هەوای فێنك و كانیا و سەیرانگا,كام زەوی لە چەقی ڕێگا,.... .
من لەگەڵ ئەوەدام حیزب بە پێی دەنگ و مێژووی تێكۆشانی,ڕێكخراوەكان بەپێی ژمارەی ئەندامان و كار و چالاكییەكانی بودجەیەكی دیاریكراویان بۆ تەرخان بكرێت,وەلێ نەبووە نەبووە هەموو داهاتی كوردستان بۆ خۆی بەڕێت,هەنگاوی یەكەم بۆ چارەسەركردنی ئاشكراكردنی بودجە و نان پەیداكردن لە ڕێگای سیاسەتەوە لە كوردستان دەبێت كۆتایی پێبێت.

ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ئاوێنە بڵاو كراوەتەوە:
http://www.awene.com/Rojname/176/17620.pdf





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە