شێرکۆ بێکەس لە نێوان هەڵوێستی و ناشتنی لە پارکی ئازادی
Sunday, 11/08/2013, 12:00
2451 بینراوە
کۆچکردن دوا مەنزڵگا و وویستگەی ژیانی هەموو مرۆڤ و زیندەوەرێکە، درەنگ بێت یان زوو هەردەبێت بیگەینێ. سەربەرزیمان لەوەدایە کە بە ئازادی و ئازایی و بووێرانە بگەینە ئەو دوا وویستگەیەمان.
ناشتنی تەرمی کۆچکردوو شێرکۆبێکەس لە پارکی ئازادی، بەشێکی ترە لە گەندەڵیەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان، لەبەرئەوەی هیچکەسێک مافی ئەوەی نیە لە هەرچ پلەو پایەیەکدا بێت کە تەرمەکەی بە ئارەزووی خۆیی و لە هەرکوێیەکدا وویستی بە خاکی بسپێرن، چۆن دەکرێت هەرشوێنێکیان وویست بیکەنە گۆڕستانی خۆیان و نوخبەیەک کە نوخبەی دەسەڵات دروستیکردوون و بەکاریان دەهێنێت بۆ قازانجی تایبەتی و سیاسی خۆیان، تا لە ڕێگایەوە هەست و نەستی زۆربەی خەڵکی کوردستان کۆنترۆڵ بکەن و بۆ قازانجی خۆیان بەکاریانبهێنن ...!؟
گەر کۆچکردوو شێرکۆبێکەس یەکێتی و سەرۆکی دەزگای سەردەم نەبووایە و ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕەخنەی تووندی لە دەسەڵاتداران و سەرانی یەکێتی و پارتی بگرتایە، ئەوا نەک مەراسیمێکی گەورەی ئاوایان بۆ رێکدەخست و پارکی ئازادیان بۆ دەکرد بە گۆڕستان، بەڵکو سەدەها تۆمەتی ناشرینیشیان بۆ ڕێکدەخست و پشتگویان دەخست و بەو شێوەیە گرنگیان پێنەدەدا ..!؟ یان ئەوەتا وەک سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە دەکرایە قوربانی نەبوونی ئازادی، لەبەرئەوەی ڕەخنەیان گرتبوو لە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و سەربە هیچ لایەنێکیان نەبوون.. !!؟؟
هەموو کەسێک بێ جیاوازی مافی ژیان و مەرگێکی مرۆڤانەی هەیە و ناکرێت ژیان هەر بۆ نوخبەیەک بێت و گۆڕەکانیشیان بکرێتە شوێنێک وەک پەرستگا و سەرگەرمکردنی گەنجان...!؟ گەر بڕیارە گۆڕەکەی شێرکۆبێکەس نەکرێتە پەرستگایەک، بۆچی پارکی ئازادی دەکرێتە پەرستگایەک بۆ ئەو...!؟ بۆ هەموو مرۆڤێک زۆر گرنگە کە لە نێوان لە دایکبوون و کۆچی نادیاریدا کار و کردەی دیار و هەڵویستی جوانی مرۆڤانەی لە ناو خێزان و گەڕەک و شار و کۆمەڵگاکەیدا ئەنجام دابێت... !؟ بۆ نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانی خاوەن هەڵوێستی کورد زۆر گرنگە کە بە نووسین و هۆنراوە و گۆرانی گوزارش لە ئازار و ستەمەکانی خەڵکی ستەمدیدە و هەژارانی کوردستان بکەن، لە هەمان کاتدا ستەمکاران دەستنیشان و ڕسوا بکەن، .بێ چاوپۆشیکردن لەوەی کە ئایا ئەو ستەمکارانە عەرەبن تورکن فارسن کوردن یان سەر بە نەتەوەیەکی ترن...!؟ نەک ئازاری ستەمدیدەکان بکەنە کەرەستەی کاسپی سیاسی و هونەری و ئەدەبی بۆ خۆ گەورەکردن و دەستکەوتی خۆیی، بەڵام لەو لاشەوە لە ژێر سێبەری ستەمکاراندا ژیانێکی شاهانە بەسەربەرن...!؟
لە ژێر دەسەڵاتی بەعسی سەدامی فاشی و ستەمکاردا، هەندێک کەڵە نووسەر و شاعیر و هونەرمەندی ئازا و بوێر بوونە سیمبۆڵی هەڵوێست و جوانی، لەبەرئەوەی بە نووسین و هۆنراوە و موزیک و گۆرانی سەلماندیان کە ئەوان دژی چەوساندنەوە و ستەمکارانی بەعس بوون، بەڵام بە داخەوە لە ئاست ستەم و چەوساندنەوەی ستەمکارانی کوردی و خۆماڵیدا کەڕ و لاڵ و کوێر بوون....!؟
لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و کشانەوەی دام و دەزگاکانی بەعسی فاشی لە ٣ شاری کوردستان و پاشان دروستبوونی دەسەڵاتێکی کوردی پڕ لە ستەم و پڕ چەوساندنەوە کە ئازادییەکانی مرۆڤی کوردی بەرتەسککردەوە و دەسەڵاتی حیزبی و بنەماڵەیی بەسەر هەموو کایەکانی کۆمەڵگادا زاڵکرد، زۆرێک لەو نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانەی کە دژی ستەم و چەوساندنەوەی بەعسی سەدامی فاشی بوون، نەک تەنها چاوپۆشیان لە هەڵە و تاوان و ستەم و نایەکسانیەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردی کرد، بەڵکو خۆشیان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوون بە بەشێک لەو سیستمە گەندەڵە و وەک کۆیلە و پارێزەری ئەو سیستمە بنەماڵەییە گەندەڵەی سەرانی یەکێتی و پارتی ..!؟ بە بە هانەی ئەوەی کە ئەم دەسەڵاتە کوردییە ساوایە و نابێت ڕەخنەی توند بگرین لێی، لەبەرئەوەی گەندەڵی لە هەموو شوێنێک بوونی هەیە...!؟ لە کاتیکدا بە بەرچاوی ئەوانەوە ئەو دەسەڵاتدارانەی کورد شەڕی بەدناوی ناوخۆی نێوان سەرکردەکانی یەکێتی و پارتیان بە خوێناویترین شێواز کرد وە هەروەها تیرۆری سیاسیان لە دژی نووسەران و ژنان و چالکوانی سیاسی ئەنجامدا و سەدەها کەسیش لەو شەڕە نامرۆڤانەیەیاندا بوونە قوربانی یان سەرنگوومکران و تا ئێستاش کەس و کاریان وێڵن بە دەوای چارەنووسی نادیاریانەوە...!؟ بە اخەوە یەکێک لەو شاعیرانە کۆچکردوو شێرکۆ بێکەس بوو، تا مردن هەر بڕوای وا بوو کە تاڵەبانی کەسێکی پاک و بێگەرد و بێ تاوان بووە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان، بەمەش شێرکۆ بێکەس خۆی خاڵیکردەوە لە بەها و گیانی بەرەنگاربوونەوە لە دژی ستەم و نا یەکسانی...! لەبەرئەوەی هەرتاڵەبانی بوو لە ١٩ی نیسانی 2011 دا بە هێزی چەک سەرای ئازادی داگیرکرد و خۆپیشاندانی لە شارەکەی شێرکۆ بێکەس قەدەغەکرد و گەنجانی دڵ پڕلەهیوایان بێ هیوا کرد....!؟
شێرکۆبێکەس دەیتوانی وەک شاعیرێکی بەرەنگاربوونەوە بمێنێتەوە، گەر بێت و نەچوایەتە پاڵ دەسەڵاتێکی ستەمکار و ئاواش بە شان و باڵی تاڵەبانیدا هەڵینەدایە..؟ ئاخر کەسێک بەڕاستی دژی ستەمی بەعسی سەدامی عەرەبی بووبێت، چۆن دەتوانێت چاوپۆشی بکات لە ستەمی بنەماڵەیی تاڵەبانی و بارزانی بە زمانی کوردی...!؟