بەڕێز تاڵەبانی.. ئێمە راستمان كرد یان دەوروبەرەكەت؟

Tuesday, 18/08/2009, 12:00

1710 بینراوە


ئێمە پێمان وتن ئێوە گوێتان لێنەگرتین، ئێمە راستمانكرد ئێوە رەدتانداینەوە، ئێمە هاوارمان كرد ئێوە بە خەاڵتاندا نەدەهات، ئێمە حەقیقەتمان پێوتن ئێوە بەدرۆ وەسفتان كرد، ئەرێ تاڵەبانی پاش هەڵبژاردن بۆت دەركەوتن كە ئێمە راستمان لەگەڵ كردی یان دەوروبەرەكەت؟.
لەپێش هەڵبژاردنە ئۆپۆزسیۆن هێنەرەكەى ئەمجارەدا رۆژانە لەكەناڵە راگەیاندنەكانی یەكێتی و پارتیدا دەمانبینی كە راستییەكانیان بۆ هەردووك سەرۆك تاڵەبانی و بارزانی چەواشە دەكرد، هاواریان دەكرد لەفڵانە شوێن بە هەزاران كەس پێشوازی گەرم-یان لەسەرۆك فڵان و فیسار (تیتلەو بیبلە) كرد، شاری فڵان بە جۆش و خرۆشەوە باوەشیان بۆ سەرۆك تاڵەبانی یان بارزانی كردەوە، كە ئەسڵەن واش نەبوو. هەر بەندە بوو نوسیبووى (خەڵكی جەبارەو قەرەتەپەو كەلارو خانەقین لەكفری ئاهەنگێكیان گێڕاو تاڵەبانی-ش ئامادە بوو)، كە ئاماژەم دابوو جەنابی مام تۆ ئاگات لێ نییە مەڵبەندو كۆمیتەكانت لەجەبارەو قەرەتەپەو جەلەولاو خانەقین و باوەنوورو كەلار بە دەیان پاس و هەزاران ئۆتۆمبیل خەڵكیان هێناوەتە پێشوازین نەك خەڵك پێشوازیان لێكردووی، هەروەها نازانم ئاگادار بوویت كە لەسەردانەكەى چەمچەماڵت لەكەركووكەوە بە چەندین پاس مامۆستاو گەنجیان هێنابوو، ئەمەو دەیان نموونەى لەو جۆرە، بەڵام مەخابن بڕوات پێنەكردین تا ئاكام لەشارەكەى خۆت و دەڤەرى حزبەكەت بە دۆڕان شادیان كردیت.
لێ ئێمەى رۆژنامەنوسان بە رۆحە راستگۆو بوێرییەكانمانەوە دەمانوسی جەنابی سەرۆك (تاڵەبانی یان بارزانى) مەڵبەندو كۆمیتەو لق و ناوچەكان بە زۆرو بە پارەو بە ترساندن خەڵكیان بۆ كۆكردوونەتەوە نەك خەڵك پێشوازیی لێكردوون، چونكە حەقیقەت بوو كە خەڵكیكی زۆر لەدەست ناعەدالییتان دڵڕەنجاوو توڕە بوو، كەچی جەنابی سەرۆك بە تایبەت تاڵەبانی لەتی ڤییەكەى خۆیەوە (كوردسات) رەدی ئێمەى دایەوەو بە پێكەنینەوە وتی هەندێك لەملاو ئەولا دەڵێن لەسەردانەكانی مندا بۆ شارەكان خەڵك كۆ دەكەنەوە نەك خۆیان هاتبن، ئەوەتا خۆتان دەزانن وانییە بەڵكو خەڵك خۆی بە گەرمی پێشوازیمان لێ دەكەن، دیارە بە دڵنیاییەوە دەوروبەرەكەى وایان پێوتبوو كە جەنابی مام جەلال ئەها ببینە ئەوەتا ئێستاش خەڵكی زۆر سەرسام و خۆشحاڵن بە بینینت و سەردانەكەت، كەچی لەحەقیقەتدا پیێچەوانەكەى راست بوو، كەواتە ئێستا حەقمە بەرۆك پێ بگرین و بپرسین جەنابی سەرۆك ئێمە راستمان كرد یان دەوروبەرەكەت؟.
جا بۆیە حەقە بە بۆنەى راستییەكانی ئێمەوە جەنابی مام یان كاك لەئێستاوە چیتر بڕوا بە قسە ماڵوێرانكەرەكانی دەوروبەرەكانتان نەكەن و روو بكەنە خەڵك، گەنجاو رۆژنامەنوسان و بڵێن بەڵێ وابوو ئێوە راستگۆ بوون، ئێوە دڵسۆزو خەمخۆر بوون، ئێوە گەورەییتان پێشانداین، ئێوە نمایشكەرى راستییەكان بوون، نەك دەوروبەرە پارە پەرست و راستییە شێوێنەرەكانمان.
جەنابی سەرۆك ئایا دەزانیت و ئاگاداریت بە هۆی نوسینێكمەوە دەربارەى پارە تەخشانكردن و گەندەڵییەكانیانەوە، مەڵبەندی كفری شكایەتیان لەبەندەی رۆژنامەنوس كردووە؟، ئایا دەزانیت كە ئێمە دەمانوت جەنابی سەرۆك مەڵبەندەكانی گەرمیانت سەرقاڵی خۆدەوڵەمەندكردن و بەحزبیكردن و گواستنەوەى ناڕاستین بۆ سەرەوەى حزب، نەك راستی و گلەیی هاوڵاتیانی ناوچەكە؟، كەچی ئێوە گوێتان لێنەگرتین، بە ناڕستتان لەقەڵەمداین!، لەیادتە بۆمان ئاشكرا كردی كە لەمەڵبەندی دەربەندیخان چەندین هەزار دۆلار دیار نامێنن؟، ئەرێ بە راست ئێستا بڕوات پێكردین؟.
كەواتە ئێستاش زووە بێیتەوە ناو جەماوەر، بەڵام نەك بە هەزاران پۆلیس و ئاسایش و سەربازو ئۆتۆمبیلەوە كە هەموو خەڵك بێزارو هەراسان دەكەن، سەردانمان بكەیت، بۆ ئەوەى پێت بڵێین تاڵەبانی وریاو ئاگاداربە دەوروبەرەكەت وا خەریكە بەرەو كەسێكی دیكتاتۆرو تۆتالیتێر ئاڕاستەت دەكەن، چونكە حەقیقەت وایەو مێژووش سەلماندوویەتی هەر دەستوپێوەندەكان رۆڵی گەورە دەگێڕن لەدروستكردنی سەرۆكی تۆتالیتێرو تاكڕەو، بۆیە پێت دەڵێن ئێمەش كوردین و خەڵكی مەملەكەتەكەى خۆتانین گوێمان لێ بگرن، بڕوا بكەن زۆر لەدەوروبەرو هاوەڵەكانت بۆ ئێوەو كوردستانەكەمان دڵسۆزترین، بە دوژمنان مەزانن و تێمان مەڕوانن.
تێبینی/ ئەم وتارە لەلاپەڕە 17ى دوا ژمارەى هەفتەنامەى ئاوێنەدا بڵاو كراوەتەوە..
گەرمیان [email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە