هەستدەربڕین چارەی برین!

Sunday, 11.23.2014, 12:00

509 بینراوە


لە یەکێ لە مزگەوتەکانی شاردا خۆشەویسترین کەسی کش و مات لە ناو دارەمەیتەکەدا ڕاکشابو، لەگەڵ چەند ژنێکی تری خزمی زۆر نزیکی بە شیوەن و لاوانەوە خۆیکرد بە ژوردا، دەیویست دواماڵاوایی لە باوکی بکات پێشئەوەی ڕادەستی گۆڕەتەنگ وشک و ڕەقوتەقە بێبەزەییەکەی بکەن، دەیویست بۆ دواجار لە قوڵایی دڵ و جەرگیەوە ، لە دەریای پڕشەپۆلی دەرونی هەژاویەوە فرمێسکی میهرەبانی و خوشەویستی و ڕێز بە سەریا ببارێنێ و بە لاوانەوەیەکی (جەرگ و دڵتاوێن)ی (گۆران) ئاسای شاعیرەوە ماڵاوایی لە باوکی بکات. خوێنەری هێژا ئاخر چی لەمە سروشتیترە؟ نا نا چۆن وادەبێت؟ مامۆستایەکی ئاینی بە پەلە و بە توڕەیی خۆی گەیاندە کچە شیوەنگێڕەکە و دەیویست بە ئامۆژگاریە ملیۆنجار دوبارەبوەکان کچە لە گریان بخات، تا کار گەیشتە ترساندنی کچەکە بەوەی کە ئەگەر لە شیوەن نەکەوێت لە سزای ئەم شیوەنەدا خۆی دەچێتە دۆزەخ!
کوڕێکی گەنجی ڕەبەن کە بە کرێکاری دەژیا بە هۆی خەمۆکیەکی قورسەوە دەیناڵاند، دوای پرسیارو وەڵام و وتووێژێکی درێژ کە بۆ ئەوە بو تێبگەم هۆی خەمۆکیەکەی چیە، گەیشتە تینی و بە بێزاری و نائومێدیەکی زۆرەوە مۆبایلەکەی فڕێدایە سەر مێزەکەم و وتی: دوکتۆر پێشتر پتر لە دوسەد گۆرانی هەڵبژاردەی تێدابوە، هەر کە دڵم تەنگ دەبو یا نیگەرانی و بیرکردنەوەی زۆر دەرونمی نائارام دەکرد گوێم لە چەند گۆرانیەک دەگرت و دەهاتمەوە سەرخۆم، بەڵام لە سەر ڕێنمایی و ئامۆژگاریە بەردەوامەکانی مامۆستای وتارخوێنی ئەو مزگەوتەی نوێژی هەینی لێدەکەم هەمو گۆرانیەکانم سڕیەوە بۆ ئەوەی توشی گوناه نەبم.
ئیمڕۆ هەمو قوتابخانەکانی دەرونناسیی لە سەر ئەوە هاوڕان کە یەکێ لە هۆ گرنگەکانی کێشە و نەخۆشیە دەرونیەکان کەڵەکەبون و پەنگخواردنەوە و دەرنەبڕینی گونجاوی هەست و سۆزەکانە بە هەمو جۆرەکانیەوە: خەم و دڵتەنگی، ترس و نیگەرانیە جۆراجۆرەکان، خۆشی و شادی، بێزاری و توڕەیی، هەستکردن بە ناحەقی و بێدادی و سوکایەتیپێکردن.....هتد. بێگومان هەستدەربڕینیش وەک هەر ڕەفتارێکی تری مرۆڤ لە دوا ئامنجدا نابێت زیان بە کەسەکە و دەوروبەر بگەیەنێت، وە دەبێت موراعاتی شوێن و کات بکات، وە نابێت کەسەکە جڵەوی خۆگری و بەسەرخۆدازاڵبون بەتەواوی لە دەستبدات. لە شیوەندا بۆ مردو بۆ نمونە قوڕپێوان و لەخۆدان باش نیە ، یا ئەوەی شیعەکان هەزارو چوار سەد ساڵە لە عاشورادا دەیکەن هیچ واتایەکی نیە و پەیوەندی بە دەربڕینی خەم و دڵتەنگیەوە نیە. بەڵام دەربڕینی خەم و خەفەتی کچە باوکمردوەکە بۆ چەند خولەکێک چی زیانێک بە مزگەوتەکە و خوای میهرەبان و خەڵک و ئیسلام دەگەیەنێ؟ یا دەربڕینی خۆشی بە گوێگرتنی کوڕەکە لە چەند گۆرانیەک زیان بە کێ دەگەیەنێ؟



(دەنگدراوە: 0)