كفری: یان دیالە یان دەنگ نادەین!؟

Monday, 23/03/2009, 12:00

1855 بینراوە


"ئەگەر بخرێنە سەر دیالە لەخانەقین كەمترمان بۆ ناكرێت، ئەى ئەوە نییە باس باسی خانەقین و ناوچە كێشەلەسەرەكانە، با ئێمەش ببینە كێشە لەسەر چونكە ئەوكات ئاوڕمان لێدەدەنەوە"، ئەمە وتەى هاوڵاتییەكى شارى كفرییە.
گرووپی گەنجانى سەربەخۆ لەكفری 10 رۆژی تر هەڵوێست وەردەگرن، پاش ئەوەى لە26/2/2009 ئەو گرووپە یاداشتێك كە لە16 خاڵ پێكهاتبوو، تەواوى خاڵەكانیش داواكارى خزمەتگوزارى و ئاوڕدانەوە بوو بۆ شارەكە، ئاراستەى پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و حكومەت و پارێزگاى سلێمانی و ئیدارەى گەرمیان و قایمقامیەتی كفری كردبوو، هاوكات ماوەى یەك مانگ مۆڵەتیان دابوو كە بەرپرسانی باڵای حكومەت سەردانی شارە وێرانەكەیان بكات، كەچی وا خەریكە ماوەى مانگەكە نزیك دەبێتەوەو هیچ لایەنێكی حكومەت و پەیوەندیدار وەڵامی نەداونەتەوە، بۆیە لە10 رۆژی ئاییندەدا هەڵوێست وەردەگرن و كار لەسەر دوو خاڵی سەرەكی دەكەن، ئەویش یان ئیمزاكۆكردنەوە بۆ خستنەسەری شارەكەیان بۆ سەر پارێزگاى دیالە یان بایكۆتی دەنگدان دەكەن.

رۆژی پێنج شەممە 26/2 گەنجانی سەربەخۆ لەكفری خۆپیشاندانێكی جەماوەرییان رێكخست و ئەنجامیاندا، ئەویش بەمەبەستی خزمەتكردنی ئەو شارەو بۆ ئەوەی بە هەمانشێوەى ساڵی پار پشتگوێ نەخرێت، ئەو گەنجانە 20 رۆژ پێش ئێستا یاداشتێكی 16 خاڵیان ئاراستەى پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و حكومەت و پارێزگاى سلێمانی و ئیدارەى گەرمیان و قایمقامیەتی كفری كردبوو، بەڵام وەڵام نەدرانەوەو ئاكام بڕیاری ئەنجامدانی خۆپیشاندانیاندا، ئەوەى ئەو گەنجانە پێی دڵگران بوون ئەوەبوو ریكلامی ئەوە كرابوو كە ئەو خۆپیشاندانە دەستی لەپشتەوەیەو بە فەرمانگەو قوتابخانەكانیان وتووە نانێت كەس بەشداری لەو خۆپیشاندانە بكات، لەكاتێكدا لەیاداشتەكەدا هاتووە كە ئێمە تەنها داواكارییەكانمان بە مەبەستی خزمەتكردنى شارەكەمانەو نەمانوتووە راپەرین یان كاری تیرۆریستی ئەنجامدەدەین، (سەباح عەلی قارەمان) یەكێك لەگەنجانی سەربەخۆ لەكفری لەبارەى خۆپیشاندانەكەو تۆمەتی بەرپرسانەوە وتی: گەر ئاوڕمان لێنەدرێتەوە دەگەڕێینەوە باوەشی دیالە، چونكە ئێوە لەو باشتر نین و نابن، ئەوەتا خۆیان (یەكێتی و پارتی) دوو حزبە داگیركەرەكەى دەسەڵات دەزانن متمانەیان لاى جەماوەر نەماوە واخەریكە هەڵبژاردن مافە رەواكەى تاك دوادەخەن، هاوكات وتى ئێمە لەسەردەمى رژێمی بەعسدا هیچ كێشەیەكی خزمەتگوزارییەكى یاسایی و گرانی بازارمان نەبوو، كەچی هەر ناڕەزا بووین و هەزاران شەهیدمان لەو رێگەیداو لەپێناو ئازادیدا بەخشی، چونكە بە رەهایی ئازادیمان لێ قەدەغە كرابوو نەك خزمەتگوزاری، وەلێ ئەمڕۆ لەسایەى دەسەڵاتی ئەو دوو زلحزبەدا ئازادییەكی رێژەیی و سنوردار بوونى هەیەو لەگەڵ ئەوەشدا خزمەتكردن بوونى نییە، هەر ئەمەشە بووتە هۆی ئەوەى خەریكە دەتەقێتەوە، تەنانەت وامان لێهاتووە بە گەڕانەوەمان بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغدا مەمنوون دەبین، لەبەر ئەوەى پرۆسەى ئازادی و دیموكراسی بەردەوام لەبەرەو پێشچووندایە.
(پشتیوان حسێن) یەكێكی تر لەگەنجە سەربەخۆكان دەڵێت، ئێمە داواكارییەكانمان رەوایەو جێبەجێكردنی بۆ حكومەتى هەرێم بەو پارە زۆرو دەوڵمەندییەوە كارێكی ئاسانە، بۆیە دەڵێم ئەو بەرپرس و خەڵكانەى كە وتویانە خۆپیشاندانەكە دەستی لەپشتەوە بووە هیچ كات لە تۆمەتەكانى بەعس خراپتر و كەمتر نییە كە بۆ پێشمەرگە دەیانكرد، ئەوەتا ئەمڕۆ ئەمان هەمان سیناریۆی بەعس دوبارە دەكەنەوە، بەڵكو خراپتریش، سەبارەت بەوەى كە وتوومانە ئەگەر ئەمساڵ وەكوو ساڵی پار حكومەتى هەرێم و پارێزگاى سلێمانی و وەزارەتى شارەوانى كفری پشتگوێ بخەن، ئەوا داوا دەكەین و كاری بۆ دەكەین كفری بخرێتە سەر دیالە و یاداشتێكیش ئاراستەى حكومەتى عیراق و سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكەین، پێم وایە ئەگەر كفری بشخرێتە سەر دیالە لەبوونی لەسەرسلێمانی خراپتر نییەو نابێت، هەروەها ئەگەر لەماوەیەكی تردا وەڵام نەدرێینەوە ئەوا بەچەندین پاس دەچین شەقامی سالم لەسلێمانی دەبڕین و لەوێ مان دەگرین، ئەگەر هەر وەڵامیش نەدراینەوە ئەوا كار بۆ بایكۆتكردنی دەنگدان دەكەین و لەدەنگدانیش ماندەگرین.
دروشمەكانی گەنجانی سەربەخۆو جەماوەرى بەشداربووى خۆپیشاندنەكە ئەوەبوو كە بە دەنگی بەرز دەیانوت، (ئەم حكومەتە گەندەڵە هیوایەتى باخەڵە)،(بەخوێنی شەهیدەكان بەرپرسان ئەفڕن بۆ ئاسمان)،(شەقامی پینە پینە بۆ ئەم شارە دێرینە)،(ئەم شارە یاسای تێا نەماوە پڕی بووە لەشەقاوە)، بەم دروشمانەو چەندانی دیكە شەقامەكاكانی كفریان تەنیبوو بەرەو لای قایمقامیەت هەنگاویان دەنا، قایمقامیش بەڵینی گەیاندنی یاداشتەكەیانیدا، بەڵام (سەباح عەلی قارەمان) دەڵێت گومانم هەیە لەگەیاندنی یاداشتەكە بۆ شوێنی پەیوەندیدار، چونكە وەڵامنەدانەوەى پێشكەشكردنی یاداشتەكانی ئێستاو پێشوو بەڵگەی ئەو گومانەیە، سەباح ئەوەشی وت ئەگەر بە ڕاستی وەڵامنادرێینەوە ئەوا لەماوەی داهاتوودا ئەگەر خۆپیشاندانیشمان ئەنجامدا پەنا دەبەینە بەر توندوتیژی و با لەئێستاشەوە حكومەت دەرگاى زیندانەكانیان واڵا بكەن، منەتمانە پێیان نییە و هیچ كات لەزیندانیش سڵ ناكەینەوە، یاخود دیالە دەكەینە ماڵی خۆمان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە